بیرکردنەوەی زانستییانە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-25-00:53:00 - کۆدی بابەت: 3688
بیرکردنەوەی زانستییانە
زانستە مرۆڤایەتییەکان

هەتا گەیشتۆتە ئەوپەڕی وردەکاری و وریایی لەبەکارهێنانی هۆش (عەقڵ)ـی مرۆڤایەتیدا، لە میانەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

بیرکرنەوەی زانستییانە چییە؟

پێویستە شتێ دەربارەی ئەو پەرەسەندنانەی بەسەر واتایی زانستدا هاتووە بزانین، هەروەها چۆن واتای زانست بەرەبەرە بە تێپەربوونی سەدەکان هاتۆتە کایەوە و پێکهاتووە، و چۆن بەرنامەکان و شێوازی کارکردنی زانست پێکهات. هەتا گەیشتۆتە ئەوپەڕی وردەکاری و وریایی لەبەکارهێنانی هۆش (عەقڵ)ـی مرۆڤایەتیدا، لە میانەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

زانست لە کۆندا

شۆڕشی دۆزینەوەی شوێنەوارەکان لەسەردەمی نوێ دا ئەو ‌‌هەڵەیەی ڕەتکردەوە کە دەڵی یۆنانییەکان پێش گەلان کەوتوون لە هێنانە گۆڕێی زانستدا، ئەم ڕاستیە شارستانێتی میزۆپۆتامیا و میسری کۆن دەیسەلمێنن سەربارەت بە داهێنان و دۆزینەوەکانی تایبەت بە ئامێرەکان و کەرەستە بەکارهاتووەکان لە بواری ڕاووشکار یان چێشت لێنان یان کشتوکاڵ یان خانوبەرە یان تەون و چنین و ڕستن  و شتی دی لەم بابەتانە. تەنیا چاو خشاندنێک  بەو شتانەدا کە مرۆڤ لە سەدان هەزار ساڵی لەمەوبەر لەم بوارانەدا بە دەستی هێناون بەڵگە و نیشانەی قەرزبارییەکی مەزنی مرۆڤایەتییە بەرامبەر مرۆڤی یەکەم  و سەرەتایی، کە ئەو هەموو شتەی داهێناوە توانیوییەتی جۆگە لێبدات و شار دابمەزرێنێت و زەوی ئاوەدان بکاتەوە و کانزاکاری بکات و ئامڕازی کانزایی و تەختەیی و کەرەستەی جەنگی دروستبکات و پێویستیەکانی پۆشێن و خۆپاراستن لە نەهامەتییەکانی ئاو و هەوا و سروشت مسۆگەر بکات هەرخۆشی خاوەنی دۆزینەوەکانی هێزە سروشتییەکانە وەک ئاگر و با و ئاو. هەروەها ئەو داهێنانەی بە گەشەسەندنێک دادەنرێت لە بواری پێگەیاندنی بیری مرۆڤدا بە جۆرێک لە قۆناغەکانی دواتردا بۆ سەرهەڵدانی زانست بە واتا ڕاستەقینەکەی.
ئەو زانیارییە کەڵەکەبوانە وردە وردە وایان لە مرۆڤ کرد کە بتوانێت سەرەتا بەراییەکانی بیرکردنەوەی زانستیانە بێنێتە ئاراوە. شارستانییە مێژوویەکان (نووسراوەکان) ئەو شارستانێتیە مەزنانە بوون کە هەزاران ساڵ لەمەو بەر لە کەناری رووبارە گەورەکاندا هاتنە ئاراوە، نیل و میزۆپۆتامیا و هیندستان و چین ئەمانە بە پێی سەردەمەکەیان گەشەیان سەندووە و پشتیان بە زانست بەستبوو هەروەک چۆن پشتیان بە هۆش و دانایی مرۆڤ بەستبوو.

