ئیمامی شاطبی

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-03-00:56:00 - کۆدی بابەت: 5722
ئیمامی شاطبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یەکێکە لە زانا گەورەکانی بواری قراءات (خوێندنەوەکان)ـی قورئانی پیرۆز و حدیث (فەرموودە)ـکانی پێغەمبەر ﷺ

لەدایک بوون و مردنی

ناوی قاسمی کوڕی فیڕڕوهـ کوڕی خەلەف کوڕی ئەحمەدی ڕوعەینی شاطبی ئەندەلووسیە, نازناوی (شاطبی)ـە وەک دانە پاڵێک بۆ شاری (شاطبە), کە شارێکی گەورەیە و نزیکی 56 کم دوورە لە شاری بەلەنسیە لە ئیسپانیا, ئیمامی شاطبی لە کۆتایی ساڵی 538 کۆچی لەدایک بووە, نابینا بووە و بە نابینایی لە دایک بووە هەروەک ئیمامی ئیبن جەزەری باسی کردووە, بەڵام گەر کەسێک نەیناسیبێت و دانیشتبێت لەگەڵی هەستی بە نابینایی نەکردووە لە تاو بیرتیژی و زیرەکی ئیمامی شاطبی, پاش ماوەیەکی زۆر لەوانە وتنەوە بە فێرخوازان لەبوارەکانی قراءات (خوێندنەوەکان)ـی قورئانی پیرۆز و نەحو و زمانی عەرەبیدا, لە بیست و هەشتی مانگی جەمادی دووەمی ساڵی 590 کۆچی، لە وڵاتی میسڕ کۆچی دوایی کرد, کاتێک کە کۆچی دوایی کرد تەمەنی 52 ساڵ بوو.

گەڕانی بەدوای زانست و زانیاریدا

شاطبی زانایەکی گەورە بووە, زۆر زیرەک بووە, بەتایبەت لە بواری قراءات (خوێندنەوەکان)ـی قورئانی پیرۆز و حدیث (فەرموودە)ـکانی پێغەمبەر ﷺ, زانایەکی شافعی مەزهەب بووە, فەرموودەی زۆری لەبەربووە, زانایەکی بەتوانا بووە لە زمانی عەرەبیدا, هەر لە منداڵیدا قراءات (شێوازە خوێدنەوەکانی قورئانی پیرۆز)ـی خوێندووە لە شاری شاطبە, وە لەم بوارەدا لێهاتوویی و بە توانایی پەیداکردووە لەسەر دەستی ئەبو عەبدوڵڵا موحەمەدی کوڕی ئەبو عاص, پاش وەرگرتنی زانست و زانیاری لە بواری قراءات (خوێندنەوەکان)ـی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ لەسەر دەستی زاناکانی شارەکەی, بەڕێ دەکەوێت بەرەو شاری (بەلەنسیە), لەلای ئەبو عەبدوڵڵا موحەمەد کوڕی حەمیدی بەلەنسیە زانستی قراءات (خوێندنەوەکان) دەخوێنێت, وە بەلەبەر کتێبی (التیسیر) لە خزمەت ئەبو عەبدوڵڵا دەخوێنێت, وە هەروەها چەند کتێبێکی تریش لە خزمەتیدا دەخوێنێت, لەوانە: (کتێبەکەی سیبەوەیهی, کتێبەکەی ئیبن موبەرید کە ناوی (کامل)ـە, کتێبی (أدب الکاتب) کە دانراوی ئیبن قوتەیبەیە), شاطبی بەشێکی زۆر لە زانست و زانیاری لەسەر زانایانی وڵاتەکەی وەرگرتووە.

