فەلسەفەی یۆنانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-27-20:21:00 - کۆدی بابەت: 3785
فەلسەفەی یۆنانی
زانستە مرۆڤایەتییەکان

ئینسکلۆپیدیای زانیاری - فەلسەفەی یۆنانی - فیساگۆرس - سوقرات - ئەفلاتوون

ناوه‌ڕۆك

فەلسەفەی یۆنانی

لە دواییەکانی سەدەی حەوتەم و سەرەتاکانی سەدەی شەشەمی پ.ز ئەم فەلسەفەی یۆنانییە بۆ یەکەم جار لە کەنارەکانی خۆرئاوای ئاسیای بچووک (ئەیۆنیا) سەری هەڵدا لە دواییدا لە ئیتاڵیا و شارە کەنارەییەکانی دورگەی سقلیە و لە دواییشدا لە ئەسینا لە سەدەی پێنجەمی (پ.ز) بڵاوبۆوە و لەسەدەی پێنجەم و چوارەم دا گەشتە ئەوپەڕی گەشانەوە.

هۆكاری دەركەوتنی

لە گرنگترین هۆیەکانی دەرکەوتن و پەیدابوونی فەلسەفەی یۆنانی بە مەبەستی ژماردنیان نەک ڕاڤەکردنییان، ئەمانەن:

١. پێشکەوتنە پێشووەکەی شارستانێتیەکانی میزۆپۆتامییا و میسری کۆن و فینیقییەکان و شارستیانێیتەکانی دەریای ئیجە کە بە دەستیان هێنابوو.
٢. شوێنی جوگرافی و بازرگانی دوورگەی مەڵتیە لە ئاسیای بچووک بە شوێنێکی بازرگانی دادەنرێ لەگەڵ خۆرهەڵاتدا، چونکە لە مەڵبەندەکانی ئەو شارستانێتیە کۆنانەوە نزیک بوو کە لە خاڵی یەکەم ناومان هێناون، ئەم دوورگەیەش یەکێکە لەو دوانزە دوورگەی کە هەرێمی (ئەیۆنیا)ـیان پێک دەهێنا لە ئاسیای بچووک.
٣. باری ڕامیاری و هزری (بیری) یۆنان باش بووە چونکە ئاشتی و ئارامی تێیدا بەرقەرار بووە و ڕێککەوتنامەی ئاشتیشی لەگەڵ دراوسێیەکانیدا بەستبوو.
٤. ئازادی بیرکردنەوەی بە تایبەتی لە ئاسینادا هەبووە، چونکە هیچ فەلسەفەیەکی ناوەندی نەبووە کە تێڕوانینێکی دیاریکراو بسەپێنێ بەسەر بیرمەندەکاندا، بەڵکو باوەڕەکانیان تەنیا هەرشتێکی ئایینی و نەریت بووە، لەسەر مرۆڤ هەر ئەوە بووە کە پێشبینییەکان بە دوای خۆی دەربارەی گەردوون و مرۆڤ دابڕێژێ.

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەدەی شەشەمی (پ.ز) دەبینین چالاکییە بیری و هزرییەکانی ڕۆڵەکانی بۆ وڵاتانەی کە کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی یۆنانیەکانەوە هەموویان لە دەوری (نەژادی گەردوون و بوون) دەخولانەوە. پرسیاری فەلسەفییان دەربارەی (ناوەڕۆکی) شاردراوەی پشت بوون دەکرد. لەم کارەیاندا بەهەر ڕەنگ و شێوەیەک بێت پابەند بوون بە وەڵامە فەلسەفییەکانی میسر و میزۆپۆتامییا. لە پاڵ ئەوەدا کە سوودیان لە دەستکەوتە جیاجیاکان وەردەگرت، وەک نۆشداری و بیرکاری و گەردوونناسی و فیزیا و دەریاوانی دەورێکی گرنگی هەبووە بۆ بەیەکەوە بەستنی ڕاستەوخۆی دانیشتوانی دوورگەکانی یۆنان و کەنارەکانی باکووری دەریای سپی ناوەڕاست بە دانیشتوانی کەنارەکانی شام و باکووری ئەفریقا، لە ڕووی شارستانی سەربازییەوە، سەرەرای ئەمانەش دەبینین زانستخوازان و لایەنگرانی زانیاری لە بیانییەکان روویان دەکردە مەڵبەندەکانی شارستانی لە دۆڵی نیل، بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری و گەڕانەوە بۆ وڵآتە دواکەووتوەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەی شارستانێتی.

قۆناغەكانی

دەتوانین وەڵامەکان و شیکردنەوەکانی فەلسەفەی یۆنانی بە پێی پەرەسەندنی قۆناغەکانی مێژوو بۆ سێ قۆناغ دابەش بکەین:

قۆناغی یەکەم

فەلسەفەی یۆنان هەتا سۆکرات:

١. فەیلەسووفەکان لێکۆلینەوە لە جیهانی دەرەوە دەکەن

پرسیارە گەورەکە لێرەدا بریتییە لەوەی ئایا ڕەچەڵەکی شتەکان چییە؟ ئایا گۆڕان و زۆری هەیە؟ لە سەر ئەو بنچینەیە دەتواندرێت خوێندنگە زۆرەکان تا هاتنی سۆفستاییەکان دیاری بکرێن. خوێندنگەکان ئەمانەن:

  • خوێندنگەی ئایۆنیا
  • خوێندنگەی ئیلی
  • خوێندنگەی زۆری
  • خوێندنگەی فیساگۆرسی
  • خوێندنگەی گەردیلەیی

