ناوهڕۆك
شۆڕشی کشتوکاڵی لە کوردستان
مرۆڤ لە چاخە کۆنەکانەوە، واتە پێش زیاتر لە ٦٠ هەزار ساڵ لە چیاکانی کوردستان ژیاوە، ئەشکەوتەکانی کردووە بە جێگەی حەوانەوە، بە ڕآوکردن و کۆکردنەوەی بەری دارەکان و ڕەگی ڕووەک ژیانی ڕۆژانەی بەسەر بردووە. بۆ ماوەیەکی زۆر ژیانێکی سادە و کۆچەرایەتی دوور لە شارستانییەتی بەسەر بردووە، پاش پەیبردن بە کشتوکاڵکردن لە دەوروبەری هەرزارەی نۆیەمی پێش زاین، ژیانی مرۆڤ گۆڕاوە، لە شوێنێکدا جێگیر بووە، خانووی بۆ خۆی لە نزیک کێڵگەی بنیاتناوە، بە کۆبوونەوەی چەند خانوویەک لە دۆرماندۆری یەکدا، گوند پێک هات، لێرەوە سەرەتای شارستانییەت دامەزرا. یەکەمین گوندی کشتوکاڵی لە پێدەشتەکانی کوردستان و یەکەمین مۆڵگەی شارستانییەتی جیهان، گوندی چەرمۆیە لە نزیک شارۆچکەی چەمچەماڵی ئێستا لە پارێزگای کەرکووک. هاوچەرخ لەگەڵ گوندی چەرمۆ، جوتیارانی گوندی نمریک لە باشووری شارۆچکەی فایدەی ئێستا لە پارێزگای دهۆک، دانیشتوانی یەکەمین گوندە کشتوکاڵییەکانن، گەنم و جۆ و نیسکیان چاندووە. ئاسەواری گەنم لە چەرمۆ دۆزراوەتەوە. خانووەکانیان لە قوڕ و بەرد بنیاتناوە، بایەخیان بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات و بزن و مانگا داوە، کەرەستە و ئامێری ناوماڵ و کشتوکاڵیان دروست کردووە، دواتر گەشەیان پێداوە، جگە لە بەرد ئێسک و قوڕ و قیریان لە دروستکردنی کەلوپەلەکانیان بەکارهێناوە. پاشان پیسەسازی قاپ و قاچاغ و داس و تەشی لە قوڕی سوورکراو دەستی پێکرد. بەم شێوەیە مرۆڤ چۆتە قۆناغی پیشەسازی گۆزەکاری. ئافرەتان سەرقاڵی کاری ناوماڵ و پەروەردەکردنی منداڵان بوون، پیاوان خۆراکیان پەیدا دەکرد، لە کێڵگە لەگەڵ هاوکارانیدا کاریان دەکرد و کێڵگە و گوندەکەیان دەپاراست، ئیتر حەزی موڵکداری و خاوەنێتی زەوی پەیدا بوو. هەر بەهۆی پێویستی بەردەوامی کشتوکاڵ بە کەرەستە و ئامێر بۆ گەشەپێدانی کەلوپەلی ناوماڵ هەندێک لە دانیشتوان پسپۆڕیان لە دروستکردنی چەند جۆرێک لەو کەرەستە و ئامێرانە پەیدا دەکرد. بەم شێوەیە جۆرێکی دیاریکراو لە پسپۆڕایەتی پەیدا بوو. ئەم پسپۆڕییە دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی چالاکی ئاڵوگۆڕکردن، بەرهەمهێنی کەرەستەی کشتوکاڵی و کەلوپەلی ناوماڵ، بەرهەمەکانی تر بە بەروبوومی کشتوکاڵی ئاڵوگۆڕکردن. جۆ یان خوری، بوونە هۆکاریکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، چونکە مرۆڤ تا سەدەی شەشەمی پ.ز دراوی نەزانیوە. ئەگەر دروستکردنی کەرەستەی کشتوکاڵی و کەلوپەلی ناوماڵ بە جۆرێکی پیشەسازی بژمێرین، دەتوانین فێربوونی سەرەتاکانی کشتوکاڵ بە شۆڕشێکی ئابووری لەقەڵەم بدەین.