وانە وتنەوەی بە شەیدایانی زانست و زانیاری

شاطبی سەرمەشقی وانە وتنەوە بوو لە شارەکەی خۆی شاری شاطبە, بۆ ماوەیەکی زۆر بەوشێوەیە بوو, وتاری جومعەی دەخوێند لە شاری شاطبە سەرەڕای تەمەنە بچووکەکەی, پاش ماوەیەک شاطبی وازی لە وتاربێژی هێنا و نیەتی فەریزەی حەجی هێنا و چوو بۆ حەج, پاش ئەنجامدانی فەریزەی حەج نەگەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و ڕوی کردە وڵاتی میسڕ, دەستی کرد بە دانانی هۆنراوەی (حرز الأمانی) کە بەناوبانگە بە (مەتنی شاطبی) لە شاری شاطبە و تا دێری (45)ـی لەوێ نووسی, پاشان تەواوی کرد کاتێک کە چوویە وڵاتی میسڕ لە ساڵی 572 کۆچی, بەم شێوەیە شاطبی لە میسڕ نیشتەجێ بوو و لەوێ وانەی دەوتەوە لە مزگەوتی عەمری کوڕی عاص بۆ ماوەی هەشت ساڵ, پاش ئەوە قازی فازڵ ڕێزی لێ گرت و لێهاتوویی شاطبی بۆ دەرکەوت, هەر بۆیە داوای لێکرد کە لە قوتابخانەکەی کە ناوی (الفاضلیە) بوو وانە بڵێتەوە, پاش دانانی چەند مەرجێک لە لایەن شاطبیەوە بۆ قازی فازڵ, شاطبی ڕازی بوو کە لە قوتابخانەی (الفاضلیە) وانە بڵێتەوە, شاطبی لەو قوتابخانە وانەی دەوتەوە تا کۆچی دوایی کرد, بەیانیان لە (الفاضلیە) نوێژی دەکرد پاشان دادەنیشت بۆ وانە وتنەوە, خەڵک پەلەیان دەکرد لە چوونە خزمەتی و وانە خوێندن لەلای. پاشان زانای پایە بەرز شاطبی دەیفەرموو: "کێ زووتر هاتووە با ئەوە یەکەم جار دەستپێبکات".

کاتێک پاشا سەڵاحەدینی ئەیوبی شاری قودسی ڕزگار کرد لە ساڵی 583 کۆچی، شاطبی سەردانی پاشا سەڵاحەددینی کرد لە ساڵی 587 کۆچیی و ڕەمەزانی لە قودس بەجێ هێنا.

ئەم زانا بەڕێزە خاوەنی چەندین تایبەتمەندی بەرز و جوان بووە, زانایەکی لە خوا ترس بوو, بەشەرمو حەیا بووە, هەرگیز لە شتێکدا قسەی نەدەکرد کە پەیوەندی بە ئەوەوە نەبوایە, وە لەگەڵ ئەمانەشدا زۆر سەرسوڕهێنەر بوو لە لەبەرکردندا, زانای پایە بەرز ئیبن صەلاحی شارەزووری لە بارەی شاطبییەوە دەفەرموێت: "کەس نەبووە بە ئەندازەی شاطبی لە لێهاتوویی و بەتوانایی و  ئەو زانستە زۆرەی کە لەبەری بووە لە سەردەمی خۆیدا".

بەرهەمەکانی

زانای پایە بەرز (شاطبی) لە زۆر بواردا نوسراو و بەرهەمی هەیە, لەوانە:

  • (حرز الأمانی و وجه التهانی) بە (مەتنی شاطبی) ناوبانگی دەرکردووە, کە هۆنراوەیەکی زانستییە تێیدا باس لە زانستی قراءات (خوێندنەوەکان)ـی قورئانی پیرۆز دەکات لە (1173) دێڕدا.
  • عقیلة أتراب القصائد.
  • ناظمة الزهر.

وە لەگرنگترین قوتابیەکانی: زانای پایە بەرز موحەممەدی سەخاوی, موحەممەدی کوڕی عومەری قورتوبی, عەلی کوڕی شوجاعی شاطبی, موحەممەد کوڕی وەزاحی ئەندەلووسی, عەلی کوڕی هیببەتوڵڵای لوخەمی.

 


سەرچاوەکان



1519 بینین