چۆن بە ماوەی نیو کاتژمێر لاپەڕەیەک لە قورئانی پیرۆز لەبەردەکەیت؟

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-12-14:30:00 - کۆدی بابەت: 5859
چۆن بە ماوەی نیو کاتژمێر لاپەڕەیەک لە قورئانی پیرۆز لەبەردەکەیت؟

ناوه‌ڕۆك

لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز ئاوات و خولیای زۆربەی موسڵمانانە, بە پێی ئەوەی کە ئەو کەسەی کە قورئانی پیرۆز لەبەردەکات و کاری پێدەکات پلەی زۆر بەرز دەبێت لە بەهەشتدا، وەک پێغەمبەرمان ﷺ باسی کردووە بۆمان, لەبەرکردنی قورئان و کارپێکردنی فەزڵی زۆر گەورەیە, ئەو کەسانەی کە قورئان لەبەردەکەن و کاری پێدەکەن دەستە و کۆمەڵە و تاقمی تایبەتی خودای گەورەن, هەر بۆیە زۆر کەس حەزدەکەن بەشێوازێکی زۆرباش قورئانی پیرۆز لەبەربکەن بۆ ئەوەی لەبیریان نەچێتەوە.

تێبینی: لاپەڕەیەک لە قورئانی پیرۆز 15 دێرە بە پێی (مصحف المدینة) کە ئەو قورئانەیە کە لەبەر دەستمان هەیە لە ماڵ و مزگەوت ـمان.

چۆن بە ماوەی نیو کاتژمێر لاپەڕەیەک لە قورئانی پیرۆز لەبەردەکەیت؟

  • پێش ئەوەی بچینە خزمەت قورئانی پیرۆز وا باشترە کە دەست نوێژمان هەبێت و ڕووبکەینە قیبلە و دڵمان ئامادەکەین بۆ لەبەرکردنی قورئان, داوای لێخۆشبوون لە خودای گەورە بکەین لە هەڵە و تاوانەکانمان و صەلاوات بۆ سەر دیداری پێغەمبەرمان ﷺ بنێرین, هەروەها دووعا بکەین کە خودای گەورە هێز و توانامان پێببەخشێت بۆ لەبەرکردن و کارپێکردن بە قورئان.
  • پێش ئەوەی دەست بکەین بە لەبەرکردنی قورئان بیست جار ئەو لاپەڕەی دەمانەوێت لەبەری بکەین بە شێوازی (حدر) بە خویندنەوە لەبەر قورئانەکە (مصحف) دەیخوێنینەوە, بۆ ئەوەی پیتەکان زۆر ئاسان ببن لەسەر زمانمان, وە بۆ ئەوەی کە هیچ پێتێک بە هەڵە لەبەرنەکەین.
  • دێری یەکەم دە جار دەخوێنینەوە, پێنج جار بە خوێندنەوە, پێنج جار بە لەبەر, ئەو پێنج جارەی کە بە لەبەر دەیڵێیت نابێت هیچ هەڵەیەکی تێدابکەیت, گەر هەڵەیەکت کرد دەبێت دووبارە ئەو سووڕە دەست پێبکەیتەوە, کە پێنج جار بەسەر یەکەوە بێ هەڵە بە لەبەر بیڵێیت.
  • پاشان دەچینە سەر دێڕی دووەم, بە هەمان شێوەی دێری یەکەم لەبەری دەکەین.
  • پاشان دێڕی یەکەم و دووەم  بەیەکەوە دەبەستینەوە و دە جار بێ هەڵە بە لەبەر (واتە بێ ئەوەی سەیری قورئان بکەین) دووبارەی دەکەینەوە.
  • پاشان دەچینە سەر دێڕی سێیەم و بە هەمان شێوەی دێڕی یەکەم و دووەم لەبەری دەکەین.
  • پاشان دێڕی یەکەم و دووەم و سێیەم بەیەکەوە دەبەستینەوە و دە جار بێ هەڵە بە لەبەر دووبارەی دەکەینەوە.
  • پاشان دێڕی چوارەم بە هەمان شێوەی دێڕی یەکەم و دووەم و سێیەم لەبەردەکەین.
  • پاشان دێڕی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم  بەیەکەوە دەبەستینەوە و دە جار بێ هەڵە بە لەبەر (واتە بێ ئەوەی سەیری قورئان بکەین) دووبارەی دەکەینەوە.
  • بەم شێوەیە دەڕۆین تا ئەوەی کە دەگەینە کۆتایی لاپەڕەکە.
  • پاش ئەوە ماوەی دە خولەک پشوویەک وەردەگرین و شتێکی فێنککەرەوە وەک شەربەتێک دەخۆینەوە بۆ ئەوەی دووبارە وزەمان بە بەردا بێتەوە.
  • پاش پشووەکەمان دێینەوە و ئەو لاپەڕەی کە ئێستە لەبەرمان کرد, دە جار بە لەبەر (واتە بێ ئەوەی سەیری قورئان بکەین) بێ هەڵە دەیڵێینەوە بۆ ئەوەی زۆر بە جوانی بچەسپێت لە مێشکماندا و لەبیرمان نەچێتەوە.

چەند تێبینییەک دەربارەی لەبەکردنی قورئانی پیرۆز

  • تاوەکو زۆر بە جوانی و بێ هەڵە لاپەڕەیەک لەبەرنەکەیت, ئەوە دەست بە لەبەرکردنی لاپەڕەیەکی نوێ مەکە.
  • تاوەکو زۆر بە جوانی و بێ هەڵە سورەتێک لەبەرنەکەیت, ئەوە دەست بە لەبەرکردنی سورەتێکی نوێ مەکە.
  • تاوەکو زۆر بە جوانی و بێ هەڵە جوزئێک لە قورئان لەبەرنەکەیت, ئەوە دەست بە لەبەرکردنی جوزئێکی نوێ مەکە.


سەرچاوەکان



908 بینین