هەرچی خوێندنگەی ئایۆنیایە کە بە ناوی ئایۆنیای ئاسیایی بچووکە، فەیلەسووفەکانی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەیان داوەتەوە و هەوڵیان داوە بە شێوەیەکی فەلسەفی و زانستی وەڵامی بدەنەوە، کە ڕەچەڵەکی شتەکان یەک توخمە، یان یەک شتە کە یەکەم کەرەستەی هەموو شتێکە. ئەم توخمەش ئاوە، یان تێکەڵەیەکی یەکسانە لە هەموو شتێ، یان هەوایە یان ئاگرە. لەگەڵ ئەوەی کە رەچەڵەکی شتەکانی بە یەک لەو توخمانە داناوە، لەهەمان کاتدا دانیان بە هەمەجۆری و زۆری و گۆڕانی شتەکان ناوە. هەرچی خوێندنگەی ئیلی ئەوا بەرپەچی ئەم بۆچونەی داوەتەوە بەوەی کە چۆن شتەکان هەمەجۆر و زۆرن، و گۆڕانیان تێدەکەوێت، ئەگەر رەچەڵەک و پێکهاتنیان یەک توخم بێت؟ شیکارەکە دەبێت یەک لەم چارەسەرە بێت: 

  • چارەسەری یەکەم

بریتییە لە نکۆڵی کردن لە هەموو گۆڕان و هەمەجۆری و زۆری وە دەبێ بڵیین یەک ڕەچەڵەک و بوون هەیە، کە ئەمە ڕای فەیلەسووفانی (ئیلیا)ـی خوارووی ئیتاڵیا بووە و لەسەر بنچینەی وتەی ئەوان (خوێندنگەی ئیلیا) پێکهات کە دانی بە هیچ زۆری و گۆڕانێک نەدەنا و دەیووت کە ئەمە لە کرداری زانیاری هەستی تەواو و ڕواڵەتی خەڵەتێنە، بەڵام زانیاری تەواو کە ژیریی دەیگاتێ ئەوەیە کە بوون یەکە چ کورسی بێت یان درەخت. بوون سیفەتی گەوهەری شتەکانە، جیاوازی نێوان شتەکانیش جیاوازی لاوەکین، ئەم دوو خوێندنگەیەی سەرەوە، (خوێندنگەی یەکبوون)ـیان پێ دەوترێت، 

  • چارەسەری دووەم

بۆ بەرپەرچدانەوەکەی پێشوو: بریتییە لە قبوڵکردنی زۆری و گۆڕآن و رەچەڵەکی شتەکان یەک نییە، بەڵکو چەند ڕەچەڵەک و توخمێکە. لێرەدا (خوێندنگەی زۆری) پەیدا بوو، کە یەک لە فەیلەسووفەکانی ئەم چوار توخمەی بە ڕەچەڵەکی شیەکان داناوە (ئاو و هەوا و ئاگر و گڵ)، فەیلەسووفێکی دیکە وتوویەتی (تۆ) یان (گەردیلە)ـی ئێجگار ورد رەچەڵەکی شتەکانن کە لە هەر پشکێکیان چەند بچووک بن، ڕێژەیەکی هەموو شتەکان لە موو و خوێن و گۆشت و هتد.. تێدا هەیە، لە هەموو بارەکەشدا شتەکان لە چوار توخم پێکهاتبن یان لە گەردیلە، لە بەشی جیاوازی ئەو ڕەچيڵەکە پێکهاتوون (لەو تووخمانە یان لەو گەردییلانە)، تایبەتییەکانی هەر یەک لەو توخمانە یان گەردیلانە ئەوەیە کە بە چەسپاوی دەمێنێتەوە، تووشی گۆڕان یان هەڵچوون نابن، بەڵکو ئەوەی دەبێت ئەو توخمانە یان ئەو گەردیلانە تێکەڵ دەبن، ئەو لەشەی پێکی دەهێنن (ئاوێتە) نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە ڕێی (گردبوونەوە و جیابونەوە)، واتا شتێکی نوێ دروست نابێت، بەڵکو تەنیا هاتنە پاڵ یەک و گردبوونەوەیە، وەک چۆن دەنکە گەنم و جۆ و نیسک بەیەکەوە کۆدەکەینەوە هەروەک خوێندنگەی گەردیلەیی وای بۆ دەچێت.

  • (خوێندنگەی فیساگۆرسی)

خوێندنگەی فیساگۆرسیـیش خوێندنگەیەکی گەردیلەیی بووە لەگەڵ ئەوەشدا کە (ژمارەی) بە ڕەچەڵەکی یان سەرەتای هەموو بوونەوەران داناوە. ژمارە بە لایانەوە شێوەی ئەندازیاری وەردەگرێت، بۆ نموونە زمانە (٣) بە سێگۆشە یەکسانە، لە بەر ئەمە بەڕای ئەوان هیچ شتێک نییە لە ژمارە پێک نەهاتبێت، وایە بە شێوەی ژمارە نەبێت، واتە شێوەی ئەندازیاری هەیە. بێجگە لەمە دانیان بە چوار توخمەکە ناوە کە رەچەڵەکی شتەکانە، واتە باوەڕیان بە پێکهاتنە ماددیەکەی شتەکان هەیە، بەڵام وایان  داناوە کە شتەکان شێوە و شوێن وەردەگرن، شێوەیەکی ئەندازیاری وەک گۆ (تۆپی پێ)ـیان خشتەیەک و بەو  شێوە، هەروەها (فیساگۆرسی) وادەڵێن کە لە خوارووی ئیتاڵیا پاش مردنی فیساگۆرس پێکهات، فیساگۆرسی کە رێکخراوێکی رامیاری و ئایینی و فەلسەفەی بووە، دژایەتی دیموکراسی ئەسینای کردووە. فیساگۆرس دەڵێت دەروون ماددە نییە و نەمرە و گیانەکان لەڕێگەی گیانگۆڕکێ (التناسخ) دەگوازرێنەوە ، هەر ئەویش بوو واتایی خۆشەویستی بۆ دانایی فەلسەفەیی دانا.

