جۆرەکانی پیشەسازی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-23-12:14:00 - کۆدی بابەت: 3570
جۆرەکانی پیشەسازی

ناوه‌ڕۆك

پیشەسازی چییە؟

بەروبوومی پیشەسازی جۆراوجۆر دەبێت بەپێی جیاوازی چالاکی پیشەسازی و دامەزراوەکانی، هەندێکیان دەستییە و هەندێک بە ئامێر دەکرێت. هەندێکیان خەڵکی بەڕێوەی دەبات یان شەریکە یاخود میری سەرپەرشتیاری دەکات. هەندێکیان پێویستی بە کرێکاری زۆر هەیە و هەندێکی تریشیان ژمارەیەکی کەمی پێویستە، هەشیانە پێویستی بە شآرەزایی و کاراماییەکی زۆر هەیە و هەشیانە پێویستی بەوە نییە. لێکۆڵەران پیشەسازی دابەش دەکەن بە چەند چەشنێکی جیاجیاوە کە دەگۆڕێت بەپێی جیاوازی ئەو پێوەرەی بۆ ئەم جیاکردنەوەیە پشتی پێ دەبەستێت.

پیشەسازی لەسەر بنەڕەتی سروشتی بەرهەمداری دەکرێت بە سێ چەشنەوە

پیشەسازی دەرهێنان
مانای گشت چالاکییەکانی بەرهەمدارییە کە بایەخ دەدات بە دەرهێنانی کەرەستەی خاو و کەرەستەی سووتەمەنی لە ناوجەرگەی زەوی و ڕووە ئاوییەکان و لە دارستانەکان، وەک دەرهێنانی خەڵووز و گشت کەرەستە کانزاییەکان، هەروەها دەرهێنانی نەوتی خاو و دار، واتە بڕین ئەو چالاکیانەی پەیوەندی هەیە بە دەستهێنانی کەرەستەی خاو بە شێوەیەکی خۆڕسکی.

پیشەسازی ئامادەکردن
ئەو کردارەیە کە لەگەڵ کەرەستە خاوەکەدا دەکرێت وەک قۆناغێکی ئامادەکردن پێش گۆڕینی بۆ کەلوپەل یان شتومەکی دروستکراو. لەوانەش ئەو کردارانەی شێوە و ڕواڵەتی ئەو ماددانە بگۆڕێت، بۆ نموونە پێستە خۆشکردن، هاڕینی دانەوێڵە، بڕین و پارچە پارچە کردنی دار، داگرتنەوە و پەستانەوەی خورما، یان خەستکردنەوەی خاوەکان، واتە زۆرکردنی ڕێژەی فلزەکان لە خاوەکاندا دوای پاک کردنەوەیان لە خڵتە وەک خەستکردنی مس.

پیشەسازی گۆڕانکاری
ئەو پیشەسازیانەیە کە شێوەی خاوەکان دەگۆڕێت کانزا یان بێت یان کشتوکاڵی یان ڕووەکی یاخود هی ئاژەڵ بێت. لە بارە ڕەسەنەکەیەوە بۆ بارێکی نوێ کە پێویستی مرۆڤ دابین بکات، وەک گۆڕینی خوری خاو بۆ چنراو، وە گۆڕینی ئاسن بۆ چەند ئامێر و مەکینەیەک. پیشەسازی گۆڕانکاری خۆی بریتییە لە چەند شێوەیەکی کرداری بەرهەمداری. کرداری بەرهەمداری هەیە تەنها شێوەی خاوەکە دەگۆڕێت یاخود کەرەستە سەرەتاییەکە، وە گۆڕینی لۆکەی خاو بۆ چنراوێک لە لۆکە بێت، هەروەها بەرهەمدایش هەیە بەندە بە یەکخستنی پارچەی ئۆتۆمبێل و ئامێری کشتوکاڵ و تەلەفزیۆن و بەفرگر. دەشتوانین ئەو چالاکییە تایبەتییەی بخەینە سەر کە هەیە بۆ چاککردنی شتومەکی دروستکراو وەک چاک کردنی ئۆتۆمبێل و مەکینە و شەمەندەفەر و کەشتی، هەندێ لە لێکۆڵەران سوورن لەسەر ئەوەی چەمکی پیشەسازی تەنها پیشەسازی گۆڕانکاری ناگرێتەوە، ئەمەش کەمکردنەوەی بوارەکەیەتی. ئەم دابەش کردنەش لە هەموو دابەشکردنەکانی تر فراوانترە و هەموو چەشنەکانی چالاکی پیشەسازی دەگرێتەوە 

