نزا و پاڕانەوە چییە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-24-20:29:00 - کۆدی بابەت: 3666
نزا و پاڕانەوە چییە؟

ناوه‌ڕۆك

پایەکانی نزا و پاڕانەوە

نزا و پاڕانەوە چوار بنەمای سەرەکی هەیە، بەم جۆرەی خوارەوەیە:

داوا لێکراو

داوالێکراو لە نزادا خوای گەورەیە، خودایەک موڵکی ئاسمانەکان و زەوی هی ئەوە: (أَلَمْ تَعْلَمْ أَنَّ اللَّهَ لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۗ وَمَا لَكُمْ مِنْ دُونِ اللَّهِ مِنْ وَلِيٍّ وَلَا نَصِيرٍ) البقرة:١٠٧، دەسگیرۆیی و بەخششی ئەو بۆ بەندەکانی هیچ لە خەزێنە و موڵکی ئەو کەم ناکات. (إِنَّ هَٰذَا لَرِزْقُنَا مَا لَهُ مِنْ نَفَادٍ) ص:٥٤، واتە: دەبینی ڕزق و ڕۆزی هی ئێمەیە و تەواوبوونیشی بۆ نییە.
گرنگە ئەوە بزانین کە خوای گەورە خۆی داوای لێکردوین داواکاریەکانمان بۆ لای ئەو بەرزبکەینەوە و هاواری بۆ بەرین و لێی بپاڕێینەوە، هەروەک دەفەرموێت: (وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ ۚ إِنَّ الَّذِينَ يَسْتَكْبِرُونَ عَنْ عِبَادَتِي سَيَدْخُلُونَ جَهَنَّمَ دَاخِرِينَ) غافر:٦٠، واتە: داوام لێ بکەن هاوارم بۆ بێنن وەڵامتان دەدەمەوە و دێم بە دەنگتانەوە، بەدەم داواکانتانەوە دێم، ئەوانەی بەرامبەر بە پەرستنی من خۆ بە گەورە دەگرن (نزا ناکەن و داوام لێ ناکەن و خۆیان بە بێ نیاز لە خودا نیشان دەدەن) با بزانن بە (داخرین)ـەوە دەخرێنە دۆزەخەوە.
هەروەها جارێکی دیکە ئاگادارمان دەکاتەوە کە پەروەردگارمان لە ئێمە زۆر نزیکە: (وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ...) البقرة:١٨٦، واتە:ئەگەر بەندەکانم داوا لە من بکەن و بپاڕێنەوە با بزانن من زۆر نزیکم لێیانەوە، وە دەفەرموێت: (... وَنَحْنُ أَقْرَبُ إِلَيْهِ مِنْ حَبْلِ الْوَرِيدِ) ق:١٦، واتە: ئێمە لە ڕەگی بناگوێ لە بەندەکەمان نزیکترین. هەستکردن بەم نزیکی و لەگەڵبوونەی خودای گەورەش متمانە و ئومێدێکی زۆرتر دەدات بە باوەڕداری نزاکار، کە لەم سارای بونەدا بە تەنها نییە و خودایەکی بەسۆز هەیە چاودێری دەکات و گوێ لە داواکانی دەگرێت.

نزاکار

بریتیە لەو باوەڕدارەی نزا دەکات و پێداویستیەکانی دەباتە لای خودا و داوای سۆز و بەزەیی لێ دەکات و بە ڕاز و نیازکردن لەگەڵیدا دڵ و دەروونی تینوی بە خۆشەویستی پەروەردگار ئاسودە و تێر ئاو دەکات. خودای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ أَنْتُمُ الْفُقَرَاءُ إِلَى اللَّهِ ۖ وَاللَّهُ هُوَ الْغَنِيُّ الْحَمِيدُ) فاطر:١٥، واتە: ئەی خەڵکینە ئێوە ئاتاجی بارەگای خودان و خودای گەورەش بێ نیاز و سوپاسکراوە.
مرۆڤ خاوەن هەرچی بێت لەم ژیانەدا بەرامبەر بە خودا هەژارە و پێویستی بە سۆز و ڕەحمەت و لا لێ کردنەوەی ئەو هەیە.
بەو ئەندازەی مرۆڤ هۆشیاری هەبێت لە ڕەحمەتی خوا نزیک دەکەوێتەوە، دیارە هەموو مرۆڤێک لە کاتی لێقەومان و تەنگانەدا دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا و داوای یارمەتی لێدەکات، هەندێک لە زانایانیش ئەمەیان بە یەکێک لە بەڵگەکان لەسەر بوونی خودا داناوە، وە ئەوە دەسەلمێنێت (فطرة) و خۆرسکی مرۆڤ لە بنەڕەتدا ڕووی لە خودایە و لە هەندێک کاتدا سەرەڕای فەرامۆشکردنی دێتە زمان و گوزارشت لە خۆی دەکات. لە ڕوویەکی دیکەوە ئەمە ئەوە دەخاتە ڕوو کە پەنا بردن بۆ خودا و هێزێکی باڵادەست لە مرۆڤدا غەریزەیە. لێرەوە ئەوەی گرنگە بۆ باوەڕدار ئەوەیە کە لە خۆشی و ناخۆشیدا خودای کەبیر نەچێت و پەیوەندی لەگەڵ خودای خۆی گەرم بێت و نزا بکات و بەندایەتی خۆی بۆ دەرببڕێت.

نزا

بریتیە لەو داوا و دەربڕین و وتە و هەستە دەرونی و شێوازانەی مرۆڤ لەڕێی ئەوانەوە پێویستی و داواکارییە ماددی و مەعنەوییەکانی دەباتە لای خودای گەورە.
دیارە مرۆڤ تا پێداگرتووتر و گەرم و گوڕتر بێت لە نزاکاندا زیاتر جێگەی لوتف و ڕەحمەتی خودایە، چونکە نیشانەی باوەڕ و متمانە و دڵخۆشی ئەوە بە پەروەردگار.

نزا بۆ کراو

بریتیە لە هەموو ئەو پێداویستی و ئاتاجیانەی مرۆڤ داوا لە خودای گەورە دەکات بۆی دابینبکات و بێ بەدەمییەوە و ئاوڕی خێری لێبداتەوە.
مرۆڤ دەتوانێت هەموو شتێک لە خودای گەورە داوابکات، بە هەندێک مەرجەوە، شتێک هەرچەند زۆر و گەورە بێت بۆ دەسەڵات و موڵکی خودای گەورە هیچ نییە.


سەرچاوەکان



2452 بینین