هزری ئەوروپی لە چاخی نوێدا چۆنە؟
ئەگەر سەرنجی مێژووی فەلسەفەی کریستیان (مەسیحەییەت) لە چاخەکانی ناوەڕاست و چاخی بوژانەوە ڕێنیساس و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو بوژانەوەیە ٤٠٠ تاوەکو ١٦٠٠ز بدەین، دەبینین چۆن فەلسەفەی یۆنانی گەشەی سەند و چۆن فەیلەسووفانی کۆنی یۆنانی بناغەی فەلسەفەیان دامەزراند و پرس و لێکۆڵینەوەیان سەبارەت بە بابەتە سەرەکییەکانی فەلسەفە وەک جیهان و مرۆڤ و زانیاری و بیروباوەڕ و هەروەها بەهاکانی ڕەوشت و جوانی خستەڕوو، هەروەها پێشنیاری چەندین چارەسەری جیاجیایان بۆ کێشەکان دانا. لە کۆتایی چەرخی یۆنانی و ڕۆمانی کۆندا، ئاینی کریستیان (مەسیحییەت) لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا بڵاوبۆوە لێرە بە دواوە مێژووناسانی خۆرئاوا ئەم سەردەمەیان بە (چاخەکانی ناوەڕاست) ناوناوە کەلە سەدەی پێنجەمەوە تا چواردەهەمی زاینی درێژەی هەبووە و بەسەر دوو ماوەدا دابەش دەبێت یەکێکیان سەردەمی زوو (پێشوەخت) ئەوی تریان سەردەمی دواتر (درەنگ) کەلە نێوانیاندا شارستانێتی ئیسلامی هەیە و لە ڕێگەی ئەوەوە بوو کە شارستانێتی یۆنانی بۆ خۆرئاوای لاتینی گواسترایەوە. سەرباری ئەوەی فەیلەسووف و بیرمەندان لە هەموو بوارەکان داهێنانیان کرد. کەچی وەک لەمەو بەر ڕوونمان کردەوە کە چاخەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپادا لایەنی ئایینی باڵی بەسەدا کێشابوو و هەندێ شێوازی نوێ لە ژیانی بیری (هزری) و کۆمەڵایەتی و ئابووری کە کڵێسە تەوەری سەرەکی دەنواند، پەیدابوون. فەلسەفەش لەم ڕێچکەیە بەدەر نەبوو. چەند هۆکارێکی ناوخۆیی یەکلاکەرەوە هەبوون کە پەیوەندیان بە دامەزراندنی کۆمەڵگەی ئەوروپییەوە هەبوو. وەک دۆزینەوە جوگرافییەکان و هەڵمەتی خاچ دروشمەکان و گەشانەوەی بازرگانی لەگەڵ خۆرهەڵاتدا و سەرهەڵدانی شار و دانیشتوانە بۆرجوازەکانی و کەڵەکەبوونی و سەرمایە و بەربەرەکانی نێوان میر و پاشاکان لە لایەکەوە و لە نێوان دەرەبەگ و کڵێسە لەلایەکی ترەوە، سەرباری کۆچی زانایان بۆ ئیتاڵیا و لە دوای دابەشبوونی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی و دەستبەسەرداگرتنی (قوستەنتینە) لەلایەن عوسمانییەکان لە ساڵی ١٤٥٣ز دا و بزووتنەوە چاکسازی ئایینی لەلایەن مەزهەبی (پرۆتستانت) دژی مەزهەبی (دەست هەڵگرتنی ژیان)ـی کڵێسەی کاسۆلیک. هۆی کاریگەری تریش هەبوون لەو بوارانە وەک داهێنانی (چاپ و بارووت و قیبلەنما) ئەم سێ داهێنانەی دوایی دەورێکی گەورەتریان لە دروستکردنی مێژوودا بووە زیاتر لە دەوریی ڕامیاری یان داگیرکردنەکان و ناکۆکی ئایینی، هەروەه (فرەنسیس بەیکۆن) وتوویەتی. بێجگە لەوانە