دواکەوتنی ژیری

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-10-15:45:00 - کۆدی بابەت: 4502
دواکەوتنی ژیری

ناوه‌ڕۆك

دواکەوتنی ژیری چییە؟

دواکەوتنی ژیری یان بیرکۆڵی (بە ئینگلیزی: Mental retardation یان Intellectual disabilityواتە هێواشبوونەوە، وەستان و پاشەکشەی ژیری لە ئەرکەکاندا، دەکرێت بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە سەری هەڵدابێت، کە دەبێتە هۆی سنوورداربوونی چالاکییەکانی مێشک و ڕەفتار، دووچاری ئەو کەسانە دەبێت کە تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵە، ئەم کەسانە ناتوانن ئەو کارانەی کە هاوتەمەنەکانیان بە ئاسانی ئەنجامی دەدەن ئەنجامی بدەن، هەرچەندە دواکەوتنی ژیری حالەتێکی نەخوازراوە بەڵام زۆر گرنگە کە لە منداڵییەوە باری ژیریی منداڵەکان دیاری بکرێت و بە پێی ئەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت. 

تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەو منداڵانەی دواکەوتنی ژیرییان هەیە

  1.  هێواشی پێگەیشتنیان لەچاو هاوتەمەنەکانیاندا و دواکەوتنیان لە هەندێ لێهاتوویی وەک بەکارهێنانی دەستەکانیان و ڕۆیشتن کە مانگ بە مانگ زیاتر دەردەکەوێت
  2. فێربوونیان هێواش و قورس دەبێت.
  3. بەسەختی فێری چەمکەکان دەبن و کاتێکی زۆریشیان دەوێت بۆ فێربوونیان.
  4. ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر سەرنجیان لەسەر شتێک بهێڵنەوە، کەم سەرنجی و زوو وەڕس بوون لە تایبەتمەندییە دیارەکانیانن.
  5. تووشی بارگرانی دەبنەوە لە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نوێدا.
  6. لەگەڵ بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ژیانی ڕۆژانەوە سستی دەنوێنن.
  7. ناتوانن زانیارییەکان پێکەوە ببەستنەو و تەنها بە شێوەیەکی لاوەکی بیردەکەنەوە.
  8. بە هێواشی و درەنگ فێری قسەکردن دەبن.
  9. بە ئەستەم دەتوانن هاوڕێ پەیدا بکەن و بەگشتییش هەر زوو هاوڕێیەتییەکەیان نامێنێت.
  10. زۆر جار لەگەڵ ئەو کەسانەدا هاوڕێیەتی دەبەستن کە لە خۆیان منداڵترن.
  11. لەباتی بوون بە پێشڕەو هەمیشە خۆیان بە کەسانی تردا هەڵدەواسن.
  12. بەزەحمەت دەتوانن پابەندی یاساکانی یاری یان نەریتەکانی کۆمەڵگا ببن.
  13. چالاکی کۆمەڵایەتییان زۆر کەمە.
  14. بە بینین و جێبەجێکردن فێردەبن و بە ئەستەم لە شتە واتاییەکان تێدەگەن.
  15. متمانەیان بە خۆیان زۆر کەمە.

