حەوت بەربەستە سەرەکیەکەی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-15-02:06:00 - کۆدی بابەت: 5891
حەوت بەربەستە سەرەکیەکەی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

قورئانی پیرۆز کۆتا پەیامی خودای گەورەیە کە دابەزیوە بۆ جنۆکەکان و مرۆڤەکان, وە لە ڕێی لەبەرکردن و کارکردن بە قورئانەوە دەتوانین خۆشەویستی خودای گەورە بە دەستبهێنین, وە ئاشکرایە کە لەبەرکردنی قورئانیش خولیا و ئارەزووی زۆرێک لە موسڵمانانە, خودای گەورە فەرموویەتی کە قورئان لەبەرکردن و لێ تێگەیشتن لێی ئاسان کراوە بۆ هەموو کەسێک, وەک دەفەرموێت: (ولقد یسرنا القرآن للذكر فهل من مدكر) (القمر: 17), کەواتە دەسا کێ ئەیەوێت قورئانی پیرۆز لەبەربکات و لێی تێبگات با بێتە پێشەوە, بە دڵنیاییەوە خودای گەورەش یارمەتی دەدات و بۆی ئاسان دەکات.

بەربەستەکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

نەبوونی نیەتێکی پاک و دڵسۆزی (إخلاص) بۆ خودای گەورە و بەردەوامبوون لەسەر گوناهـ.

کە ئەمەش یەکێکە لە بەربەستە سەرەکیەکانی ڕێی لەبەرکردنی قورئان, پێدەچێت ئەو کەسەی کە قورئانەکە لەبەردەکات, نیەتی بۆ خودای گەورە نەبێت بەڵکو نیەتی خۆ دەرخستن بێت و بۆ ڕووپامایی بێت, یا لەوەچێ نیەتی بۆ خودا بێت بەڵام لەگەڵیشیدا شتیتر تێکەڵ بە نیەتەکەی بکات, لە هەردوو حاڵەتەکەدا هەر نابێت, پێویستە نیەتی موسڵمان لە هەموو کارێکیدا تەنها و تەنها بۆ خودای گەورە بێت و بە هیچ جۆرێک هیچ شتێکی تر تێکەڵ بە نیەتی نەکات, دەکرێت مرۆڤی موسڵمان هەمیشە داوای دڵسۆزی (إخلاص) و نیەت پاکی لە خودای گەورە بکات و داوا بکات کە خودای گەورە بیپارێزێت لە ڕووپامایی.

بە هەمان شێوە گوناهـ وا لە مرۆڤ دەکات کە حەزی بۆ پەرستشەکان نامێنێت و حەزی بەرەو گوناهـ زیاد دەکات و بەلایەوە ئاسایی دەبێتەوە, هەر بۆیە پێویستە خۆمان بپارێزین لە گوناهـ چ بچووکی بێت یا گەورە, خۆما بپارێزین لە گرنگی پێدانێکی ڕادەبەدەر بە کار و بارەکانی دوونیاوە بۆ ئەوەی دڵمان زۆر پەیوەست نەبێ پێیەوە.

بەربەستە دەروونیەکان

بەربەستی دەروونی زۆر هەیە کە زۆر کەس پێیانەوە دەناڵێنن, ئەو حەوت بەربەستانە وەک خەیاڵێک وایە کە ئەو کەسانە بۆ خۆیان دروست کردووە و بە بۆنەیانەوە لە لەبەرکردنی قورئان دەترسن, بۆ نموونە

  • من ناتوانم قورئان لەبەربکەم.
  • قورئان لەبەرکردن زۆر قورسە.
  • قورئان لەبەرکردن تەنها بۆ منداڵەکانە, وە من ئێستا گەورەبووم و ناتوانم.
  • با تۆزێک واقیعی بین, من چۆن 30 جوزء قورئانم پێ لەبەردەکرێ, من زۆر مەشغوڵم, کاتم نیە.
  • یادگەی من زۆر لاوازە, قورئانم پێ لەبەر ناکرێت.
  • قورئان لەبەرکردن پێویستی بە کەسە لێهاتوو و عەبقەریەکانە, وە من یەکێک نیم لەوان.
  • من سەرپێچی خودای گەورەم کردووە, بۆیە ناتوانم قورئان لەبەربکەم.

