مەرجەکانی پارە و فرۆشراو لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-02-12:49:00 - کۆدی بابەت: 4066
مەرجەکانی پارە و فرۆشراو لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

پارە و فرۆشراو

یەکەم: پاک بێ، دروستە فرۆشتنی هەر شتێکی کە لە بنچینەی خۆی پاک بێ.

دووەم: سوودی لێوەربگیرێ، هەرچەند سوودەکەیش لەمەودوا بێ، وەک بێچووە هێسترێک کە تازە بووبێ.

سێیەم: موڵکی خۆی بێ.

چوارەم: توانای هەبێ بیداتە دەست کڕیارەکە.

پێنجەم: بزانێ فرۆشراوەکە چییە.

خاڵە گرنگەكان لە مامەڵەی فرۆشتن

جا ئەگەر ئەو مەرجانە -لە پارە و فرۆشراوەکەدا- نەبوون، فرۆشتنەکە دروست نییە. کەوابوو: دروست نییە فرۆشتنی شتێک کە لە بنچینەی خۆی پیس بێ، چونکە مەرجی یەکەمی لێ نەهاتۆتە جێ، وەک سەگ و بەراز و مردار و قشپل و ڕیخ و جیقنە و هەر شتێلی پاک نەکرێتەوە (عن جابر -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: إن الله و رسوله حرم بیع الخمر والمیتة والخنزیر والأصنام) رواه الشیخان، خوا و پێغەمبەر ﷺ حەرامیان کردووە فرۆشتنی شەراب و مردار و بەراز و بت.

هەروەها دروست نییە فرۆشتنی شتێک کە سوودی نەبێ وەک مار و دوپشک و قالۆنچە و مێش و مەگەز (عن المغیرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: إن الله کره لکم قیل وقال وکثرة السؤال وإضاعة المال) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: خوای گەورە پێی ناخۆشە بڵێن: گوترا و گوتی، پێی ناخۆشە زۆر پرسیاری بێسوود بکەن، پێی ناخۆشە ماڵ بە فیڕۆ بدەن.

هەروەها دروست نییە فرۆشتنی ماڵی کەسێکی تر، کڕینی شتێک بۆ کەسێکی تر، بەبێ ئیزن (عن عمرو بن شعیب -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ ولا بیع إلا فیما تملك) رواه أبوداود واترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: فرۆشتنی ئەو شتە دروست نییە کە هی خۆت نییە.

بەڵام لە فەرموودەی کۆنی ئیمامی (شافعی)ـدا دروستە ماڵی کەسێکی تر بفرۆشی، یان شتێکی بۆ بکڕی، ئەگەر پێی ڕازی بوو (عن عروة البارقي -رضي الله عنه-: إن النبی ﷺ أعطاه دینارا یشتری به شاة، فاشتری به شاتین، فباع أحدهما بدنار، فأتاه بشاة ودنار، فدعا له بالبرکة فی بیعه) رواه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ دینارێکی دایە (عروة البارقی) بۆ ئەوەی مەڕێکی پێ بکڕێ، ئەویش دوو مەڕی بەو دینارە کڕین، ئینجا یەکێکیان بەو دینارە فرۆشتەوە و مەڕەکەی تریشی لەگەڵ دینارەکە بۆ پێغەمبەر ﷺ هێنایەوە، پێغەمبەر ﷺ دوعای بەرەکەتی بۆ کرد.
هەروەها دروست نییە شتێک بفرۆشێ کە توانای نییە بیداتە دەست کڕیارەکە، وەکو شتێک کە لێی گوم بووبێ، یان زەوت کرابێ، بەڵام ئەگەر کڕیارەکە توانای وەرگرتنەوەی هەبێ، فرۆشتنەکە دروستە.


سەرچاوەکان



609 بینین