  • (خوێندنگەی گەردیلەیی)

کە دیموکریتس دامەزرێنەری بووە، یەک لێکدانەوەی و چەند لێکدانەوەیەکی بەیەکەوە کۆکردۆتەوە، رەچەڵەکی هەموو شتەکان بەلای ئەو خوێندنگەیە گەردیلەن و پەرت نابن، ئەو گەردیلانە یەک شێوەن بە سروشت و پێکهاتنتان یان بە بنچینەیی دامەزراندنی ماددەیان، بەڵام بە شێوە جیاوازن (وەک دوو پیتی A,B) وە بەڕیز وەک (AB,BA) و بەدانان وەک (H,I)، ئیتر لەو جیاوازیانە  و لە ژمارەی پێکهێنەری تەن (لەش) شتەکان و ئەوەی هەیە جیاواز دەبن. هەموو شتێکیش تەنانەت ژیان و دەروونیش لە گەردیلە پێکهاتوون و گەردیلەش هەمووی پڕن (هیچ بۆشایی لە ناویدا نییە)، هەرچەندا لە بۆشایی دا دەجوڵینەوە، گردبوونەوەی گەردییلەکان بۆشایی تێدەکەوێ بەمەش تەنەکان (لەشەکان) لە کەلێن و چرییان و قورساییان جیاوازدەبن. جۆڵەی هەتاهەتایی، گەدیلە هەتاهەتاییەکان هەڵدەدات و بەیەکدا دەچن و لەگەڵ بۆشایی تەنی بچووک گەورە پێک دێنن، گەردیلە خۆی بە تەنها ڕەنگ و چێژ و بۆن و قورسایی نییە بەڵام ئەمانە گشتی پێکدێن بە کۆبونەوەیان لە تەنێکدا وە بە هەستکردنمان هەستیان پێدەکەین، ڕاستی شتەکان ڕاستی تەنەکان نین کەلە گەردییلە پێکهاتوون کە ئەمەش یەکەم خاڵی جیای سیفەیە سەرەکییەکانی شتەکان (سیفەتە تاکەکانی گەردیلەکان) و سیفەتە ناسەرەکییەکانی بارگە و تەنەکانە.

٢. فەیلەسووفەکان ڕوویان کردە لێکۆلینەوەی مرۆڤ

سۆفستاییەکان لەسەدەی چوارەم و پێنجەمی پێش زایین پەیدابوون وایان لە فەلسەفە کرد ڕوو بکاتە بایەخدان بە مرۆڤ لە جیاتی گەردوون. واتە لە لێکۆلێنەوەی مرۆڤەوە بۆ لێکۆڵینەوەی گەردوون، ئەمە بە هۆی ئەوەوە بووە کە ئاسینا بەرە ئایۆنیا و هەندێ دوورگەی دەریایی ئیجە زاڵ بووە بەسەر فارسەکانیشدا سەرکەوت و (پێرکلێس) دەستوورێکی دیموکراسی بۆ دانا. کە پێویستی لێدوانی ڕامیاری و یاسایی و هەڵبژاردن زیادی کرد لەگەڵیدا پێویستی مامۆستا بۆ ووتار بۆ ئەوەی کار لە کۆمەڵگا بکات پەیدابوو. بەو شێوەیە مامۆستایان پەیدابوون و واتایی (سۆفستایی) لە سەرەتادا هەر ئەمەی دەگەیاند واتا مامۆستایانی دانا بەرامبەر کرێیەکی کەم، ئەمانە زێدەڕۆییان لە دووپاتکردنەوەی ڕێژەیی هەر زانیارییەک و هەر ڕاستییەک دەکرد. دەیانوت ڕاستی و چەوتی و چاکە و خراپە گشتی نین، بەڵکو چاکە و خراپە ئەوەیە کە تاکە کەس دەیبینێت. ئەمە واتای وتەکەی (پرۆتاگۆراس)ـی دامەزرێنەری خوێندنگەکەیە: (مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە).

