فەلسەفەی هاوچەرخی سەدەی بیستەم

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-26-01:56:00 - کۆدی بابەت: 3776
فەلسەفەی هاوچەرخی سەدەی بیستەم
زانستە مرۆڤایەتییەکان

لە بواری زانستدا لەسەدەی بیستەم ئەو پێشکەوتنە تەواوە هاتە دی کە زانایان لە کۆتایی سەدەی ١٩ دەستیان پێکردبوو.

فەلسەفەی لە سەدەی بیستەم

لە بواری زانستدا لەسەدەی بیستەم ئەو پێشکەوتنە تەواوە هاتە دی کە زانایان لە کۆتایی سەدەی ١٩ دەستیان پێکردبوو لە بارەی بیرکاری و کیمیا و زانست و فیزیا و زمانناسی و دەروونناسی و کۆمەڵناسیی و رەخنەگری و وێژەیی، کەوا کاریگەری گەوەرەیان لەسەر فەلسەفە جێ هێشت بەتایبەتی لەبارەی لۆژیک و بیردۆزی زانیاری و میتافیزیکیا و فەلسەفەی زانیاری و فەلسەفەی جوانی. هەروەها هەردوو جەنگی یەکەم و دووەم کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەبوو بەسەر میتافیزیکیا و ڕەوشت بۆیەش لەو سەردەمەدا گرنگی بە سروشتی مرۆڤ و ڕاستی بوونی مرۆڤ پەیوەندی بە گەردوون و لێپرسراوەیەتی بەرامبەر بەخۆی و کۆمەڵەکەی درابوو. چەند ڕەوتێک هاتنە ئاراوە کە دەیوست مانای بوونی مرۆڤ و ئەرکی سەرشانی دەرهەق بە ڕەوشت دەستنیشان بکات. لە خۆرهەڵاتیش پاش کۆتایی جەنگی یەکەم و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی بەسەر ئەم بەشە و شارستانێتیەکەی ئەوا ئاسۆی شارستانێتی دەیڕوانیە پاشەڕۆژێکی پرشنگدار وەک بەشێک لە بونیادنانی شارستانێتی مرۆڤایەتی کە تەمەنی بۆ هەزاران ساڵ لەمەبەر دەگەڕایەوە. هەندێ لە هەڵمەتەکانی خۆرهەڵات مەبەست لێیانەوە گەیشتن بوو بە خۆرئاوە ناسینی ئەو شارستانێتیەبوو لەلایەکی دیکەوە بایەخی بە ناسنامە و کەلەپووری ناوچەکە دەدا. بەڵام لە خۆرئاوا فەلسەفە بە هەموو لقەکانییەوە گەشەی سەند و لۆژیک پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی لەسەر دەستی جوتلەب و فریجە و برتراند رسل و چەند خوێندنگەیەکی لۆژیکی تاقیکاری هاتنە کایەوە، لەبارەی زانیارییەکانی سروشتەوە ئەنشتاین و چەند زانایەکی دیکەی فیزییا چەند بیرۆزێکی نوێیان داهێنا وەک بیردۆزیی ڕێژەیی و تێڕوانینێکی نوێیان بۆ گەردوون هەبوو جیا لەو تێڕوانینەی کە لەسەردەمی نیوتن باوبوو. شیکردنەوە گرنگییەکی زۆری پەیداکرد لەسەدەی بیستەم کە مەبەست لە شیکردنەوە کرداری دابەشکردنی ڕاستییەکان یان دەستەواژە فەلسەفەییەکانە بۆ پێکهاتە سەرەکییەکان و دەستنیشان کردنی واتا و سروشت و ئەرکی هەریەکەیان، لەوانە ئەم شیکردنەوەیە زمانەوانی یاخود لۆژیکی یاخود فەلسەفی بێت. فەیلەسووفان وایان دەبینی کە شیکردنەوە بەرنامەی گرنگی فەلسەفە و زۆربەی زۆری کێشەکانی فەلسەفە دەتواندرێ چارەسەربکرێ لە ڕێی دەست نیشانکردنی واتا و بابەتەکانی و، پەردە لەسەر لایەنە چەوتەکان و شاراوەکانی وتەکانی فەلسەفە هەڵبدرێتەوە، بابەتی شیکردنەوە گەورە فەیلەسووفانی وەک براتراند رسل و چەندانی دیکە پەیڕەویان دەکرد. لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکان چەندین لقی لێ بۆوە ئەوەبوو زانستێکی فراوان و گشتگیر بە ناوی زانستی ئاماژە سیمیوتیقا دروست بوو کەلە هەموو هەڵسووکەوتێک و جوڵەیەکی مرۆڤ لە کاتی مامەڵەکردنیدا لەگەڵ خەڵکی دەکۆڵێتەوە لە ڕێی قسە و پەیوەندیکردن، گرنگترین ئەو ئاماژانەش بریتین لە زمان کە سیستەمێکی تایبەت بە خۆی هەیە و لەگەڵ چەندین زمانی دیکەی ئاماژە وەک زمانی هێما و نیشانەکانی هاتووچۆ و زمانی مۆسیقا و زمانی زانست و هی دیکە. لەو لێکۆلێنەوانەی دیکەی بواری زمانەوانی کە پەیوەندی بە زانستی ئاماژەوە هەیە و لە سەرەتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەرکەوت ناوی پەیکەربەندی بوو کە واتایی شێوەی چەند دیاردە و بابەتێکی جۆراوجۆر دەگرێتەوە و شتە جۆراوجۆرەکان بەشدار تێدادەکەن، بۆ نموونە پەیکەربەندی زمانەوانی ئەو شێوە گشتییەیە کە لە زمانە  جۆراوجۆرەکان دەیبینین کە وای لێدەکات و لەیەکچوو بن لە ڕووی پەیکەربەندییەوە هەرچەندە وەک زمان جیاوازیش بن. پەیکەربەندی کۆمەڵایەتی ئەو شێوەیەیە کە لە کۆمەڵگەیەکدا هەیە و لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی دیکەدا دووبارە دەبێتەوە. پەیکەربەندی گرنگییەکی زۆری پێدرا لە وێژە و رەخنەی وێژەییدا، لەو فەلسەفانەی کەلە سەرەتادا کەوتنە ژێر کاریگەری زانستەوە خوێندنگەی پراگماتی بوو کە هەوڵی دا پێوەرێک بۆ ڕاستییەکان دابنێ پشت بە وەرگێڕانی زانستیانە ببەستێ بۆ چەمکە زانستی و فەلسەفییەکان، پێی وایە کە ڕاستتەکانی هەر بیرۆکەیەک پێوانە دەکرێ لە ڕێی دابەشکردنیوە بۆ ئەو هەنگاوە زانستیەی کە دەکرێ بە وەرگێرانی هەڵسین. کەواتە هەرچەندە چەمکە ڕووتەکان بۆ چەند هەنگاوێکی کرداریی وەربگێرین ئەوا زیاتر قبوڵ دەکرێت، ئەگینا بە پێچەوانەوە خۆمان لە بەردەم بیرۆکەیەکی شاراوە و بێ مانا و بێ نرخ دەبیننەوە هەندی لەم پراگماتیانە ویستیان ئەم بیروباوەڕانە لە بواری پەروەردە و فەلسەفەی زانست بەکار بهێنن، ئەوەبوو ئەم تێڕوانینە گۆڕانکاری بەسەر هات تا ئەو ڕادەیەی کەلە بەرژەوەندی خۆیەتی زیاتر ڕەچاوی نەدەکرد، کەچی هەندێ لە فەیلەسووفانی دیکە دەیانگووت بەو بیرۆکەیە گیانی سەرمایەداریی بەرجەستە دەکات. لێرەدا دیاردەیەکی تر بە ناوی واقیعەت وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەدیارەیەکی نموونەیی پەیدابوو لە ژێرکاریگەری فەلسەفەکەی هیگڵ. ئەم دیاردەیە بوونی سەربەخۆی جیهانی دەرەکی دەسلمێنێت و دەڵێت بیر و هۆش و خۆیەتی پلەی یەکەمیان نەبووە لە بوون یان زانیاری بۆیە هەرشتێک بیانویستایە لێی تێبگەن ئەوا بە پێی واقیع دوور لە شیکردنەوەکانی نموونەیی و گیانی لێکیان دەدایەوە، زۆر لە فەیلەسووفان ئەم فەلسەفیان بە فەلسفەی واقیعیەت ناوبردووە. هەندێ لە فەیلەسوفانیش بە توندی رەخنەیان سەبارەت بە تایبەتمەندێتی و تەرخانکردن لە شیکردنەوەی فەلسەفیدا دەگرت و دەیانگووت دەبێ فەیلەسووف لە میانەی دیاردەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی مامەڵە لەگەڵ هزردا بکات و نابێ پشت بە شێوەکانی ڕووت ببەستێتەوە بەڵکو دەبێ کێشەکەی لە میانی ئەو ئەرکە جۆراوجۆرانەی کە مرۆڤ لە نێو کۆمەڵگەکەیدا دەیکات وەیان لە چالاکییەکانی سەبارەت بە زانست و ئاین و سیاسەت و فەلسەفە چارەسەربکات، ئامەش هەموویان بە یەکتری بەستراونەتەوە. هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی دیکە بە ناوی ئەنترۆپۆلۆجی علم الانسان سەری هەڵدا، ئەم فەلسەفەیە لە بوونی مرۆڤ لە نێو کۆمەڵگە و ئەو چالاکییەنەی ئەنجامی دەدات لێک دەداتەوە. دیسانەوە لە سەدەی بیستەم فەلسەفەی بوون الوجود و فەلسەفەی دیاردەیی پەیدابوون. 

