نەوت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-22-22:22:00 - کۆدی بابەت: 3558
نەوت

ناوه‌ڕۆك

نەوت چییە؟

سوتەمەنییەکی شلە لە ناوجەرگەی زەوی دەردەهێنرێت. لە سەردەمە کۆنەکانەوە مرۆڤ ناسیویەتی و بەکاری هێناوە بۆ گەلێ مەبەست. قیر یەکێکە لە بەروبوومی نەوت کە میسرییە کۆنەکان بەکاریان هێناوە بۆ مۆمیاکردنی لاشە مردووەکان. و بابلییەکان و ئاشوورییەکان بۆ خانوو بەکاریان هێناوە و هەروەها هیندییە سوورەکان و دانیشتوانی میانمار ناسیویانە.

زاناکان ڕایان جیاوازە دەربارەی بنچینە و دروستبوونی نەوت، هەندێکیان دەیگەڕێننەوە سەر بنچینەی ئەندامی و هەندێکی تریان دەیگەڕێننەوە سەر بنچینەی ئەندامی (غیر عضوي) بەڵام ڕآی پەسەند و بڵاو ئەوەیە کە دروستبوونی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕووەک و زیندەوەرانەی لە ئاوە گەرمەکاندا کە ملیۆنەها ساڵ لەمەوبەر دەژیان ماونەتەوە و بوون بە ژێر نیشتەییەوە لە بنی دەریا و ئۆقیانووسەکاندا و دووچاری پاڵەپەستۆی زۆر و گەرمی بەرز هاتوون و ئەم مادانەی گۆڕاون بۆ ئاوێتەیەکی هایدرۆکاربۆنی و بەکارتێکردنی جۆرەها بەکتریای ناهەوایی کۆن، ئەو ماددە ئەندامییانە گۆڕآون بۆ ماددەیەکی لە نەوت و ئاو و گاز. گومانی تێدانییە کە گەلێک هۆی تری نەزانراو هەن یارمەتی دروستبونی نەوتیان داوە و بە هەمان ڕێگە گازی سروشتیش دروستبووە. کرداری گۆڕینی ئەو ماددە ناوبراوانە بۆ نەوت ماوەیەکی درێژی زۆر لەسەر خۆی خایاندووە. بۆ دروست بوونی نەوت مەرجە کە بەردی نیشتووی پڕ لە کونی ورد هەبێت لە نێوان دوو چینی بەردی بێ کوندا لەسەر و ژێریدا. ناوچەکانی کۆبوونەوەی نەوت پێیان دەگوتێت (حەشآرگەکانی نەوت). جیاوازی پەستانیش پاڵ بە نەوتەکەوە دەنێت و بەناو کونە وردەکانی ئەو تاوێر و بەردانەدا کە ڕێگەی پێداڕۆیشتنی دەدەن پێش خۆی دەدات بۆ چینە بەردەکانی تر و لە جێگەی دروستبوونەکەیەوە دووری دەخەنەوە.  

گرنگیی نەوت

نەوت بە شمەکێکی ستراتیژی گرنگ دادەنرێت لە جیهاندا، بە شێوەیەکی گشتی گرنگی نەوت لەم سەرچاوانەوە دێت:

  • بە سەرچاوەیەکی بنچینەیی وزە دادەنرێت.
  • وەک کەرەستەیەکی خاو بەشداری گەلێک پیشەسازیی کیمیایی و پترۆکیمیاوییە جیاوازەکان دەبێت.
  • لەم دواییانەدا بەشداریی پیشەسازی خۆراکی کرد بەوەی کە سەرچاوەیەکی پڕۆتینە.

نەوت وەک سەرچآوەیەک لە سەرچاوەکانی وزە لەگەڵ ئەو تەقەلایانەدا کە دەدرێت بۆ دۆزینەوەی جێگر هێشتا پایە و پلە و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. 

تایبەتمەندییەکانی نەوت

  • دەرهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن و عەمبار کردنی ئاسانە.
  • لەچاو سەرچاوەکانی تری وزەدا نەوت وزەی (نرخی) گەرمی بەرزە، وزەی گەرمی و کێشێکی نەوت لە وزەی هەمان کێشی خەڵووز زیاترە.
  • دەتوانرێت بە پاڵاوتنی بەش بەش بکرێت و پێکهاتووی زۆری جۆر بەجۆری بەسوودی وەکو بەنزیکن و نەوتی سپی و ڕۆنی چەورکردن و گریسی لێ دروست بکرێت.

