نۆرەدانانی مێرد بۆ ژنەکانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-11-15:06:00 - کۆدی بابەت: 4390
نۆرەدانانی مێرد بۆ ژنەکانی

ناوه‌ڕۆك

نۆبەتیکردنی مێرد لە نێوان ژنەکانیدا

یەکسانی لە مانەوەی شەوێدا لە نێوان ژنەکانی خۆیدا واجبە، جا دوو ژنی هەبن، یان سێ، یان چوار (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: من کانت له امرأتان فمال ألی أحدهما دون الأخری جاء یوم القیامة وشقه مائل) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کەسێک دوو ژنی هەبن، جا تەنها بۆ لای یەکێکیان ئەچوو و بۆ لای ئەوی تریان نەئەچوو، لە ڕۆژی قیامەت بە تەنیشتی خواربوو دێتە دادگای خودا.

لای کەمی نۆبەتکردن یەک شەوە و لای زۆری سێ شەوە، کەواتە: لە سێ شەو زیاتر دروست نییە لە لای هیچیان بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر ژنەکانی ڕازی بن، دروستە.

دروست نییە بچێ بۆ ماڵی ئەو ژنەی نۆبەتی نییە تەنها ئەگەر چوونەکەی پێویست بێ، دروستە بچێ بەو مەرجەی زۆر نەمێنێتەوە، وەک سەردانی نەخۆش، یان دانانی شتێک، یان بەخێرهێنانی میوان، جا ئەگەر بێ پێویستی چوو و زۆر مایەوە، ئەبێ بۆ ئەوی تریان قەزا بکاتەوە.

ژن مافی نۆبەتی هەیە هەرچەند نەخۆشیش بێ، یان پیر بێ، یان لە حەیزدا بێ، یان کەڵکی جیماعی نەبێ، بەڵام یەکسانی لە نێوان ژنەکانیدا لە جیماع و خۆشەویستیدا واجب نییە.

حەرامە دوو هەوێ لە یەک خانوودا نیشتەجێ بکا، بەڵام ئەگەر ڕازی بن دروستە، هەروەها دروستە هەوێیەک نۆبەتی بداتە هوێیەکەی تر ئەگەر مێردەکەی ڕازی بێ (عن عائشة: أن سودة وهبت یومها لعائشة -رضي الله عنها-) رواه الشیخان، (سودة) نۆبەتی خۆی دابووە (عائشة).

هەر کاتێک مێردەکەی ویستی بە سەفەر بچێ و ژنێکی لەگەڵ خۆیدا ببا ئەبێ پشکەیان بۆ بکا، جا ئەو ژنە لەگەڵ خۆیدا ببا کە پشکەکەی بۆ دەرچووە، واتە: ناوی ژنەکانی ئەنووسێ و ئەیخاتە ناو شتێک و ئەیتەکێنێ، ئینجا ناوێک دەردێنێ و خاوەنی ئەو ناوە لەگەڵ خۆیا ئەبا (عن عائشة -رضي الله عنها-: کان النبی ﷺ إذا أراد سفرا أقرع بین نسائه فأیتهن خرج سهمها خرج بها معه) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ کاتێ ئەچووە سەفەر، پشکەی لە نێوان ژنەکانیدا ئەکرد، جا کامەیان ناوی دەرچوبا، لەگەڵ خۆیا ئەیبردە سەفەرەکە.

هەر کەسێک ماڵی خۆی بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر، ئەبێ ژنەکانیشی لەگەڵ خۆیدا ببا، یان ئەبێ تەڵاقیان بدا، مەگەر ژنەکان بەم وازهێنانە ڕازی بن، لەو بابەتەدا جیاوازی نییە لە نێوان ئەو مێردەی یەک ژنی هەیە، یان زیاتر.

هەر کاتێک مێردەکە ژنێکی نوێی بەسەر ژنە کۆنەکەیدا هێنا ئەبی بە تایبەت حەوت شەو -بەبێ نۆبەت- لە لای بمێنێتەوە ئەگەر ژنە نوێیەکەی کچ بێ، وە ئەبێ سێ شەو لەلای بمێنێتەوە ئەگەر ژنە نوێیەکە بێوەژن بێ (عن أم سلمة -رضي الله عنها: قال النبی ﷺ: للبکر سبع وللثیب ثلاث) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: مافی کچ حەوت شەوە و مافی بێوەژن سێ شەوە.


سەرچاوەکان



776 بینین