ناوهڕۆك
یاری سێرک
یاری سێرک یارییەکی میللیە و خەڵکی لە سەرانسەری دونیادا حەز بە بینینی دەکەن، لە سێرکی نوێدا، نمایشی وا دەبینین خەریکە بڕوا نەکەین، وەکو رێکردنی مرۆڤ بەسەر پەتدا و چوونە سەر ملی یەکتر لەسەر تەلێکی باریکدا و یاریکردن بە ئاژەڵان و هتد...
ئایا دەزانن یاریەکانی سێرک چۆن پەیدا بوو؟
یەکەمجار سێرک لە ڕۆمای کۆندا، لە سەدەی سێیەمی پ.ز دەستی پێکرد کە زۆر جیاوازی لەگەڵ ئەو سێرکەی ئەمڕۆدا هەبووە، لە دەشتێکی پان و بەریندا نمایش دەکرا کە پێی دەوترا "سیرکۆس مکسیمۆس" کە سەرەکیترین نمایشی پێشبڕکێی ئەسپ سواری بوو، لە ماوەی پێشبڕکێکەدا پاڵەوانەکان و ئەوانەی بەسەر پەتدا ڕێیان دەکرد و ئەسپ سوارەکان بینەرانیان سەرگەرم دەکرد.
گۆڕەپانی پێشبڕکێکە هێندە گەورە بوو جێگای نزیکەی ١٥٠٠٠٠ هەزار کەسی دەکردەوە، قۆشمەچییەکان و پاڵەوانەکان ئەوانەی بەسەر پەتدا ڕێیان دەکرد لەگەڵ ڕاهێنەرانی ئاژەڵەکاندا بە چەندین شێواز خەڵکیان سەرگەرم دەکرد، ئەنجامی هەموو ئەمانەش ئەوەی لێکەوتەوە کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت "سێرک" دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆما، بۆ چەندین سەدە یاریەکانی سێرک لە بیرچوونەوە.
یەکەمین سێرکی نوێ لە لایەن پیاوێکی ئینگلیزیەوە بە ناوی "فیلیپ ئەستیلی"ـیەوە ڕێکخرا لە ساڵی ١٧٦٨دا کە نمایشەکەی بریتی بوو لە ڕۆشتن بەسەر پەتدا، لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا چەندین گرووپی سێرک لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دروست بوون، وردە وردە سێرک بوو بە سەرچاوەیەکی میللی بۆ سەرگەرم کردن لە سەرانسەری جیهاندا.
گەورەترین هۆڵی سێرک لە ویلایەتی نیڤادای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە کە لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٨دا کرایەوە، لەسەر پانتاییەک کە ڕووبەرەکەی ١١٩٨٤ مەتری دووجایە.