بەشداربوونی وەکو کەرەستەی خاو لە زۆر پیشەسازی کیمیاگەری و پەترۆکیمیاویدا، ئەوەندە بەسە بڵێین کە گەورەترین شت نەوت پێشکەشی کردبێ بە مرۆڤ ڕۆنی چەور کردنە، سەرەڕآی ئەوەی کە بەشداری پیشەسازیی پەینی کیمیایی و داودەرمانی دکتۆری و پاککەرەوە، هەروەها کەرەستەی خۆراکیش دروستکرا کە پشت بە نەوت دەبەستێت بەهۆی دەرهێنانی پڕۆتین لە هەندێ بەروبوومی نەوت. زیادبوونی بایەخی نەوت و پەرەپێدانی وای کرد کە بەکاربردنی پتر بێت لە بەکاربردنی سەرچاوەکانی تری وزە، بۆ نموونە لە ساڵی 1929ـدا خەڵووز بە ڕێژەی 79٪ـی سەرجەمی وزەی بەکاربراوی جیهان بەشداربوو، کەچی بەشداربوونی نەوت 16٪ تێپەڕ نەبوو. لە ساڵی 1970ـدا بەشداری نەوت بوو بە نزیکەی 45٪ـی سەرچاوەکانی وزەی جیهان کە لە هەمان کاتدا ڕێژەی بەشداربوونی خەڵووز هاتە سەر 30٪. بەڵام لە ساڵی 1994ـدا بەشی بەکاربراوی وزەی نەوتی جیهان نزیکەی 50٪ بوو.

کاریگەریی نەوت لەسەر دەوڵەتانی بەرهەمهێن بو بەکاربەر

لە ڕووی ڕآمیارییەوە

بەربەرەکانی خستە نێوان دەوڵەتانەوە، لە ناو دەوڵەتە سەرمایەدارە گەورەکاندا بۆ دابینکردنی پێویستیان و هەمیشە بە لێشاو بگاتە ناوچەکانیان بە نرخێکی هەرزان. هۆکەشی ئەوەیە کە نەوت کەرەستەیەکی ستراتیژی پێویستە بۆ پیشەسازی و کاروباری سوپا. ئەم دووبەرەکییە پاڵی بەو دەوڵەتانەوە نا بۆ پێکەوە نانی (کارتێل)ـێکی جیهانی بۆ دەست بەسەرداگرتنی نەوت بۆ سوودی هەموو کۆمەڵ و تاقمە ناکۆکەن و بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانەی ئەم شەریکانەیان تێدا دروست بووە و یارمەتییان دەدەن بە بەکارهێنانی دەسەڵاتیان لە ڕووی پارە و ڕآمیارییەوە.
بەریتانیا مەڵبەندی فەرمانڕاوەیی و دەست بەسەراگرتنی سەرچآوەکانی نەوت بوو تا جەنگی جیهانی دووەم. پاش شەڕ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستی گرت بەسەر ئەو سەرچآوانەدا بەهۆی کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکانەوە و زۆریان لێ دەکردن بۆ ئەوەی ملکەچیان بکەن بچنە ژێڕ ڕكێفی ڕامیاری و ئابوورییانەوە، زۆر لەم دەوڵەتانە تووشی تەنگ و چەڵەمە هاتن لە کاتی خۆ ڕزگارکردن لە سەربەخۆیی.

لە ڕووی ئابوورییەوە

نەوت بووە سەرچاوەی سەرەکی دەستکەوتی نەتەوایەتی لە دەوڵەتە بەرهەمهێنەکاندا، بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی کە نەوت کەرەستەی بنچینەییانە بۆ ناردنە دەرەوە، وەک لە هەندێ وڵاتانی عەرەبدا ڕێژەی دەستکەوتی نەوت زیاتر لە 95٪ـی سەرجەمی میرنشینە عەرەبییەکان و سعودیە و لیبیاش پێکدەهێنێت.
نەوت لە زۆربەی کیشوەرەکاندا دابەشبووە بەڵام بە زۆری لە هەندێ ناوچەدا کۆبۆتەوە، گەورەترین و بایەخدارترین کان دەکەوێتە کەنداوی عەرەب، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکای باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکای باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