زانستی یۆنانی

ئەو بیرۆکەیە باوی نەما کە دەڵی: هەرچی زانست و فەلسەفەی مرۆڤایەتیی هەیە یۆنانییە و لە یۆنان سەری هەڵداوە و گەلانی میزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل هیچیان نەبووە جگە لە ئەفسانە و دواکەوتن، چونکە ئەو شوێنەوار و بەڵگە زانستیانەی کەلەم دوو شارستانێیتە و شارستانێتی دیکەی خۆرهەڵاتدا دۆزراونەتەوە، ئەو بیر و بۆچوونانە پوچەڵ دەکاتەوە و دەیسەلمێنی ئەوەی یۆنان لە مەیدانەکانی زانستدا پێشکەشیان کردووە درێژەپێدەری شارستانێیتەکانی پێش خۆیەتی، و  لە کەڵەکەبوونی ئەو زانستانەوە هاتوونەتەدی کەبەر لەو هەبوون. سەربارەت بەم ڕاستیە بیرۆکەی باڵا دەستی یۆنانی لە زانستدا هیچ ڕەگێکی نەبووە و لە تروسکاییەک دەچێ لە تاریکیدا بدرەوشێتەوە، ئینجا ئەوانەی ئەم تێڕوانینە هەڵە بڵاودەکەنەوە، دەبێت باش بزانن کە ئەو زانست و فەلسەفەی لە ئاسیای بچووک و باشووری ئیتاڵیادا سەری هەڵدا ئەوا لە میسرییەکان و گەلانی میزۆپۆتامیا و فینیقیەکان وەرگیراوە، زانایان و فەیلەسووفەکانی یۆنان وەک تاڵیس و ئەفلاتوون و هیرودوت گەواهین و دان بەوەدا دەنێن کە زانستەکانی بیرکاری و گەردوونناسی و شتی دی لە نێو خۆر‌هەڵاتییەکاندا لە پێش ئەماندا هەبووە ئەمان لە میللەتەکانی خۆرهەڵاتەوە فێری بوون و وەریان گرتووە.
لەمەش گرنگتر ئەوەیە، کە مێژوو نووسەکانی زانست، وەک (سارتۆن) و چەندانی دیکە بەشێکیان لە زانستی میسرییە کۆنەکان و گەلانی میزۆپۆتامیا، زۆر، یان کەم وەرگرتووە و زۆربەی بە دوورودرێژی سەبارەت بە پێشکەوتنی هونەری ئاوەدانکردنەوە دواون و دانیان بەوەدا ناوە کە دروستکردنی ئەهرامەکان و بەنداوەکان و تۆرەکانی ئاوداشتن، بەبێ زانستی ڕووبەر و ئەندازە و ئاوداشتن و بیناسازی و بەرد و کانزا، نەهاتونەتەدی، هەروەها پێشکەوتنی زانستی کیمیا و دەرمانگرتنەوە بۆ مۆمیا و هونەر، وێڕای پێشکەوتن لە گەردوونناسیدا بە جۆرێ کە هەندێ لە مێژوونووسەکانی بیرکاری دەڵێن: بابلییەکان بە بنەڕەتەکانی جەبر و ئەندازە و دۆزینەوەی رێی نزیک بۆ ڕەگی دووجا زانیویانە چۆن هاوکێشەی پلەی دوو شیکار دەکەن، هەروەها میسرییەکان حسابی قەوارەی هەڕەمی ناتەواوی چوار بنکەیان زانیوە، دەستووری حسابکردنی ڕووبەری سێگۆشە و لاکێشە و بازنەیان بەکارهێناوە، گەڵآی بەڕەدی و تاتە قوڕینەکان دەری دەخەن چۆن و تا چ ڕادەیەک لە نۆشیاری نەشتەرگەری (کرداری و بیردۆزەیی) پێشکەوتووبوون. دەستوور و یاساکان لە میزۆپۆتامیا دۆزراوەنەوە وەک میلەکەی حامووڕابی، کە پشانی دەدات چۆن وڵاتی بابل لە یاسا و دەستووری کۆمەڵایەتیدا پێشکەوتووبووە، 