بزووتنەوەی وێژەییەکەش کە (بوژانەوە) یان (ڕێنیسان)ـی پێوتراوە، واتا بوژانەوەی وێژە و فەلسەفەی کلاسیکی (کۆن)، کە بە ئاشکرا ژیانخواز بوون و لەپاڵ ڕەخنەی بیریی (هزری)ـدا رۆلیان لە لێکۆڵینەوەش دا هەبووە، (ناوییەکان) بە بڵاوکردنەوەی رەخنە و گومان و فرەنسیکان رەبەنی دێرەکان بە هۆی تاقیکردنەوە زانستییەکان، بەسەر سوڕمانەوە بۆیان دەرکەوتبوو کە چۆن شتەکانی رەوشت جۆرە مەزنێتی و چێژیان هەیە. ئەوان و چەندانی دیکە ڕۆڵیان لە پەیدابوونی بیرکردنەوەی زانستی نوێ هەبووە. بەم شێوەیە تۆوی ڕۆشنبیریەکی بیری (هزری) نوێ دەستی پێکرد و زمانە نەتەوایەتییەکان پەرەیان سەندوپوختربوون و بوونە زمانی وێژەیی (ستاندارد)، هونەری چاپکردنیش فراوان بوو بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری کە ئەمە لەگەڵ گیانی بازرگانی بیرەکانی کەسێتی نەتەوایەتییان هێنایە کایەوە، بە نەهێشتنی ئەو لەمپەرانەی کە گونجە لاچەپەکانی لە یەک دابڕاندبوو کە لە ڕووی ئابووریەوە بە پێی ڕامیاری (جۆبژێوی) دەژیان. بەرنامەیەکی زانستی نوێ دەستی پێکرد و ڕێی خۆی کردەوە تا وای لێهات نەدەتواندرا لە بوارەکانی زانست و ناسینی سروشت بە دەسەڵاتی کلێسە ڕازی بن، بۆیە دوای لێکۆڵینەوە لە شتەکانی سروشت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەکرا نەک تەنیا وەک ئەوەی لە پەرتووکەکاندا هەیە، بەڵکو لەسەر بنچینەی تێبینی بۆ سروشت و دیاردەکانی و لەسەر بنەمای ژیریی توێژەرەوە وەستا. وای لێهاتبوو لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی سەرمایەداری تیایاندا چەکەرەی کرد، پێشکەوتنی ڕیشەیی بنەڕەتی لە زانستە سروشتییەکان و جوگرافیا و مێژوو و کۆمەڵناسی و هونەری و بیرە ڕامیارییەکان دەبینرا، ئەم دەربڕینانەی دەربارەی هۆشیاری مرۆڤایەتی هەبوون هەموویان لە ژێر کاریگەری پەرەسەندنی پیشەسازی و بازرگانی و کۆمەڵایەتی گۆڕانیان بەسەرهات.
دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەو سەردەمە نوێیە دووبارە ناسینەوەی تاک و بە ئاگاهێنانەوەی تاک بوو کە لە نێو کۆمەڵی بوون و گشتی بوونی کڵێسە و دەرەبەگایەتی ون ببوو، ئەو ئەرکەی لە زانست و فەلسەفە و هونەر و وێژە دەویسترا، بوو بە ئەرکی ناسینی جیهان و سوود وەرگرتن لە هەموو شتێک بۆ پتر دەوڵەمەندکردنی ژیان. خەسڵەت و دەرئەنجامەکانی ئەم پێشکەوتنانە لەسەر زانستی نوێ و فەلسەفەی نوێ بوونە هۆی گۆڕینی چەمکی (ناوەندیی ئایینی) دەرهەق بە زانست و فەلسەفە بۆ چەمکی نوێ کە بە (فەلسەفەی نوێ یان بە چاخی نوێ) ناوی دەبرا کە ماوەکەی لە نێوان سەدەی حەڤدەم تا سەدەی نۆزدەهەم دەگریتەوە و سەرەتاکانی بۆ چەرخی (بوژانەوە) دەگەڕێتەوە.