  • سۆکرات

سۆکرات لە ساڵی (٣٣٩ پ.ز) دەرکەوت لەگەڵ ئاراستەکانی سۆفستاییەکان نەیار بوو، هەر چەندە وەک ئەوان لە فەلسەفەی سروشتی و لێکۆڵینەوەی گەردوون دوورکەوتبووە و فەلسەفەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی مرۆڤ ‌هێشتبووە و دەیووت (ئەی مرۆڤ خۆت بناسە). لە چاکە دەدواو لەگەڵ زانیاری جووتی دەکرد. بە لای ئەوەوە ئەوەی بزانێت چاک دەبێت، ئەمەشە واتای وتەکەی (چاکە زانینە) بایەخی بە دیاریکردنی واتای وشە و چەمک داوە، واتا دانانی پێناسەی جێگیر بۆ شتەکان، بەم شێوەیە توانی بەرپەچی سۆفستاییەکان بداتەوە کە یارییان بە وشە دەکرد، با تاوانی تێکدانی لاوان و نکۆڵی کردن لە خواکانی شار و باوەڕ‌هێنان بە خوای تر بریآڕی کوشتنی درا. بە بڕیاری دادگە کە بەندینخانەدا ژەهری خواردەوە. باوەڕی وابووە کە دەروون پاش مردن دەمێنێتەوە. زۆر خوێندنگەی سەر بە فەلسەفەکەی ئەو پەیدا بوون یەکێک لە قوتابییە هەرە گەورە و گرنگەکانی ئەفلاتوون بوو سۆکرات هیچ کتێبێکی لە دوا بە جێ نەماوە، بەڵام وردبینی لە (هونەری کۆڵین)ـدا کرد بەهۆی وتوێژە فەلسەفەییەکانی دەربارەی مرۆڤ و سروشتی مرۆڤ و بنچ و بناوانی زانیاری و کۆڵکەکانی زانیاری. سۆکرات لە ژیانی خۆیدا، بەرەنگاری ئەو ئاڵۆزییە بۆوە، کە سۆفستاییەکان بەسەر بیر و هۆشی لاوەکان سەپاندبوویان واتە هۆشییان پێ چەواشە کردبوون. 

ئەم فەیلەسووفە دوای دانایی کەوتبوو، هەمیشە و بە بەردەوامی لە یەک خۆیدا دەیگووتەوە، ئەم داناییەش ئەمەیە (ئەی مرۆڤ خۆت بناسە) هەتا بتوانێت ئەو دەستەواژەی کە لە کاهینەکان رۆژێ لە ڕۆژان بیستبوی کە پێیان وتبوو: (ئەی سۆکرات تۆ لە نێوان هەموو ئەسینییەکان داناتر و بە دادتری) لە سەری بڕوات. سۆکرات زۆر بە جەرگانە بەرەنگاری بیروباوەڕی سۆفستاییەکان بۆوە، چونکە ئەو بیروباوەڕي ئاڵۆز و سەرلێشێوێن بوو. هەرچی سۆکرات بوو باوەڕی بە پێغەمبەرێتی هەبوو، باوەڕی بە هەواداری و ڕەوشتی و ئایینی هەبوو، باوەڕی بە ژیانەوەی جاری دووەم و بوونی دادپەروەری و ڕآستی هەبوو، هەرچەندە سۆفستاییەکان نکۆڵێیان لێ دەکرد، لە پێناوی ڕاستی و راستیکاریدا ملکەچ نەبوو سوور بووە لەسەر بیر و باوەڕەکەی، بۆیە نەیارەکانی لە نێو دەسەڵآتی حکومەتی یۆناندا. بە گرتنیان داو تاوانێکی گەورەیان خستە پاڵا و دادگە حوکمی مردنی بەسەردا سەپاند و بە ژەهر کووشتیان خۆشی نەیدەویست لە بەندیخانە ڕابکات. قوتابییەکەی (ئەفلاتون) زۆر بە شانازی و جوانیی و رێکوپێکیەوە ناوی بە (نەمری گیان) تۆمار کردووە و هەرچی بیر و بۆچوونەکانی سۆکرات هەبووە دەربارەی ژیانی دووەم و دادپەروەری خودا هەمووی تێدا خستە ڕوو.

سۆکرات لە ساڵی (٣٣٩ پ.ز) بە ژەهر دەرمان خواردکراو بۆ یەکجاری سەری نایەوە دوای ئەوەی هەرچی کۆڵەگەکانی لێکۆلینەوەی فەلسەفی و زانستی و ڕەوشتی هەیە هەمووی دامەزراند، قوتابییەکەی ئەفلاتوون دوای ئەویش (ئەرستۆ) گەشەیان پێدا و نەیان هێشت بیروباوەڕەکانی بفەوتێن.

قۆناغی دووەم 

قۆناغی بوژانەوەی فەلسەفەی یۆنانی (گەردوونی و ڕەوشتی)

بەر لە سێدارەدانی سۆکرات، فەلسەفە تووشی نەهامەتییەکی گەورە هات، چونکە بیر و ڕێبازەکانی سۆکرای لەلایەن قوتابییە زیرەکەکانیەوە لەوانەی بە دوای زانست و فەلسەفەدا دەگەڕان، زۆر سوودیان لەو دەستکەوتانەی سۆکرات وەرگرت تا کار گەیشتە ئەوەی کە لەسەر دەستی ئەوان لێکۆڵینەوەکان گەیشتە ڕاددەی کامڵبوون لەسەر هەردوو ئاستی گەردوونی و ڕەوشتی (واتە لەسەر دەستی ئەفلاتوون و ئەرستۆ)

١. ئەفلاتۆن (٣٤٧ پ.ز)

ئەفلاتۆن فەیلەسووفێکی ئەسیناییە، پەرتووکی (کۆمار، یاساکان و وتوێژەکان)ـی داناوە، لە دوای ئەوەی سەرسام بووە بە فەلسەفەی سۆکراتەوە، وتووێژی دژ بە سۆفستاییەکان تۆمار کردووە، بە لە سێدارەدانی سۆکرات زۆر دڵگران و پەست بووە. هەوڵی داوە چاکسازی (کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی و فەلسەفی) جێبەجێ بکرێ بەڵام سەرکەووتوو نەبوو، چونکە چارەسەرەکانی لەم بوارەدا ڕاستەقینە (واقیعی) نەبوون و خەیاڵی بوون، بۆیە ئەفلاتوون بە (نموونەیی-مثالی) ناسرا:

