بەختیار عەلی

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-21-11:54:00 - کۆدی بابەت: 5979
بەختیار عەلی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەختیار عەلی لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، ڕۆماننوس و شاعیر و بیرمەندێکی کوردە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەهەند.

ژیانی

بەختیار عەلی لە گەڕەکی ئیبراهیم پاشا لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی "شێخ سەلام" لە سلێمانی خوێندووە و ناوەندیشی لە "ناوەندی ئەزمەڕ" خوێندووە، دواتریش بۆ خوێندنی ناوەندی دەڕواتە "ئامادەیی هەڵکەوتی کوڕان".

لە هەریەک لە زانکۆکانی زانکۆی سلێمانی و سەڵاحەدین خوێندکاری کۆلێژی زانست بووە لە بەشی زەویناسی، لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٣ لە هەولێر بریندار دەبێت و پەنجەی دەستی چەپی لە کار دەکەوێت، بەهۆی ئەوەوە واز لە خوێندن دەهێنێت و دەست دەکات بە نووسین، لەو ساڵەدا قەسیدەی نیشتیمان دەنوسێت کە کۆنترین بەرھەمی بڵاوکراوەی نوسەرە و نۆ ساڵ دواتر بۆ یەکەمجار لە دیوانی "گوناھ و کەرنەڤال"دا چاپدەکرێت، ساڵی ١٩٨٥ بۆ ڕێگری لە بوون بە سەرباز دەڕواتە وڵاتی ئێران و ٨ مانگ لە شاری کەرەج لە کەمپ دەبێت، ماوەیەک دوای ئەوە دەگەڕێتەوە و لە چەند شارێک دەبێت، دواتریش لەگەڵ هەریەک لە "فاروق ڕەفیق" و "ڕێبوار سیوەیلی" دەڕواتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێ دەمێنێتەوە و بەتایبەت لە شاری بانە، لە ماوەی شەڕی ناوخۆی کوردستان دەڕواتە سوریا و دواتریش دەڕواتە ئەڵمانیا و لە فرانکفۆرت دەمێنێتەوە و هەر لەوێ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی گۆڤاری ڕەهەند دەردەکات، لە ساڵی ١٩٩٩ لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبێت.

ژیانی ئەدەبی

لە ساڵانی ھەشتادا نوسەر کۆمەڵێک قەسیدەی درێژ دەنوسێت، لەوانە "شار"، "گوناھ"، "کەرنەڤال".

یەکەمین بەرهەمی ڕۆمانی بە ناوی مەرگی تاقانەی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە، لە پاییزی ساڵی ١٩٨٩ دا یەکەمین وتاری بە دوو بەش بە ناونیشانی "قسەکردن لە پەراوێزی بێدەنگی" دا لە ڕۆژنامەی "پاشکۆی عێراق"دا بڵاودەبێتەوە، لە ڕۆژانی سەرەتای ڕاپەڕیندا، لەگەڵ کۆمەڵێک نوسەری تردا ژمارە یەکی "گۆڤاری ئازادی" دەردەکەن کە دواتر پێنج ژمارەی لێ بڵاودەبێتەوە، لە ساڵی ١٩٩٢دا یەکەمین کۆمەڵە شیعری بە جۆرێکی ئێجگار سادە و سەرەتایی و بە تیراژێکی کەم چاپدەکرێت، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندەھا کۆڕ و سیمینار لە ھەولێر و سلێمانی پێشکەشدەکات و کارەکانی لە پاڵ کاری کۆمەڵێک نوسەر و ڕۆشنبیری تردا وەک سەرەتای سەرھەڵدانی جۆرە تێڕوانینێکی دی بۆ ئەدەب و کۆمەڵگا سەیردەکرێن.

لە ساڵی ١٩٩٨یشدا ڕۆمانی "ئێوارەی پەروانە" دەنوسێت.

بەرهەمەکانی

دیوانی شیعری

  • گوناھ و کەرنەڤاڵ لە ساڵی ١٩٩٢
  • بۆھیمی و ئەستێرەکان لە ساڵی ٢٠٠٠
  • کۆی بەرھەمە شیعرییەکان (١٩٨٣–١٩٩٨)
  • ئیشکردن لە دارستانەکانی فیردەوسدا لە ساڵی ٢٠٠٤
  • تا ماتەمی گوڵ... تا خوێنی فریشتە، کۆی بەرھەمە شیعرییەکان (١٩٨٣–٢٠٠٤)
  • ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتی دوژمن لە ساڵی ٢٠٠٩
  • شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت لە ساڵی ٢٠١٩