ڕوانین بۆ زانست و فەلسەفە
- بەیاخ بە ڕووداو و زانست دەدات و بەڵگەکانیشی لەسەر گریمانەی ئەوتۆ دەمەزراوە کە دەتوانرێت بە تێبینی و تاقیکردنەوە ساغ بکرێتەوە، بە پێچەوانەی فەلسەفەی چاخەکانی ناوەڕاست کە پشتی بە بەڵگەهێنانەوەی لۆژیک و پێوانەکاری دەبەست و ئاوڕی لە تاقیکردنەوە و تێبینی و تێڕوانین نەدەدایەوە.
- هەوڵی شیکارکردنی کێشەکان دەدات بە گەڕانەوە بۆ (ڕووداوی نموونە) نەک بۆ ڕامان، بە پێچەوانەی چاخەکانی ناوەڕاست.
- بایەخ بە جیاوازی چەمک و فێڵی لۆژیک نادات هەروەه چاخەکانی ناوەڕاست کە بەبێ هیچ بیانوویەک وایان دەکرد.
- تاڕادەیەک نوقمبوون بایەخ بە ڕابردوو نادات، چونکە ڕانەبردووی زۆری لە پێشە تا بیان دۆزێتەوە بەم شێوەیە لە پابەندبوونە ئایینی و بیرییەکان (هزرییەکان) دەربازی بوو کە کلێسە بەسەر فەلسەفە و زانست و بیر لە چەرخی تاریکیدا سەپاندبووی.
- رووی کردە ئەم جیهانە و دەوڵەمەندکردنی کەچی فەلسەفەی چاخەکانی ناوەڕاست ئەمەی پشتگوێ خستبوو لە پێناو جیهانی پاش مردن بێ ئەوەی روانینە نوێیەکە جیهانی پاش مردن لە بیربکات، و بایەخی بە مرۆڤدا و دانی نا بە تواناکانی هۆش (ژیریی) و تاقیکردنەوەکانی مرۆڤ بۆ ناسینی جیهان و دۆزینەوەی ڕاستییەکان.
- باوەڕهێنان بەوەی جیهان و مرۆڤ چاکن، ئەمەش ڕوانینێکی نوێیە بە پێچەوانەی روانینەکەی چاخەکانی ناوەڕاست کە بەشی زۆری باوەڕی بە خراپەی سروشتی مرۆڤ بووە و بەو خراپیەی کە تێیدایە و لێی ڕزگار نابێت لە ژیانی سەر زەوی ئەمە لە ئاراستەکانی (ئۆگستین) ئاشکرایە.
- بەکارهێنانی بەرنامەیەکی نوێ لە زانستە سروشتییەکان و لێکۆڵینەوەی ئەو دیاردانەی کە لەسەر یاسا دەرهێنانی زانستی لە لایەن (فرانسیس بەیکۆن)ـەوە دامەزراوە، هەروەها ڕاوێژپێکردنی ژیریی و ملکەچ پێکردنی هەموو شتێک لە لێکۆڵینەوەی ژیریی لە لایەن (دیکارت)ـەوە کە بەرنامەی تاقیکاری (بەیکۆن)ـی پێ تەواو کرد و توخمی ژیریی لە زانستدا پشتگوێ خستبوو ئەو توخمەی کە سیستەم و یاساکانی پشت دیارەکان دەردەخات.
بەم شێوەیە بە هەردووکیان مژدەی فەلسەفەی رۆشنکەرەوەی گەشبینیان دانا سەبارەت بە تێگەیشتنی سروشت و ملکەچ پێکردنی لێکۆڵینەوە بۆ بەکارهێنانی لە پێناوی پێشکەوتنی ژیان و دەوڵەمەندکردنی مرۆڤ. وای لێهات هەموو جیهانی ماددی و ژیریی ملکەچی تێبینی و تاقیکردنەوە بوون، ڕوو لە لێکۆڵینەوەی بنەچەی زانینی شتەکان کرا.
