پێنج هەنگاو بۆ باشتربوونی باری دەروونی

له‌لایه‌ن: - چیا طیب چیا طیب - به‌روار: 2024-07-24-19:08:00 - کۆدی بابەت: 13680
پێنج هەنگاو بۆ باشتربوونی باری دەروونی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پێنج هەنگاو بۆ باشتربوونی باری دەروونی (بە عەرەبی: خمسة خطوات للرفاهية العقلية، بە ئینگلیزی: Five steps to mental wellbeing)، بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێنج هەنگاو هەیە و دەتوانیت بیانگریتەبەر بۆ بەهێزبوون و باشتربوونی تەندروستی باری دەروونی. تاقیکردنەوەی ئەم هەنگاوانە دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە هەستکردن بە ئەرێنی زیاتر و سوود وەرگرتن لە دەرفەت و ئەزموونەکانی ژیان. 

گرنگترین پێنج هەنگاو بۆ باشتربوونی باری دەروونی

پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا

پەیوەندی باش بۆ تەندروستی باری دەروونیت گرنگە. لەبەرئەوەی، دەتوانن: 

  • یارمەتیت بدەن لە بنیاتنانی پەیوەندی زیاتر لەگەڵ کەسانی دیکەدا و زیاتر هەستکردن بە بەهای خۆت. 
  • دەرفەتێکت پێببەخشن بۆ هاوبەشیکردنی ئەزموونە ئەرێنییەکان. 
  • پاڵپشتی سۆزداری دابین بکەن و ڕێگەت پێبدەن پشتگیری کەسانی دیکە بکەیت.

زۆر شت هەیە کە دەتوانیت هەوڵبدەیت و ئەنجامیان بدەیت وەک یارمەتیدەرێک بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێزتر و نزیکتر:

ئەنجامدان 

  • ئەگەر گونجا، هەموو ڕۆژێک کات تەرخان بکە بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەت بیت، بۆ نموونە، هەوڵبدە کاتێکی دیاریکراو بۆ خواردنی نانی ئێوارە تەرخان بکەیت.
  • ڕۆژێک ڕێکبخە بۆ چوونە دەرەوە و کات بەسەربردن لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە ماوەیەکە نەتبینیون. 
  • هەوڵبدە تەلەفیزیۆن بکوژێنیتەوە بۆ قسەکردن یاخود یاری کردن لەگەڵ منداڵەکانت، هاوڕێکانت یاخود خێزانەکەت.
  • نانی نیوەڕ لەگەڵ هاوپیشە یاخود هاوپۆلێکدا بخۆ. 
  • سەردانی هاوڕێیەکت یاخود ئەندامێکی خێزانەکەت بکە، کە پێویستی بە پشتگیری یاخود هاوکاریی هەیە.
  • ببە بە خۆبەخش لە قوتابخانە، نەخۆشخانە یاخود ڕێکخراوێکی ناوخۆیی.
  • سودی تەواو لە تەکنەلۆژیا وەربگرە بۆ مانەوەی پەیوەندیت لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت. کاربەرنامەکانی وەک سکایپ Skype و فەیس تایم FaceTime بەسوود و یارمەتیدەرە، بەتایبەتی ئەگەر دوور لە یەکتر بژین.  

ئەنجام نەدان  

  • تەنها پشت بە تەکنەلۆژیا یاخود تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان مەبەستە بۆ دروستکردن و بنیاتنانی پەیوەندی. ئاسانە بچیتە ناو خوویەکەوە کە وات لێبکات تەنها نامە یاخود ئیمەیڵ بۆ خەڵکی بنێریت.

ببە بە کەسێکی جەستە چالاک

چالاک بوون تەنها بۆ تەندروستی جەستەیی و لەشجوانی بەسوود و باش نییە، بەڵکوو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەتوانێت تەندروستی باری دەروونیشت باشتر بکات، لەڕێی:

  • بەرزکردنەوەی ئاستی بڕوا بەخۆبوون. 
  • یارمەتیت دەدات لە دانانی ئامانج وهەوڵدان و گەیشتن پێیان. 
  • دەبێتە هۆی گۆڕانکاری کیمیایی لە مێشکتدا و ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی باری دەروونیت بە شێوەیەکی ئەرێنی. 
  • دەربارەی ڕێنماییەکانی وەرزشکردن و ڕاهێنانەکان بخوێنەوە بۆ یارمەتیدان لەباشترکردنی لەشجوانی و تەندروستیت.

ئەنجامدان

  • خوێندنەوە دەربارەی ڕاکردن و ڕاهێنانەکانی ئایرۆبیک بۆ یارمەتیدان لە جوڵەکردن و باشترکردنی لەشجوانیت.
  • خوێندنەوە دەربارەی ڕاهێنانی هێز و نەرمی و کشان بۆ زیادکردنی هێزی ماسولکەکان و باشترکردنی هاوسەنگی و کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان.
  • ئەگەر تۆ بەکارهێنەری کورسی خاوەن پێداویستی تایبەتیت، ئامۆژگارییەکانی لەشجوانی تایبەت بە بەکارهێنەرانی کورسی خاوەن پێداویستی تایبەت بخوێنەوە. 

ئەنجام نەدان

  • هەست بەوە مەکە کە پێویستە چەند کاتژمێرێک لە هۆڵی وەرزشیدا بەسەر ببەیت. باشتر وایە ئەو چالاکیانە بدۆزیتەوە وئەنجامیان بدەیت کە چێژی لێ وەردەگریت و بیانکەیت بە بەشێک لە ژیانت. 

