پیسی و لابردنی پیسی لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-23-02:27:00 - کۆدی بابەت: 3576
پیسی و لابردنی پیسی لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

باسی پیسی و لابردنی پیسی

پیسی چڵکنێکە بە شەرع نوێژی پێوە دروست نییە.

هەر شتێکی تەڕ بێ و بێتە دەرەوە لە کونی پێشەوە یان پاشەوە پیسە، جا لە ئادەمیزاد بێتە دەرەوە، یان لە باڵندە، یان لە ئاژەڵ، گۆشتی بخورێ، یان نا.
تەنها (مەنی) نەبێ، واتە: ئاوی نێر و مێ پاکە (عن عائشة رضي الله عنها: كُنْتُ أَفْرُكُهُ مِنْ ثَوْبِ رَسُولِ اللَّهِ -صلى الله عليه وسلم- فَرْكًا فَيُصَلِّي فِيه)رواه مسلم، (عائشە) ئەفەرمووێ: من بە نینۆک (مەنی)ـم ئەڕنی لە جلی پێغەمبەر ﷺ جا ئەویش نوێژی پێوە دەکرد. واتە: پیس نییە بۆیێ نەیئەشۆرد.

شۆرینی هەموو جۆرە میزێک واجبە، جا هی ئادەمیزاد بێ، یان ئاژەڵ، ئەگەر تەنها یەک پشکیش بێ، لێبوردنی نییە، پیاوێک میزی لەناو مزگەوت کرد و پێغەمبەر ﷺ فەرمووی (دَعُوهُ وهَرِيقُوا علَى بَوْلِهِ سَجْلًا مِن مَاءٍ) رواه الشیخان، وازی لێبێنن و دۆلچەیەکی ئاو بڕژێننە سەر میزەکەی.

هەروەها شۆرینی هەر پیساییەک کە لە کونی پاشەوە دەربچێ واجبە، جا هی ئادەمیزاد بێت، یان ئاژەڵ، یان باڵندە، (عبدالله)ی کوڕی (مسعود) خوا لێی ڕازی بێط، ئەفەرمووێ: (أَتَى النبيُّ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ الغَائِطَ فأمَرَنِي أنْ آتِيَهُ بثَلَاثَةِ أحْجَارٍ، ففأتيته برَوْثَةً حَجَرَيْنِ، فَأَخَذَ الْحَجَرَيْنِ وَأَلْقَى الرَّوْثَةَ وَقَالَ ‏‏ هَذَا رِكْسٌ) رواه البخاري، پێغەمبەر ﷺ چووە پیسایی کردن و داوای لێم کرد: سێ بەردی بۆ بێنم تارەتی پێ بکا، منیش دوو بەرد و ڕیخێکم بۆ هێنا، ئەویش ڕیخەکەی فڕێدا و فەرمووی: ئەوە پیسە. هەروەها بزانە: ڕشانەوەش پیسە و ئەبێ بشۆرێ.

بەڵام واجب نییە شۆرینی میزی کوڕێکی وەها: کە جگە لە شیر هیچی تری نەخواردبێ و تەمەنیشی لە دوو ساڵ زیاتر نەبێ، میزی ئەم کورە پاک ئەبێتەوە بە ئاو پرژاندنە سەری، واتە: بە قەد میزەکە بە ئاو تەڕ بکرێ (عَنْ أُمِّ قَيْسٍ بِنْتِ مِحْصَنٍ، أَنَّهَا "أَتَتْ بِابْنٍ لَهَا صَغِيرٍ، لَمْ يَأْكُلِ الطَّعَامَ، ، فَأَجْلَسَهُ رَسُولُ اللَّهِ - صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ - فِي حَجْرِه فَبَالَ عَلَى ثَوْبِهِ، فَدَعَا بِمَاءٍ، فَنَضَحَهُ وَلَمْ يَغْسِلْهُ)رواه الشیخان، ئافرەتێک کوڕێکی بچووکی -کە خواردنی نەخواردبوو- هێنایە خزمەت پێغەمبەر ﷺ، ئەویش لە کۆشی خۆی داینا، کوڕەکەش میزی بە جلی پێغەمبەر ﷺ دا کرد، پێغەمبەر ﷺ داوای ئاوی کرد و پڕژاندییە سەر میزەکە و نەیشۆرد.
جا ئەگەر منداڵەکە لە دوو ساڵ تەمەنی زیاتر بوو، یان خواردنی نەخواردبوو، یان کیژۆڵە بوو، ئەبێ میزەکەی بشۆرێ (عن أبي السمح رضي الله عنه قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: (يغسل مِن بول الجارية، ويُرَش من بول الغلام)رواه النسائی، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: میزی کیژۆڵەکە ئەشۆرێ و میزی کوڕ ئاوی بەسەردا ئەپڕژێندرێ.

