ڕێگاکانی چارەسەری بەرگری دژ بە ئەنسۆلین

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-18-02:20:00 - کۆدی بابەت: 5941
ڕێگاکانی چارەسەری بەرگری دژ بە ئەنسۆلین

ناوه‌ڕۆك

بەرگری لەش بەرامبەر ئەنسۆلین 

بەرگری لەش بەرامبەر ئەنسۆلین حاڵەتێکە کە خانەکانی لەش بەرگری دەکەن دژ بە کاریگەرییەکانی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین کە لە پەنکریاسدا دەردەدرێت، کە وەکوو کلیلی گواستنەوەی گلۆکۆز لە خوێنەوە بۆخانەکانی بەرهەمهێنانی وزە کاردەکات، بەڵام هەندێک جار ئەم کردەی قوفڵ و کلیلە کار ناکات و دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی گلوکۆز لە خوێندا تەنانەت پاش ئەوەی پەنکریاس بڕێکی زیاتری ئەنسولۆینەکەش دەردەدات، هۆکاری ئەم لەکارکەوتنە و بەرگەییەی خانەکان دژ بە ئەنسۆلین تاکوو ئێستاش ناڕوونە. 

نیشانەکانی بەرگری بەرامبەر ئەنسۆلین

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا توشبووانی بەرگری دژ بە ئەنسۆلین هیچ نیشانەیەک دەرناخەن، تەنانەت دەکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر حاڵەتەکی هەبێت بەبێ ئەوەی نەخۆش پێی بزانێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا کەسانی توشبوو پەڵەی تاریک لەسەر پێستیان دەردەکەوێت لە ناوچەکانی قوڕگ و ئانیشک و ئەژنۆ و دەستەکان و قۆڵەکان. 

هۆکارەکانی بەرگری دژ بە ئەنسۆلین

لەگەڵ ئەوەی هۆکاری تەواوی بەرگری دژە ئەنسۆلین ڕوون نییە تا ئێستاش، بەڵام هەندێک هۆکار هەن پەیوەندییان بە بەرگری دژە ئەنسۆلینەوە هەیە، لەوانەش: 

  • قەڵەوی
  • خواردنی خۆراکی پڕ لە کالۆری. 
  • کەمی چەلاکی جەستەیی. 
  • وەرگرتنی ژەمی زۆری ستیرۆید. 
  • قەلەقی درێژخایەن.
  • نەخۆشی فرە کیسی هێلکەدان، یان نەخۆشی کوشینگ. 

ئەو کەسانەی ئەگەری توشبوونیان زیاترە بە بەرگری دژە ئەنسۆلین

هەندێک کەس ئەگەری توشبوونیان زیاترە بە بەرگری دژە ئەنسۆلین بە بەراورد بە کەسانی دی، وەکوو:

  • مێژوویەکی خێزانیی لە شەکرەی جۆری دوو
  • مێژوویەکی تاکە کەسی وەکوو شەکرەی کاتی دووگیانی
  • ئەو کەسانەی تەمەنیان سەروو ٤٥ ساڵە. 
  • ئەو کەسانەی کە لە ئەسڵدا ئیسپانین، یان ئەمریکییەکی ئەفریقین، یان ئەمریکی ئەسڵن، یان ئەمریکی ئاسیایی.
  • ئەگەر هاتوو پێوانەی کەمەریان لە ١٠١ سم زیاتر بوو کە پیاوان و ٨٩ سم زیاتر بوو لە ئافرەتاندا. 
  • هەبوونی مێژووی خێزانی بەرزە پەستانی خوێن یان بەرزبوونەوەی چەوری سیانی.

پێویستە ئاگاداری ئەوەبین کە هۆکارەکانی مەترسی توشبوون بەرگری دژە ئەنسۆلین هاوشێوەی هۆکارەکانی توشبوونە بە شەکرەی جۆری یەک و دوو، بەڵام گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان دەکرێ یارمەتیدەربێت لە بەکارهێنانی ئەنسۆلین بە شێوەیەکی دروست، کە ئەویش ئەگەری توشبوون بە شەکرە کەم دەکاتەوە.

