جۆرە سەرەکییەکانی زانیاری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-25-02:42:00 - کۆدی بابەت: 3698
جۆرە سەرەکییەکانی زانیاری
زانستە مرۆڤایەتییەکان

زانیاری پلەدارە، لە گومان و بۆ چوون هەست دەست پێدەکات بەدرک پێکردنی بیر تێدەپەڕی تا دەگاتە یەقینی تەواو کە گومان پێی ناگات

جۆرە سەرەکییەکانی زانیاری چین؟

بیردۆزی زانیاری: لقێکە لە لقەکانی فەلسەفە لە زانیاری مرۆڤ و جۆرەکانی و پلە جیاجیاکانی دەکۆڵێتەوە، سنوور و توانادارییەکەشی دەست نیشان دەکات.

پلەکانی زانیاری

زانیاری پلەدارە، لە گومان و بۆ چوون هەست دەست پێدەکات بەدرک پێکردنی بیر تێدەپەڕی تا دەگاتە یەقینی تەواو کە گومان پێی ناگات، وەک ئەو نموونانەی کە لە بیرکاری دەستمان دەکەوێت ١+١=٢، س=س، زانیاری ڕاست و ڕەوانە گومانی لێناکرێت ئەمەش نموونەیەکە زانا و مرۆڤ و فەیلەسووف بە ئاواتی ئەوەن بگەن پێی، بەڵام گەیشتن بەو ڕاستییە هەرگیز ئاسان نییە، بۆیە نموونەیەکە فەیلەسووفان دەیانەوێ بە پێی توانا لێیەوە نزیک ببنەوە. درک پێکردن مانای زانین یان تێگەیشتنی بابەتەکانی هەستەکییە وەک درەخت و خانوو و پەرتووک. بەڵام گومان مانای بڕوانەکردن و نەبوونی یەقینە. هەندێ جار گومان قۆناغێکە لە قۆناغەکان بۆ گەیشتن بە یەقین، کەچی بۆچوون دەست نیشانکردنی زانیارییە و سەرەتایەکە بۆ کاری ناسین کەلە داننان بە نەزانین دەست پێدەکات تا دەگاتە زانیاری یەقین.

زانیاری جۆراوجۆرە تەنها باسی سێ جۆریان دەکەین:

هەستزانی (زانینە هەستییەکان)

بیستن و بینین و تام و چێژ و دەست لێدان هەمووی هەستی جۆراوجۆرمانن و لە شتەکان و رووداوەکانی دەوروبەرمان ئاگادارمان دەکەنەوە. زۆر لە فەیلەسووفان ئەو هەستزانیەی  کەلە ڕێگای تاقیکردنەوەکانەوە پێمان دەگات بە کارێکی سەرەکی دادەنێن و هەندێکی دیکەیان بە سەرچاوەی یەکجاری زانیاری دەژمێرن، ئەوانەی دوایی وای بۆ دەچن کە هەر چەندە زانیارییەکان شێوەی ڕووت یان گشتییان هەبێ ئەوا دەبێ هەر بگەڕێنەوە سەر بنەڕەت و سەرەتاکانی تاقیکاری هەستەکی. کەچی هەندێ لە فەیلەسووفەکانی دیکە زۆر بە وردی رەفتاو لەگەڵ هەستەکان دەکەن چونکە هەڵماندەخەڵەتێنن و جار جار ڕێمان لێدەگۆڕن، بۆ ئەم مەبەستە نموونەیان هەیە وەک شکانەوەی شێوەی دارێک کە دەخرێتە ناو ئاوەوە یان ئەو سەرابەی کە لەسەر ڕێگا بەرچاو دەکەوێت و زۆری دیکە کە بە هەڵخەڵەتاندنی بینین و هەست ناودەبرێن.

هۆشزانی (زانینە هۆشییەکان)

هەندێ لە فەیلەسووفان دەڵین هۆش (ژیریی) خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو خەڵکانە و هۆش (ژیریی) بە زۆر کاری هەمەچەشن هەڵدەستێ کە بەبێ ئەو زانیاری بەدەست ناهێندرێ، دەڵێن هەر هۆشە درک پێکردن رێک دەخات و دەیخاتە بەر بەراورد و بە یەکیان دەبەستێتەوە و بە شێوەیەکی ڕێک یەکیان دەخات. دەرنجامەکانیش لە پێشەکییە دیاریکراوەکان و لە زانیارییەکان دەردەهێنێت، هەرچی دەرئەنجامی لۆژیک و بیرکاری هەن هەموویان ئەنجامی کاری هۆشن . هەر هۆشیشە پەیوەندییەکانی نێوان هزرە جیاجیاکان پوختە دەکات. واش دەبێ هۆش لە میانی چالاکییەکاندا پشت بە زانیاری هۆشی دیکە یان زانیاری تاقیکاری ببەستێت. بۆ نموونە کۆمەڵناس کۆمەڵگەی جیاجیا لە ڕێگەی تاقیکاری و تێبینی و ژیان بە نێویاندا دەخوێنێ و پاشان هەر لە ڕێگەی هۆشەوە ‌هاوچەشنی و جیاوازی نێوان کۆمەڵگەکان دەست نیشان دەکات. فەیلەسووفان هەن دەڵێن هۆش هەر خۆی بە تەنهایی دەتوانێ بەم مەبەستە هەڵدەستێ، بەڵام ئەوەی ئەمرۆکە باوە ئەوەیە کە مرۆڤ خاوەن هۆش و هەستە سەرباری توانای دیکەی کە خوای گەورە پێی بەخشیوە و زانینی ڕاستییەکان بە دەست ناهێندرێت ئەگەر پشت بەو هەموو توانایانەوە نەبەسترێت.

سووسەزانی (الحدس) 

ئەگەر هەستزانی پشت بە درک پێکردنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ببەستێ لە ڕێگەی هەستەکانەوە و هۆشزانی پشت بە گشتاندن و دەرئەنجامی هۆشەکان ببەستێ ئەوا سووسەزانی پشت بە درک پێکردنی هونەری دەبەستێ، وەک هەست کردمان بە پارچە مۆسیقایەکی هونەری یان تێڕامانمان بۆ پەیکەرێکی داتاشراو. بەڵام سووسەی سۆفیگەرانیش هەیە کە هەندێ جار بە (زانیاری چێژلێوەرگرتن) ناو دەبرێت ئەوا بە گوێرەی ئەوە بێت لە ڕێگەی هەست و دڵەوە لە شتەکان دەگەین هەروەک سۆفییەکان وادەڵێن.

ڕاددە و سنووری زانیاری

زۆر لە فەیلەسووفان دان بەوەدا دەنێن کە زانیاری مرۆڤ سنووردارە، فەیلەسووفانی زانیاری دووچاری کێشەی ڕێژەیی زانیاری سەبارەت بەو ڕاستەیانەی کە دەیانزانین بوونەتەوە بەوەی کە هەمیشە دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو باروودۆخەی کە دەوری ڕاستەکانی داوە و ژێر کاریگەری هەڵوێستی مرۆڤاییەتیمان. زۆرجار هەموو ئەو زانیارییانەی کە پێویستمان پێیەتی لە هەگبەماندا نییە و ناتوانین بڕیاری کۆتایی لە سەر شتەکانی خۆمان بدەین، زۆر جاری دیکەش کارتێکردن لە بیر و بۆچوونەکانی خەڵکی دیکە زۆر ئاسانترە ئەگەر هاتوو پێداویستی و هۆکارەکانی ئەم کارتێکردنەمان زانی.


سەرچاوەکان



1656 بینین