گرنگترین دەوڵەتە بەرهەم هێنەرەکان

هاوبەندی وڵاتە سەربەخۆیەکان

هاوبەندی وڵاتە سەربەخۆیەکان لە توانای دەرهێنانی نەوتدا پلەی سێیەمی لە دوای وڵاتانی عەرەبە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گرتبوو، لە ساڵی 1973ـدا کە 429،5 ملیۆن تەنی دەردەهێنا، لە ساڵی 1996 دەگاتە 346 ملیۆن تەن و لە ساڵی 1984ـیشدا گەیاندییە 600 ملیۆن تەن. ئەوەش بزانە کە زۆربەی دەرهێنراوی ئەم نەوتەی لە ناوخۆدا بەکار دەبرێت.

نەوتی ڕوسیای فیدراڵ

  • ئەو ناوچەیەی کە دەکەوێتە نێوان ڕووباری ڤۆڵکا و چیاکانی ئۆراڵەوە و پێی دەوترێت (ڤۆڵکا-ئۆراڵ) و باکۆی دووەمیشی پێ دەڵێن کە بە گرنگترین ناوچەی بەرهەمهێنانی دەژمێرێت و گەورەترین یەدەگی نەوتی وڵاتەکەی تێدایە.
  • ناوچەی باکووری دورگەی سەخالین، گرنگە بۆ پیشەسازی و دانیشتوانی ناوچەی باکووری سیبیریا، سەرژمێری نوێ دەریخستووە کە یەدەگی ئەم ناوچەیە فراوانترین یەدەگە لە کیشوەری ئاسیادا دوای ناوچەی کەنداوی عەرەب.
  • باکوور و باشووری چیای قەوقاز و گەلێکی تریش لەو کێڵگانەی ناوچە هەمە جۆر.

کۆماری ئازەربایجان

  • گرنگترین کانەکانی بریتین لە کانەکانی کەناری ڕۆژئاوای دەریای قەزوین نزیک باکۆ، نەوتی ئەم ناوچەیە بەهۆی بۆرییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ بەنداوی (باطوم)ـی جۆرجیا لەسەر دەریای ڕەش و لەم بەندەرەشەوە دەگوێزرێتەوە بۆ وڵاتەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئەوروپا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

لە دەوڵەتانی جیهاندا، بە پلەی دووەم دێت بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، پلەی پاش وڵاتانی عەرەب بە گشتی. ئەوە بوو بە درێژایی ساڵەکانی پێش 1975، لەم ڕووەوە پێشەنگی هەموویان بوو (جگە لە وڵاتانی عەرەب). بەرهەمی ساڵی 1970ـی نزیکەی 475 ملیۆن تەن بوو، کەچی لە ساڵی 1996 دا دای لە کەمی هاتە سەر نزیکەی 406 ملیۆن تەن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی دەستی بەسەر دەرهێنانی زۆربەی ناوچەی نەوتدا گرتووە لە جیهاندا، بەڵام ئەم دەست بەسەرداگرتنە بەرەو کشانەوە ڕۆشت بەهۆی وریا بوونەوەی گەلان و خەباتیان لە پێناوی سەربەخۆیی ئابووری و سەربەستییاندا.

گرنگترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوت

ویلایەتە یەکگرتووەکان

لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەمانەن:

  • کانەکانی چیای ئەپالاشی

ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات گرنگترین کانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانن، لەبەرئەوەی کەوتۆتە ناوچەیەکی پیشەسازییەوە و دانیشتوانیشی زۆرە، بەڵام بایەخی ڕوو لە کەمییە چونکە بەرهەم هێنانێکی پێشوەختە بووە و هەر هەمووشی لە ناوخۆ، یاخود لە کەنارەکانی خۆرهەڵاتیدا بەکاردێت.

  • کانەکانی ویلایەتی ناوەند

لە ڕۆژئاوای ڕوباری میسیسیپی و باشووری ڕووباری میسۆری لە ویلایەتی کەنساس لە باکوورەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ویلایەتی لویزیانا لە باشوور. گرنگترین کانی وڵاتە، نزیکەی 60٪ تێکڕآی بەرهەمهێنانە، نەوتی ئەم ناوچەیە بە لوولە دەگواسترێتەوە بۆ لای خۆرهەڵاتی.

