سەگی پیتبۆڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-05-16:22:00 - کۆدی بابەت: 5745
سەگی پیتبۆڵ

ناوه‌ڕۆك

پیتبۆڵ

پیتبۆڵ (بە ئینگلیزی: Pit Bull) یەکێکە لە جۆرەکانی ئاژەڵی سەگ و بەهێزترین و دڕندەترین جۆریانە، زۆرینەی سەگەکانی دیکە لێی دووردەکەونەوە و لێی دەترسن، هەندێک کاتیش کێشە بۆ ڕاهێنەر و خاوەنەکەی درووست دەکات و پەلاماری ئەویش دەدات، هەرچەندە هۆکاری بەخێوکردنی ئەم جۆرەی سەگ دەگەڕێتەوە بۆ پاسەوانی و ڕاوکردنی گیانداری گەورە، بەڵام بەهۆی دڕندەیی و بەهێزییەکەیەوە زۆرکەس بۆ جەنگی نێوان سەگەکان بەکاریان دەهێنن، چونکە بەوە دەناسرێت کە توانایەکی یەکجار زۆری هەیە بۆ شەڕکردن و بە ئەستەم خۆی بەدەستەوە دەدات، تەنانەت گەر لەو پێناوەشدا بمرێت، هەندێک کاتیش بۆ ئەوەی کەمتر ئازاری پێبگات گوێیەکانی دەبڕنەوە.

قەبارە مامناوەند
ڕاهێنان ڕاهێنانی پێدەکرێت
بەرزی

٤٦ بۆ ٤٩ سم/نێر 

٤٣ بۆ ٤٦ سم/مێ

خواردن مامناوەند
کێش

٢٥ بۆ ٣٠ کیلۆگرام/نێر 

٢٠ بۆ ٢٥ کیلۆگرام/مێ

دۆخ بەهێز، بەتوانا، سڵ نەکردنەوە، نەرمونیان لەگەڵ بچووکەکان

بنەڕەتی سەگەکە

سەرەتا و بنەڕەتی ئەم جۆرەی سەگ دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی سەگی مۆڵۆسس (Molossus)، ئەوەش ئەو جۆرە کۆنەیە کە سەگەکانی ڕاوی گاـیان لێوە پەیدابووە، دواتریش لەگەڵ سەگەکانی جۆری تێریەرس (Terriers) لە یەکدی دران بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شەڕانگێزی و بەهێزی و زوو لەناوبردنی نێچیرەکەیان، هەروەها بۆ باشتر شەڕکردن لەگەڵ سەگەکانی دیکەدا، بۆ ماوەیەکی زۆریش وشەی Bull بە هەموو سەگێک دەوترا کە سەگی شەڕکردن بێت.

ئەم جۆرە سەگە لەگەڵ ئەوەی شەڕانگێز و توندوتیژن، بەڵام دەکرێت پەروەردەش بکرێن بە بەخێوکردن و ڕاهێنان پێکردنیان لە منداڵییەوە، هەروەها هەموو جۆرەکانی پیتبۆڵیش سەگی هار و ترسناک نین، بەڵام هەموویان بەهێزن و نێچیرەکەیان بەڕێناکەن و ئێسکەکانی دەگرن هەتاوەکو خۆی بەدەستەوەدەدات.

بۆیە هەمیشە دەبێت لەلایەن ئەو کەسانەوە بکڕدرێن و گەورە بکرێن کە ئەوەندە بەهێزبن بتوانن بەسەریاندا زاڵ ببن و لەگەڵیاندا بمێننەوە، چونکە بۆ ئەو جۆرە کەسانە دەبنە سەگێکی سوودبەخش، سەگەکە لە ڕیزبەندی سەگە بەهێزەکان لە پلەی یەکەمە و هەریەک لە ڕۆتویلەر و شوانی ئەڵمانی (سەگی پۆلیسی) لەدوای دێن، ڕۆژانە لانی کەم پێویستی بە نیوکاتژمێر یان کاتژمێرێک پیاسەکردن هەیە، بە هاوەڵی بازدان بەسەر کەرەستە و کەلوپەلی دیکەدا.

ئەم جۆرە سەگە نابێت لە شوێنێک بێت نزیک لە منداڵان چونکە ئەگەری هێرشبردنی لەناکاوە و جێگای مەترسییەوە، مەگەر ئەوەی ڕاهێنەرەکەی بە ڕێژەی دڵنیایی لێی دڵنیابێت و بەردەوام لەگەڵی بێت.

جۆرەکانی سەگی پیتبۆڵ

  • بوڵی ئەمریکی (American Bully)
  • پیتبۆڵی ئەمریکی تێریەر (American Pit Bull Terrier)
  • ستافۆردشایەر تێریەری ئەمریکی (American Staffordshire Terrier)
  • ستافۆردشایەر بوڵ تێریەر (Staffordshire Bull Terrier)
  • بوڵدۆگی ئەمریکی (American Bulldog)


سەرچاوەکان



1809 بینین