ڕۆمان

  • مەرگی تاقانەی دووەم لە ساڵی ١٩٩٧
  • ئێوارەی پەروانە لە ساڵی ١٩٩٨
  • دواھەمین ھەناری دونیا لە ساڵی ٢٠٠٢
  • شاری مۆسیقارە سپییەکان لە ساڵی ٢٠٠٦
  • غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ لە ساڵی ٢٠٠٨
  • کۆشکی باڵندە غەمگینەکان لە ساڵی ٢٠٠٩
  • جەمشید خانی مامم کە ھەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد لە ساڵی ٢٠١٠
  • کەشتیی فریشتەکان – بەرگی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٢
  • کەشتیی فریشتەکان – بەرگی دووەم لە ساڵی ٢٠١٣
  • ھەورەکانی دانیال لە ساڵی ٢٠١٥
  • کەشتیی فریشتەکان – بەرگی سێیەم لە ساڵی ٢٠١٧
  • دەریاس و لاشەکان لە ساڵی ٢٠١٩
  • داگیرکردنی تاریکی لە ساڵی ٢٠٢٠

بەرھەمە فیکرییەکان

  • وەڵام لە ڕۆژگاری ونبوونی پرسیاردا، ١٣ چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر، ٢٠١٣.
  • ئیمان و جەنگاوەرانی، ٢٠٠٤.
  • خوێنەری کوشندە، ٢٠٠٥.
  • سێوی سێھەم، ٢٠٠٩
  • چێژی مەرگدۆستی، ٢٠١١.
  • لە دیارەوە بۆ نادیار، ٢٠١١.
  • وەک باڵندەی ناو جەنگەڵە ترسناکەکان، ٢٠١٢.
  • ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس، ٢٠١٤.
  • نەرسیسی کوژراو، ٢٠١٥.
  • ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی، ٢٠١٥.
  • جوانییەکانی ناڕێکی، ٢٠١٥.
  • یادەوەری و زەمەن، ٢٠١٥.
  • ناشوێن، ٢٠١٩.
  • خۆرھەڵات و لەبیرکراوەکانی، دەربارەی ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان، ٢٠١٩.
  • ئایدۆلۆژیست، ٢٠١٩.
  • دوا خەندەی دیکتاتۆر، ٢٠٢٠.

نموونەی بەرهەم

وەسێتی دیکتاتۆر بۆ منداڵان

زوو گەورە بن! زوو بچنە سەر مینبەرەکان، زوو فتوای کوشتنی ئەم سەردەمانە دەرکەن
بەهار بە سەوزی،
باڵندەکان بە گڕەوە، خووداکان بە نوورەوە بخۆن
تەورەکان بە خوێنەوە، زمانەکان بە قولاپەوە، لێوەکان بە تاعوونەوە ماچ بکەن
خێرا گەورە بن
خێرا بگەنە ئەو مەیدانانەی شەڕکەریان تیادا نەماوە
خێرا خودەی شکاوی جەهەننەمەکان لەسەرکەن
خێرا زەوی پڕکەن لە باغی بارووت
زوو دڵتان بەرز کەنەوە بۆ مەودای ئەو مووشەکانەی لە پاشەڕۆژەوە دێن
گەرووتان پاکەنەوە بۆ ئەو تووتیانەی لە دەنگتاندا هێلانە دەکەن
سەرتان خاڵی کەنەوە بۆ ئەو دیکتاتۆرانەی بەیانی لە دایکدەبن
زوو پۆستاڵەکانتان بۆ ئەو ئەستێرانە ئامادەکەن کە داگیریان دەکەن
زوو ئاگر بۆ ئەو وشانە داگیرسێنن کە دەبێ بسووتێن
خێرا کلیلی جەهەننەم وەرگرن
خێرا تفەنگی ئەو ڕاوچیانە هەڵگرن کە نێچیرەکانیان دەیانخۆن
باز بۆ چاوەکانیان بکڕن... شەو بۆ ئەو خوێنەی کە بە کەڵبەکانیەوەیەتی
خێرا لە قیبلەکان وەرگەڕێن
خێرا لە قوربانییەکان تەبەڕڕابن
خێرا دەستنوێژەکانتان بە مردن بشکێنن
پەلە بکەن لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی مردندا
پەلە بکەن لە کورت کردنەوەی چیرۆکی ئەم شەونمانەدا
پەلە بکەن لە داگرتنی ئەستێرەکاندا بە فڕین لە چەرخ‌وفەلەکەکانەوە
دەستبەردەن بۆ گرتنی باڵندە لە سەر ئەسپەکانەوە
خۆر دروستکەن، تیشکەکانی لەژێر چنگی ئێوەدا بێ
مانگ دابێنن بە مۆمەکانی ئێوە داگیرسێ
ئەستێرە دروستکەن بە فووی ئێوە بکووژێتەوە
پەلە بکەن لە گۆڕینی تامی ئاودا
پەلە بکەن لە هەڵگێڕانەوەی فڕینی کۆتردا
تا ئەندازەی سەربڕینی ساقییەکان مەستیتان تیژکەنەوە
تەماح لەو هێلانانە بکەن کە هێشتا هێلکەیان تیا نییە
تەماح لەو هەنگوێنانە بکەن کە هێشتا بە هەڵاڵەکانەوەن
تەماح لەو ئەستێرانە بکەن کە هێشتا شەو هەڵی‌نەهێناون
تەماح لەو ستاییشانە بکەن کە بۆنیان بە حەرفەکانەوە نییە
تەماح لەو جەنگانە بکەن کە هێشتا میللەتەکانیان دروست نەبوون
تەماح لەو شەرەفانە بکەن کە هێشتا ئاسمان حەرامی نەکردوون
دەم لە سێو بەرمەدەن تا لە باغ پەشیمان دەبێتەوە
دەم لە بولبول بەر مەدەن تا خیانەت لە بەیانی دەکات
کە دەستتان کرد بە فڕین، تا دەرچوون لە دڵی زریانەکان مەنیشنەوە
جەنگ بۆ شەوێک، غەزا بۆ دوورگەیەک، شەهوەت بۆ مەمکێک
مەزهەبی ترسنۆکەکانە
بزانن لە دوورترین سەدەفدا مروارییەکی ئێوەی تیایە
لە دوورترین ئافرەتدا شەوێک بۆ ئێوە حەڵاڵە
لە بچووکترین مێووژدا بەشتان هەیە
لە هەموو تاوسێکدا پەڕێک بۆ ئێوەیە
پەلە بکەن لە دانانی قانوونی هەڵگێڕانەوەی شەودا
ئیدی کاتی ئەوە هاتوە دیوی ئەودیوی مانگ ببینن...
کاتی ئەوە هاتووە لە سەر دیوە ساردەکەی خۆر یاری بکەن
 