  • کانەکانی ئۆهایۆ

بیرە نەتەوەکانی لیما و میشیگان و ئەلینۆی، پێخۆری پیشەسازییەکانی ئەو ناوچەیەیە و زۆربەی بەرهەمهێنانەکەی لە ناوخۆدا بەکاردێت.

  • کانەکانی کەناری کەنداوی مەکسیک

ئەم کۆمەڵە لە ڕێژەی ڕووباری میسیسیپی نزیکی بەندەری نیو ئۆرلیانزەوە درێژ دەبێتەوە تاکو سنووری مەکسیک، زۆربەی بەرهەمی ئەم ناوچەیە بۆ ئەو کەشتیانە بەکار دەهێنرێت کە دێتە کەنداوی مەکسیکەوە.

  • گەلێک کانی بڵاوی تریش هەیە

لە چەند ناوچەیەکی تردا وەک کانەکانی چیای ڕۆکی و کالیفۆرنیا کە بەرهەمی گەیشتۆتە 10٪ـی سەرجەمی بەرهەمی وڵات. نەوتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ژمارەیەکی زۆری لە لولەوە دەگواسترێنەوە.

ئێران

لەم ساڵانەی دواییەدا بەرهەمی نەوتی ئێران زۆر زیادی کرد و نەوتی ئێران لە لایەن كۆمپانیای نەوتی ئێرانەوە دەردەهێنرێت.

کە لە کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەمەریکی و هۆڵەندی و فەڕەنسی پێک هاتووە، ئەم کۆمپانیایانە پاش بەتاڵکردنەوەی خۆماڵی کردنەکەی ساڵی 1951 کە حکومەتی موصدەق کردبووی دامەزرا. بەڵام گرنگترین کانەک نەوتەکانی دەکەونە (ئەهواز) نزیک کەنداو کە گرنگترین کانەکانی ئەمانەن:

  • مسجد سلیمان
  • پازنان
  • نەفت سفید
  • لالی
  • نەوتخانەی کرماشان
  • نەفت شا
  • هی تریش

نەوتی ئەم ناوچەیە بەهۆی لوولە نەوتەوە دەبرێت بۆ دورگەی خەرج و لە ڕێی کەنداوەوە دەنێردرێت بۆ بازآڕەکانی جیهان.

ڤەنزوێلا

لە سالی 1979 دا پێنجەم دەوڵەتی بەرهەمهێنی نەوت بوو. لەو ساڵەدا بەرهەمی نەوتی گەیشتە 123،5 ملیۆن تەن، واتا 3.9٪ـی بەرهەمی جیهان. لە ساڵی 1996دا گەیشتە 142 ملیۆن تەن. زۆربەی بەرهەمی دەنێررا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چونکە دەستی بەسەر دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوتی ڤەنزوێلادا گرتووە بەڵام ئەم دەست بەسەراگرتنە نەما پاش ئەوەی حکومەتی ڤەنزوێلا نەوتی خۆماڵی کرد و لە دەستی بێگانە دەری هێنا. بەشی زۆری کانە نەوتەکانی بە درێژی ناوچەی (مەراکیبۆ) درێژ بوونەتەوە کە دەکەوێتە ئەوپەڕی باکووری ئەمەریکای باشوور لەسەر کەناری دەریای کاریبی، هەروەها لە ژێر ئاوی کەنداو (مەراکیبۆ)ـشدا هەیە. ئەم کێڵگانە بەهۆی لوولە بەستراون بە بەندەری (شان لۆرنزۆ) کە کارگەی پاڵاوتنی نەوتی تێدا دامەزراوە.
بەڵام ناووچەی دووەم دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەلتای ڕووباری (ئۆرینۆکۆ) بەرامبەر دووگەری (ترینیداد). لەبەر نزیکی شوێنی ناوچەی بەرهەمهێنان لە کەنارەکانەوە ئەمە یارمەتی ئەوەی داوە بە ئاسانی بنێررێتە دەرەوە.

هەروەها کۆمەڵە دەوڵەتێکی تریشی لە جیهاندا

نەوتیان هەیە و دەری دەهێنن، گرنگترینیان: نایجیریا، چین، ئەندۆنیسیا و شانشینی یەکگرتووە کە ئەمیان لەم دواییەدا بەرهەمی نەوتی زیادی کرد چونکە لە دەریای باکووردا نەوت دەردەهێنێت.

