ناوهڕۆك
ناساندن
لوکا پاچیۆلی (بە ئینگلیزی: Luca pacioli، بە عەرەبی: لوکا باتشولي) لوکا بارتۆلۆمیۆ دی پاسیۆلی (هەندێکجار پاسیۆلی یان پاچیۆلۆ) زانایەکی ماتماتیکی و قەشەی فرانسیسەکانە، لوکا پاچیۆلی لە نێوان ساڵانی ١٤٤٦ بۆ ١٤٤٨ لە شاری توسکانی ئیتاڵیا لەدایک بووە، هەر لەو وڵاتە خوێندنی لە ڕێگاکانی بازرگان و بازرگانی سەدەی ناوەڕاست وەرگرتووە. بە تێپەڕبوونی کات، حەز و ئارەزووی بۆ بیرکاری وای لێکرد ببێتە مامۆستایەکی شارەزا لەو بوارەدا، هەروەها کتێبێکی لەسەر بیرکاری نووسی بۆ ئەوەی یارمەتی خوێندکارەکانی بدات. لە ساڵانی ١٤٧٢-١٤٧٥دا، پاسیۆلی بوو بە قەشەی فرانسیسکان، بەڵام کۆتایی بە ژیانی مامۆستایی نەهێنا. بە باوکی ژمێریاری دادەنرێت. لە ١٩ی حوزەیرانی ١٥١٧ لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
ژیانی
لوکا پاسیۆلی لە نێوان ساڵانی ١٤٤٦ بۆ ١٤٤٨ لە شارۆچکەی سانسێپۆلکرۆی توسکان لەدایکبووە، لەوێ خوێندنی ئاباکۆی وەرگرتووە. باوکی ناوی بارتۆلۆمیۆ پاسیۆلی بوو. لە دەوروبەری ساڵی ١٤٦٤ ڕووی لە ڤێنیز کردووە و لەوێ درێژە بە خوێندنی خۆی دا لەکاتێکدا وەک مامۆستای وانەبێژ بۆ سێ کوڕەکەی بازرگانێک کاریدەکرد. هەر لەم قۆناغەدا بوو کە یەکەم کتێبی خۆی نووسی، کە لە بارەی بیرکاری بوو بۆ ئەو کوڕانەی کە وانەبێژی بۆ ئەوان دەکرد. لە نێوان ساڵانی ١٤٧٢ بۆ ١٤٧٥ بووەتە قەشەی فرانسیسکان. بەم شێوەیە دەتوانرێت بە ناوی فرا لوکا ناوی ببرێت.
لە ساڵی ١٤٧٥ وەک مامۆستایەکی تایبەت لە پیرۆجیا دەستی بە وانەوتنەوە کردووە پێش ئەوەی لە ساڵی ١٤٧٧ ببێتە سەرۆکی یەکەمی بیرکاریزانەکان، لەم ماوەیەدا کتێبێکی خوێندنی گشتگیری بە زمانی خۆماڵی بۆ خوێندکارەکانی نووسیوە.
لە ساڵی ١٤٩٤ یەکەم کتێبی بە ناوی Summa de arithmetica, geometria, Proportioni et proportionalita لە ڤێنیز بڵاوکرایەوە. لە ساڵی ١٤٩٧ بانگهێشتی دوک لودۆڤیکۆ سفۆرزا بۆ کارکردن لە میلانۆ قبوڵ دەکات. لەوێ لیۆناردۆ داڤینچی ناسی و بیرکاری فێری کرد و هاوکاری کرد، لەگەڵ لیۆناردۆ داڤینچی ژیاوە. لە ساڵی ١٤٩٩دا، پاچیۆلی و لیۆناردۆ ناچاربوون میلانۆ بەجێبهێڵن، چونکە لویسی دوازدەهەمی فەرەنسا میلانۆی داگیرکرد لەو ساڵەدا. پێدەچێت دواجار ڕێگاکانیان لە دەوروبەری ساڵی ١٥٠٦ جیابوبێتەوە. پاچیۆلی لە نزیکەی تەمەنی ٧٠ ساڵیدا لە ١٩ی حوزەیرانی ١٥١٧ کۆچی دوایی کردووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە سانسێپۆلکرۆ، وا پێشبینیکراوە کە زۆربەی ساڵانی کۆتایی تەمەنی لەوێ بەسەر بردبێت.
