ناوهڕۆك
دابەشبوونی کانزاکان
کانزاکان بەپێی ئەو بوارانەی بەیاخ بە توێژینەوەیان دەدەن جیا دەکرێنەوە. زەویناس لە بنەڕەتدا بایەخ بە مێژووی جیۆلۆجی کانزاکان و زانینی خاسییەتەکانیان و باری پێکهاتنیان دەدات، ئابووریناسیش لە ڕێگەی پیشاندان و داواکاری لەسەر کانزاکە و بازاڕ و نرخەوە لێی دەکۆڵێتەوە، بەڵام جوگرافیناس بایەخ دەدات بە لێکۆڵینەوەی دابەشبوونی جوگرافیایی ئەو کانزایە و پەیوەندی ئەم دابەشبوونە بە ژیانی مرۆڤەوە.
کانزاکان زۆرن و بەپێی ئەو بنچینەیەی کە بۆ دابەشبوونیان وەردەگیرێت لێک جیاوازن، بە تایبەتی ئەگەر زانیمان کە ژمارەیان زیادیکردووە و لە کاتی ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەی (٧٥) کانزا. هەندێک لەو کانزایانە بایەخێکی زۆریان لە ژیانی مرۆڤدا هەیە وەکو ئاسن و مس و پیشەسازیی گەورەیان لەم سەدەیەی ئێستامان بەرەو پێشەوە بردووە، هەروەها کانزای سووتەمەنی هەیە وەکو خەڵووز و نەوت کە بەشداری ئەم پێشکەوتنەیان کردووە، ئەمیش لە ڕێگەی بەکارهێنانیان وەک سەرچاوە بۆ کەرەستەی خاو بۆ پیشەسازی. کانزاش بەپێی ناسینیان لە لایەن مرۆڤەوە و مێژووی دروست کردنیان دابەش دەکرێن. هەیانە کۆنن و مرۆڤ بۆ گەلێک جۆرە پێویستی ڕۆژانەی خۆی بەکاری هێناون وەکو مس و ئاسن و قوڕقوشم، هەشیانە تازەن و دوای پێشکەوتنی بەرفراوانی زانیاری بەیاخیان دەرکەوتووە کە مرۆڤ لە بواری پیشەسازی و هونەریدا دەستیکەوتووە وەک ئەلەمنیۆم و مەنگەنیز و هی تر.
دابەشکردنی کانزاکان لەسەر ئەم بنەمایانە
- سووتەمەنیی کانزا وەکو خەڵووز بە هەموو شێوەکانییەوە و ماددە هایدرۆکاربۆنییەکان (نەوت و گازی سروشتی و خەڵوز).
- کانزا فلزییەکان هەموو ئەو کانزایانە دەگرێتەوە کە لە بەرهەمهێنانی فلزەکاندا بەکاردێن و لە کاتی پوخت کردنیشیاندا بەوە جیادەکرێنەوە کە نەرم و بریسکەدارن و گەرمی و کارەباش باش دەگەیەنن. کە گرنگترینیان وەک خاوەکانی ئاسن فلزە داڕشتەکان وەک (کڕۆم و مەنگەنیز و نیکڵ و تەنگستن و هیتر) و فلزە نائاسنیینەکان وەک (مس و قوڕقوشم و زینک (توتیا) و تەنەکە).
- کانزا نافلزییەکان و خوێیەکان وەکو گۆگرد و گۆگردیەکان و نیتراتەکان و فۆسفاتەکان و خوێیەکانی پۆتاسیۆم و مایکا و هی تر
- بەردە بەنرخەکان بەردە دەگمەنەکانیش دەگرێتەوە وەک ئەڵماس کە لەبەر ڕەقیی بۆ پیشەسازیی ئامێرە بڕندەکان بەکار دەهێنرێت، هەروەها لە پیشەسازیی خشڵ و ئامڕازی ڕازاندنەوەش بەکاردێت، ئینجا فەیرۆز و زوبەرجەد کە ئەوانیش هەر بۆ خشڵ دروستکردن بەکار دێت.
- بەرد گرانیت و بەردی جیڕی و لمی و بازڵت و نیس و هی تر دەگرێتەوە.