گڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-19-20:29:00 - کۆدی بابەت: 2402
گڵ

ناوه‌ڕۆك

گڵ

گڵ چینی یەکەمی سەر ڕووی زەوییە لە ئاکامی کارتێکردنی بیۆسفێر و ئەتمۆسفێر لە لیتۆسفێر دروست دەبێت. مەرجەکانی دروست بوونی گڵ زۆرن هەندێك لەوانە، ئەمانەن:
ئاو و هەوا، ورد و خاشبوونی چیاکان، ڕزاندنی پۆشەکی ڕووەکی میکرۆئۆرگانیزم... هتد.
ئەرکی سەرەکی گڵ، لە هەڵمژینی ئاو و ئاودانی ڕوەکەکانای سەر ڕووی زەوی پێک هاتووە. پلەی بەپیتی و بێپیتی هەر خاکێک، پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە چەشنی ئەو مەتیریا کیمیاوییەکانەوە هەیە، کە لە خاکەکەدا لەگەڵ گەردیلەکانی خۆڵەکەدا تێکەڵ بوون.
گڵ بنەمای سەرەکی بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە بەروبومێکی کشتوکاڵییە.

خەسڵەتەکانی گڵ

گڵ لە هەر ناوچەیەکی سەر زەویدا خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەیە، پەیوەندیەکی ڕاستوخۆشی بەو فاکتەرانەوە هەیە، کە بونەتە هۆی دروستبوونی، بە تایبەتی ئاو و هەوا، جۆری بەردەکان جا لەبەرئەوەی ئاو و هەوا و بەرد لە کورستاندا جۆراوجۆرن، بۆیە گومان لەوەدا نییە، لە خەسڵەتەکانی گڵیش جۆراوجۆرن، لە خوارەوە باسی هەندێکیان دەکەین:

گڵی ناوچە شاخاوەییەکان لە چاو ناوچە دەشتەکییەکاندا، قەبارەکەیان گەورەترە، هۆکەشی بۆ چۆنیەتی مەتیریاڵە نیشتووەکانی نێو ئاوی چەمەکان و ڕووبارەکان دەگەڕێتەوە. ئەو مەتیریاڵانەی کە قەبارەکانیان گەورەیە و لە ئاوەڕۆکانی سەر ڕووی ڕوبارەکان دان، بە زۆری لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەنیشن. ئەو مەتیریاڵانەی کە قەبارەکانیان ناونجین و لە ئاوەڕۆکانی ناوەندی ڕووبارەکاندان، لە خاکی نێوان نێوچە شاخاوییەکان و دەشتییەکاندا دەنیشن، بە پێچەوانەشەوە، ئەو مەتیریاڵانەی کە قەبارەکانیان وردن و لە ئاوەڕۆکانی خوارووی ڕووبارەکاندان، لە دەشتاییەکاندا دەنیشن، ئەم سیستەمەی نیشتنی مەتیریاڵەان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە توانا و هێزی ئاوەکانەوە هەیە.

گڵی کوردستان بە زۆری لە سەدەی چوارەمی جیۆلۆجیدا دروست بووە. واتا تەمەنیان کەمە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە گڵ لە سەدەکانی پێشوودا، بە تایبەتی سەدەی سێیەم لە کوردستاندا نەبووە، هۆی دەرنەکەوتنیشیان زیاتر بۆ داپۆشینیان بە گڵی سەدەی چوارەم دەگەڕێتەوە.

چینەکانی گڵ لە ناوچە شاخاوییەکاندا تەنکە، بە تایبەتی لە قەد پاڵی چیاکاندا، چونکە گڵی ورد ناتوانێ، لەو ناوچانەدا بەرامبەر هێزی ئاو خۆی ڕابگرێت. بە پێچەوانەشەوە، لە ناوچە دەشتاییەکاندا، چیینەکانی گڵ ئەستوورە، لەبەر ئەوەی لە هەندێک گەردیلەی ورد ورد پێک هاتووە و ڕووبارەکانیش ئەو هێزانەیان نەماوە، تا ڕایان بدەن.

زۆربەی هەرە زۆری مەتیریاڵە کیمیاویەکان، لە گڵەکانی کوردستاندا هەن، وەکوو کلس، زیخ، قوڕ، لیتە، فۆسفات، مەتیریاڵی ئۆرگانیکی و قیر... هتد. بەڵام رێژەی مەتیریاڵی کلس لە هەموویان زیاترە، لەبەر ئەوەی بنەمای سەرەکی گڵی کوردستان، لە بەردی کلس پێل هاتووە. بۆ نموونە، ڕێژەی ئەو مەتیریاڵە کیمیاوییە لە گڵی ناوچەی سەنگەسەردا – ٨٪، لە گڵی دوکاندا - ١١٪ و لە گڵی دەشتەکانی شارەزووردا و ڕانیە و سندیدا – ٩٪یە.

