لیۆناردۆ داڤنشی

له‌لایه‌ن: - ئاکار قطب الدین - به‌روار: 2021-01-02-01:39:00 - کۆدی بابەت: 1035
لیۆناردۆ داڤنشی

ناوه‌ڕۆك

لیۆناردۆ داڤنشی ١٤٥٢ - ١٥١٩ ز

داڤنشی بلیمەتێکی گەورەی نێو مێژووە، خودان عەقڵێکی زانستییە. پاش چەندان سەدە ئینجا بەرهەمەکانی ناسراون و بایەخیان پێ درا. نێوەڕۆکی نووسراوەکانی، تێز و بیرکردنەوەکانی، نەخشەسازییە زانستییەکانی، دەورێکی باڵایان لە گۆڕینی ڕووپەلی جیهاندا هەبووە.
داڤنشی ئەگەر لە چاخی ئەدیسۆندا ژیابا، ئەو تەکنەلۆژیایەی چاخی نۆزدەی لەدەست بووایە، ئەوە بێگومان دەیتوانی زیاتر لە ئەدیسۆن داهێنان بکات.
داڤنشی هونەرمەندی چاخی ڕێنیسانس بووە، چەندان تابلۆی جیهانیی کێشاوە، بە نموونە: (دوا ئێوارە)، (مۆنالیزا). بەڵام ڕاستییەکەی ئەو زۆرینەی کاتەکانی بۆ سۆراخکردنی باسی زانستیی تەرخان کردووە. ئەو هیچ بوارێکی  زانستیی سەردەمی خۆی نەبووە، کاری تێدا نەکات و توێژینەوەی لە بارەوە نەکات. ئەو کاری لە هەر یەک لە زانستی: گەردونناسی، جوگرافیا، ڕووەکناسی، ئاژەڵناسی، جیۆلۆجیا، توێکاری، کردووە. لە توێکاریی تەنی مرۆڤی مردوو، چەندان بەشی جەستەی دۆزیونەتەوە و نەخشەی بۆ کێشاون. دەڵێن لە ڕووی بیناکردنی سەد و دانانی کەناڵی ئاودێری، هونەری بیناسازی، وێنەکێشان و پەیکەرسازی، خاوەنی ئەزموونێکی زۆر بووە، لە بەشێک لە سەرچاوەکان هاتووە کە داڤنشی یەکەم کەس بووە کە نەخشەی بۆ پاسکیل کێشاوە.

داڤنشی توێژینەوەی لە چەندان بواری جیاوازدا کردووە، وەک:

جووڵەناسیی هەوا

 داڤنشی هەر کۆڵینەوەیەکی کردبێت، سوودێکی لە تێبینییە تۆمار کراوەکان وەرگرتووە و لەسەر نەخشەسازیی داهێنراوەکانی جێبەجێ کردون. بە نموونە لە زانستی جوڵەناسی نەخشەی بۆ چەند فڕۆکەیەک کێشاوە کە دەکرێ بفڕن. ئەمە پێش پێنجسەد ساڵ لە داهێنانی فڕۆکە و فڕینی بە شێوە هەقیقییەکەی ئەمڕۆ.

زانستی هێزی شلەمەنی

توێژینەوەی داڤنشی لە بواری هێزی شلەمەنی (هێزی ئاو)، چەندان ئامانجی لێ کەوتۆتەوە، ئەو هاتووە وێنەی چەندان مەکینە و گالیسکەی درووست کردووە، کە بە هێزی ئاو کار دەکەن، ئەمە پێش چەندان سەدە لە سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیی. هەروەها ئەو چەندان پێوەری بۆ شێداریی زەوی، وێنەکێشاوە، وێنەی چەندان جلوبەرگی سەرەتایی بۆ چوونە ژێر ئاو کێشاوە.

داهێنراوەکانی لە ڕووی سەربازی

  داڤنشی لە نێوان ساڵانی ١٤٨٢-١٤٩٩ز، نەخشەی چەندان چەکی سەربازی کێشاوە، وەک: مووشەک،تۆپ،غەواس...

سەرنج

وێڕای ئەوەی زۆرینەی ئەو شتانەی داڤنشی نەخشەی کێشاو جێبەجێ نەکراون، بەڵام ئەوەندە بۆ ئەو بەسە کە شێوازێکی وردی زاستیی بۆ ژیانی مرۆڤەکان داهێنا، بەمەیش توانی مرۆڤ لە کونجی تاریکیی سەدەکانی نازانین و خوڕافە پەرستیی دەر بهێنێت و بەرەو پێشکەوتن ڕێنوێنیان بکات.

کورتەیەک لە ژیانی

  • لە ساڵی ١٤٦٩ز، دەچێتە فێرگەی (ڤیرۆنشی).
  • ساڵی ١٤٨٢ز، خزمەتی (دۆق میلان) کردووە.
  • لە ساڵی ١٥١٩ز، بە بانگهێشتی فرانسیسی یەکەم، دەچێتە فەڕەنسا و هەر لەوێش سەر دەنێتەوە.


سەرچاوەکان



3181 بینین