دەستنیشانکردنی بەرگری دژە ئەنسۆلین

چەند ڕێگایەک هەیە بۆ دەستنیشانکردنی توشبوون بە بەرگری دژە ئەنسۆلین کە یارمەتیدەرە لە دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنی چارەسەری بەرگری بەرامبەر ئەنسۆلین، بۆ نموونە هەبوونی بڕێکی زۆری ئەنسۆلین لە خوێندا لەکاتی بەڕۆژووبوون نیشانەی بەرگری خانەکانە دژ بە ئەنسۆلین، دەکرێت چەند پشکنینێکی تریش ئەنجام بدرێت، وەکوو:

  • پشکنینی HOMA-IR کە بەرگری دژ بە ئەنسۆلین دەخەمڵێنێت لەڕێگەی پێوانی شەکر و ئەنسۆلینی ناو خوێن و تا ڕاددەیەک پشکنینێکی ورد و تەواوە. 
  • هەروەها چەند ڕێگەیەکی تریش هەیە بۆ پێوانی ڕێژەی کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، وەکوو تاقیکردنەوەی توانای بەرگەگرتنی گلوکۆزی دەمی، کە بڕێک شەکر دەدرێت بە کەسەکە و پاشان پێوانەی ئاستی شەکری ناو خوێن دەکرێت بۆ چەند کاتژمێرێک. 
  • زۆری کێش و قەڵەوییەوە، بەتایبەت لەکاتی هەبوونی بڕێکی زۆری چەوری لە دەوروپشتی ناوچەی سک، ئەوە ئەگەری هەبوونی بەرگری دژی ئەنسۆلین لە لەشدا زۆر بەرزە. 
  • هەروەها حاڵەتێکی نەخۆشی پێست هەیە پێی دەوترێت acathosis nigrans، کە هەندێک پەڵەی تاریک دەردەکەون کە دەکرێت ئاماژەبن بۆ بەرگری دژە ئەنسۆلین. 
  • هەبوونی بڕێکی کەمی کۆلیسترۆڵی باش HDL و بەرزبوونەوەی چەوری سیانی لە خوێندا لەو نیشانانەی ترە کە پەیوەندی هەیە بە بەهێزی بەرگری دژ بە ئەنسۆلینەوە. 

چارەسەری بەرگری دژ بە ئەنسۆلین

چارەسەری بەرگری دژ بە ئەنسۆلین زۆرجار لە ڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیانەوە دەبێت، وەکوو: گۆڕینی سیستمی خۆراکی و وەرزش و خۆپارێزی لە نەخۆشی، یان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرمانەوە، کە دەکرێت چارەسەری بەرگری دژ بە ئەنسۆلین بکرێت بە دوو ڕێگا: 

  • چارەسەری بەرگری دژە ئەنسۆلین بە کەمکردنەوەی پێویستی لەش بۆ ئەنسۆلین. 
  • زیادکردنی هەستیاری خانەکان بۆ ئەنسۆلین بەهەمان شێوە لە چارەسەری بەرگری دژ بە ئەنسۆلیندا بەکاردێت.

ئەو دەرمانانەی بەکاردێن بۆ چارەسەری بەرگری دژی ئەنسۆلین

مێتفۆرمین دەرمانێکە بەکاردێت بۆ چارەسەری نەخۆشی شەکرەی جۆری ٢، لە ڕێگەی ئەنجامدانی دوو چالاکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن، کە هەڵدەستێت بە کەمکردنەوەی دەردانی گلوکۆز لەلایەن جگەرەوە، هەروەها هەستیاری خانەکان بۆ ئەنسۆلین زیاد دەکات کە پێکەوە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی گلوکۆزی ناو خوێن، بە هەمان ڕێگاش هەڵدەستێت بە کەمکردنەوەی ئاستی ئەنسۆلینی خوێن چونکە بە کەمبوونەوەی

گلوکۆزی خوێن ئەنسۆلینی خوێنیش کەم دەکات کە لەلایەن پەنکریاسەوە دەردەدرێت کە ئەمەش هاوکارە لە چارەسەری بەرگری دژە ئەنسۆلین، بە گشتی مێتفۆڕمین دەرمانێکی سەلامەتە لەکاتی بەکارهێنانیدا وێڕای ئەوەی پەیوەندی هەیە بە چەند کێشەیەکی کۆئەندامی هەرسەوە.