*********

پیاوکوژ و شەهیدێک

ئەی گەمژە

من لە پێناوی هەموو جوانییەکاندا مردم، تۆ لە پێناوی هیچدا

من لەوسەری هەموو چێژەکانەوە هاتمەوە، تۆ لەوسەری هەموو پووچییەکانەوە

هەموو وێنەکانت بە دیوارەکانەوە، بەرامبەر بۆنی گوڵێک نین... کە دۆڕاندت

هەموو ئەم ستایشە، بەرامبەر پەپوولەیەک نییە... کە چیدی نایبینیت

هەزار فریشتە، ئەم زامەت بۆ ڕابژێنێت، بەرامبەر نیگای کچێک نییە... کە ئیدی لە دەستتچوو

هەزار باغ، برینت بۆ مەرهەمبکەن، بەرتەقای گوناهی ماچێک نییە...کە ئیدی تامی ناکەیت

بگەیتە سەد بەهەشت، هێندەی گەیشتن نییە بە چڵی هەنجیرێکی بەرز... کە ئیدی نایگەیتێ

بچیتە ناو سەد ڕووبار، وەکوو مەلەکردن نییە لە گۆمێکی پڕ ماسیدا... کە ئیدی ناچیتە ناوی

بەیانی تف لە زامەکانت بکە و وەرەوە

تف لەم شوێن خەنجەری دوژمنە بکە و وەرەوە

بە بچووکی (وەک مرۆڤێک) لە نێوان خەندەی کالیبتۆسەکاندا بمرە... جوانترە

(کە دواجار بولبولەکان خۆیان دەمرن، تۆ بۆ لە پێناویاندا دەمریت؟) هێندە کاڵفام مەبە ئەی دۆست، وابزانیت مردنی تۆ گوڵزار دەڕازێنێتەوە. سەیرکە و ببینە ئەی دۆست، دوای مردنی تۆ، ژیان هەروەکوو خۆیەتی. سەیرکە و بگری ئەی دۆست، دوای گەڕانەوەشت، مردن هەروەکوو خۆیەتی.

*********

ستایشی من بۆ دەسەڵاتداران

ئێوە گەلەک شۆخن، بەیانیان وەک پاساری ڕیقنە بە سەر حەقیقەتدا دەکەن

گەلەک مەزنن، شەوان وەک کوکوختی ڕیقنە بە سەر تریفەدا دەکەن

ئەمە دیاری ئێوەیە؛ میللەتێک بە سەد دەست لێتان ڕادەکات، نەتەوەیەک هەزار قاچ قەرز دەکات و دەچێتە ناو هەزار ئاگر و هەزار باڵ دەخوازێت و بە هەزار نینۆک بە سەر زەمینی هەزار بێگانەدا دەڕوات، میللەتێک خۆی بە هەزار ڕەشەبا و هەزار جەنگەڵ و هەزار دەریا دەبەخشێت، گیرفانەکانی پڕ دەکات لە تووتڕکی هەموو میللەتانی‌تر. دەنووشتێتەوە بۆ هەزار دەریاوان و دەلیل و ئەستێرەناسی‌تر.