ئەمانە ئەو حەوت بەربەستی سەرەکین لەو بەربەستە دەروونیانە کە ئەو کەسانە دەیڵێن بۆ ئەوەی خۆیان بپەڕێننەوە لە لەبەرکردنی قورئان, پێویستە کە وشەی جوان بەکاربهێنین, هەر وشەیەکی جوان کلیلێکە لە مێشکی مرۆڤدا, ئێمە زیاتر لە دە بلیۆن دەمارە خانەمان هەیە, ئیتر چۆن ناتوانین کە قورئانی پیرۆز لەبەرکەین, تەنها پێویستمان بە نیەتێکی پاک و لێبڕان و پلانێکی باش هەیە, دڵنیابە کە خودای گەورە زۆر بەخشندەیە.

بیر و بۆچوونە ناوەکیەکان

بچۆرە ناو سەنتەری بیرکردنەوە و بیروبۆچوونەکانت, وە ئەو ڤایرۆسانە لاببە کە دەبنە بەربەست لە ڕێتدا بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز, ئەم نموونانەی خوارەوە هەندێک بیروبۆچوونن کە لە هەر مێشکیدا هەبێت پێویستە بە زووترین کات لە مێشکی خۆی بیسڕێتەوە, لەو بیر و بۆچوونانەش:-

  • قورئان لەبەرکردن گرنگ نیە, کارپێکردنی گرنگە, ئەمە یەکێکە لەو بیر و بۆچوونانە, هەرچەندە ئەو قسەی کە ئەم کەسانە دەیکەن لە بنەڕەتدا بەشێکی ڕاستە, کە ئەویش ئەوەیە کە قورئان پێویستە کاری پێبکرێت لە ژیانی ڕۆژانەدا و ڕەنگدانەوەی هەبێت, بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێن کە بڵێین کەواتە ئێمە قورئان لەبەرناکەین, بەڵکو ئێمە دەڵێین کە قورئان لەبەرکردن ڕێگەیە بۆ کارپێکردن بە قورئان, تۆ هەتا ئایەتێکت نەبیستبێت و نەتخوێندبێتەوە و لەبەرت نەبێت و لە ماناکەی تێنەگەشتبی و لێی ورد نەبووبیتەوە, ئەوا چۆن دەتوانی کە کاری پێبکەیت.
  • نەبوونی متمانەی تەواو بە تواناکانی خۆت, پێویستە متمانەیەکی تەواومان هەبێت بە تواناکانی خۆمان, دڵنیابین کە خودای گەورە یارمەتیمان دەدات هەروەک چۆن بەڵێنی پێداوین, بەڵام پێویستە کە ئێمە هەموو توانای خۆمان بخەینە گەڕ و هۆکارەکان بگرینە بەر.
  • نەبوونی حەز بۆ لەبەرکردنی قورئان, زۆرجار کە کەسێک حەزی لە لەبەرکردنی قورئان نیە, وای لێدێت کە ئەم کەسە دووردەکەوێتەوە لە قورئان بە هەموو شێوەیەک, ئەگەر حەزت لە لەبەرکردن نیە, ئەوا دەتوانی گوێی لێ بگریت یا بیخوێنیەوە, نەک هەر لێی دوورکەویتەوە.
  • ترسان لە لەبریچوونەوەی قورئان, زۆر کەس دەڵێن کە قورئان لەبەرناکەین لەبەر ئەوەی دەترسین لەبیرمان بچێتەوە, کە ئەمەش بیروبۆچوونێکی هەڵەیە, لەبەر ئەوەی کە پێویستە تۆ هەموو توانایەکت بخەیتە گەڕ وە ڕۆژانە پێداچوونەوەت هەبێت, ئەوا ئەوکات بە ئیزنی خودای گەورە قورئانت لەبیر ناچێتەوە.

جێبەجێ نەکردنی ڕێگاکانی لەبەرکردنی قورئان

ئەمە یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی وازهێنان لە لەبەرکردنی قورئان, لەبەر ئەوەی ئەو کەسە کە واز دەهێنێت حەز وخولیای هەیە لە لەبەرکردنی قورئان, بەڵام هۆکارەکان ناگرێتە بەر, بۆ نموونە:

  • قورئان لەبەر دەکات بەڵام پێداچوونەوەی بۆ ناکات.
  • قورئان لەبەردەکات بەڵام زۆر دووبارەی ناکاتەوە.
  • کاتێکی گونجاوی بۆ دانانێت.
  • ڕاڤە (تەفسیر) ـەکەی ناخوێنێتەوە.
  • پلانێکێ نیە کە بزانێت ڕۆژانە پێویستە چەندێک لەبەربکات و چەندێک پێداچوونەوە بکاتەوە.
  • مامۆستایەکی نییە کە قورئانەکەی لێ بپرسێتەوە.
  • زۆر لەبەرکردن, واتە ئەو کەسە زۆر لەبەر دەکات بەبێ ئەوەی زۆر دوبارەی بکاتەوە و ئەو بەشە جوان زەبت کات.
  • چوونە جوزئێکی تازە پێش ئەوەی ئەو جوزئە تازەی کە لەبەری کردووە زەبت ـی کردبێت.

قورئان لەبەرکردن بە زۆر و لە ژێر پاڵە پەستۆدا و بە ترساندن

کە ئەمەش یەکێکە لەو بەربەستانەی کە وادەکات بەشێک لەوانەی قورئان لەبەر دەکەن واز بهێنن, لەبەر ئەوەی مێشکی مرۆڤ لە ژێر ترساندن و هەڕەشەدا کار ناکات, بەڵکو بە پێچەوانەوە گەشە دەسەنێت کاتێک شتێک دەکات بە حەز و خولیای خۆی, بۆیە گەر یەکێک حەزی لە قورئان لەبەرکردن نەبێت, ئەوا پێویستە حەزی بۆ دروست بکرێت, نەک بە زۆر پێی لەبەربکرێت، کە ئەمەش زیاتر لە منداڵاندا ڕوودەدات, کاتێک منداڵ حەزی لە قورئان لەبەرکردن نیە ئەوا پێویستە حەز و ئارەزووی بۆ قورئان لەبەرکردن بۆ دروست بکرێت, پێویستە هان بدرێت و دیاری بۆ بکڕدرێت, پێویستە قورئانەکەی لا شیرین و خۆشەویست بکەیت, بۆ ئەوەی ئەویش قورئانەکەی خۆش بوێت و هەموو دەم و ساتێک لە خزمەتیدا بێت.

ساردبوونەوە و دابڕان و بەردەوام نەبوون

ئەمەش یەکێکە لەو بەربەستانەی کە زۆر کەس بەهۆیەوە واز لە قورئان لەبەرکردن دێنێت, پێویستە دەست بە قورئانەوە بگرین, هەمیشە لە خزمەتیدا بین, تەمەڵ نەبین لەوەی کە ڕۆژانە بیکەینە کاری سەرەکی ڕۆژەکەمان, پێویستە دەستی پێوە بگرین وەک پێغەمبەر ﷺ فەرمانی پێکردووین, پێویستە جددی بین و کاتێکی باش تەرخانکەین و لە خزمە قورئانی پیرۆزدا بین بە گوێگرتن و خوێندنەوەی و لەبەرکردنی و لێوردبوونەوەی و کارپێکردنی, دووعا بکەین کە خودای گەورە تەوفیقمان بدات و خزمەتی قورئانی پیرۆزمان پێبکات.

نەبوونی هاوڕێیەکی قورئانی

نەبوونی هاوڕییەکی باش یان دەتوانین بڵێین هەبوونی برادەری خراپ یەکێکە لەو بەربەستانەی کە دەبنە هۆی وازهێنان لە لەبەرکردنی قورئان, برادەری خراپ لە قورئان لەبەرکردن دورت دەخاتەوە, هەروەک وتراوە: (الصاحب ساحب), واتە: هاوڕێ ڕاکێشەرە, یا بۆ چاکە یا بۆ خراپە پەنا بە خودای گەورە, هەروەها دەربارەی هاوڕێیەتی وتراوە: (الصداقة قلیلة الحروف کثیرة المعانی), واتە: وشەی هاوڕێیەتی پیتەکانی کەمن, بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە زۆر مانا بەخش و گەورەیە, پێغەمبەر ﷺ فەرمویەتی کە مرۆڤ لەسەر ڕێچکە و ڕێباز و دینی هاوڕێکەیەتی, جا با ئێوە سەیرکات بزانێت کێ دەکاتە هاوڕێیەتی، هەروەها وتراوە: (الرفیق قبل الطریق), واتە: پێش ئەوەی ڕێگەکەت هەڵبژێری ئەوا هاوڕێیەکی دڵسۆز و چاک هەڵبژیرە.


سەرچاوەکان



1311 بینین