ئەفلاتۆن لە فەلسەفەکەیدا، پشتی بە دوو بەرنامە (سەرکەوتن) و (دابەزین) بەستووە لە پێهێنانی زانیاری دەربارەی گەردوونی و ڕەوشتی. دەبینین لە بەرنامەی سەرکەوتندا پشت بە تێبینی هەڵێنجان دەبەستێ بۆ ئەوەی لە گەردیلە بینراوە هەستپێکراوەکانەوە بچێت بۆ  واتای گشتگیر و سەرتاپاگیر یاخود لە کاروان و پیرۆت و شاسوار... هتد وەک لە تاکەکەسی بچێت بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام لە بەرنامەی دابەزیندا ئەفلاتۆن بەڵگەکاری بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە زانیارییەوە لە واتای گشتگیری و سەرتاپاگیرییەوە، واتە لە مرۆڤایەتیەوە بچێت بۆ گەردیلە هەستپێکراوەکان (تاکەکەسەکان) کاروان و پیرۆت و شاسوار... هتد. 

ئەم فەیلەسووفە، فەلسەفە گەردوونییەکەی لەسەر بنچینەی بیرۆکەی نموونەیی (مثالی) دامەزراندوە.

شتەكانی لای ئەو

شتەکان لەلای ئەو سێ شتن:

  • (خوا)ـی مەزن کە ناوی ناوە (ئەندازیاری مەزن).
  • (بەها نەگۆڕ و ڕەهاکان) کەبوونیان هەیە لە جیهانی ئاسماندا (کە نموونەی تەواو بەرزن بۆ هەموو شتێکی خولقێندراو)،
  • (سروشتی شێواو) کە پێویستی بە یاسا و ئەندازە هەیە.

(ئەندازیاری مەزن) سروشتی شێواوی رێکخستووە و یاسای نموونەیی و جوانی تێدا داناوە، ناوەڕۆکەکانی زەوی و وێنەی نموونەیی و هاوشێوەکانی لە خۆگرتووە. هەر وەک بوونی (گیان) لە جەستەدا. گیان (وێنەیەکی نموونەیی) ئاسمانییە خراوەتە جەستەی سروشتی زەوییەوە، بۆیە گیان تێدەکۆشێ بۆ جیابوونەوە لە لەش و گەڕانەوە بۆ ئاسمان لە ڕێی مردنەوە، یان گیانگۆڕکێ (دۆنا دۆن).

ئەفلاتۆن قوتابخانەیەکی بۆ فەلسەفە دامەزراند و ناوی نا (ئەکادیمیە) و لەسەر دەروازەکەی نووسی (تەنیا ئەو کەسانە بێنە ژوورەوە، کە ئەندازە دەزانن)، چونکە لە توێژینەوەی فەلسەفی و ڕێکخستنی بیر و هزرەکان و تێڕوانین گرنگی بە ئەندازە و بیرکاری دەدا، هەوڵی دەدا کە کۆمەڵگەیەک بێنێتە کایەوە کە فەیلەسووفەکان بیبەن بەڕێوە، هیچ خراپی و ئازاری تێدا بەدی نەکرێ، وەک ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئەسینیدا دەیبینی. لەبەر ئەوە ئەم فەیلەسووفە زانینی تەواوی شتەکان، و ناوەڕۆک و چییەتی و نموونە ژیرییەکانی کرد بە بابەتەکانی زانینی یەقینی ڕاست و دروست، لەمەدا شوێن پێی مامۆستاکەی کەوت، چونکە هەر بە تەنها پشتی بە هەستکردن و گومان و دیاردە ئاڵوگۆڕکراوەکان نەدەبەست، بیرکاریشی بە نموونەیەک دانا بۆ بۆچوونەکانی بیری بەرز کە گومانێ ناگرێتە خۆی.

ئەفلاتۆن باوەڕی بە نەمری گیان و گەڕانەوەی بۆ جیهانی ئاسمان هەبوو، هەروەها بڕوای بە (گیانگۆڕکێ-تناسخ الرواح) هەبوو، کە لە زیاتر لە یەک جەستەی هاوبەشدا دەگیرسێنەوە لە هەموو بوونەوەرە زیندووەکاندا.

مرۆڤ بە بۆچوونی ئەفلاتۆن ئەو دروستکراوەیە کە گەورەیی (ئەندازیاری مەزن)ـی تێدا بەدی دەکرێ، دەروونی لەتەک جەستەیدا کۆ دەبێتەوە، وە لە ناخی هەموو مرۆڤێکدا سێ دەروون هەیە (شەهوائی، توڕەیی، ژیریێتی)، ژیرەکان ئەوانەن کە دەروونە ژیرەکەیان زاڵە بەسەر دەروونە تورەکەیان (لە دڵدا) و بەسەر دەروونە شەهوائیەکەیان، بەمەش چاکە و پەسەندی بۆ خۆی ڕادەکێشێ، هەست بە ڕاستییەکانی پر لە خێر و بەرەکەتی مەزن دەکات. ئەمە ئەو بەختیارییەیە، کە کەس هەستی پێ ناکات، جگە لەوانەی (فەلسەفەی میتافیزکی) دەزانن ( کە بە چوار دەوری جیهانی ئەودیو سروشتدا دەسوڕێتەوە). زانینی ڕاست و ڕەوا ئەو زانیارییە کە بابەتەکانی خوا و دنیای نموونەیی و ئاسمان و چاکەکانن. ئەمەش ئەو ئامانجەیە، کە دڵە و دەروونی مرۆڤ بە دوایدا، دەگەڕێ لە ڕێڕەوی پاکزکاریدا، هەتا گەڕانەوەی بەرز و پەسەند بۆ جیهانی هەوا بەدەست دەهێنی. هەروەها جیهانی نموونەیی.

