شایەتی لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-18-03:27:00 - کۆدی بابەت: 4604
شایەتی لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

باسی شایەتی

نابێ (قازی) دڵی شاهیدەکان بشکێنێ وەک بڵێ ئەوە بۆ شایەدی ئەدەی یان بڵێ تۆ ناترسی ئەو شاهیدییە ئەدەی؟ نابێ قازی شاهیدی لە هەموو کەسێک وەربگرێ تەنها لەو کەسە نەبێ کە دادپەروەری لەلای وە ئاشکرا بووە هەروەک باسی ئەکەین.

شاهیدی دوژمن لە دژی دوژمنی خۆی وەرناگیرێ، مەبەست بە دوژمن ئەو کەسەیە کە رقی لەوی تر ببێتەوە و پێی خۆش بێ هەردەم تووشی بەڵا ببێ و پێی ناخۆش بێ سوودی پێبگا (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ: لا تقبل شهادة ذی غمر علی أخیه) رواه أبوداود، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی شاهیدی خاوەن ڕق و قین لە دڵ لە دژی برای خۆی وەرناگیرێ، بەڵام شاهیدی دوژمن لە سوودی دوژمن وەرئەگیرێ، چونکە هیچ گومانی لێ ناکرێ، هەروەها ئەگەر دوژمنایەتی بەهۆی ئایین بێ وەک شاهیدی موسوڵمان دژی کافر، ئەمەش هەر وەرئەگیرێ هەروەها شاهیدی باوک و باپیرە و دایک و داپیرە وەرناگیرێ بۆ کوڕ و کیژ و نەوەکانیان، هەروەها شاهیدی کوڕ و کیژ و نەوەکان وەرناگیرێ بۆ باوک و باپیرە و دایک و داپیرە، چونکە گومانی سوودپێگەیاندنیان لێئەکرێ.
(عن علی -کرم الله وجهه-: أنه خاصم یهودیا فی درع له فأتی بإبنه الحسن وبمولاه قنبر إلی القاضي شریح لیشهدا له، فرد القاضي شهادة الحسن لأجل النبوة وقضی بالدرع للیهودي) رواه ابو نعیم، ئیمامی (علی) (خوا لێی ڕازی بێ) لەسەر زرێیەک لەگەڵ جولەکەیەک بووە کێشەیان، ئەویش حەزرەتی (حسن)ـی کوڕی خۆی لەگەڵ (قنبر)ـی خزمەتکاری بۆ شاهیدی هێنانە دادگای قازی شوڕەیح، بەڵام قازی شاهیدییەکەی حەزرەتی حسنـی وەرنەگرت لەبەر باب و کوڕایەتی و زرێیەکەی دایەوە دەست جولەکەکە، ئینجا جولەکەکە گوتی (والله) ئیمامی علی ڕاست ئەکا و زرێیەکە هی خۆیەتی و من بردومە جا مادام ئێوە ئەوها دادپەروەرن وا من موسوڵمان بووم جگە لە دایک و باوک و سەرەوەتر و کوڕ و کیژ و بەرەو خوارتر، شاهیدی گشت خزمەکانی بۆ یەکتری وەرئەگیرێ.

ئەبێ شاهید داوای شاهیدی لێبکرێ، ئینجا شاهیدی بدا، بەڵام ئەگەر کەسێک مافێکی لەدەست ئەچوو نەیئەزانی کێ شاهیدییەتی، واجبە ئاگاداری بکاتەوە و بڵێ من شاهیدی تۆم بۆ ئەوەی داوای شاهیدی دانی لێبکا هەروەها لەو کارانەی مافی خودان وەکو نوێژ و زەکات و... هتد، یان مافێکی خودایەتی تێدایە وەکو تەڵاق و سزای تاوانەکان واجبە لە کاتی پێویست شاهیدی خۆی ئاشکرا بکا و شاهیدی بدا بێ داوالێکردن.

دروستە شاهید کرێی هاتوچۆ و ئەرکی ڕێگە لەو کەسە وەربگرێ کە ئەچێ شاهیدی بۆ بدا، نوسراوی هیچ قازییەک وەرناگیرێ کە بۆ قازییەکی تر نووسیویە دەربارەی بڕیارەکان، واتە نابێ بریارەکانی جێبەجێ بکا تا دوو شاهید ئامادە دەبن و بۆ ئەوەی شاهیدی بدەن بەو بڕیارەی لە ناو ئەو نووسراوەدایە، وە ئەبێ ئەو دوو شاهیدەش لە لای قازییەکەی ترەوە هاتبن.

