ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی نان خواردن دا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-15-02:18:00 - کۆدی بابەت: 4509
ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی نان خواردن دا
ڕۆشنبیری ئیسلامی

پێغەمبەری خوا هەرگیز عەیب و ڕەخنەی لە خواردن نەگرتووە ئەگەر حەزی لێبوایە ئەیخوارد، گەر حەزی لێ نەبوایە نەیئەخوارد، وازی لێ ئەهێنا.

ناوه‌ڕۆك

مسوڵمان لە کاتی نان خواردن دا

لە کاتی نان خواردن چەند ڕەفتارێک هەیە ئیسلام دایناوە، کە پێویستە بە منداڵ و گەورەوە پیادەی بکەن:

شوشتنی دەستەکان پێش نان خواردن

وەک پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (برکة الطعام الوضوء قبلە و الوضوء بعدە) واتە بەرەکەتی خواردن لەوەدایە کە لە پێش نان خواردن دەست بشۆری و لە دوای نان خواردنیش. هەروەها ئەنەس دەڵێ گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو د.خ دەیفەرموو: (من أحب أن یکثر اللە خیر بیتە فلیتوضأ إذا حضر غذاوە و اذا رفع) واتە هەر کەسێک پێی خۆشە خێر و بێری ماڵەکەی زۆر بێ با دەست نوێژ هەڵگرێ (مەبەستی دەست شوشتنە) گەر خواردنەکەی بۆ ئامادەکراو، کە هەڵگیراش.

ناوی خوا هێنان لە کاتی دەست کردن بە نان خواردن

ئەمەش وەک پێغەمبەر فەرمانی کردووە، کە خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لێبێ) گوتویەتی پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (إذا أكل أحدكم فليذكر اسم الله تعالى، فإن نسي أن يذكر اسم الله تعالى في أوله، فليقل: بسم الله أوله وآخره). واتە ئەگەر یەکێک لە ئێوە خواردنی خوارد، با ناوی خوا بێنێ و بڵی (بسم اللە)، ئەگەر لە سەرەتاوە بیری چوو ناوی خوا بێنێ، با بڵێ (بسم اللە أولە و اخرە) واتە بە ناوی خوا لە سەرەتای خواردن و کۆتاییەکەی. ئیمام ئەحمەد و غەیری ئەویش دەگێڕنەوە: (أن النبي إذا أکل أو شرب قال: الحمداللە الذي اطعمنا و سقانا و جعلنا مسلمین) واتە گەر پێغەمبەر خواردنێکی بخواردایە، یان شلەیەکەی خواردبووایە، دەیفەرموو سوپاس بۆ ئەو خوایەی کە خواردن و خواردنەوەی پێ بەخشیوین ئێمەی کرد بە موسڵمان.

کە خواردنێکی بۆ هاتە بەردەم ڕەخنەی لێ نەگرێ

ئەوەشیان سیفەتی پێغەمبەری ئازیزمانە وەک بوخاری و موسلیم لە ئەبو هورەیرەوە دەگێڕنەوە کە گوتویەتی (ما عاب رسول الله صلى الله عليه وسلم طعاما قط إن اشتهاه أكله وإن كرهه تركه). پێغەمبەری خوا هەرگیز عەیب و ڕەخنەی لە خواردن نەگرتووە ئەگەر حەزی لێبوایە ئەیخوارد، گەر حەزی لێ نەبوایە نەیئەخوارد، وازی لێ ئەهێنا. ئەم سیفەتە بەرزەی پێغەمبەر د.خ هەست ڕاگرتن و پێزانینی بەرامبەر بەو کەسەی خواردنی بۆ ئامادە دەکات، تا تەریق نەبێتەوە، لە چێشت ئامادەکردن سارد نەبێتەوە.

بەدەستی ڕاست لە بەردەمی خۆدا خواردن بخورێ

ئەمەش وەک موسلیم عومەری کوڕی ئەبی سەلمە ڕەزای خوایان لێبێ دەگێڕێتەوە، عومەر دەڵێ (كنت غلاما في حجر رسول الله صلى الله عليه وسلم، وكانت يدي تطيش في الصحفة، فقال لي رسول الله صلى الله عليه وسلم: ((يا غلام، سم الله، وكل بيمينك، وكل مما يليك) واتە منداڵ بووم لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری پێغەمبەری خوا، لە کاتی نان خواردن دەست بەم لاو ئەو لای قاپەکە دەگێڕا، پێغەمبەری خوا پێی گوتم: ڕۆڵە لە کاتی نان خواردن ناوی بێنە واتە بڵێ (بسم اللە) و بە دەستی ڕاستت بخۆ و لە پێش خۆتەوە بخۆ).

بە پاڵ کەوتنەوە خواردن نەخورێ

ئەمەش لەبەر ئەوەی زیانی تەندروستی هەیە و نیشانەیەکی لووت بەرزی فیزییە، پێغەمبەریش د.خ کە بوخاری لە ئەبی جحیفەی وەهەبی کوڕی عبداللە دەگێرێتەوە، فەرموویەتی (لا أکل متکئا) بە پاڵ کەوتنەوە خواردن ناخۆم، موسلیم لە ئەنەسەوە دەگێڕێتەوە، کە وتویەتی (رأیت رسول اللە جالسا مقیعا یأکل تمرا) واتە پێغەمبەری خوام بینیوە بە دانیشتنەوە خورمای دەخوارد.

