ئاوسانی دەست و قاچەکان لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-22-14:58:00 - کۆدی بابەت: 5480
ئاوسانی دەست و قاچەکان لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

هۆکاری ئاوسانی دەست و قاچەکان چییە؟

لەماوەی دووگیانیدا بەهۆی کۆبوونەوەی شلەکان لە خانەکاندا، بەگشتی دەست و قاچەکان کەمێک هەڵدەئاوسێن، ئەم ئاوسانە ئاساییە بەڵام ئەگەر حاڵەتەکە زۆر بوو و هەڵئاوسانەکە زۆر بوو ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.

کەمێک ئاوسان بەهۆی کۆبوونەوەی شلەکان لەجەستەدا ئاساییه، گۆڕانکاری پێکهاتەی کیمیایی خوێنیش دەبێتە هۆی چوونە ناوەوەی بڕێک شلە بۆ ناو خانەکانی جەستە، هەروەها گەورەبوونی منداڵدان لەگەڵ گەشەی منداڵدا دەبێتە هۆی فشار خستنە سەر دەمارەکانی ناوچەی حەوز و دەمارەکانی تری جەستە.

ئەم فشارە، گەڕانەوەی خوێن دەوەستێنێت لە قاچەکاندا و دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئەو شلانە لە قاچدا، هەر بۆیە ئەگەری ئاوسان لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانیدا زیاترە
هەروەها لەوانەیە ئاوسانی قاچ لەو ژنانەدا زیاتر بێت کە بڕێکی زۆر لە شلەی (ئەمینۆتیک)ـیان هەیە یاخود لە منداڵێک زیاتر لە سکیاندایە.

ئاوسان لە کۆتایی ڕۆژ و لە هاوینیشدا زیاترە، دوای منداڵبوون بەهۆی نەمانی شلەکانی جەستەوە ئاوسانەکە بەخێرای نامێنێت، چەند ڕۆژێک دوای منداڵبوون لەوانەیە زۆر میز بکەیت و عارەقی زۆریش بکەیتەوە ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە کە شلەکانی جەستەت نامێنت دەریدەکەیت و ڕزگارت دەبێت لە ئاوسان.

ئاوسانی مەترسیدار

ئاوسانی سووکی دەست و قاچەکان شتێکی ئاساییە و زۆر خانم لەماوەی دووگیانیدا وایان لێ دێت، بەڵام ئەگەر ڕووخسارت ئاوسا یاخود دەوروبەری چاوت ئاوسا ئەوا سەردانی پزیشک بکە، چونکە لەوانەیە ئەمە حاڵەتی بەرزی فشاری خوێن بێت لەماوەی دووگیانیدا کە مەترسیدارە.

هەروەها ئەگەر ئاوسانی قاچێک لە قاچێکی تر زیاترە و یاخود لە قولە پێدا ئاوسانێکی نائاسایی هەبوو لەوانەیە نیشانە بێت بۆ کۆبوونەوەی خوێن لەوێدا و مەترسیدارە.

چەند ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی ئاوسان

  • پاڵکەوتن لەسەر لا کاتێک بەلادا دەکەویت دەتوانیت فشاری سەر دەمارەکانی ناوچەی حەوز کەم بکەیتەوە و باشترە کە بەلای چەپیشدا پاڵکەویت و ئەگەریش لای ڕاست بێت کێشە نابێت گرنگ ئەوەیە بەلادا پاڵکەویت.
  • قاچ نەخەیتە سەر قاچ کاتی دانیشتن لەسەر کورسی بەهیچ شێوەیەک قاچ مەخە سەر قاچ و قاچت ڕاکێشە و بیخە سەر شتێکی بەرز مێزێک یان شتێک .
  • کاتی دانیشتن زوو زوو قاچەکانت ڕابکێشە، سەرەتا پاژنەی پێ و دواتر پەنجەکانت بە ئارامی ڕابکێشە تاکوو دەمارەکان و ماسولکەکان خاو ببنەوە.
  • دوای ماوەیەک وەستان باشتر وایە کە دانیشیت، یان دوای ماوەیەک دانیشتن باشتر وایە کە هەستیتەوە، و زوو زوو پیاسە بکە تا بەجوانی خوێن بە دەمارەکاندا هاتووچۆ بکات.
  • پێڵاوی گەورە لەپێ بکە و دوورکەوە لە بەرز و تەسک.
  • ئاوی باش بخۆرەوە، لەوانەیە لات سەیربێت بەڵام زۆر خواردنەوەی ئاو ڕێگری دەکات لە کۆبوونەوەی ئاو و ئاوسان.
  • بەجوانی وەرزش بکە بەتایبەت ڕۆشتن و مەلەکردن، مانەوە لە ئاودا ئاوسان کەم دەکاتەوە بەتایبەت ئەگەر ئاوەکە تاکوو لای شانت بێت.
  • خواردنی تەندروست بخۆ و دوورکەوە لە خواردنی خێرا.
  • مەهێڵە کە ئاوسان بێتاقەتت بکات و کاتێک سەیری خۆت دەکەیت بە ناشرینی خۆت ببینیت چونکە تەنها ماوەیەکە و دوای منداڵبوون هەموو شتێک وەک جارانی لێ دێتەوە.


سەرچاوەکان



23858 بینین