پەروەردەی ڕەوشت

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-25-23:41:00 - کۆدی بابەت: 3724
پەروەردەی ڕەوشت

ناوه‌ڕۆك

پەروەردەی ڕەوشت

پەروەردەکردن بە سەرمەشقی چاکە لە کاریگەرترین هۆیەکانی پەروەردەی ڕەوشتییە، بۆیە ئیسلام زۆر بایەخی بەم هۆیە داوە و خوای گەورە لە قورئان دەفەرموێت: (لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا) الأحزاب:٢١، واتە: بۆ هەموو ئەوانەی ئومێدیان بە خودا و ڕۆژی دوایی بەستۆتەوە و زۆر یادی خودا دەکەن لە پێغەمبەردا سەرمەشقی چاکەیان هەیە و دەست دەکەوێت. بۆیە پێویستە ئەوانەی پەروەردەی ڕەوشتی کەسانی دیکە دەکەن، هەوڵبدەن خۆیان لەو ڕووەوە نموونە و پێشەنگ بن و ئاسەواری ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن بە ژیان و ڕەفتاریانەوە دیاربێت، ئەرکی سەرشانی هەرباوەڕدارێکیشە برا بێت یاخود خوشک و دایک و باوک و مامۆستا و کاربەدەست و خاوەن هەر پیشەیەک بێت. جگە لە بوارە گشتییە ئیسلامییەکە وەک مسوڵمانێک لە بوارەکەی خۆشیدا ڕەمزی پاکی و دڵسۆزی و پێشەنگی بێت و پێش قسەی بە کردەوە هەڵە ڕەوشتییەکان بۆ دەوروبەری ڕاستبکاتەوە، ئێمە هەریەکەمان ئەگەر قوتابی بین لە بەردەم یەکێکی دیکەدا و شتیان لێ فێرببین لە هەمان کاتدا کەسانێک هەن چاویان لەسەر ئێمەیە و شتمان لێوە فێردەبن.
وەک لاوێکی باوەڕدار و هۆشیار و خاوەن پەیام نابێت ڕێگە بە خۆمان بدەین خەڵکی شتێک لە ئێمەوە فێرببێت کە لەگەڵ بنەمای ئیسلام و بەها ڕەوشتیە جوانەکان نەگونجێت، پێغەمبەر (دخ) دەفەرموێت: (کلکم راع، وکلکم مسؤول عن رعیتە) واتە: هەریەکەتان لەو کەسانە لێپرسراوە کە شتی لێ وەردەگرن و چاویان لە ئەوە، هەروەها دەفەرموێت: (من سن سنة حسنة، فلو أجرها وأجر من عمل بها، من غیر ان ینتق من اجورهم شي‌ء، ومن سن سنة علیە وزرها ومثل وزر من عمل بها من غیر أن ینقص من أوزارهم شیء) واتە: هەرکەسێک لە چوارچێوەی ئیسلامدا ڕێچکە و ڕێبازێکی چاک دابێنێت ئەوە پاداشتی ئەوە و هەموو ئەو کەسانەشی دەدرێتەوە کە ئەو کارە جوانە لەوەوە فێردەبن و دەیکەن، بە پێچەوانەشەوە هەرکەسێک نمونەیەکی ناڕاست و خراپ نیشان بدات و خەڵک بکەونە ژێر کاریگەری ئەوا ئۆباڵی خۆی و هەموو ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو. بۆیە لاوێکی باوەڕدار دەبێت هەر لە تافی لاوێتییەوە خۆی لەسەر ئەوە پێبگەیەنێت کە نەک هەر خۆی نمونەی ڕەفتار و ئاکار جوان بێت، بەڵکو لەم ڕووەوە کار لەسەر دەوروبەرەکەشی بکات و ببێتە هێمایەکی چاکەخوازی و میهرەبانی و خزمەت و خۆشەویستی و پەرۆشی بۆ کەسانی تر. بۆ ئەوەی مرۆڤ لەم ڕووەشەوە سەرکەوتووبێت هەڵبژاردنی هاوڕێ هەمیشەییەکانی گرنگە، دەبێت کەسانێک بکات بە هاوڕێی خۆی و ڕاز و نیازیان لەگەڵ بگۆڕێتەوە لەڕووی ڕەوشتییەوە لەکەدار نەبن خراپەکار نەبن بۆ ئەوەی بە خراپەکانیان کاریگەر نەبێت، پێغەمبەر (دخ) دەفەرموێت: (المرء علی دین خلیلە، فلینظر أحدکم من یخالل) واتە: مرۆڤ لەسەر ڕێباز و ڕێچکەی هاوڕێکەیەتی، بۆیە دەبێت بزانێت کە کێ دەکات بە هاوڕێی خۆی. زۆر گرنگە مرۆڤ هاوڕێیەتی کەسانی بە هیممەت و ورەبەرز و بە ئیرادە و گەشبین و ئەرێنی و سەرکەوتوو بکات، بۆ ئەوەی لە ژینگەیەکدا بژی بەرەو نەفس بەرزی و سەرکەوتوویی ماددی و مەعنەوی بەرێت و بتوانێت یارمەتی ئاستەکانی تریش بدات بۆ ئەوەی چاو لە ژینگەیەکی ڕەوشتبەرزتر و ڕەوشتی دیکە و سەرفرازتر ببڕن. خوێندنەوەی ژیاننامەی پێغەمبەر و سەرکردە و پێشەوا مەزنەکانی مێژووش سودێکی زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنێت، چونکە لە ئەزموونی ئەوانەوە فێری زۆر شت دەبێت و هانی دەدەن بۆ هیمەت بەرزی و ئاکار جوانی، لە هەموو ئەوەی باسمان کرد دەگەینە ئەوەی ئەرکی لاوی باوەڕدار و هەموو مرۆڤێکی ژیر و چاکەخوازە لە ژیانی خۆیدا چاو لەو کەسانە بکات بە ڕەوشت بەرزی و شایستەیی و ئامانج بەرزی ناسراون و خۆشی ببێتە سەرمەشقێکی باش بۆ دەروبەرەکەی.


سەرچاوەکان



4118 بینین