پێغەمبەر زەکەریا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-13-22:54:00 - کۆدی بابەت: 5314
پێغەمبەر زەکەریا

ناوه‌ڕۆك

زەكەریای پێغەمبەر

زەكەریا ناوێكی عیبرییە واتە "ئەو كەسەی زیكری خودا دەكات"، لە ئایینی ئیسلامدا یەكێكە لە پێغەمبەرەكانی خودا و باوكی پێغەمبەر یەحیایە، لە ئایینی مەسیحیش مێردی ئەلیاصابات و باوكی یوحەننایە كە هەمان یەحیایە.

ناوی تەواو

زەكەریا كوڕی بەرخیا (كوڕی دان یان بەلدن) كوڕی موسلم كوڕی صدوق كوڕی حەشبان كوڕی داود كوڕی سولەیمان كوڕی موسلم كوڕی سەدیقە كوڕی بەرخیا كوڕی بەڵتاعە كوڕی ناحور كوڕی شەلوم كوڕی بەهفاشات كوڕی ئینامن كوڕی رەحیعام كوڕی سولەیمان كوڕی داود و یەكێكە لە پێغەمبەرەكانی نەوەی ئیسرائیل.

زەكەریا و ژیانی پێغەمبەرایەتی

لە قورئانی پیرۆزدا حەوت جار ناوی هاتووە لە سورەتەكانی:

بنەچە

بنەچەی زەكەریا دەگەڕێتەوە بۆ بەنی ئیسرائیل، ئیبن خەلدون دەفەرموێت كە ئەو لە بنەچەی ماثانە لە وەچەی پێغەمبەر داود لە وەچەی یەهوذای كوڕی یەعقوب، هەروەها ئیبن عەساكر بنەچەیەكی بە زەكەریا بەخشیووە كە بە یوحەننا دەست پێدەكات و لە یانزەیەمین باواندا دەگات بە یەهوشافاتی پێنجەم پادشای قودس لە سەردەمی پادشا سولەیمان.

ژیانی

پێش لەدایكبوونی عیسای مەسیح زەكەریا یەكێك بوو لە كاهینە گەورەكانی پەرستگای جولەكەكان، و ئەوكات عیمرانی باوكی مەریەم سەرۆك و گەورەترین كاهینیان بوو، هەروەها حەننەی هاوسەری، پوری ئەلیصاباتی هاوسەری زەكەریا بوو.

دوای نزایەكی زۆر خوای گەورە منداڵێك دەبەخشێت بە حەننە و عیمران دوای سیانزە ساڵ لە نەبوونی منداڵ، حەننەش نەزر دەكات منداڵەكەی ببەخشێت بە پەرستگا و ئاواتەخواز بوو كوڕ بێت بۆ ئەوەی بتوانێت نەزرەكەی بەجێبهێنێت و ببێتە خزمەتكاری پەرستگا و خودا.

بەڵام منداڵێكی كچی دەبێت بەناوی مەریەم، دوای لەدایكبوونی هەڵیدەگرێت و پێشكەشی پەرستگای دەكات وەك چۆن نەزری كردبوو.

ئەوكات كاهینەكان دەبێتە مشتومڕیان لەسەر ئەوەی كێ ببێتە بەرپرسی مەریەم لە پەرستگا، بەهۆی مردنی عیمرانی باوكیەوە، زەكەریاش یەكێك لەوانەبوو كە زۆر سوور بوو لەسەر وەرگرتنی بەرپرسیارێتیەكەی، بۆیە ناچاربوون تیروپشك بكەن و لەناو ناوەكاندا زەكەریا دەردەچێت.

مەریەم بە پەروەردەیەكی ئایینی و خواپەرستیانە و بەئابڕووانە گەورەبوو، تەواوی ژیانی خۆی بە عیبادەت تەرخان كرد، زۆرجار كە زەكەریا سەردانی شوێنەكەی دەكرد دەیبینی میوەی جۆراوجۆری لەلایە، كاتێكیش دەیپرسی ئەمانە لەكوێت بوون، دەیوت كە خودای گەورە بۆی ناردووە، ئەوەش یەكێكە لە نیشانەكانی پاكبوون و خۆشەویستی مەریەم لەلای خودای گەورە.

زەكەریا دوای گەورەبوونی مەریەم ئاواتەخوازی كوڕێك بوو كە بتوانێ پەیامەكەی باوكی هەڵبگرێت و پەیامی یەكتاپەرستی نەكەوێتە دەست كەسانێك كە بە خراپ سوودی لێ وەربگرن و ڕاستگۆ نەبن.

ڕۆژێك لە كاتی پەرستش و نزاكردن خوای گەورە پێی دەفەرموێت "كوڕێكت پێدەبەخشین بەناوی یەحیا، و ئەو لە پیاوچاكان و پێغەمبەرانە".

لەگەڵ ئەوەی خێزانی زەكەریا تەمەنێكی زۆری هەبوو بەڵام دەبێتە خاوەن منداڵ.

كوشتنی خۆی و كوڕەكەی

لە ئیبن كەثیردا هاتووە كە لە سەردەمی گەورەبوونی یەحیای كوڕی زەكەریا سڵاوی خوای گەورەیان لێبێت پادشایەكی دیمەشقی جولەكە دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێك بكات كە لە یاساكانی ئایینی جولەكەدا لێی حەرامكراو بووە، بەمەش یەحیا ئاگاداری دەكاتەوە كە حەرامە، بەڵام ئەو گوێ ڕاناگرێت و هاوسەرگیری لەگەڵ دەكات، دواتر هاوسەرەكەی داوای خوێنی یەحیا دەكات و بەمشێوەیەش پادشا فرمان دەكات و یەحیا دەكوژن.

مردنی زەكەریا

دوای ئەوەی گوێبیستی هەواڵی كوشتنی كوڕەكەی دەبێت زەكەریا بەرەو دارستان دەڕوات و لەوێ فریشتەیەك بۆ پاراستنی بانگی دەكات و زەكەریا لەناو درەختێكدا خۆی دەشارێتەوە، دەسەڵاتداران بە یارمەتی وەسوەسەی شەیتان دەیدۆزنەوە و درەختەكە دەكەن بە دوو بەشەوە و بەمەش زەكەریا لە ناوەڕاستدا دەكرێت بە دوو لەت و دەكوژرێت.

ڕیوایەتێكی دیكە دەڵێت كاتێك مەریەمی پاكیزە عیسای دەبێت، ئیبلیس دەڕواتە نێو كاهینەكانی پەرستگا و دەڵێت كە جگە لە زەكەریا كەس سەردانی مەریەم ناكات، و وادیارە ئەو باوكی عیسایە و مەریەمی سكپڕ كردووە، بەوەش هێرش دەكەنە سەری و بە مشار دەیبڕنەوە و دەیكوژن.

زەكەریا لە ئایینی مەسیحی

لە ئایینی مەسیحی ناوی زەكەریا براوە وەك باوكی (یوحەننای لە ئاو هەڵكێشراو)، بەڵام بە پێغەمبەر دانانرێت بەڵكو دەڵێن پیاوچاكێك بووە و كاهین بووە.


سەرچاوەکان



7908 بینین