زانستی یۆنانی کۆن 

ئاشکرایە کە یۆنانیینەکان لەیانی بیردۆزییانەی زانستیان گەلێک بەرەو پێشەوە برد، بەڵام لە ڕووی دەستکەوتنی کردارییەوە، وەک ئاوەدەنکردنەوەی شار و بەربەستی ئاو و ئاودێری و هاتوچۆ و کشتوکاڵ و کانزاسازی .. هتد شتێکی ئەوتۆیان لەوانە زیاتر نەبوو کە لە شارستانێتیە خۆرهەڵاتییەکانی بەر لە خۆیان بەجێ مابوون. ئەمەیش گەواهیدانی مێژوونووسی زانستی گەورە (برنال)ـە.

لایەنی بیردۆزی

بەڵام لە لایەنی بیردۆزاییەوە بەشدارییەکی مەزنیان هەیە و خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینێتەوە:

١- دۆزینەوەی گرنگترین تایبەتمەندێتی زانست کە (سەرتاپاگیری و گشتێتیە) وەک ئەرستۆ دەڵێت: ئەوەی گشتێتی تێدا نەبێت زانست نییە، بە واتای دۆزینەوەی (یاسای زانستی) یان لە شتە تاک و بچووک و بەش بەشەکانەوە بۆ بڕیاردانی سەرپاگیری، ئەمە بنچینەی پێشکەوتنی زانست و فەلسەفەیە لای یۆنانییەکان، کە واتای (پەتێتی) دەگەیەنێت.

٢- ئەم ئارەزوویان بۆ زانینی گشتێتی و یاسا پەتییەکانی شتەکان مۆرکی بیردۆزیانەی کە زانستەکەیان بەخشیم ئەمەیش گەورەیە کە مێژوونووسانی بیری خۆرئاوایی بە سنووری جیاکەرەوەی نێوان بیری یۆنانی و گشت بیرکردنەوەیەکی بەر لەوانی دادەنێن.

كەموكورتییەكان

بەڵام لەگەڵ گشت ئەم لایەنە چاکانەدا کەچی لایەنی خەوش و کەمووکورتی کەوتۆتە نێو زانست و فەلسەفەی یۆنانییەوە ئەمانەش گرنگتریینیانن:
• زێدەڕۆیی کردن لە (سەراپاگیرێتی) تا دەگاتە ڕادەی بریاردانی بەپەلە بەسەر شتەکان و پشتگوێخستنت تێڕوانینی تاکەکەسی بۆ دیاردەکان.
• لە ئەنجامی ئەمەشدا سنووری جیاکەرەوەی نێوان زانست و فەلسەفەیان لا نەمابوو، بەڵکو تەنیا یەک جۆر زانیاریان لەلا هەبوو، کەبووە مایەی درەنگ دەرکەوتنی زانست، تا لە سەردەمی نوێدا زانستەکان سەربەخۆ بوون و بەرەوپێشەوە چوون. 
• بەچاوی سووک ڕوانینە زانستە کردارییەکان یاخود ئەوانەی سوودی کرداری دەبەخشن، لەم بوارەدا پێشەکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەست نە‌هێنا کە شایەنی باسکردن بێت، ئەو زانستە کردارییانەی گۆڕانکاری لە ژیاندا دەکەن هەر لە بەنداو و کشتوکاڵ تا کانزایی و ...هتد  چوونکە باوەڕیان وابوو کار و پیشەیان تەنیا بەشی کۆیلەکاب بوون و شایستەی پیاوە ئازاد و خاوەن کۆیلەکان نەبوون، سەرەڕای ئەوەش زۆربەی فەیلەسووفەکان بە سووکی دەیان ڕوانییە زانیارییە هەستییەکان.