بنچینەی زانیاری و درک پێکردنی چییە؟
لێرەدا بیردۆزەی (تاقیکارییەکان) سەری هەڵدا کە دەڵێت زانیاری لە تاقیکاریەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەم بیردۆزەیە لە ئینگلتەرا لەسەر دەستی (بەیکۆن و جۆن لۆک و دیڤید هیۆم) دەرکەوت. بیردۆزی ژیرییەکان لە وڵاتە ئەوروپپییەکانی دیکە کە ڕابەرەکەی (دیکارت)ـە لە پآش ئەویش (لایپنتز و سپێنۆزا)، سەری هەڵدا و دەڵێت بنچینەی زانیاری ژیرییە. ژیرییەکان و تاقیکارییەکان لە نەژادی زانیارییەکان دەکۆڵیەوە و هەردووکیان باوەڕیان بە ژیریی مرۆڤ و تواناکەی هەبوو بۆ زانینی شتەکان هیچیان توخمی بابەتی (شیانی زانینی شتەکان) نەدەکەوتن و ئایا ژیریی توانای پەیداکردنی زانیاری هەیە و سنووری زانینمان چییە؟ تا (کانت)ـی ئەڵمانی هات و لێکۆڵینەوەی زانیاری ئاراستەکرد، و خودی ژیریی مرۆڤی خستە بەرباس و لێکۆڵینەوە لە ڕێباوەڕەکەی (مەزهەبەکەی) کە ناوی (فەلسەفەی رەخنەکاری) لێنراوە.
ڕێباوەڕەکان
- ڕێباوەڕی ژیریی (هۆشیاری)
ڕێباوەڕی ژیریی یاخود هۆشیاری وای بۆ دەچێ کە هۆش هەر خۆی بە بێ تاقیکردنەوە لە ڕاستی تێدەگات. تواناداری هۆشی (بەر لە تاقیکرنەوە) هەڵدەستێ بە ڕێکخستنی ڕاستی و زانییارییەکان تا دەگاتە چەند راستییەکی نوێ. ئەم ڕێباوەڕە لەو بڕوایەدایە کە هەندێ پرەنسیپ لە هۆشدا خۆرسکن بەر لە تاقیکردنەوە هەن و لەو سەربەخۆن و زۆر پێویست و یەقینن هەروەها پرەنسیپی (گشت لەبەش گەورەترە). ئەم ڕێباوەڕە پشت بە زانیاری بیرکاری دەبەستێ وەک نموونەیەک هەوڵی بەدیهێنانی دەدات لە فەلسەفەدا. ڕێباوەڕی ژیرییەتی وای دەبینێ کە ژیرێتی هەر خۆی بە تەنیا بەسە بۆ هەموو زانیارییەکان و زانیاری تاقیکاری لێ دوور دەخاتەوە (دیکارت)ـیش نوێنەرێکی ئەم ڕێباوەڕەیە.
دیکارت
١٥٩٦-١٦٥٠ز ژیاوە فەیلەسووف و زانایەکی فەڕەنسیە، زۆر گرنگی بە زانستەکانی سەردەمی خۆی دابوو بە تایبەتی بیرکاری بایەخیشی بە فیزیا و فەلسەفە و زانسیەکانی دیکە داوە. دیکارت وای بۆ دەچوو کە یەک زانسی هەیە ئەویش فەلسەفەیە و چەند لقێکی لێ بۆوەتەوە، لەو بڕوایەشدا بووە کە یەک زانیاری هەیە، ئەویش زانیاری ژیریی یەقینی رآست و ڕەوانە و دەیوی یەک بەرنامەی زانیاری هەیە و لەمەوە دەتوانین سیستەمێکی تەواوی زانیارییەکان بنیادبنێین کە بتوانێ نەشونما بکات. دیکارت بە گومانکردن لە بەرنامەوە دەست پێدەکات کە هەموو زانیارییەکان بەلاوە دەنێ نە ژیریی نە هەستەکان ناگەنە یەقین چونکە جار هەیە هەستەکان دامانخەڵەتێنن و ژیریی لە دەرەنجامەکان هەڵە دەکات و ئێمە چۆن بزانین هەموویی بەو شێوەیە نییە، کەواتە پێویستە لە گومانەوە دەست پێبکەین نەک لە پێناو گومان بەڵکو وەک شێوازێک لە رەخنەگرتن لەو زانیارییەی کە هەیە و گەڕان بۆ زانییارییەکانی یەقین ئەم گومانەی بە (گومانی بەرنامەیی) ناونرا، هومان لێرەدا شێوازێکە بۆ تاقیکردنەوەی زانیاری و هێزە ژیرییەکانمان، بەرنامەیە بۆ گەیشتن بە یەقین. دیکارت وای تێبینی کردبوو کە هەچەندە بازنەی گومانەکان فراواتر بێت، ئەوە دەمێنیتەوە کە گومان پێی ناگات وەک (تەنێکی بازنەیی رووبەرێکی تەخت سنووری دەدات، دوو هێڵی راست ناشێت شوێنێک گەمارۆ بدەن، گشت لە بەش گەورەترە، گەر من گومان بکەم لە بوونی هەموو شتێک کە هەیە، بەڵام شتێک دەمێنێتەوە کە جێی گومان بێت ئەویش خودی (گومان)ـەکەی خۆمە کەوایە لەوێدا شتێک هەیە بە کرداری گومان هەڵدەسێت لەوەدا شتێک هەیە کە بیردەکاتەوە کەواتە (من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم).