٢. ئەرستۆ (٣٢٢ پ.ز)

ئەرستۆ فەیلەسووفێکی مەکدۆنییە (مەقدۆنیا). فەلسەفەی لە (ئەکادیمییەی ئەفلاتون) خوێندووە، هەمیشە لە هاورێکانی سەرکەوتووتر بووە. زیرەکی خۆی پیشانداوە لە میانەی لێکۆلێنەوە لە فەلسەفە و رەخنەگرتن لە بیردۆزەکەی (ئەفلاتون)ـی مامۆستای لە بارەی (نموونەیی). باوەڕی بە لێکدانەوەی خۆرهەڵاتی لە بارەی گەردوونەوە واتە بە (زیندەگی هەسارەکان) هەبووە، کە لای دانیشتوانی کۆنی میزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل هەبووە. توێژینەوەی فەلسەفەی گەیاندۆتە لوتکە. ئەم و فێرکارەکانی پێیان دەگووترا (ڕۆیشتیارەکان-المشائین)، چونکە کاتێک وانەی فەلسەفەی لە قوتابخانە نوێیەکەی دەگووتەوە لە باخێکدا کەلە دوای مەرگی مامۆستاکەی کردنی بە مەڵبەدنی فەلسەفە ووتنەوە، بە پێ وانەکەی دەوتەوە بۆ خوێندکارەکانی لە ناو بەخەکەدا. ئەرستۆ مامۆستای ئەسکەندەری مەکدۆنیش بووە لە کۆشکی شاهانیدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک ئەرستۆ بە (مامۆستای یەکەم) ناوبراوە، لە بەر دانانی چەندان دانراوەی دەربارەی فەلسەفەی جۆراوجۆر، بە تایبەتی لە مەیدانی لۆژیک و بەرنامە و باسی توێژینەوە، هەروەه چۆن موسوڵمانەکان دواتر (فارابی)ـیان ناونا بە مامۆستای دووەم.

بەرنامەکەی

ئەرستۆ بە بەرنامەیەکی زانستی ناوی دەرکردبوو، ئەم بەرنامەیەش پشتی بە تێبینی و دەستنیشانکردنی کێشەکە و بارودۆخەکەی و بۆچوونی کەسانی پێشوو دەبەست لە بارەی کێشەکە تا دەگەیشتە ئەوەی چارەسەرێکی گونجاوی بۆ دابنێ. ئەرستۆ بەرنامەی بیرکاری، لۆژیکی لە باسە جیاجیاکاندا بەکاردەهێنا بۆ ئەوە تێدەکۆشا هەتا (زانستێکی بەڵگەدار واتە بەڵگەنەویست) دابمەزرێنێ، کە پشت بە زانیاری و بیروباوەڕە سەرەتاییەکان ببەستێ لە یاساکانی هۆکاری (السببیة) لە زانستی سروشتدا.

فەلسەفەکەی

فەلسەفەکەی ئەرستۆ فەلسەفەیەکی سروشتیانە بوو کە بابەتەکانی (هەستپێکراو و جووڵێنەر)ـی بوونەوەرەکانی دامەزراندووە لەسەر بناغەیەکی پتەوی پشت بەستوو بە زانین و هۆکار و ئەنجام تا دەگەیشتە هۆکاری یەکەم لە جوڵانەوەدا، ئەویش پاش ئەوەی کە  بۆی دەرکەوت شتەکان لە جیهانی سروشتدا لەسەر چوار هۆکار دامەزراون: (ئەو کورسیەی کە لەسەری دادەنیشین بۆی بە نموونە وەردەگرین):

  • یەکەم: هۆکاری کردەیی، کە هۆی دروستکردنی کورسییەکەیە (هۆی نزیک) دارتاشەکەیە.
  • دووەم: هۆکاری کەرەستەیی (ماددی): کە هۆی کەرەستەی کورسیەکە دەنوێنێ (دارەکەیە).
  • سێیەم: هۆکاری شێوەکی، کە شێوازی ئەندازەیی کورسیەکە بە چ شێوەیەکی ئەندازەیی و هونەری دروستکراوە، دەنوێنێ.
  • چوارەم: هۆکاری نادیار، کە مەبەست لە دروستکردنی کورسییەکە (دانیشتن).