زانست لە سەدەکانی ناوەڕاستی خۆرئاوا (ئەوروپا) 

زانست لە هیچ بوارێکدا پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێنا شایەنی باس بێت، هیچ گۆڕانکارییەکی نوێ لە چەمکی زانستدا نەهاتە ئاراوە هەروەها ئەرستۆ ئاماژەی پێداوە و کڵێسەش پاڵپشتی کردووە، هەموو دەرچوون و لادان بوو لە پیرۆزیی ئاینی (مەسیحی)، ئەمەیان لە ڕووی بەرنامە و ئاسۆسەکانی زانستەوە. سەرەرای ئەمەش شیوازی بیرکردنەوە، ئەو گفتوگۆیە نەزۆکانە بوو کە لە پەرتووکەکانەوە وەرگیرابوون، نەک ڕاستەوخۆ لە سروشتناسییەوە.

زانست لە سەردەمی ئیسلامدا

تایبەتمەندی سەرەکی لێرەدا پێشکەوتنی زانستەکان بوو، زانستی ئیسلامی لاسایی کەرەوەی یۆنانی نەبووە، بەڵکو رەخنەگرتن بووە لە هەڵەکانیان، بۆیە ناوی زانایانی یۆنانی دووبارە بووەتەوە  باسیان لێوە کراوە، چونکە زانستی ئیسلامی لە ڕێگەیەکی دیکەوە دەڕوات کە بریتییە لەم خاڵانەی خوارەوە:

• گرنگیدان بە زانستی ئەزموونی و بەکارهێنانی توێژینەوەی زانستی و ڕوونکردنەوەی بنەمای بەرنامەی ئەزموونگەری لەسەر دەستی زانایانی موسڵمان، کە لەوانە ئەوروپای نوێ زۆر شتی وەرگرت، ئەم مەرجە تێبینی کردنی وردی دیارەکان و دانانی گریمانەیی شیکاری و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بۆ دڵنیابوون لە خۆوە دەگرت،

• بەکارهێنانی زانست لە پێناو دۆزینەوەی نهێنییەکانی سروشت و زاڵبوون بەسەر جیهانی سروشت، لەڕاستیدا بەرهەمی جێبەجێکردنی زانست بوون، زانا موسلمانەکان لێهاتووبوون لە بەکارهێنانی ژمارە و دانای بنەماکانی زانستی ژمێراری  کە دەتواندرێ لە ژیانی ڕۆژانە بەکاربهێندرێ. هەروەها بیرکاری (جەبر) و ئەندازەی شیکاری و سێگۆشە زانینیان داهێنا، ئەمانەش هەموو ڕێگە خۆشکەری سەردەمێکی نوێ بوو لە بەکارهێنانی بیرکاری بۆ گوزارشتکردن لە یاساکانی جیهانی سروشتی، جێبەجێکردنی بنەماکانی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕووبەڕی زەوی و حسابی کاتەکان دروستکردنی ئامێری ئەلکترۆنی و هەروەها دۆزینەوەی فەلەکی (گەردوونی) ڕێنیشاندەری دەریاوان و جوگرافی ناسان بوو. بەڵام توێژینەوەی دەرمانسازی و پزیشکەکان خاوەنی بەڵەگی جێبەجیکردنی ئاشکراو ڕوون بوون، یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانە سەرباری فراوان بوونی جیهانی ئیسلام و هاتنە ناوەوەی شارەزایی و ئەزموونی میللەتانی دیکە، هۆکارێکی دیکەی سەرەکی بریتییە لە تێڕوانینی ئیسلام لەوەی کە دونیا و ئاخیرەت، زانست و ئاین بەیەکەوە دەبەستێتەوە، و جەخت لە سەر دروشمی (کار بۆ دونیا بکە وا بزانە تا هەتایە دەژی، کار بۆ دواڕۆژت بکە کە بەیانی دەمریت).