دیکارت هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی ڕاستی لە دانراوەکەی بە ناوی (راپۆرتێک لە بەرنامەکە) دەخاتەروو ئەم بەرنامەش بە پێی ئەم چەند بنەمایەن بنەمای گومان، بنەمای شیکردنەوە، بنەمای بەیەکتربەستنەوە، پێداچوونەوە و ئامار.
- ڕێباوەڕی تاقیکاری
ئەم ڕێباوەڕە پشت بە تاقیکردنەوە دەبەستێت و تاقیکردنەوەی هەستەکی بە بنچینەی زانیارییەکان دادەنێت و ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن تاقیکردنەوە دەمانگەیەنێتە زانیاری و چۆن بەرنامە پەیڕەو دەکەین سەرباری خەمڵاندنی سەختییەکانی سەر رێگەمان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان. ئەم ڕێباوەڕە ئەوە دەسەلمێنێ کە هەموو زانیارییەکانمان لە تاقیکردنەوە دەرئەنجام دەبێت لێیەوە دەستی پێدەکرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە تاقیکردنەوە سەرچاوەی زانستە هەر بیروباوەڕێک و زانیارییەک بە تاقیکردنەوە تێنەپەڕییبێ، ئەوا دەبێ بیگەڕێنینەوە بەر تاقیکردنەوە ئاگینا ڕەواییەکی بۆ نییە. تاقیکارییەکان باوەڕ بە هیچ زانیارییەکی خۆرسک و شاکاری بەر لە تاقیکردنەوە ناکەن بەمەش هاودژن لەگەڵ ڕێباوەڕانی ژیریی، فەیلەسووفانی ئەم ڕێباوەڕە تێبینی و دەرئەنجام دەکەنە بەرنامەی خۆیان و فیزییان نیوتن بە نموونەیەکی چاکی فەلسەفەکایان دەزانن. لێرەدا لە ڕۆڵی فرەنسیس بەیکۆن وەک نوێنەری ئەم ڕێباوەڕە دەدوێین.