گرنگترین گۆڕانکارییەکانی مێژووی فەلسەفە لەم سەدەیەدا

لە کۆتاییدا ئاماژە بە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی مێژووی فەلسەفە دەکەین لەسەدەی بیستەم بە تایبەتی لە دوای شەستەکاندا کە ئەویش لە فەلسەفەی ژینگە دەبینێتەوە پەیڕەوکەر و لایەنگرانی ئەم فەلسەفەیە دەنگیان هەڵبری لە دژی پیسکردنی ژینگە لەلایەن خۆرئاواییەکان بەوەی تەکنەلۆژیای نوێ بە چاکی بەکارناهێنن و زەرەر و زیان لە خۆیان و زیندەوەرانی دەوروبەریان دەدەن و سروشت تێک دەدەن.  فەیلەسووفانی ژینگە تێروانینەکانی فەلسەفەی خۆرئاوا بە تێکدانی ژینگە تاوانبار دەکەن و مرۆڤی خۆرئاوایی لە ڕیزی پێشەوە دادەنێن بەوەی کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەخەنە سەرووی هەموو شتەکانەوە. دەتوانین بڵێین فەلسەفە لە سەدەی بیستەمدا زیاتر پەرەی سەند چونکە مامەڵە لەگەڵ لایەنە نوێ و ئاستەنگەکانی سەر ڕێی مرۆڤی سەدەی بیستەم بکات لەو کاتەی پێی ناوەتە نێو سەدەی بیست و یەکەم.


سەرچاوەکان



946 بینین