هەندێک لە کتێبەکانی لوکا
پاچیۆلی چەندین بەرهەمی لەسەر بیرکاری بڵاوکردۆتەوە لەوانە:
Tractatus mathematicus ad discipulos perusinos (کتێبخانەی خاتوونی ڤاتیکان، لات. ٣١٢٩): کتێبێک کە نزیکەی ٦٠٠ لاپەڕەیە و تایبەتە بە خوێندکارەکانی لە زانکۆی پیرۆجیا کە پاچیۆلی لە ساڵی ١٤٧٧ تا ١٤٨٠ وانە دەڵێتەوە.
دەستنووسەکە لە نێوان کانوونی دووەمی ١٤٧٧ و ٢٩ی نیسانی ١٤٧٨ نووسراوە، ١٦ بەشی ژمێریاری بازرگانی لەخۆدەگرێت، وەکو ئاڵوگۆڕ، قازانج، تێکەڵکردنی کانزاکان و جەبر، هەرچەندە ٢٥ لاپەڕە لە بابەتی جەبر نەماوە
سوما دی ئاریتمێتیکا، ئەندازەیی. Proportioni et proportionalita (Venice 1494): کتێبێکی فێرکارییە بۆ بەکارهێنان لە قوتابخانەکانی باکووری ئیتاڵیا بووە. کۆکراوەی زانستی بیرکاری سەردەمی خۆی بووە و یەکەم بەرهەمی چاپکراوی جەبر لەخۆگرتبوو کە بە زمانی خۆماڵی (واتە زمانی قسەکردنی ئەو سەردەمە) نووسرابوو.
De viribus quantitatis (Ms. Università degli Studi di Bologna, ١٤٩٦-١٥٠٦): نامەیەک له باره ی بیرکاری و سیحر. لە نێوان ساڵانی ١٤٩٦ بۆ ١٥٠٨ نووسراوە. یەکەم کارە کە ئاماژە بەوە دەکات کە لیۆناردۆ چەپ دەستی بووە. De viribus quantitatis دابەشکراوە بەسەر سێ بەشدا: کێشەی بیرکاری، مەتەڵ و فێڵ، لەگەڵ کۆمەڵێک پەند و بەیت. کتێبەکە بە بناغەی سیحری مۆدێرن و مەتەڵە ژمارەییەکان وەسف کراوە، بەڵام هەرگیز چاپ نەکراوە و لە ئەرشیفی زانکۆی بۆلۆنیا ماوەتەوە، کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا تەنها ژمارەیەکی کەم لە زانایان کتێبەکەیان بینیوە و خوێندویانتەوە.
ئەندازەیی (١٥٠٩)، وەرگێڕانێکی لاتینییە لە توخمەکانی ئیوکلید
کاریگەری لەسەر ژمێریاری و بازرگانی
پاچیۆلی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پراکتیکی ژمێریاری هەبوو بە وەسفکردنی شێوازی ژمێریاری دوو جار (double-entry)، کە لە بەشێک لە ئیتاڵیادا بەکاردەهێنرا. ئەمەش شۆڕشێکی گەورەی لە چۆنیەتی سەرپەرشتیکردنی کاروبارەکان کرد، ئەمەش بووە هۆی باشترکردنی کارایی و قازانج. بەشی سوماس سەبارەت بە ژمێریاری تا ناوەڕاستی سەدەی ١٦ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک کتێبی خوێندنی ژمێریاری بەکاردەهێنرا.