ئەم هەموو هۆکارانە بە پێی چەند یاسایەکی هەمەجۆر لەسەر (ئاستی بوونی سروشتی) گۆڕاو کار لەیەکتری دەکەن لە نێو جوڵەیەکی بەردەوام لە (پەیدابوون و لەناوچوون) و گۆڕاندا. فەلسەفەی میتافیزیکی (ئەودیو سروشت) بابەتەکەی لای ئەرستۆ بوونە بە رەهایی (الوجود بالاطلاق) بۆیە لەسەر بناغەی زانیاری هۆکاری یەکەم، خوای گەورە دامەزراوە، بەو وەسفەی کە هۆی جوڵانەوەی هەموو شتەکانە بەبێ ئەوەی خۆی بجووڵی. ئەرستۆ بابەتی ئەودیو سروشت (میتافیزیکیا)ـی بە گرنگترین بابەتەکانی فەلسەفە دەژمارد چونکە لە دەوری زانینی هەموو زانیارییە ژیریی و بیروباوەڕە سەرەکییەکان و ڕێوشوێنە باڵاکانی شتە پایەدارە پاکەکانی جیهانی ئاسمان دەسوڕێتەوە، لەوەی کە هۆشی ئەستێرە کار لەیەک کارەکانی جیهانی سەر زەمینن. بەڵام سەبارەت بە پەیوەندی فەلسەفەکەی ئەرستۆ بە ڕەوشتەوە ئەوا بابەتەکانی وەک (مرۆڤ و خێر و خۆشی و کرداری چاک)ـی لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی پەروەردەیی دامەزراندووە. تیایدا مرۆڤ وەک لاپەڕەیەکی سپی لە سەرەتای بوونیەوە بەدی دەکرێت پاشان زانیاری و پێگەیاندنە ناڕەواکەی لە ژینگە و دەوروبەرەکەی  وەردەگرێ، بۆیەش بایەخێکی گرنگی بە پەروەردەکردن داوە بەوەی کە ڕەگی خوڕەوشتی چاک و زانیاری ڕاست و ڕەوان دادەکوتێ، بناغەی بەختەوەریش لەلای ئەرستۆ هەستکردنە بە کاری فێرکردنی هەر کەسێک تا دەگاتە ڕادەی هەستکردن و زانینی چاکەیە لە خودی خۆت (لەلایەن هەر کەسێک) تا دەگاتە ڕاددەی هەستکردن بە بەهاکانی جوانی و چاکە کە ئەمەشیان بەراستی مایەی شادی مرۆڤە. چاکە لای ئەرستۆ (ناوەندێکی زێڕینە) (الوسط الذهبی) بە پێی ئەوە مرۆڤ خۆی لە توندڕەوی و لەڕێ لادان (التطرف و النحراف) سەبارەت بە رەفتاریەوە دوورەپەرێز دەگرێت. پیاوچاکیش ئەو کەسەیە کە (زێدەڕۆیی) لە هەڵوێستەکانی ڕەوشتیدا بە هۆی هەستکردنی بە (ناوەندی زێڕین)ـی هاوسەنگ ناکات. ئەمەشیان لە زاڵبوونی (هێزە هۆشمەندەکان) (القوی العاقلة) بەسەر ‌‌هێزەکانی نێو ناخی مرۆڤ وەک (تووڕەبوون و شەهوەت) دێتە کایەوە. بۆ نموونە ئازایەتی ناوەندێکە لە نێوان (ترسنۆکایەتی و ملهۆڕیەتی) کەچی دادوەری گونجاندن و هاوشێوەکردنە لە نێوان ڕەفتاری مرۆڤ و یاسای ڕەوشتی. لێرەدا ئەرستۆ سەبارەت بە فەلسەفەکەی ڕەوشت و رامیاری و کۆمەڵایەتییەکەی باسی خێزان و پەروەردە و کۆمەڵ و ڕێکخراوان و ڕێسا گشتییەکان دەکات. لە دواییدا دەمارگیرییەکەی بۆ ئەسینا ئەوەندەی نەمابوو پاش سۆکرات پەکیش بە فەلسەفەکەی ئەرستۆ بخات، کاتێ کە دووچاری پیلانەکانی هاوچەشنی پیلانەکانی پێشوو بۆیە بەوەی کە (ئەرستۆ بێگانەیە و خەڵکی ئەسینا نییە) ئەرستۆش هەر بە شەو ئەسینای جێ هێشت و دەیگووت: (نامەوێ جارێکی دیکە خەڵکی ئەسینا زەفەر بە فەلسەفە ببەن). لە ساڵی ٣٢٢ پ.ز ئەرستۆ کۆچی دواییکرد پاش ئەوەی سوپای خوێندکارەکەی خۆی (ئەسکەندەری مەکدۆنی) شاڵاوی بەرەو جیهانی خۆرهەڵات برد تا گەیشتە چین و ساڵی ٣٢٣ پ.ز لە بابل دەمرێ و لە ناوچەی ئەسکەندەرییەی نزیک بابل دەنێژرێ. ئەسکەندری مەکدۆنی شاری بابلی کرد بە پایتەختی شانشینەکەی لە خۆرهەڵات لەبەر مێژووە مەزنەکەی و شارستانێتی و ئاوەدانییە سەرنج ڕاکێشەکەی.

قۆناغی سێیەم

فەلسەفەی یۆنانی پاش ئەرستۆ (گومانکاران، ئەپیکۆرسییەکان، هەیوانییەکان، خوێندنگەی ئەسکەندەرییە).

١، گومانکاران (الشکاک)

ئەم ڕێبازە لە سەدەی چوارەم و سێیەمی پێش زاین بڵاوبۆوە و تا سەدەی یەکەم و دووەمی زاینی درێژەی هەبووە، تێیدا دەیانگووت بڕیار و هاودژەکەی یەکسانن بەم پێیە مەحاڵە بڕیار لەسەر شتەکان بەتەواوی بدرێت. بۆ نموونە دەڵێن بە هست دەزانم هەنگوین شیرینە و ئاگر سوتێنەرە، بەڵام دەبێ بڕیار لەسەر ئەوە نەدەم کە هەنگوین شیرینە و ئاگر سوتێنەرە، بەم چەشنە لەم بڕیار لەسەر نەدانە هێمنی و شادی و بەختەوەریمان دەست دەکەوێ، کە ئەمەش مەبەستی فەیلەسووفن، ڕاستییەکانیش چەسپاویان بۆ نییە و یەکبوونیش لە زانیندا نییە.

