خواردنی گۆشتی مریشک لەماوەی دووگیانیدا 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-08-17:54:00 - کۆدی بابەت: 8939
خواردنی گۆشتی مریشک لەماوەی دووگیانیدا 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گۆشتی مریشک (بە ئینگلیزی: Chicken Meat) خۆراکێکی پڕ پڕۆتینە و زۆر بەسوودە، جێگرەوەیەکی باشی جۆرەکانی گۆشتە وەک گۆشتی بەرخ و تا ڕادەیەکیش گۆشتی مانگا، مریشک سەرچاوەیەکی پڕ لە پڕۆتین و ترشە ئەمینییەکانە و بەڵام ڕێژەی کالۆریی کەمە و هەروەها چەورییەکی کەمتری هەیە بە بەراورد بە گۆشتی سوور.
بەگشتی خانمان لەماوەی دووگیانیدا دەبێت زۆر گرنگی بدەن بەو خواردنانەی کە دەیخۆن و وریابن لە هەڵبژاردنیدا، خواردنی مریشک لەماوەی دووگیانیدا سوودی هەیە و لە هەمان کاتدا دەکرێت زیانیشی هەبێت، بۆیە زۆر گرنگە بزانیت چۆن دەخورێت.

سوودەکانی گۆشتی مریشک بۆ خانمانی دووگیان

  1. بەهۆی بوونی ڤیتامینەکانی B9 و B12 لە مریشکدا، یارمەتی جەستەی دایک دەدەن کە بەهێز بێت، هەروەها خواردنی لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا یارمەتی کۆرپەلەکە دەدات لە دروستبوونی ئەندامەکانی جەستەی و بەهێزبوونی جەستە و مێشکی منداڵەکە.
  2. هەروەها بڕی چەوری لە ناو گۆشتی مریشکدا کەمە و نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی چەوری خوێنی دایکەکە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و قەڵەوی.
  3. گۆشتی مریشک دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B3 کە دەبێتە هۆی چالاکبوون و پارێزراویی مێشکی کۆرپەکە.
  4. مریشک نۆ ترشی ئەمینیی زۆر گرنگی تێدایە کە یارمەتی پتەوکردن و پاراستنی ماسولکەکان دەدەن.
  5. خواردنی ١٠٠ گرام مریشک لە ڕۆژێکدا ٪٥٠ـی پڕۆتینی ڕۆژانەی ژنێکی دووگیان دابین دەکات.
  6. مریشک ڤیتامینەکانی A و E تێدایە ئەم ڤیتامینانە تایبەتمەندی دژەئۆکسانیان هەیە هاوسەنگی جەستە ڕێکدەخەن و دەبنە هۆی زیادبوونی وزەی جەستە.
  7. مریشک ماددەی ئاسن بۆ جەستە دابین دەکات، کە یارمەتی گەشەی خانە نوێیەکان دەدات و ئاسنەکەی زۆر بە ئاسانی لەلایەن جەستەوە هەڵدەمژرێت.
  8. خواردنی مریشک دەتپارێزێت لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک، شەکرە، کۆڵیسترۆڵ، نەخۆشییەکانی دڵ.

چەند ڕێگایەکی ئامادەکردنی مریشک

  • دەتوانیت سنگی مریشکەکە بەباشی بکوڵێنیت و پاشان تێکەڵی زەڵاتەی بکەیت.
  • دەتوانیت مریشک لەگەڵ برنجدا بخۆیت.
  • دەتوانیت تێکەڵی بکەیت لەگەڵ سەوزە و بەهارات و وەک سووپێک بیخۆێت.
  • دەکرێت مریشکەکە لە فڕندا سوور بکەیتەوە.
  • ئاوی مریشک بەباشی بکوڵێنە و بیخۆرەوە سوودێکی زۆری هەیە بۆ پەستانی خوێنی دایکەکە و ڕێکخستنی لێدانی دڵی. بەڵام سەرەتا مریشکەکە کە ئاوی دایەوە ئاوەکەی بڕێژە و پاشان بۆ ماوەی ١٥ خولەک بیکوڵێنە و ئەو ئاوەی بخۆرەوە.

کاریگەرییە خراپەکانی خواردنی مریشک

تاکە مەترسی خواردنی مریشک لەماوەی دووگیانیدا هەبوونی بەکتریایەکە لەناو مریشکدا بە ناوی ڵیستێریا (Listeria)، کە لە مریشکی نەخۆشدا هەیە و دەبێتە هۆی تووشبوونی میکرۆبی ڵیستریۆز لە خانمانی دووگیانیدا، ئەم بەکتریایە هۆکارێکە بۆ منداڵبوونی پێش وەختە، لەبارچوون، تووشبوونی میکرۆبی کۆرپەکە، مەرگی پێش وەختە. بەڵام ئەگەر مریشک بەباشی بکوڵێنرێت ئەم کێشەیە ڕوونادات.

چەند ڕێنوێنییەک

بەم چەند ڕێگایە خوارەوە دەتوانیت مریشکێکی باش لێ بنێیت و دووربێت لە هەر زیانێک و سوودی تەواو بگەیەنێت بە دایک و کۆرپەکەی:

پاکوخاوێنی

پێش ئەوەی دەست بکەیت بە لێنانی مریشکەکە، دەستەکانت بە ئاو و سابوون بشۆ و پاشان ئەو قاپەی کە مریشکەکەی تێ دەکەیت بیشۆ و سەر سنگەکەش بە ئاوی گەرم و شامپۆی قاپشۆردن بشۆ، پاش وردکردنی مریشکەکە بەباشی دووجار مریشکەکە بشۆرەوە.

جیاکردنەوەی مریشک لە خۆراکی تر

هەڵگرتنی مریشک بەشێوەیەکی هەڵە زیانی زۆری دەبێت، نابێت مریشک لە نزیک هیچ خواردنێکی ترەوە دابنێیت بە کراوەیی، بەتایبەت سەوزە و میوەکان. هەروەها کاتێک دایدەنێیت یاخود دەیخەیتە ساردکەرەوە دەبێت لە قاپێکدا بێت بەتەواوی سەری گیرابێت.

لە ساردکەرەدا دایبنێ

نابێت مریشک لە دەرەوەی ساردکەرەدا دابنێیت، بەمشێوەیە بەخێرایی خراپ دەبێت، هەروەها ئەگەر مریشکەکە بەستبووی دەبێت هەر لە بەفرگردا دایبنێیت تاکوو ئەو ڕۆژەی دەتەوێت لێی بنێیت.

بەباشی ئامادەی بکە

زۆر وریابە لە لێنانی مریشکەکەدا و بەباشی بیشۆرەوە، هەروەها دەبێت مریشکەکە بگاتە بەرزترین پلەی کوڵانی، مریشکی کوڵاو سوودی زیاترە وەک لە مریشکی سوورەوەکراو، ئەگەریش مریشکی سوورەوەکراو ئامادە دەکەیت دەبێت پێش ئەوە بەباشی بیکوڵێنیت.

پێستەکەی مەخۆ

بەهیچ شێوەیەک پێستی مریشک مەخۆ چونکە زیانێکی زۆری هەیە، پێستی مریشک پیسە و بڕێکی زۆر لە چەوری تێدایە کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کۆڵیسترۆڵی جەستە.


سەرچاوەکان



3392 بینین