هۆکارەکانی دواکەوتنی ژیری لە منداڵدا

  • بەر لە لەدایکبوون: دەکرێت چەندین هۆکار هەبن، وەکوو: ئەو دەرمانانەی کە دایکەکە لەکاتی دووگیانیدا بەکاری هێناون، تووشبوونی دایکەکە بە خوێنبەربوون یاخود نەخۆشییەک کە تایەکی زۆری بۆ هێنابێت، ئەمانە لە گرنگترین هۆکارەکانن. لەپاڵ ئەمانەدا، ناڕێکی لە بۆهێڵەکاندا هۆکارێکە بۆ ئەم حاڵەتە، هۆکارەکانی بەر لە لەدایکبوون لەناو ئەو منداڵانەی دووچاری ئەم حاڵەتەبوون زۆر کەمە، لەو هۆکارانەی کە لە دایکەکەوە سەرچاوە دەگرن: منداڵبوون بەر لە ١٦ ساڵ و پاش ٤٠ ساڵ، ناتەواوی لە ملی منداڵدان و ئێسکی حەوزدا، بوونی پەیوەندی خزمایەتی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، کەمی سەردانی پزیشک، بەکارهێنانی دەرمان دوور لە ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ.
  • ئەو هۆکارانەی پەیوەستن بە ساتی لەدایکبوونەوە: ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی ڕاگرتنی کۆئەندامی هەناسەدانی منداڵەکە لە کاتی لەدایکبووندا، دەبنە هۆی لاوازی گەشەکردنی شانەکانی مێشکی منداڵەکە بۆ نموونە، لەدایکبوونێک کە زۆری پێ بچێت یان زۆر زەحمەت بێت یان ئاڵانی پەتی ناوک لە ملی منداڵەکە، یان زەبر بەرکەوتنی مێشکی منداڵەکە، دەکرێت ببنە هۆی دواکەوتنی ژیری منداڵەکە، ئەگەر منداڵەکە لە ماوەی خولەکێک لەدوای لەدایکبوونی هەناسە نەدات یان نەگری، مەترسی دواکەتنی ژیری لەسەرە، جگە لەمانەش هۆکارەکانی دیکەی کاتی لەدایکبوون دەکرێت ئەمانە بن: زوو لەدایکبوون، مانەوە بەبێ ئۆکسجین یان ئەگەر لە کاتی لەدایکبووندا منداڵەکە سەرەتا قاچی هاتبێت.
  • هۆکارەکانی دوای لەدایکبوون: لە تەمەنی زۆر منداڵیدا تووشبوون بە هەوکردنێکی قورسی مێشک، دەشێت ببێتە هۆی دواکەوتنی ژیری، بەتایبەتی پێویستە باش نەخۆشی (هەوکردنی پەردەی مێشک) بناسینەوە، ئەو برینانەی سەر کە کار دەکەنە سەر مێشک، یەکێکن لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ژیری، لەدوای لەدایکبوونەوە، هەوکردن، بەرکەوتنی زەبر و زەردوویی دەکرێت منداڵ دووچاری ئەم حاڵەتە بکەن.

جۆرەکانی دواکەوتنی ژیری

 • دواکەوتنی ژیری ئاست نزم: ئەم کۆمەڵە کەسانە گەشەی مێشکیان لاوازترە بە بەراورد لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان، هەروەها لە فێربوون و کارامەییەکانی ژیان و کۆمەڵایەتیشدا بەهێواشی ڕێگا دەبڕن، بەهۆی نزمی ئاستی کێشەکە لەم کەسانەدا دەکرێ بە وەرگرتنی کەمترین یارمەتی لە دەورووبەرەوە هێواش هێواش کارەمەییەکان فێرببن و کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

 • دواکەوتنی ژیری ئاستی مامناوەند: لە ناوەکەیەوە دیارە کە لە ئاستی پێشوو توندترە و لە ئاستی دواتر باشترە، ئەمان پێویستیان بە یارمەتی زیاترە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە ناتوانن کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، بە پێچەوانەوە تەنها پێویستییان بەوەیە کە زۆر بەهێواشی فێرببن و دەتوانن ژیانێکی تاڕادەیک ئاساییان هەبێت.

 • دواکەوتنی ژیری ئاست بەرز: ئەم کۆمەڵەیە گەشەیان زۆر هێواشترە و بەباشی قسە ناکەن، تەنانەت لەوانەیە لە قسەی کەسانی تریش تێنەگەن، دەکرێت بە ڕاهێنان ژیانی تایبەتی خۆیان هەبێت، بەڵام بۆ چوونە ناو کۆمەڵگە و کەسانی تر دەبێت لەژێر کۆنترۆڵدا بن.