باسی لە کارکەوتنی شاهید

هەر کاتێک دوو کەس داوای شتێکیان کرد ئەو شتەش تەنها لە دەستی یەکێکیاندا بوو بەڵام هیچیان شاهیدیان نەبوو ئەو قسەیەی بە راست دائەندرێ قسەی خاوەن دەستەکەیە بەو مەرجەی سوێند بخوا کە هی خۆیەتی، چونکە خاوەن دەستی نیشانەیەکی بەهێزە بۆ ڕاستی، جا ئەگەر تەنها یەکێکیان شاهیدی هەبوو، ئەوە ئەدریتە خاوەن شاهیدەکە، بەڵام ئەگەر هەردووکیان وەکو یەکتر شاهیدیان هەبوو، ئەوە شاهیدی خاوەن دەست وەرئەگیرێ، هەرچەند تەنها یەک شاهیدیش بێ، بۆ ئەوەی سوێند لەگەڵی بخوا شاهیدەکانی ئەوی تر لە کار ئەکەون (عن جابر -رضي الله عنه-: إختصم رجلان فی ناقة وإقاما بینة فقضی بها النبی ﷺ للذی هی فی یده) رواه البیهقی والشافعی، دوو کەس لە سەر ووشترێک بووە کێشەیان، هەردووکیش شاهیدیان هەبوو، جا پێغەمبەر ﷺ بڕیاری دا ووشترەکە هی ئەو کەسەیە کە ووشترەکە لە ژێر دەستیدایە، وە ئەگەر شتەکە لە ژێر دەستی هەردووکیان بوو، یان لە دەستی هیچیاندا نەبوو و هەردووکیان ئەیانگوت هی منە. هیچ شاهیدیش نەبوو ئەبێ هەردووکیان سوێند بخۆن کە هی خۆیەتی، ئینجا شتەکە ئەدرێتە هەردووکیان بە نیوەیی (عن أبی موسی -رضي الله عنه-: أن رجلین إختصما فی دابة ولیس لواحد منها بینة، فقضی بها النبی ﷺ بینهما نصفین) رواه النسائی دوو پیاو لەسەر ووڵاغێک بووە کێشەیان و هیچ شاهیدیان نەبوو، جا پێغەمبەر ﷺ بڕیاریدا هەریەکە نیوەیان هەبێ، هەروەها ئەگەر هەردووکیان وەک یەک شاهیدیان هەبێ، هەر بۆیان ئەبێتە نیوە.

ئەگەر دوو کەس داوای شتێکیان کرد، لەدەست کەسیکی تردا بوو، هەردوو داواکارەکەش شاهیدیان هەبوو، ئەوە شاهیدی هەردوکیان لە کار ئەکەون، کەوابوو بۆ هەریەکێک لەو دووانە سوێندێک ئەخوا کە هیچ مافی نییە، بەڵام ئەگەر بۆ یەکێکیان دانی پێدا بنێ، ئەبێتە هی ئەو، خاوەن دەستی لەو کاتەدا بە نیشانەی ڕاستی دائەندرێ، کە نەزاندرێ ئەو کەسە بە ڕێگایەکی ناشەرعی دەستی کەوتۆتە سەر ئەو شتە ئەگینا هەر خاوەنی پێشوو بە خاوەن دەست دائەندرێ، (لە شاهیدیدا) دوو پیاو یان پیاوێک و دوو ئافرەت لە پێشترن لە پیاوێک و سوێندخواردن بەڵام لە خاوەن دەستیدا بە پێچەوانەوەیە واتە پیاوێک و سوێندخواردنی خاوەن دەست لە پێشترە لە دوو پیاو، هەروەها ئەو شاهیدەی زیاتر زانستی لەلایە، ئەو لەوی تر لە پێشترە، وەک بڵێ من ئاگام لێبوو ئەمڕۆ ئەم مەڕەی لە تۆ کڕی بە سەد دینار.


سەرچاوەکان

43 بینین