پشکنینی خوێن

له‌لایه‌ن: - چیا طیب چیا طیب - به‌روار: 2024-09-09-14:03:00 - کۆدی بابەت: 14563
پشکنینی خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی خوێن (بە عەرەبی: فحص الدم، بە ئینگلیزی: Blood testsپشکنینی خوێن زۆر جار بۆ چاودێریکردنی تەندروستیت ئەنجام دەدرێت، یاخود بۆ زانین و دەستنیشانکردنی هۆکاری هەندێک نیشانە کە تیاتدا دەردەکەوێت. واتا پشکنینی خوێن بریتییە لە وەرگرتنی بڕێکی کەم لە خوێنەکەت بۆ پشکنین.

بۆچی پشکنینی خوێن ئەنجام دەدرێت؟

هۆکاری زۆر هەن کە ڕەنگە پێویستت بە ئەنجامدانی پشکنینی خوێن بێت، ئەمانەش هەندێکن لەو هۆکارانە:

  • بۆ پشکنین و هەڵسەنگاندنی تەندرووستی گشتیت.
  • بۆ دەستنیشانکردن و زانینی ئەو نیشانانەی کە هەتە، ئایا بەهۆی حاڵەتە تەندرووستییە تایبەتەکانەوەن یاخود نا. 
  • بۆ دیاریکردنی مەترسی تووشبوونت بە کێشەیەکی تەندروستی یاخود حاڵەتێک.  
  • بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە حاڵەتێک واتا کێشەیەکی تەندرووستی تا چەند بە شێوەیەکی باش کۆنترۆڵ دەکرێت یاخود چارەسەر دەکرێت. 

چۆن پشکنینی خوێن ئەنجام بدەین؟

ئەگەر کەسێکی پسپۆڕی چاودێری تەندروستی، وەک پزیشکی گشتی، پەرستار یاخود پسپۆڕێک پێی وابێت کە پێویستت بە پشکنینی خوێن هەیە، ئەوا هەریەکێک لەوان ڕێنماییت دەکەن کە چۆن ئامادەکاری بکەیت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی خوێن. 

ئامادەکاری بۆ پشکنینی خوێن

پێش پشکنینی خوێن، پزیشکی گشتی، پەرستار یاخود پسپۆری تەندرووستی ڕێنمایی دەدەن سەبارەت بە چۆنیەتی و هەر ئامادەکارییەکی پێویست بۆ ئەنجامدانی پشکنینی خوێن، وەک:

  • بەڕۆژووبوون یاخود دوورکەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوە، جگە لە ئاو.
  • وازهێنان لە هەندێک دەرمانی تایبەت، وەک (دەرمانی دژە مەیینی خوێن) ئەو دەرمانانەی بۆ ڕێگریکردن لە خوێن مەین بەکاردەهێنرێن.

لە کاتی پشکنینی خوێندا چی ڕوودەدات

پشکنینی خوێن بە شێوەیەکی گشتی لە کلینیکی پزیشکی یاخود نەخۆشخانە ئەنجام دەدرێت و بەزۆری نزیکەی ١٠ خولەک دەخایەنێت. پسپۆڕی چاودێری تەندروستی بڕێکی کەم خوێن وەردەگرێت، بەزۆری لەبەشی ناوەوەی ئانیشکتەوە بە بەکارهێنانی دەرزی، هەندێک جاریش لەوانەیە خوێنەکە لە مەچەکت یاخود پەنجەت وەربگرێت کە پێی دەوترێت (پشکنینی خوێن لەڕێی پەنجە). سەرەتا لەوانەیە قایشێکی نەرم لە دەوری قۆڵت ببەسترێت کە بە (خوێن بەست) ناسراوە و یارمەتیدەرە بۆ ئاسانکردنی وەرگرتنی خوێن.

کاتێک دەرزییەکە دەچێتە  ناو جەستەتەوە هەست بە خوران دەکەیت و لەوانەیە کەمێک نائاسوودە بێت، پاشان خوێنەکەت لە لوولەیەکی بچووکدا هەڵدەگیرێت و دەنێردرێتە تاقیگە بۆ پشکنین. دوای پشکنینەکە، بە شێوەیەکی گشتی هەندێک لۆکە یاخود لەزگەیەکت پێ دەدرێت بۆ داپۆشینی ئەو شوێنەی کە خوێنەکەی لێ وەرگیراوە. لەوانەیە هەندێک شین بوونەوە یاخود ئاوسانی لە دەوروبەری ئەو شوێنەی خوێنەکەت لێ وەرگیراوە هەبێت،  بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەمە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نامێنێت. 

تێبینی/ ئەگەر ترس یاخود نیگەرانیت هەیە سەبارەت بە دەرزی، ئەوا ئەو پسپۆڕی چاودێری تەندروستییەی کە پشکنینەکەت بۆ ئەنجام دەدات، ئاگادار بکەوە. دەتوانن یارمەتیت بدەن لەکاتی پشکنینەکەدا زیاتر هەست بە ئاسوودەیی بکەیت. هەروەها دەتوانیت کەسێک لەگەڵ خۆت بهێنیت ئیتر چ ئەندامێکی خێزانەکەت یاخود هاوڕێیەکت بۆ ئاسوودەبوونت و ئاسانکردنی پشکنینەکە. 

وەرگرتنەوەی ئەنجامی پشکنینی خوێنەکەت

لەوانەیە دوای چەند ڕۆژێک ئەنجامی پشکنینەکەت وەربگریت، هەروەها زۆربەی کاتیش دەکرێت چەند هەفتەیەک بخایەنێت. هەروەها ئەگەر دوای چەند هەفتەیەک هیچ ئاگادارارکردنەوەیەکت پێ نەگەیشت، پەیوەندی بە پزیشکی گشتی کلینیکی یاخود پزیشکی پسپۆڕیەکەوە بکە. پێویستە پزیشکی گشتی، پەرستار، یاخود پزیشکی پسپۆڕ دەربارەی ئەنجامەکان قسەت لەگەڵدا بکات و هەنگاوەکانی داهاتوو بخاتەڕوو و ڕوونی بکاتەوە کە چی ڕوو دەدات. ئەگەر ئەنجامەکانت ڕوون و ئاسایی بن، لەوانەیە پێویست نەکات هیچ شتێکی تر بکەیت. بەڵام هەندێک کات بەپێی جۆری ئەو پشکنینی خوێنەی کە کردووتە لەوانەیە پێویستت بە پشکنینی زیاتر هەبێت. هەروەها ئەگەر پرسیارت هەبوو سەبارەت بە ئەنجامەکانت یاخود لێیان تێناگەیت و پێویستت بە ڕوونکردنەوە هەیە، دەتوانیت لەگەڵ پسپۆڕێکی چاودێری تەندروستی قسە بکەیت. 


سەرچاوەکان



49 بینین