لە کاتی نان خواردن وا باشە قسە بکرێ

موسلیم لە جابرەوە ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕێتەوە: (عن جابر بن عبد الله رضي الله عنهما أن رسول الله صلى الله عليه وسلم سأل أهله الإدام، فقالوا: ما عندنا إلا الخل. فدعا به، فجعل يأكل به ويقول: (نعم الإدام الخل، نعم الإدام الخل). وفي رواية: قال جابر: أخذ رسول الله صلى الله عليه وسلم بيدي ذات يوم إلى منزله فأخرج إليه فلقا من خبز فقال: ما من أدم؟ فقالوا: لا، إلا شيء من خل، قال: (فإن الخل نعم الإدم) قال جابر: فما زلت أحب الخل منذ سمعتها من نبي صلى الله عليه وسلم).  پێغەمبەری خوا داوای لە خێزانەکەی کرد کە پێخۆری بۆ بێنێ وتی تەنها سرکەمان هەیە جا داوای سرکەی کرد بۆی بێنن کە هێنایان دەستی کرد بە خواردنی دەیفەرموو باشترین پێخۆر سرکەیە، باشترین پێخۆر سرکەیە. بەڵام کاتێ قسە دەکرێ ئەو کەسەی خواردنی لە دەم دایە با خواردنەوەی قوت بدات ئینجا قسە بکات یان کە خواردنی لە دەم دایە و قسە دەکات با دەست بە دەمیەوە بگرێ تا خواردنی ناو دەمی بەدەر نەکەوێ چونکە بەدەرکەوتنی خواردنی ناو دەم، دەبێتە هۆی بێزبوونەوە و قێزکردنەوەی بەرامبەرەکەی هەروەها نە‌هێڵێ خواردن بە لێو دەمیەوە بنووسێ پێویستە دەستەسڕ بەکاربهێنێ بۆ خاوێن کردنەوەی لێو و دەمی لە کاتی نان خواردندا.

میوانی

ئەبوو داود ترمذی لە ئەنەسەوە دەگێڕنەوە (أفطر عندكم الصائمون، وأكل طعامكم الأبرار، وصلت عليكم الملائكة) واتە پێغەمبەر چوو بۆ لای سەعدی کوڕی عوبادە جا نان و ڕۆنی زەیت و (ئەحمەد و تەبەرانی دەڵێن مێوژیان) بۆ هێنا، پێغەمبەر نان و مێووژەکەی خوارد و پاشان دوعای بۆ کردن فەرمووی: ڕۆژوەوان لە لاتان ڕۆژو بشکێنێ، پیاوی چاک خواردنتان بخوات، فریشتەکانیش رەحمەتان بەسەردا ببارێنن.

گەر یەکێک لە خۆی گەورەتری لەگەڵ بوو یەکسەر ئەو دەست بە نان خواردن نەکات

وەک موسلیم لە کتێبی (صحیح)ـی لە حوزەیفەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ (کنا ازا حضرنا مع رسول اللە طعاما لم نضع ایدینا حتی یبدا رسول اللە فیضع یدە) گەر لەگەڵ پێغەمبەری خوا ئامادەی خواردنێک بووباین هیچ کامێکمان دەستمان بە نان خواردن نەدەکرد، تا پێغەمبەری خوا دەستی بە نان خواردن نەکردبایە. کەواتە لە ماڵیش کە خێزان بەیەکەوە نان دەخۆن، هەتا باوک، کە سەرۆکی خێزانە، دەست بە خواردن نەکات، با منداڵەکان پێش ئەو، دەست بە نان خواردننەکەن کەواتە دەبێ منداڵان وا ڕابهێنرێن پێش باوکیان دەست بە نان خواردن نەکەن.

نیعمەتی خوا، بە تایبەتی خواردن بە کەم دانەنرێ

وەک موسلیم لە ئەنەسەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ:  (حديث أنس :أن رسول الله ﷺ كان إذا أكل طعاما لعق أصابعه الثلاث، قال: وقال: إذا سقطت لقمة أحدكم فليمط عنها الأذى وليأكلها ولا يدعها للشيطان، وأمر أن تسلت القصعة، قال: فإنكم لا تدرون في أي طعامكم البركة) واتە گەر پێغەمبەری خوا خواردنی بخواردایە هەرسێ پەنجەکانی دەلێسیەوە، جا فەرموویەتی ئەگەر ئەگەر پاروەک نان لە دەستان کەوتە سەر زەوی بە هەڵی گرێتەوە ئەو پیسییەی کە پێوەی دەنوسێ پاکی بکاتەوە و بیخوات با بۆ شەیتانی جێ نەهێڵێ، هەروا پێغەمبەر فەرمانی پێکردوون کە قاپی خواردنەکە هیچی تیا نەهێڵن و هەمووی بخۆن، فەرموویەتی ئێوە نازانن لە چ خواردنێکدا بەرەکی تێدایە.


سەرچاوەکان



2299 بینین