تیۆری بافلۆف بۆ فێرکردن

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-03-01:19:00 - کۆدی بابەت: 4111
تیۆری بافلۆف بۆ فێرکردن
زانستەکان

تیۆری بافلۆف بۆ فێرکردن ، تیۆری بافلۆف ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

ناوه‌ڕۆك

تیۆری بافلۆف 

خاوەنی ئەم تیۆرە زانای دەروونزانی ڕوسی ئیڤان بافلۆفە، ئەوەی شایەنی باسە بافلۆف لەپڕ بیرۆکەی ئەم تیۆرەی دۆزییەوە ئەویش لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی لەسەر پڕۆسەی هەرسکردن لەلای سەگ. ئەم تیۆرەش بووە هۆی ئەوەی گۆڕانکاری گەورە بەسەر پڕۆسەی فێرکردن و فێربووندا بێت. بیرۆکەی تیۆری بافلۆف بەناوی (فێربوونی مەرجی) ناسراوە واتە بوونەوەر  (مرۆڤ یان ئاژەڵ) وەڵامدانەوەی بۆ وروژێنەرە جیاجیاکان دەبێت بەهۆی هاوشانبوونی لەگەڵ وروژێنەرەی تر کە لە بنەڕەتدا کاریگەری لەسەر وروژاندنی ڕەفتار هەیە لەکاتی ڕوودانی.

تاقیکردنەوەی بافلۆف

بافلۆف تاقیکردنەوەکانی بەشێوەی سەرەکی لەسەر سەگ ئەنجام دەدا بۆ ئەوەی (فێربوونی مەرجی) بخاتەڕوو، شێوازی تاقیکردنەوەکەشی لەڕێگەی پێوانی ڕێژەی ڕژانی لیکی سەگ بوو لەکاتی پێدانی خواردن بۆی، بەڵام ئەوەی بافلۆف لە تاقیکردنەوەکەدا ئەنجامی دەدا لەکاتی پێدانی خواردن بۆ سەگەکەی هاوشانکردنی زەنگێک بوو، واتە بافلۆف هەڵدەستا بە لێدانی زەنگ بەچەند چرکەیەک پێش ئەوەی خواردن بە سەگەکە بدات وە لە کاتی پێدانی خواردن ڕێژەی لیکی سەگەکەی دەپێوا بۆ ئەوەی رادەی وەڵامدانەوەی سەگەکە بپێوێت بۆ وروژێنەرە سروشتیەکە کە ئەویش خواردن بوو وە پاش چەندین تاقیکردنەوە، بافلۆف هەڵدەستا بە لێدانی زەنگ بەبێ ئەوەی خواردن بەدوایدا بێت، بینی سەگەکە وەڵامدانەوەی بۆ زەنگەکە (وروژێنەری مەرجی) هەیە بەڕژانی لیکی، لە دەرەنجام بۆی دەرکەوت بوونی وروژێنەرێکی (مەرجی) بە هاوشانی لەگەڵ وروژێنەرێکی (سروشتی) لەپاش دووبارەبوونەوەیان ورووژێنەری (مەرجی) هەمان کاریگەری وروژێنەری (سروشتی) دەبێت.

بنەماکانی ڕوودانی وەڵامدانەوەی مەرجی 

  • هاوشانی یان نزیکی کات لەنێوان وروژێنەری سروشتی و روژێنەری مەرجی.
  • دووبارەبوونەوەی دەرکەوتنی ئەم دوو وروژێنەرە بە هاوشانی.
  • پێویستە بونەوەرەکە مرۆڤ یان ئاژەڵ (سەگ لە تاقیکردنەوەکە) پاڵنەری هەبێت بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەی هەبێت، لە تاقیکردنەوەی بافلۆف مەرجە سەگەکە برسی بێت.
  • هیچ شتێک نەبێت سەرنج و ئاگایی بوونەوەرەکە پەرتەوازە بکات.