لێی نابوردرێ لە هیچ جۆرە پیسییەک، واتە: ئەبێ هەموو جۆرە پیسییەک بشۆردرێ و هیچ لێبوردنێکی نییە تەنها کەمێک نەبێ لە خوێن، جا خوێنی خۆی بێ، یان هی شتێکی تری جگە سەگ و بەراز، یان کەمێک لە کێم و خیزاوکی برین و قونێری خۆی، یان هی شتێکی تری جگە لە سەگ و بەراز، هەرچەند خوێن و کێمەکەش بە ئارەقە بڵاو بووبنەوە، یان خوێنی کێچ و ئەسپێ و پێشولە، کە بە جلەکانییەوە بێ.

هەروەها لێبوردن هەیە، لە پشکە قور و چڵکاوی کۆڵان و ڕێگە -لە کاتی زستان- کە لە ئەژنۆی بەرەو خوارتر بێ، هەروەها لە دڵۆپەی سەربان لە زستاندا.
هەروەها لێبوردن هەیە لە گیانلەبەرێکی وەها: کە خوێنێکی وای نەبێ لێی بڕژێ لە کاتی لێکردنەوەی ئەندامێک، وەک مێش و زەنگە سۆرە و قالۆنچە و.. هتد، هەر کاتێک ئەو گیانلەبەرە بەخۆی کەوتە ناو قاپێک کە شتێکی شلی تێدابوو لەناویدا مرد ئەو گیانلەبەرە شتە شلەکە پیس ناکا (عن أبي هريرة رضي الله عنه قال قال: رسول الله صلى الله عليه وسلم ( إذا وقع الذباب في شراب أحدكم فليغمسه کله ثم لیطرحه، فإن في أحد جناحيه شفاء وفي الآخر داء)رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ فەمووی: کاتێک مێش کەوتە ناو خواردنەوەی یەکێکتان با هەمووی نقومی ناو شلەکە بکات و لە دواییدا فڕێی بدا، چونکە لە باڵێکیدا دەرمانە و لەوەی تریدا دەردە. واتە: شلەکە پیس نابێ.
هەموو جۆرە ئاژەڵێک پاکە (عن جابر بن عبدالله رضي الله عنه :سُئلَ رسولُ اللَّهِ صلَّى اللَّهُ عليهِ وسلَّمَ أنتوضَّأُ بما أفضلَتِ الحمُرُ؟ قالَ: نعَم، وبما أفضلتِ السِّباعُ كلُّها)رواه البیهقي، پرسیار لە پێغەمبەر ﷺ کرا: ئایا دەستنوێژ بشۆین بە لەبەر ماوەی کەر؟ ئەویش فەرمووی: بەڵێ، بە لەبەرماوەی هەموو دڕندەیەکیش. واتە: چونکە دڕندە پاکە و ئاو پیس ناکات.
تەنها سەگ و بەراز پاک نین و گڵاون، ئەوەی لە نێوان سەگ و بەرازیش بووبێ هەر پاک نییە، یان هەر لە یەکێک لە سەگ و بەراز بووبێ، هەر پاک نییە. جا بزانە: تولە و تاژی هەر بە سەگ دائەندرێن و گڵاون.