فێربوونی کارامەیی نوێ

توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە فێربوونی کارامەیی نوێ دەتوانێت باری دەروونییت باشتر بکات، لەڕێی: 

  • زیادکردنی ئاستی متمانە بەخۆبوون و قەدرزانینی خۆت. 
  • یارمەتیت دەدات لە پەرەپێدان و بنیاتنانی هەستکردن بە ئامانج، واتا هەبوونی ئاراستەیەکی دیاریکراو لە ژیاندا.
  • یارمەتیت دەدات بۆ پەیوەندی بەستن لەگەڵ کەسانی دیکەدا.

تەنانەت ئەگەر هەستیشت کرد کە کاتی پێویستت نیە، یاخود لەوانەیە پێویست نەکات شتی نوێ فێرببیت، زۆر ڕێگای جیاواز هەیە بۆ فێربوونی شتی نوێ و ئاڕاستە کردنیان بۆ ژیانت. هەندێک لەو شتانەی کە دەتوانیت تاقیان بکەیتەوە بریتین لە:

ئەنجامدان

  • هەوڵبدە فێری چێشتلێنانی خواردنێکی نوێ ببیت. سەبارەت بە خواردنی خۆراکێکی تەندروست و هاوسەنگ. 
  • هەوڵبدە بەرپرسیارێتییەکی نوێ لە کارەکەتدا لە ئەستۆ بگریت، وەک ئامۆژگاریکردنی کارمەندێکی بچووک یاخود پەرەپێدانی تواناکانی پێشکەشکردن. 
  • کار لەسەر پرۆژەیەکی DIY بکە کە بەواتایی کارکردن دێت لەلایەن خودی خۆتەوە، وەک چاککردنەوەی پاسکیلێکی شکاو، دەروازەی باخچە یان شتێکی گەورەتر. چەندین ڤیدیۆی فێرکاری بێبەرامبەری ئۆنلاین هەیە، کە دەتوانیت سەیریان بکەیت.
  • بیر لە ناو تۆمارکردن بکەوە دەربارەی کۆرسێک لە کۆلێژێکی ناوخۆیی. دەتوانیت هەوڵبدەیت زمانێکی نوێ فێر ببیت یاخود شارەزاییەکی کرداری وەک بۆڕیچێتی. 
  • خولیای نوێ تاقی بکەوە کە سەرقاڵت دەکەن، وەک نووسینی بلۆگ کە بەواتایی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕێک و بڵاوکردنەوەی زانیاری دێت تیایدا، دەستکردن بە وەرزشێکی نوێ یاخود فێربوونی وێنەکێشان.

ئەنجام نەدان 

  • هەست بەوە مەکە کە پێویستە کارامەییەکی نوێ فێربیت، لەکاتێکدا جێی سەرنجت نییە. باشتر وایە ئەو چالاکیانە ئەنجام بدەیت کە چێژی لێ وەردەگریت و بیانکەیت بە بەشێک لە ژیانت.

بەخشین بە کەسانی دیکە

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کردەوەکانی بەخشین و میهرەبانی دەتوانن یارمەتیدەربن لە باشترکردنی تەندرووستی باری دەروونی، لەڕێی:

  • دروستکردنی هەستی ئەرێنی و هەستکردن بە پاداشت.
  • وادەکات هەست بە ئامانج  و بەهای خۆت بکەیت. 
  • یارمەتیت دەدات پەیوەندی ببەستێت لەگەڵ کەسانی دیکەدا.

کە ئەمەش دەکرێت کردەوەیەکی بچووکی میهرەبانی بێت بەرامبەر بە کەسانی دیکە، یاخود کارێکی گەورەتر وەک خۆبەخشی لە کۆمەڵگایەکی ناوخۆیدا. هەندێک لەو نموونانەی کە دەتوانیت تاقیان بکەیتەوە بریتین لە:

  • وتنی سوپاس بەرامبەر کەسێک لەپای شتێک کە بۆی کردوویت.
  • پرسیارکردن لە خێزانەکەت، هاوڕێکانت یاخود هاوپیشەکانت کە چۆنن و بە ووردی گوێگرتن لە وەڵامەکانیان.
  • بەسەربردنی کات لەگەڵ هاوڕێ یاخود خزمەکانت، کە پێویستیان بە پشتگیری یاخود هاوکاریی هەیە.
  • پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ کەسێک کە دەیناسیت لە پرۆژەیەکی DIY یاخود پڕۆژەیەکی کار. 
  • ئەنجامدانی کاری خۆبەخشی لە کۆمەڵگاکەتدا، وەک یارمەتیدانی قوتابخانە، نەخۆشخانە یاخود خانەی چاودێری.

گرنگیدان بە ساتەوەختی ئێستا (هۆشیاری)

گرنگیدانی زیاتر بەو ساتەوەختەی تیایدا دەژیت، دەتوانێت تەندروستی باری دەروونیت باشتر بکات. ئەمەش بیر و هەستەکانت و جەستەت و جیهانی دەوروبەرت دەگرێتەوە. هەندێک کەس ئەم بەئاگاییە بە "هۆشیاری" ناودەبەن. هۆشیاری دەتوانێت یارمەتیت بدات زیاتر چێژ لە ژیان وەربگریت و باشتر لە خۆت تێبگەیت. دەتوانێت بە شێوەیەکی ئەرێنی هەستت بە ژیان و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان بگۆڕێت.


سەرچاوەکان



255 بینین