یاساکانی فێربوونی مەرجی

  1. یاسای (یەک جار) بافلۆف لە تاقیکردنەوەکان وروژێنەری سروشتی و مەرجی بەچەند جار دەخستەڕوو بۆ ئەوەی فێربوونی مەرجی ڕووبدات، بەڵام بۆی دەرکەوت هەندێک جار وەڵامدانەوەی مەرجی ڕوودەدات، بەیەک جار لەکاتی ڕوودانی بە هاوشانی لەگەڵ وروژێنەری سروشتی، بەتایبەتی کاتێک ئەم وروژێنەرە هەڵچونێکی توندی لەگەڵدابێت (بۆ نمونە ئەو منداڵەی دەستی بە ئاگر دەسوتێت هەر شتێک ببینێت سەرچاوەی ئاگربێت لێی دەترسێت).
  2. یاسای پاڵپشتی پاڵپشتی پەیوەندی نێوان وروژێنەری سروشتی و مەرجی بەهێزدەکات، وە هەرچەند ئەم پەیوەندیە بەهێزبێت تاک هەوڵدەدات ئەم وەڵامدانەوەی فێربێت و وەری بگرێت بۆ نمونە (لە تاقیکردنەوەی بافلۆف بوونی خواردن لەدوای زەنگەکە وای کرد وەڵامدانەوەی سەگەکە بۆ زەنگەکە بەهێزبێت).
  3. یاسای نەمان (کوژانەوە) ئەم یاسایە پێچەوانەی یاسای پاڵپشتییە واتە ئەگەر هات و وروژینەری مەرجی بەردەوام دەرکەوت بەبێ ئەوەی وروژێنەری سروشتی لەدوادا بێت ئەوا وەڵامدانەوە بۆ وروژێنەری مەرجی نامێنێت و دەکوژێتەوە بۆ نمونە (ئەگەر مامۆستا بەردەوام هەڕەشە لە قوتابی بکات بە سزادانی بەڵام هیچ سزای نەدات ئەوا قوتابی هیچ بەهایەک بۆ هەڕەشەکانی مامۆستا دانانێت).
  4. یاسای گشتگیرکردن و وروژێنەرەکان واتە بوونەوەر مرۆڤ یان ئاژەڵ فێری وەڵامدانەوەی بۆ چەند وروژێنەر دەبێت ئەگەر هات و ئەم وروژێنەرانە بەیەکەوە بە هاوشانی لەگەڵ یەکتر هاتن بۆ نمونە (ئەو منداڵەی لەلایەن پزیشک دەرزی لێدەدرێت لە هەموو کەس دەترسێت  بەرگی سپی لەبەربکات).
  5. یاسای جیاکاری واتە بوونەوەر مرۆڤ یان ئاژەڵ فێری جیاکاری لە وەڵامدانەوەکانی بۆ وروژێنەرەکان دەبێت ئەگەر هات و ئەم وروژێنەرە پاڵپشتی نەبوو, لە تاقیکردنەوەکەی بافلۆف بینی سەگەکان وەڵامدانەوەیان بۆ دەنگان نامێنێت تەنها ئەو دەنگانە نەبێت کە خواردنی بەدواوە دێت واتە سەگەکان لە تاقیکردنەوەی بافلۆف فێری جیاکردنەوەی دەنگەکان بوون.
  6. سای بەدوادا هاتن واتە بوونەوەر مرۆڤ یان ئاژەڵ وەڵامدانەوەکانی دەگوازێتەوە لە وروژێنەرێکی مەرجی بۆ وروژێنەرێکی تر و هەمان کاریگەری دەبێت و بافلۆف ناوی لێنا وەڵامدانەوەی (پلەی دووەم) بۆ نمونە (ئەو قوتابیەی لەلێدان دەترسێت بوونی دار لە دەستی مامۆستا وای لێدەکات بترسێت و هەڕەشەکردنی مامۆستا بەلێدانی وای لێدەکات بترسێت).

چۆن تیۆری بافلۆف لە پڕۆسەی فێربوون لەناو قوتابخانە جێ بە جێ دەکەین

بۆ ئەوەی مامۆستا بە باشترین شێوە سوود لە تیۆری بافلۆف وەربگرێت پێویستە ئەم خاڵانە ڕەچاو بکات:

  1. پەیوەندی پۆزەتیڤ لەنێوان قوتابی و قوتابخانە دروستبکات بەشێوەیەک ببێتە جێگایەکی دڵخۆشکەر بۆ قوتابی.
  2. هانی قوتابیان بدات بۆ بەشداریکردنێکی پۆزەتیڤانە لە چالاکیە جیاجیاکان وە پێویستە پەیوەندی لەنێوان وەڵامی هەڵە ڕاست دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی قوتابی فێری وەڵامی ڕاست ببێت و بڕوای بەخۆی بەهێزتربێت.
  3. پێویستە ژووری پۆل بکاتە شوێنی خۆش بۆ قوتابیان لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر.
  4. بۆ ئەوەی قوتابی ترسیان لە تاقیکردنەوە نەمێنێت پێویستە مامۆستا چەند تاقیکردنەوەیەک ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی نمرەیان بۆ دابنێت تا قوتابیان ئاشنایی لەگەڵ تاقیکردنەوەکان پەیدا بکەن.
  5. پێویستە مامۆستا هەوڵبدات دڵەڕاوکێ و ماندوبوونی قوتابیان کەم بکاتەوە لەڕێگەی ئەنجامدانی گەشت و چالاکی لە دەرەوەی قوتابخانە.


سەرچاوەکان



7234 بینین