پەیدابوونی کشتوکاڵ بووە مایەی پەیدابوونی پیشەسازی و بازرگانی و چالاکییەکانی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی شمەک و بەروبوومەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، ئەمەش وایکرد گرنگی بە هۆیەکان و ڕێگاکانی گواستنەوە بدرێت. لە ئاکامدا بیرکردنەوەی جدی لەمەڕ دۆزینەوەی هۆکاریکی ئاڵووێر هاتە ئاراوە، زیو بووە ئەو هۆکارە بۆ ماوەیەک درێژ، پاشان مرۆڤ دراوی بەکارهێنا، پاشانی شانشینی لیدیا لە ئاسیای بچووک کە ناوی کراسوس قارون بوو لە ماوەی نێوان ٥٦٠-٥٤٦پ.ز فەرمانڕەوا بووە و توانی پارە لە زیو و زێڕ لێبدات، لە دەڤەرەکانی تر بڵاوبووەوە. پێویستی مرۆڤ بۆ پاراستنی گوند و کێڵگە کشتوکاڵییەکان، بووە مایەی پەیدابوونی پیشەسازی چەک و بونیاتنانی شوورە و قەڵا و هەڵکەندنی خەندەک وەکو هۆکاری بەرگری. هەروەها پیاوان لە ڕووەوە هاوکاری یەکتریان دەکرد و هێزی هاوکاری چەکدار پێکهات، کە لەم سەردەمەدا پێی دەوترێت سوپا.
لەوانەیە هەر یەکێک لە ئێمە بپرسێت بۆچی کوردستان پێش هەر ناوچەیەکی تری جیهان کەوت لە دۆزینەوەی کشتوکاڵدا، ڕآستییەکەی ئەوەیە کە ژینگەی کوردستان لە ڕووی خاک و ئاوی بارانەوە بۆ کشتوکاڵ گونجاوە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ سەوزبوونی دانەوێڵەی کێوی لە دۆڵە بەپیتەکانی کوردستاندا، ئەو کاتەش مرۆڤ دانەوێڵەی کۆ دەکردەوە پێدەچێت هەندێ لەو دانەوێڵانەی لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیەوە لەدەست کەوتبێتە خوارەوە پاشان سەوز بووبێتەوە، ئەمەیش سەرنجی ڕاکێشاوە بۆی لەو سەوزبوونە ورد بۆتەوە تا دواتر بۆ خۆیشی چاندوویەتی. هەنێک لە توێژەران وای بۆ دەچن کە ئافرەت یەکەم کەسێ بووبێ درکی بەو سەوز بوونە کردبێ، چونکە ئەو هەڵدەستا بە کوتان و پاککردنەوە و هاڕینی دانەوێڵە تا خواردنی لێ دروست بکات. فێربوون و دۆزینەوەی شێوازەکانی کشتوکاڵ گۆڕانی بنەڕەت بوو، چونکە ڕەوتی ژیانی مرۆڤایەتیی گۆڕی، یارمەتی مرۆڤی دا جێنشین بێت و گوند بنیات بنێت. بە تێپەڕبوونی کات شارۆچکە و شارەکان پەیدابوون، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست بوون، هۆکارەکانی شارستانی بوون هاتە ئاراوە. بە واتایەکی تر کشتوکاڵ بوو بە یەکەم بەردی بناغەی بنیاتنانی شارستانییەت، چونکە ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕی، بۆیە دەتوانین بڵێین دۆزینەوەی کشتوکاڵ کودەتایەک بوو لە ژیانی مرۆڤایەتی. هەروەکو چۆن زاراوەی کودەتا لە سەدەی هەژدەمی زاینی بە شۆڕشی پیشەسازی ئەوروپا گوترا.