دابەشکردنی پیشەسازی لەسەر بنەڕەتی موڵکایەتی 

  • کەرتی گشتی
  •  کەرتی تایبەت
  • کەرتی تێکەڵ
  • کەرتی بیانی

پیشەسازی لەسەر بنەڕەتی چۆنیەتی بەرهەمە پیشەسازییەکە

پیشەسازی بنەڕەتی

وەک پیشەسازی ئاسن و پۆڵا و پیشەسازی دروستکردنی ووزەی کارەبا، پاڵاوتنی نەوت، ترشی گۆگرد، چیمەنتۆ، خاسییەتەکەشی ئەوەیە گاز و دوکەڵ و بۆنی ناخۆش پەیدا دەکات، کە تەنگ بە دانیشتوان هەڵ دەچنێت و ژینگەش پیس دەکات.

پشەسازی بەکاربردن

ئەو پیشەسازییەی شمەکی بەکاربردن بەرهەم دێنێت بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ. وەک پیشەسازی کەلوپەلی ناوماڵ و پێڵاو و جلوبەرگی ئامادەکراو.

پیشەسازی لەسەر بنەڕەتی قەبارەی سەرمایە و جۆری بەرهەمهێنان

  • پیشەسازی قورس
  • پیشەسازی سوک

ئەم دابەش کردنە تەنها پیشەسازی گۆڕانکاری دەگرێتەوە. پیشەسازی قورس بنەڕەتێکە کە پێشکەوتنی بوارەکانی تری ئابووری پشتی پێ دەبەستێت، وەک پیشەسازی ئاسن و پۆڵا و پیشەسازی دروستکردنی مەکینە. هەندێک لە لێکۆڵەران پەنجە بۆ ئەوە ڕآدەکێشن کە پیشەسازی قورس ئەو پیشەسازییەیە کە ئامێر و مەکینەی مەزن بەرهەم دێنن و بڕێکی گەورە کەرەستەی سەرەتایی بەکاردەبات، وە پێویستیشی بە سەرمایەیەکی مەزن هەیە، وەک پیشەسازییە بنەڕەتییەکان وایە، لەو پیشەسازیانەی ژینگە پیس دەکەن، بەڵام پیشەسازی سووک ئەوەیە کە پێویستی بە بڕێکی کەم هەیە لە کەرەستەی سەرتایی و سەرمایەیەکی کەم لە چاو خۆیدا. ئەو شمەکەی بەرهەمی دێنێت کێشی سووکە و بۆ دابینکردنی پێویستی تاکە کەسێک بەکاردێت وەک پیشەسازی جل و بەرگ و چنراو و جگەرە، بەمەش لە پیشەسازی بەکاربردن دەچێت.

دابەشکردنێکی تری پیشەسازی لەسەر بنەڕەتی سەرچاوە و کەرەستەی سەرەتایی

  1. ئەو پیشەسازیەی پشت دەبەستێت بە کەرەستەی کشتوکاڵی.
  2. ئەو پیشەسازیەی کە پشت دەبەستێت بە کەرەستەی سەرەتایی ئاژەڵ.
  3. ئەو پیشەسازیەی پشت دەبەستێت بە کەرەستەی ڕووەکی خۆڕسک.
  4. ئەو پیشەسازیەی پشت دەبەستێت بە کەرەستەی سەرەتایی کانزا.
  5. ئەو پیشەسازیەی پشت دەبەستێت بە کەرەستەی دروستکراو.

پیشەسازیش لەسەر بنەڕەتی ئەو هۆیانەی کار دەکەنە جێگیربوونی 

  1. پیشەسازی ئاڕاستەکراو بەرەو کەرەستە سەرەتاییەکان وەک پیشەسازی شەکر و خستنە ناو قوتوو.
  2. پیشەسازی ئاڕآستە کراو بەرەو بازاڕ وەک پیشەسازی مۆبیلیات و جل و بەرگی ئامادەکراو.
  3. پیشەسازی ئاڕاستەکراو بەرەو کارگەران وەک پیشەسازی چنین و سەعات دروستکردن.
  4. پیشەسازی ئاڕآستەکراو بەرەو سووتەمەنی و سەرچاوەی وزە وەک پیشەسازی ئەلەمنیۆم.
  5. پیشەسازی ئاڕاستە کراو بەرەو ڕێگەی گواستنەوە و هاتووچۆ وەک پیشەسازی گشتی.

پیشەسازیش لەسەر بنەڕەتی قەبارەی دامەزراوە پیشەسازییەکان یاخود لەسەر بنەڕەتی جۆری بەرهەمە پیشەسازییەکان دابەش دەکرێت، دەوڵەتانیش جیاوازن لە چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو پیشەسازیانەی تیایاندایە.


سەرچاوەکان



7736 بینین