ناوهڕۆك
هۆکارەکانی فیتری
سۆزو بەزەیی و عاتیفە بەهێزترین فاکتەری جوڵانەوەی بیر و دەروونی ئافرەتە، ئەو هەستە دەروونیە قوڵانە شتێکی زۆر بنەڕەتی و سەرەکین لە ژیانی ئافرەت کە خۆیان دەنوێنن لە: هەڵچوونی خێرای سۆز، خێرا وەڵامدانەوەی پاڵنەرەکانی دەرەکی، خێرا بە دەمەوە چوونی ڕووداوی عاتفی، ئەگەر جڵەوی کار بدرێت بەو سیفەت و ئارەزووانە، ئەوا دەبینین سۆز و عاتیفە زاڵ دەبێت بەسەر گشت کار و بڕیارەکان، هەر بۆیە زۆربەی ئافرەتان میزاجیان هەڵبەزین و دابەزینی زۆری تێدایە، (تەبع)ـیان ناجێگیرە، ئارەزوویان جۆرا و جۆرە، وە سیفەتە سەرەکییە دەروونیەکانی ئافرەت کە بریتی بوون لە: نەرمی، سۆز و بەزەیی، دوورەپەرێزی، هەر ئەو سیفەتانەش بوونەتە پاڵنەرێک بۆ دروست بوونی هەستێکی دەروونی قووڵ کە هەردەم پێویستی بە هاوکاری پیاو هەیە و پیاویش بەردەوام پێویستی بەم هەست و سۆزانە هەیە.
بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هۆرمۆنی مێینە، گۆڕانی ڕێژەی ئەو هۆرمۆنانە بە بەردەوامی لە کاتی بێ نوێژی و سکپڕی و منداڵبوون و زەیستانی، لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریە جەستەیی و دەروونیانە و ڕوودەدات بەهۆی گۆڕانی ڕێژەی ئەو هۆرمۆنانە، وای کردووە ئافرەتان بە گشتی: میزاج و گۆڕاو و کەم خۆ ڕاگری و کەم بەردەوام بن لەسەر کار و پڕۆژەکانیان.
ئەو سیفەتانە شتی ڕووکاری و بێ بایەخ نین لە ژیانی ئافرەتان هەروەک هەندێک لە خەڵکان وای لێ تێدەگەن، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی بە ناخ و دەروون و جەستەیی ئافرەتدا ڕۆچووە، چووەتە ناو قوڵایی پێکهاتەی یەکەم خانەی ژیانی ئافرەت کە هێلکەی مێینەیە، چۆن کاتی هاتنە خوارەوەی بۆ ناو هێلکەدان و منداڵدان دەیبینین دەوورەدراوە بە ژمارەیەک لە خانەی پارێزراو و ڕێگە نیشاندەر تاوەکو دەگاتە شوێنی تایبەت و دیاری کراو و گەیشتن بە هاوبەشی ژیانی، ئەو سیفەتە خۆڕسک و فیتریانەی کە باسکران دەربارەی ئافرەت نیشانەیەکی ناپەسەند و نامۆ نییە بە ئافرەتەوە لکابێت، بەڵکو دروشم و نیشانەی هەموو ئافرەتێکی بەرز و ڕەوشت جوان و دروستە.