کوالێتی نەوت

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-12-03:35:00 - کۆدی بابەت: 5855
کوالێتی نەوت

ناوه‌ڕۆك

جۆری نەوت

هەندێک کەس بە جۆرێک باس لە نەوت دەکەن وەک ئەوەی یەک ماددەی نموونەیی بێت و جیاکاری و ناسینەوەی تێدا نەبێت، ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە و چەندین جۆر نەوت هەیە.

تایبەتمەندییەکانی نەوت

دوو تایبەتمەندیی سەرەکی هەن کە نەوتیان پێ جیا دەکرێتەوە، کە بریتین لە چڕی و ڕێژەی گۆگرد.

  • چڕی: لە نێوان سووک (چڕی کەم) و قورس (چڕی بەرز)ـدا خۆی دەبینێتەوە و بە پێوەرێک پێوانە دەکرێت کە لە لایەن کۆلێژی پترۆلی ئەمریکییەوە دانراوە، ئەم یەکەی پێوانەیە بەراورد دەکات لە نێوان نەوتی سووک و قورس بە بەراوردکردنی بە ئاو.
  • ڕێژەی گۆگرد: دیاری دەکات کە ئایا جۆری نەوتەکە شیرین (ڕێژەی گۆگردی کەم بێت) یان ترش (ڕێژەی گۆگردی بەرز بێت).

جۆرە پێوانەییە سەرەکییەکانی نەوت

دەیان جۆری پێوانەیی نەوت هەیە و هەر یەکەیان گوزارشتە لە نەوتی ناوچەیەکی دیاریکراوی جیهان، بەڵام بەهای زۆرینەیان پەیوەستە بە بەهای یەکێک لەم سێ جۆرەی خوارەوە.

نەوتی تێکەڵەی برێنت

نزیکەی دوو لەسەر سێی گرێبەستەکانی نەوت لە جیهاندا پشت بە نەوتی برێنت دەبەستن وەک پێوەر، بەم پێیەش بەکارهێنراوترین پێوەرە.

نەوتی برێنت ئاماژەیە بۆ ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانی برانت و فۆرتیس و ئۆسبێرگ و ئیکۆفیسک ـەوە دێت لە زەریای باکوردا، نەوتی خامی نەو شوێنانە بەوە جیادەکرێتەوە کە سووکە و شیرینە، ئەم جۆرییەتییەش زۆر باشی دەکات بۆ پاڵفتەکردنی گاز و بەنزین و بەرهەمەکانی دیکە، لەبەر ئەوەش کە لە دەریادا دەردەهێنرێت، بۆیە زۆر بە ئاسانی دەگوێزرێتەوە.

نەوتی ڕۆژئاوای تێکساس WTI

نەوتی ڕۆژئاسای تێکساس WTI ئاماژەیە بۆ ئەو نەوتەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەرهێنراوە و بە بۆری گوازراوەتەوە بۆ ناوشەی کۆشینگ لە ئۆکلاهۆما، بەڵام لەبەر ئەوەی کە نەوتەکە لە وشکانی و زەوی ناوخۆییدا دەردەهێنرێت، یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئەم نەوتە دەردەکەوێت کە بریتییە لە سەختیی گواستنەوە، بەڵام لە ڕوووی پێکهاتەوە بەوە دەناسرێتەوە کە زۆر سووکە و زۆریش شیرینە، بەم جۆرەش زۆر نموونەیی دەبێت بۆ پاڵفتەکردنی بەنزین بە تایبەتی، نەوتی ڕۆژئاوای تێکساس گرنگترین پێوەری نەوتە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.

نەوتی دوبەی/عومان

نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەرە بۆ نەوتێک کە کەمێک کوالێتییەکەی لە نەوتی ڕۆژئاوای تێکساس و برێنت کەمترە، نەوتی ئەم پێوەرە کەمێك قورسترە و بڕێک گۆگردی تێدایە کە وای لێدەکات بچێتە ڕیزی ''نەوتی ترش''ـەوە، پێوەری نەوتی دوبەی/عومان وەک مەرجەعێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ دیاریکردنی ئەو نەوتەی لە کەنداوەوە دەنێردرێت بۆ بازاڕە ئاسیاییەکان.


سەرچاوەکان

409 بینین