٢. ئەپیکۆرسییەکان (الابیقوریة)

ڕێبازی گەردیلەیی یۆنانی پێشوو لەسەر دەستی (ئەپیکۆرس) گەشەی سەند، دوای ئەوەی قوتابخانەیەکی لە ئەسینا بە ناوی (باخچەی ئەپیکۆرس) دامەزراند. بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی (دیمۆکریتس) ئەمە وای بۆ دەچوو گەردییلەکان قورساییەکیان هەیە لە سروشتدا و یەک نین، بەمەشیان جیاوازی بونەوەرەکانی لێک دەدایەوە و باوەری بە هەبوونی سروشتی هەبووە، بەڵام هەوڵی ئەوەشی داوە کە سەربەستی مرۆڤ بە شێوەیەکی گەردییلەیی لێک بداتەوە بەو واتایەی کە گەردیلەکان لە بۆشایی دوای ئەوەی کەدەکەونە خوارەوە لە خۆیانەوە دەتوانن لەبدەن یان بچەمێننەوە. بەم تێڕوانینە ساکارانە ئەوە دەسەلمێنن کە لادانی گەردییلەکان مەرجێکی گرنگە و یەکگرتنی گەردییلەکان شتێکی کاتییە و داوای تام و چێژی هەمیشەیی واتە ژیرییەتی دەکەن. لە بارەی ڕەوشتەوەش دووپاتی ئەوەیان دەکردەوە کە تام و چێژی هەستکردن داواکاری ئەو مرۆڤەیە کە بڕوایی بە دواڕۆژ نییە.

٣. هەیوانییەکان (الرواقیة)

ئەم فەلسەفەیە لە سەدەی چوارەمی پێش زاین پەیدا بووە تا پاش زاینیش بەردەوام بوو. ڕەوشت تەوەری فەلسەفەکەیانە کە لەسەر زانستی سروشتی و لۆژیک دامەزراوە. بەلای ئەوانەوە فەلسەفە باخێکە کە زانستی سروشتی خاکە بەپیتەکەیەتی، و لۆژیک پەرژینەکەیەتی و ڕەوشت بەهەمەکەیەتی. خواو جیهانی ماددیان بەیەک داناوە هەموو جیهان لای ئەوان بوونەوەرێکی زیندووە و گیانێکی گشتی هەیە و بە یاسایەکی گشتی بەندە، رایان وابووە کە جیهان یەکە و شێوەی گۆییە، بە پێی نەخشەیەک کە قەدەرێکی گەردوونی خوایی گشتگیر بە مەبەست و ئامانج هاتۆتەوە یەک، کردەوەکانی کەسان ملكەچی پێویستییە و لێی رزگار نابن، ئەوەی هەیە لە خۆمانەوە لەگەڵیا دەڕۆین یان سەپاوە بەسەرماندا. (هەیوانی) تا ڕادەی خۆبەختکردن بەرژەوەندی گشتی پێش بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دانابوو، باوەڕیان بە (هاوڵاتی جیهان)ـەوە هەبووە واتا یۆنانی و نایۆنانی، ئافرەت و پیاو، کۆیلە و ئازاد هەمووی وەک یەکن.

٤. خوێندنگەی ئەسکەندەرییە

پآش دامەزراندی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی، خۆرئاوا ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە ڕێنمایی ئایینی و سرووتە خۆرهەڵاتییەکان بۆوە بە تایبەتی مەسیحیەت بۆیە فەلسەفەی ئاینی پەیدابوو. لێرەدا لە خوێندنگەی ئەسکەندەرییە لەسەر دەستی (ئەفلۆتینی میسری) بیردۆزی (ڕژانەوە) هاتەگۆڕێ، ئەفلۆتین لە نێوان (٢٠٣-٢٧٠ ز) ژیاوە لە میسر لە دایکبووە لەگەڵ هەڵمەتێکدا لەدژی فارسەکان سەری لە خۆرهەڵات داوە لە پاشاندا چۆتە ڕۆما، یەکێک لە خوێندکارەکانی نووسینەکانی لە بەرگێکدا کۆکردۆتەوە بە ناوی (نۆمینەکان-التسوعات) کە ٥٤ پەیامی بچووکە دابەش کراوە بە سەر ٦ کۆمەڵە، هەر کۆمەڵەیەک لە ٩ نامە پێکهاتووە، بابەتەکانیشی بریتین لە مرۆڤ و ڕەوشت و جیهانی هەست پێکراو و ئاگاداری خوایی و دەروون و ژیریی و ...هتد.

  • تێڕوانینەكەی

ئەلفۆتین وای بینیەوە کە خوا تەواوە و هەموو بوونەوەرەکانی تر لەلایەن زاتی ئەوەوە ڕژاونەتەوە بە شێوەی زنجیرە یاخود قۆناغ کە ئەمانەن:

  • ژیریی یەکەم
  • دەروونی گشت
  • دەروونی تاک
  • جەستەی زیندووان

تا گەیشتە کەرەستەی یەکەم کە ئەمە ڕێگەی دابەزینە، هەرچی ڕێگەی چوونە سەرەوەیە ڕێگەی ڕزگاربوونە لە جیهانی ماددی کە لە جیهانی هەستپێکراوەوە دەستپێدەکات و بەرزدەبێتەوە بەرەو خوا دوای ڕەنجی گیانی.


سەرچاوەکان



3687 بینین