زانست لە سەردەمی نوێدا

تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی تێڕوانین و بەرنامەی زانستیانە و سروشتی زانستی ئەمڕۆ، کە ئەمانەن:
• ناتوانین ئەو پێشکەوتنە زانستییەی لە ئەوروپادا روویدا، لە دەستکەوتە زانستییەکانی جیابکەینەوە و لێکیان داببڕین.
• جیابوونەوەی زانستەکان بەرەبەرە لە فەلسەفە، بە تەنیا لەسەردەمی زاناکان نەهاتۆتەدی (پێک نەهێنراوە)، بەڵکو فەیلەسووفەکانیش ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە.
• پشت بەستن بە تێبینی کردنی دیاردەکان و تاقیکردنەوەیان بە کردار لە بری ئەوەی تەنیا بە (ئاخاوتن – لێدوان) بێت، واتا تێگەیشتنی سروشت و چارەسەری کێشەکانی ژیان و لێکدانەوەی دیارە سروشتییەکان تەنها لەوەدا نەمان لە ڕێی بیردۆزیەوە، یان بە هۆی نیشانە و هێما بێژییەوە بن، بەڵکو زاناکان شتەکان دەدۆزنەوە و فەیلەسووفەکانیش ئەنجامەکان کۆدەکەنەوە و فەلسەفەی لێ پێک دەهێنن.
• زانست و یاسای زانست، بەرووبوومی ئەزموون و تاقیکردنەوەکان بوون. ئەرکی زاناکان توێژینەوەی دیاردە دەست نیشانکراوەکانە و لە ڕاستیەکی بچووکەوە چوون بۆ یەکێکی دی، وردەوردە لەسەر دەستی ژمارەیەکی زۆری زانایانی بوارە جیاجیاکاندا تەلاری زانیاری بەرزبۆوە، و تێڕاوانینێکی ڕاستەقینەتر بۆ جیهان و شتەکان سەری هەڵدا.
• هەموو زانستێک بۆ کارپێکردن و ڕاپەڕاندن دەشێت، جا ئیتر ئەو زانستە پەیوەندی بە بابەتەکانی زەوییەوە بێت یان ئاسمان، یاخود پێویستیە سادەکانی ژیان بێت وەک خۆراک و پاراستنی ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زانست و بیر تەنیا بۆ (لێکدانەوە)ـی جیهان و شتەکان نین، بەڵکو بۆ گۆڕینیشیانن. 
• هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی بیرکاری و پێوەرە جەندێتییەکان لە زانستدا واتا داڕشتنی یاسا زانستییەکان لە بۆتەیەکی بیرکارییانەدا، واتا لەشێوەی ڕێژە ژمێرەییەکاندا بۆ نموونە با نەڵێن ئەو گەرمە بەڵکو بڵێین گەرماییەکەی (٣٥) پلەی سەدییە، لەگەڵ دانانی ڕێژەی ژمارەیی بۆ پلەی شیانکاری (ئیحتیمال) و ڕاستەقینەیی و پیادەکردنی یاساکان بەسەر بارودۆخە توێژینەوەییەکان. 

تایبەتمەندییەکانی بیرکردنەوەی زانستییانە

گەرچی توێژەران لە پاش پێشخستنی ئەم تایبەتمەندیانەدا جیاوازن، بەڵام لەوە دەچێت تێکڕآ لە سەر ئەم خاڵانە کۆک بن کە ئەمانەن:

کەڵەکەبوونێتی 

زانست زانیاری کەڵەکەکراوە، زانیارییە زانستیەکان لە باڵەخانە دەچن کە نهۆم لە سەر نهۆم بنیاد نرابێت، تەنیا یەک جیاوازی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دانیشتوانی ئەم بەڵەخانە زاسستییە بەردەوام بەرەو نهۆمە نوێیەکانی سەرەوە سەگوێزرێنەوە و ئەوەی لە ژێریاندایە جێی دێڵن، لەمەدا پێچەوانەی فەلسەفەیە چونکە فەلسەفەی نوێ، ئەوەی پێش خۆی ناسڕێتەوە و ونی ناکات، لەگەڵ هاتنی هەر فەلسەفەیەکی نوێدا، فەلسەفە کۆنەکە نابێتە (مێژوو)ـیەکی ڕووت، وەک لە زانستدا ڕوودەدات و پیردۆزە کۆنەکە دەبێتە ڕووداوێکی (مێژوو)ـی ڕووت، ئەم تایبەتمەندێتی کەڵەکە بوونێتیە، خاڵێکی سەرەکی راستەقینەی زانست دەردەخات کە (ڕێژەیییە) بە واتای زانست گەشە دەکات، ئەوەی راستییەکی زانستییانە داندراوە پاش ماوەیەک گۆڕانکاری تێدا کراوە، یان بە جارێک لابراوە و شتێکی دی جێی گرتۆتەوە، بۆ نموونە بیردۆزی (بەتلیمۆس) یان فیزیکی نیوتن، لەسەردەمی خۆیاندا رەهای تەواوبوون، کەچی تێڕوانینی نوێی گەردوون بە بیردۆزی کۆپەرنیکۆس و هەروەها فیزیایی ئاینشتاین جێی ئەوانی گرتۆتەوە، ئەمە واتایی (ڕێژەییە) لەهەمان کاتدا ڕێژەییەکی یەقینە، چونکە راستیەکی بابەتیانەی بێ لایەنە، پابەندی هەست و سۆزمان نییە، وەک چێژی هونەری تابلۆیەک نییە، لەوەدا یەقینە کەلەسەردەمی خۆیدا ڕآست بووە.
گەشەکردنی کەڵەکەبوونێتی بەدوو ئاراستەدا دەڕوات، ئاڕاستەی ستوونی و ئاڕاستەی ئاسۆیی، لە ستوونیدا زانست بە هەمان دیاردە دەگەرێت کە پێشتر لێکۆلینەوەی لەبارەوە کردوە، بەڵام بە تێڕوانینێکی نوێتر بۆ نموونە بابەتی سروشتی یەن و مادەکان بابەتێکی کۆن و نوێیە، چونکە بەردەوام پەرەدەسێنێ و قوڵدەبێتەوە، بەڵام ئاسۆیی بریتییە لە ئاراستەی زانست بۆ فراوانبوون و درێژبوونەوەی بۆ بوار و پسپۆڕی نوێتر، تا ئەو ڕادەیەش کە زانستەکان لە سروشتی نازیندووش دەکۆڵنەوە، تا گەیشتنە لێکۆلینەوەی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرنامەییانەی زانستی وەک لە بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی بەدی دەکرێت.

ڕێکخستن 

زانست ڕێکخەری ڕێبازی بیرکردنەوەمانە و ڕێکخەری شێوازی ژیریمانە، ئەمە واتایی زاڵبوونە بەسەر خوو و ڕەفتاری جۆراوجۆرمان و ملکەچکردنی بیرکردنەوەمان بۆ ویستە هۆشمەندییەکانمان.

سەراپاگیرێتی و بابەتیانە

زانیاری زانستیانە سەراپاگیرییە (گشتگیریە)، واتا گشت نموونەکانی دیاردەکە دەگرێتەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە سەر دیاردە تاکەکانەوە نییە کاتێک زانست لەمەڕ کەتنە خوارەوەی تەنەکان دەدوێت، ئەو ئاخاوتنەی یان ئەو دۆزینەوەی پەیوەندی بە باسکردنی کەوتنە خوارەوەی تاکە تەنێک نییە لەو تەنانەت هاوشێوەی خۆی ئەمە لە لایەک و لەلایەکی دیکەوە ڕاستی زانستییانە لەوەدا سەراپاگیرییە کە هەر ژیرییەک شارەزایی بوو، بە پەسەندی دادەنێت و بڕوای پێدەکات. بەبێ گوێدانە حەز و ئارەزووی توێژەرەکە.

وردەکاری و بیرکردنەوەی وەسفی (چەندێیتی)

زمانی زانست لە زمانی ئاسایی ناچێت، لە زمانی زانستدا وردەکاری هەیە، لە زمانی ئاساییدا دەبیستن دەڵێن، دڵم وام پێدەڵێت، یان وای بۆ دەچم، ئەمانە وتەی تەواون و مەبەست دەردەبڕن، بەڵام زانست بەم زمان و ئاخاوتنە ڕازی نابێت، بەڵکو دەیەوێت زمانی بیرکاری بەکاربێنێت، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا.


سەرچاوەکان



3452 بینین