خۆپارێزی لە بەرگری دژە ئەنسۆلین

بۆ ڕێگری لە ڕوودانی کێشەکان و چارەسەری بەرگری دژە ئەنسۆلین دەکرێت وەرزش ئەنجام بدرێت بۆ ماوەی ٣٠ خولەک ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە ٥ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا و سیستمێکی خۆراکی هاوسەنگ، هەروەها لەدەستدانی کێش تەنانەت گەر لە سەدا ٧ ی کێشیش بێت ئەگەری توشبوون بە شەکرە کەم دەکاتەوە، هەروەها گۆڕینی شێوازی ژیان بە باشترین ڕێگا دادەنرێت بۆ دەستکەوتنی ئاستی ئاسایی گلوکۆز لە خوێندا و چارەسەری بەرگری دژ بە ئەنسۆلین. 

پارێزێکی تایبەت بۆ چارەسەری بەرگری دژ بە ئەنسۆلین

دەکرێت پێویستی لەش بۆ ئەنسۆلین کەم بکرێتەوە لە ڕێی گۆڕانکاری لە سیستمی خۆراکی، بەتایبەتیش کاربۆهیدرات لە سیستمی خۆراکیدا، لەبەر ئەوەی کاربۆهیدرات بە شێوەیەکی خێراتر بڕی گلوکۆزی ناو خوێن زیاد دەکات و ئەمەش پێویستی بە دەردانی ئەنسۆلینێکی زیاترە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی گلوکۆزی ناو خوێن، لە نمونەی ئەو کاربۆهیدراتانەی دەبنە هۆی زیادبوونی خێرای ئاستی گلوکۆز لە خوێندا بریتین لە: 

  • شەکری نەپاڵێوراو وەکوو شەربەتی میوەکان و شەکری خۆراک.
  • نانی سپی. 
  • کێک و پەتاتەی هاڕاو و گەنمەشامی و پەتاتەی برژاو.

بەرگری دژە ئەنسۆلین و قەڵەوی

خانە چەورییەکانی سک دەکرێت هاوسەنگی و ڕۆڵی هۆڕمۆنەکانی وەکوو لێپتین و ئەدیپۆنێکتین لەکار بخات، کە بڕوا وایە ڕۆڵیان هەیە لە وەڵامدانەوەی لەش بۆ ئەنسۆلین، ئەگەر ئەم بەرگرییە بەبێ چارەسەر جێ بهێڵرێت، ئەوە تەنها نابێتە هۆی نەخۆشی شەکرە، بەڵکوو دەکرێت ببێتە هۆی قەڵەوی و بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێز هەیە کە نێوان قەڵەوی ناوچەی سک و بەرگری دژە ئەنسۆلین بەبێ ڕەچاوکردنی کێشی لەشی گشتی، دەکرێت بڕی چەوری ناوچەی سک بزانرێت لە ڕێی پێوانەکردنی ڕێژەی کەمەر بۆ ئێسکی سێبەند (حەوز)، لە ڕێی پێوانەکردنی کەمەر لە تەسکترین خاڵدا و پێوانی ئێسژی سێبەند لە دوورترین خاڵیدا بەدەوری سمتەکاندا و دواتر پێوانەی کەمەر بەسەر حەوزدا دابەش دەکرێت، ڕێژەی ١ زیاتر لە پیاوان و ٠,٨ لە ئافرەتاندا ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ئەگەری توشبوون بە بەرگری دژی ئەنسۆلین.


سەرچاوەکان



1128 بینین