پۆلێنکردنی گڵ

دابەشکردنی گڵ، لەبەر ڕۆشنایی چەند خەسڵەتێکی تایبەت دەبێت، وەکوو مەتریاڵی کیمیاوی، چەشنی ئاووهەوا، جۆرەکانی ڕووەک، جا ئەوەی لێرەدا سەرنج ڕادەکێشیت، ئەوەیە کە یەک شێوازی یەگرتووی تایبەتی، بۆ دابەشکردنی گڵ لە کوردستاندا نییە. لە نێوچەی باکوور شێوازی تێکەڵاو لە ئینگلیزی و فەڕەنسی و ڕووسی پەیڕەو دەکرێت، ئەمە بە یەکەم گیروگرفتی پۆلێنکردنی گڵی کوردستان دادەنرێت.
چەشنەکانی گڵ لە کوردستاندا – هەندێکیان لە مانەی خوارەوە پێک هاتوون: قەسپۆک، ڕەشۆک، زەرد، سوور

گیروگرفتی گڵ

گڵ تووشی چەند گیروگرفتێک دەبێت، هەندێکیان بە تەواوی دەبنە هۆی لەنێوبردنی، هەندێکی دیکەشیان، کەڵکیان لێ دەبڕێ و بۆ کشتوکاڵ بێسوود دەبن. گرنکترین گیروگرفتەکانی گڵ ئەمانەن:

ڕووتاندنەوە: گیروگرفتی ڕوتاندنەوە، زیاتر لە نێوچە شاخاوییەکاندا ڕوو دەدات. هەندێک لەو هۆیانەش دەگڕێنەوە بۆ:

کێڵانی چەوت:  کێڵانی زەوی لە ناوچە شاخاوییەکاندا، پێویستە تیواوتیو (لە باری پانی) پانی بێت، نەوەک شاقولی بێت، بەڵام جوتیارەکان بە زۆری ئەو یاسایە ڕەچاو ناکەن، زەوییەکە چۆن بوو، وا دەیکێڵن.

وێرانکردنی دارستان: بڕینی داری قەدپاڵی چیاکان و دەرهێنانی رەگەکانیان، سوتاندنی دارستانەکان، بە دوو هۆی سەرەکی دادەنرێن، بۆ ئەوەی گەردیلەکانی گڵ یەک نەگرن، کە زۆر بە ئاسانی بە هۆی ئاوی بارانەوە، پڕۆسێسی ڕووتاندنەوە ڕوودەدات.

شێوازی لەوەڕاندن: شوانەکان، بە شێوەیەک مێگەلەکانیان لە لەوەڕگاکاندا دەلەوەڕێنن، هەتاکوو بە تەواوی لە بن دێن، پۆشەکە ڕووەکیەکان ماوەیان پێ نادرێت، سەر لە نوێ سەوز ببنەوە، لەبەر ئەوەی هەر بە ساوایی دەیخورێن، لە ئاکامی ئەم لەوەڕاندنە نا ڕێکەدا، ڕێگە بۆ ڕووتاندەوە خۆش دەکات.

گڵ خزاندن: چینەکانی گڵی سەر بەردەکان، لە جێگا سەرەو لێژەکان و لە دەوکەندکاندا، بە ئاسانی دەخزێن، ئەگەر هاتوو باران بە گوڕ ببارێ و زەوییەکە بە پۆشەکی ڕووەکی دانەپۆشرا بێت، ئەم دیاردەیە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا ڕوودەدات.
نەبوونی زەوی گشتوکاڵی: زەوی کشتوکاڵی لە نێوچە شاخاوییەکاندا کەمە. جوتیارەکان بۆ دابینکردنی پارچە زەوییەک بۆ کشتوکاڵ، دەست بە بڕینەوەی داری جێگایەکی دیاریکراو دەکەن و لە جێگەکەیدا دەغڵ و دان دەچێنن، بەڵام داهاتی ئەو جۆرە زەوییانە دوای یەک دوو ساڵ، ئەوەندە کەم دەبێتەوە، کە بایی ماندووبوونەکەی ناکات. لەبەر ئەوە جوتیارەکان واز لەو زەوییە دەهێنن و لە شوێنێکی دیکە، زەوی بۆ چاندن ئامادە دەکەن، تا لە ئاکامدا، ڕێگە بۆ نە‌هێشتینی دارستانەکان و ڕووتاندنەوە، خۆش دەکەن.


سەرچاوەکان



1087 بینین