هەموو جۆرە مرداربوویێک پیسە، خوای گەورە ئەفەرموێ: (حُرِّمَتْ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةُ) حەرام کراوە لەسەر ئێوە هەرچی مردار بێ.
بەڵام ماسی بە مردووییش هەر پاکە هەروەها کڵۆ، ئەویش بە مردوویی پاکە (عن ابن عمر - رضي الله عنهما - قال : قال رسول الله - صلى الله عليه وسلم : " أحلت لنا ميتتان ودمان: فأما الميتتان  فالحوت والجراد، وأما الدمان فالكبد والطحال) رواه أحمد و غیره،
پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: حەڵاڵکراوە بۆ ئێمە دوو جۆرە مردوو و دوو جۆرە خوێن: ماسی و کلۆ، جەرگ و سپڵە، واتە: پاتەڕەشە.
هەروەها ئادەمیزاد بە مردووییش هەر پاکە، خوای گەورە ئەفەرمووێ: (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ) بە ڕاستی ئێمە ڕێزمان لە ئادەمیزاد ناوە. واتە: لەبەر ڕێزلێنان بە مردن پیس نابێ.
واجبە قاپ و کەلوپەلی خواردن و شتی تریش بشۆرێ لەبەر دەم تێنانی سەگ. هەروەها بەراز حەوت جار، جارێکیان لەو حەوت جارە ئەبێ بە گڵێکی پاک بێ، کە تێکەڵ بە ئاو بێ.
بزانە: سەگ و بەراز خۆیان لە هەر شتێک بدەن -جا ئەوان تەڕ بن، یان شتەکە تەڕ بێ- ئەو شتە گڵاو ئەبێ، واتە: بە ئەستووری پیس ئەبێ و ئەبێ حەفت جار -بەو جۆرە- بشۆرێ، جا بەو جۆرە شۆردنە ئەگوترێ: (گڵاوکردنەوە).
پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ  قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ:إِذَا وَلَغَ الْكَلْبُ فِي إِنَاءِ أَحَدِكُمْ فلیرقه، ثم يَغْسِلَهُ سَبْعَ مَرَّاتٍ أاحداهن بِالتُّرَاب)رواه مسلم، کاتێ سەگ دەمی نایە ناو قاپی ئێوە، ئەو شتەی تێیدایە بیڕژێنن و حەفت جار بیشۆن، با جارێکیان لەو حەفتە بە گڵ و ئاو بێ.

هەموو شتێک ئەشۆرێ لە هەموو جۆرە پیسییەکی تر یەک جار ئاوەکە بەسەر شتە پیسبووەکەدا بڕوا، بەڵام سێ جار شتەکە بشۆرێ چاکترە

هەر شتێک کە ئەشۆرێ، ئەبێ کە لەشی پیسییەکە لابچێ، ئەگەر لانەچوو، یان ڕەنگ و بۆنی پیسییەکە بەیەکەوە مابوو، ئەوا پاک نەبووەتەوە، بەڵام مانەوەی ڕەنگ بە تەنها، یان بۆن بە تەنها -کە لابردنیان زەحمەت بێ- زیانی نییە.

بۆیە پێویستە ئاوەکە بەسەر پیسبووەکەدا بڕوا -نەک پیسبووەکە بخرێتە ناو ئاوەکە- چونکە ئاوەکە پیس ئەبێ.
هەر کاتێک شەراب -واتە: (مەی)- بووە سرکە لە خۆیەوە، پاک ئەبێتەوە و خواردنەوەی حەڵاڵە.
بەڵام ئەگەر بووە سرکە بە تێهاویشتنی شتێک بۆ ناو (مەی)، ئەوا پاک نابێتەوە و خواردنەوەی حەرامە (عن أنسِ بنِ مالكٍ رَضِيَ اللهُ عنه قال: سُئِلَ رَسولُ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم عن الخَمرِ تُتَّخَذُ خَلًّا؟ فقال: لا) رواه مسلم، پرسیار کرا لە پێغەمبەر ﷺ ئایا ئەگەر مەی بە دەستکاری کردن بکرێتە سرکە پاکە، یان نا؟ فەرمووی: نا.

هەر شتێک لە بنچینەی خۆیدا پیس بێ، ئەوە  بە شۆردن پاک نابێتەوە،وە ئەو شتەی پیسە: ئەگەر بەخۆی تەڕ بوو، یان ئەو شتەی پێی دەکەوێ تەڕ بوو، ئەوە پیسی ئەکا، بەڵام هەر پیسییەکی ووشک بێ، ئەوە شتی وشک پیس ناکا، هەرچەند سەگ و بەرازیش بێ.


سەرچاوەکان



1326 بینین