ناوچەی دووەم دەکەوێتە باکووری ئەمەریکای باشوور و دەریای (کاریبی) ئەمانەش نزیکەی لە ١٣٪ـی سەرجەمی ناردنە دەرەوەی نەوتی جیهان پێک دێنێت وە زۆربەشی دەچێت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا. ناوچەی سێهەم ئەفەریقایە بە میسر و لیبیا و جەزائیریشەوە. ئەم ناوچەیە نزیکەی (١٤٪)ـی ناردەنی نەوتی جیهان دەنێرێت و زۆربەشی دەچێت بۆ ئەوروپای ڕۆژائاوا.

یەدەگی نەوت لە جیهاندا

ناتوانین بە ئاسانی بڕی ئەو نەوتەی لەناو جەرگەی زەویدایە بخەمڵێنین چونکە ئەم خەمڵاندنە لە کاتێکەوە تا کاتێکی تر دەگۆڕێت لەبەر چەند هۆیەک، هەندێکیان پەیوەندیان بەو ڕێگایانەوە هەیە کە بەکاری دێنن لە گەڕان بە دوای نەوتدا و هەندێکی تریان پەیوەندیان بە پێشکەوتنی زانستەوە هەیە کە یارمەتی دۆزینەوە ئەو کێڵگە نوێیانە دەدات کە لەوەپێش نەزانراون. پاشەکەوتی نەوتی جیهان بە نزیکەی 1.35 ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت و ڕێژەیەکی بەرزی لە ناوچەیەکی بچووکی جیهاندا کۆبۆتەوە کە دەکەوێتە دەوروبەری کەنداوی عەرەبەوە کە نزیکەی 62٪ـی دەخەمڵێنرێت.

بەشی زۆری پاشەکەوتی نەوتی جیهان کەوتووەتە بەشی ڕۆژهەڵاتی نیوەگۆی زەوی. هەرێمەکانی وڵاتانی عەرەبیش بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 1996 لە 56٪ـی ئەو پاشەکەوتەی تێدایە، شانشینی عەرەبی سعودیش لەم پاشەکەوتەدا پلەی یەکەمی جیهانی هەیە، عێراق بە مەڵبەندی دووەم دادەنرێت.
ئێستا هەموو جیهان ساڵی زیاتر لە 2.7 ملیار تەن نەوت کار دەکات و یەدەگی نەوتی هەموو جیهانیش نزیکەی 100 ملیار تەنە. کەواتە ئەو خەمڵاندنە ڕآستە کە دەڵێت: (ئەم سەرچاوە گەورەیە تەنیا 37 ساڵی تر دەخایەنێت و ئیتر وشک دەبێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ساڵێک کانی تازەتر دەدۆزرێتەوە کە ئەوەندەی یەدەگی تێدایە بەقەدەر بەکاربردنی ساڵانەی هەموو جیهان. لەبەر ئەوە ئێستا مەترسی وشکبوونی بەم زوانەی نەوت کەمتر بووەتەوە.

بازرگانی نێودەوڵەتی نەوت

دەوڵەتە تازە پێشکەوتووەکان بڕێکی زۆر نەوت بەرهەم دێنن کە لە بەکاربردنی ناوخۆیان زیاترە، بەرامبەر ئەمانیش دەوڵەتە پێشکەوتووەکان بڕێکی کەم دێننە بەرهەم کە بەشی پێویستی خۆیان ناکات و ناچار دەبن لە دەرەوە بیهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەیدابوونی جوڵانەوەی بازرگانی لە نێوان دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەکان و دەوڵەتە پێشکەوتووکاندا، ئەم جووڵانەوەیەش چڕ و کاریگەرە. ئەو دەوڵەتانەی نەوت دەنێرنە دەرەوە لە جیهاندا لە سێ ناوچەی سەرەکیی جیهاندان، یەکەمیان دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە بەپێی خەمڵاندنی ئەم ناوچەیە 37٪ـی ناردەنیی (صادرات) نەوتی جیهانی هەیە و، نزیکەی نیوەی ئەم ڕێژەیەشی بەرەو دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا دەچێت بەڵام پاشماوەکەی تری بۆ ژاپۆن و ویلایەتەكان و ئوستورالیا دەچێت.


سەرچاوەکان



11546 بینین