فڕەنسیس بەیکۆن
١٥٦١-١٦٢٦ز یەکەم فەیلەسووفی نوێە کە ئەرکی دامەزراندنی بەرنامەیەکی زانستی نوێی گرتە ئەستۆی خۆی، ناوی نووسراوەکەی (ئامڕازە نوێیەکە) کە واتای ئەوە دەبەخشێت. دژ بە تێگەیشتنە کۆنەکەی زانست وەستا کە پشتی بە (ئۆرگانۆن)ـی ئەرستۆ بەستبوو. هەریەک لە دیکارت و بەیکۆن وا لە زانست گەیشتبوون کە سەپاندنی زاڵیی مرۆڤە بەسەر سروشتدا بۆ دەوڵەمەندکردنی ژیانی مرۆڤ، بەڵام ئەمە بە زانینی هۆیە ڕاستییەکانی پشت دیاردە سروشتییەکانەوە نەبێت نایەتە دی، بەڵام لە کرداری زانیاریدا هەڵە ڕوودەدەن لە ئەنجامی پشت بەستن بە بۆچوونی ژیریی لە ئەنجام دەهێنان و دەرخستنی ڕاستی وەک تاکە هۆیەکی زانیاری واتا پشتبەستنی ئەرستۆ و (خوێندنگەکەیان) بە پێوانەکاری کە لە حوکم دان سەرچاوە دەگرێت و ئەمیش بە دەورێکی خۆی لە چەمکەکان پێکهاتووە، چەمکەکانیش لە ڕێی گشتاندنی پەلەلێکراوەوە پێکدێن. لەبەر ئەمە مەرجی یەکەمی چاکسازی زانست و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، بریتییە لە چاککردنی ڕیبازەکانی گشتاندن و بژارکردنی چەمکەکان لەبەر ئەوەی کرداری گشتاندن کردارێکی ئیستقرائی (هەڵێنجان)ـە، بنچینەی لۆژیکیانە بۆ چآکسازی زانست و دانانی بیردۆزەیەکی نوێ بوو بۆ ئیستقرائی (هەلێنجان)، فەیلەسووفەکانی پێش بەیکۆن بایەخی خۆیان لە ئیستقرائی (هەلێنجان) دا ئاڕاستەی ئەو رووداوانە دەکرد کە لەگەڵ گشتداندن دەگونجان یان نەدەگونجان. (بەیکۆن) ئەوانەی بە (سەرچاوە سلبییەکان) ناوبردوون و بە شێوەیەکن کە ڕووداوێک یان گشت یان بەلای کەمییەوە بەشێکی گشتاندنە پەلەپێکراوەکان پووچەڵ دەکاتەوە، بەیکۆن ڕای وایە گوێ نەدان بەسەرچاوە سلبییەکان هۆی سەرەکی هەموو حوکم دان و بەهەڵەچوونەکانە. هەرچی مەرجی دووەمی چاکسازی زانستە بریتییە لە پاککردنەوەی ژیریی لە بەهەڵەداچوون. (بەیکۆن) چوار جۆرە بەهەڵەچوون یان تەگەرە جیادەکاتەوە کە دێنە ڕێی زانیاری راست و بە (بتەکانی ژیریی) ناویان دەبات کە ئەمانەن (خەیاڵی هۆز، خەیاڵی ئەشکەوت، خەیاڵی بازاڕ، خەیاڵی شانۆ). دوای ئەم هەریەک لە فەیلەسووفەکانی وەک جۆن لوک و دەیڤد هیۆم ئەم ڕێچکەیان گرت.
- ڕێباوەڕی رەخنەگری
ئەم ڕێباوەڕە دەئەنجامی ئەو پێشکەوتنەیە کەلە فەلسەفەی هەردوو ڕێبازی (ژیریی و تاقیکاریی) هاتنەدی بە سوود وەرگرتن لە دەستکەوتەکانی هەردووکیان، ئەم هەڵمەتەش فەیلەسووف (ئیمانوێل کانت) پێی هەڵساوە بۆ کۆکردنەوەی هەردوو ڕێباوەڕ لەیەکتریدا و ئینجا زانیارییەکانی خۆشی خستە سەر و گەیشتە ئەوەی کە ژیریی و تاقیکردنەوە بۆ کامڵبوونی زانیاری پێویستن و وای بۆ دەچوو کە تاقیکردنەوە بێ ژیرایەتی کوێرایەتیەکی بێ ئاکارە هەروەها ژیرایەتی بێ تاقیکردنەوەش پوچ و بێ ناوەرۆکە. فەلسەفەکەی (کانت) بە ڕەخنەگری ناونرا، چونکە ڕەخنەی لە تواناکانی زانیاری مرۆڤایەتی دەگرت بەوەی کە سنووردارە. (کانت) دەڵێت ژیریی بە سنووردارییەکەی حوکمی لەسەر دەدرێ لەبەردەم بابەتەکانی میتافیزیکی گەورە کە پەیوەندیان بە خوا و جیهان و دەروونەوە هەیە هەڵوێستێکی بەرامبەربوونی نواندووە.