 • دواکەتنی ژیری ئاستی زۆر بەرز: ئەم کەسانە ناتوانن بەشێوەیەکی سەربەخۆ بژین و پێویستیان بە چاودێرییەکی زۆری دەورووبەر هەیە، بەگشتی لەم کەسانەدا کێشەی جەستەیی هەیە و توانای بەرکەوتنیان لەگەڵ کەسانی تر نییە.

کەی سەردانی پزیشک بکەین؟

وا باشترە پێش دووگیانبوون سەردانی پزیشک بکەن تا پزیشک لە ئەنجامی پشکنینەوە دڵنیاتان بکاتەوە لە دووگیانبوونێکی تەندرووست و ئەگەر کێشەیەک هەبوو پێش دووگیانییەکە پێتان بڵێت، لە دۆخێکدا کە هەستتان کرد گەشەی منداڵەکەتان هێواشە یان منداڵ لەگەڵ ژینگەی دەورووبەری ناگونجێت یان بۆی گرنگ نییە، بۆ دڵنیایی سەردانی پزیشک بکەن یان لەگەڵ کەسانی شارەزا لە بوارەکەدا ڕاوێژ بکەن.

ڕێگریکردن لە دواکەوتنی ژیری

باشترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە دواکەوتنی ژیری ئەوەیە کە ڕێکارە کاریگەرەکانی پێش لەدایکبوون دابین بکەن بۆ نموونە: ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری لەگەڵ خزمدا، فێرکاری بۆ خێزان، چاودێریکردنی کۆرپەلە لە ماوەی دووگیانیدا و دوای لەدایکبوون.

جیاوازی نێوان دواکەوتنی ژیری و ئۆتیزم

هەندێ کەس پێیان وایە کە نەخۆشی ئۆتیزم هەر دواکەوتنی ژیرییە، لەکاتێکدا ئەم بۆچوونە هەڵەیە، زۆربەی ئەو منداڵانەی کە دووچاری ئۆتیزم بوون، دواکەوتنی ژیریشیان هەیە بەڵام هەندێکیان هۆشێکی ئاسایی یان تەنانەت زیاتر لە ئاساییان هەیە، بۆیە ناکرێت بڵێین ئۆتیزم هەمان دواکەوتنی ژیرییە.

چارەسەری دواکەوتنی ژیری

بەداخەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی دواکەوتنی ژیرییان هەیە دەرمانێکی تایبەت بوونی نییە، بەڵام بۆ گەڕاندنەوەی تواناکانیان چارەسەری جۆراوجۆر هەیە کە یارمەتیان دەدات خۆیان لەگەڵ ژینگەی دەورووبەریان بگونجێنن، هەندێ ڕێگا هەن کە یارمەتییان دەدەن باشتر بن و بارودۆخیان بۆ ژیانکردن باشتر بێت، ئەمانەش بەشێوەیەکی گشتی دەکرێن بە سێ بەشی سەرەکییەوە:

  • قۆناغی یەکەم: دەبێت ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی زیادبوونی کێشەکە لەبەرچاو بگیرێن و کاریان لەسەر بکرێت بۆ نموونە، دەبێت ئاگاداری سیستمی خۆراکییەکەی بن، ئەو ماددانەی بە جەستەی دەگەن لەژێر کۆنتڕۆڵدا بن تا نەبنە هۆی زیادبوونی کێشەکە لای کەسەکە.
  • قۆناغی دووەم: دەبێت سەرنجی ئەوە بدرێت کە ئەگەر کێشەیەکی تریش لەگەڵ دواکەوتنی ژیرییەکە لە کەسەکەدا سەرهەڵبدات کۆنتڕۆڵ بکرێت.
  • قۆناغی سێیەم: خێرایی کاردانەوەی دایک و باوکە بۆ ئەم بابەتە، واتە هەرچەند زووتر بیزانن و دەست پێشخەری بکەن بۆ گەڕاندنەوەی تواناکانی باشترە، تاوەکوو منداڵیش لە بوارەکانی ژیانی دوانەکەوێت وەکوو خوێندن، فێربوونی کارامەییەکان.


سەرچاوەکان

5207 بینین