ئێوە واتان کرد بۆ یەکەمجار جەهەنەم لە بەهەشت جوانتر بێت.

دەریایەک لە خۆڵەمێشتان بۆ داناین و گوتتان ئەمەیە ڕووناکی، لمتان بۆ کردینە کاس و گوتتان ئەمەیە شەراب، شەیتانتان بۆ ڕازاندینەوە و گوتتان ئەمەیە خودا، کینەتان دەرخوارداین و گوتتان ئەمەیە ئازادی.

ئێوە واتان کرد بۆ یەکەمجار تاراوگە لە ماڵ جوانتر بێت.

ئەمە خەڵاتی ئێوەیە، میللەتێک لە با دەپاڕێتەوە دەریای لێ نزیک بکاتەوە. میللەتێک قیامەت بە کرێ دەگرێت، مەحشەر زەخرەفە دەکات، تابووت دەژمێرێت، کفن بە سەر ئێوارەکاندا دابەشدەکات، بە تلیاکی هەموو جەنگێک خۆشنوودە، بە حەشیشی هەموو کینەیەک ڕازییە.

ئێوە واتان کرد بۆ یەکەمجار شەیتان لە خودا جوانتر بێت

خەڵاتی نیلی زاکس

لە به‌رواری 10ی 11ی 2017، لە سەنتەری شاری دۆرتمۆند و بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتیی گرنگی شارەکە و بە ئامادەبوونی پارێزگار بریگیت یۆردەر، خەڵاتی نیلی زاکس درایە نووسەر و ڕۆماننووسی کورد بەختیار عەلی. نووسه‌ر له‌ كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ وتارێكی به‌ زمانی ئه‌ڵمانیی خوێنده‌وه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی وتاره‌كه‌یه‌ به‌ زمانی كوردی:

زۆر بەڕێز خانمی پارێزگار بیرگیت یۆردەر
زۆر بەڕێزان ئەندامانی ئەنجوومەنی شار
ئازیزان ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی خەڵاتی نیلی زاکس

ئامادەبووانی بەڕێز،

خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆم، کە هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسا لێرە بە دیدارتان شاد دەبم. دەستپێک دەمەوێت سوپاسی تایبەتی خۆمتان پێشکەش بکەم؛ بە پێشکەشکردنی خەڵاتی ئەمساڵی نیلی زاکس، شانازییەکی گەورەتان پێم بەخشی.

ئەوەی بە تایبەت من وا لێ دەکات بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە سەربەرز بم، ئەوەیە پێشتر بە گەورە نووسەرانی وەکو ئێلیاس کانێتی، ئێریش فرۆم و میلان کۆندێرا بەخشراوە، ئەو نووسەرانەی من لە چەندین قۆناغی جیاوازی ژیانمدا خوێنەریان بووم. بەڵام شتێکی گرنگتر لەوەش ئەوەیە، ئەم خەڵاتە وەکو ئاماژەیەکی واتادار تەماشا دەکەم بۆ پشتگیریکردن لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات. بەلامەوە گرنگە هەموومان لەوە ئاگادار بین، کە نووسەرانی ڕۆژهەڵات، بە تایبەت نووسەرانی کورد، لە هەلومەرجی تەواو جیاوازدا گەورە بوون و تاکو ئەمڕۆش لە دۆخێکی تەواو جودادا دەژین و دەنووسن.

ئەوەی ئەمڕۆش من دەتوانم لێرە بم و سەبارەت بە ئەدەبیاتی کوردی قسە بکەم، پێویستە سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم، ئێوە لەوە ڕابمێنن و تێبفکرن کە هێشتا میلیۆنان کورد ڕێگەیان پێ نادرێت بە زمانی زگماک و بە ئازادی باس لە خۆیان بکەن، ناتوانن بێ بەربەست بە زمانی زگماکی خۆیان بخوێننەوە یان بنووسن. بۆیە خەڵاتی نیلی زاکس ئاماژەی هیوایەکیشە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە هەوڵ و تەقەلای پاراستن و ڕزگارکردنی زمانەکەیاندان، ئیتر مرۆڤگەلێکی کورد یان سەر بە هەر گرووپ و نەتەوەیەکی تر بن. بێگومان وەک نووسەر من خەونم هەمیشە لەوە گەورەتر بووە تەنها وەک زمانپارێز ببینرێم، لە یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا وەکو نووسەرێک بۆ سازکردنی کۆڕی ئەدەبی سەبارەت بە ڕۆمانەکانم هەلم بۆ ڕەخسا لە زۆر شار و شارۆچکەی ئەڵمانیا، ئۆتریش و سویسرا، کۆڕ ساز بکەم. لە هەموو ئەو شوێنانە لە منیان دەپرسی: ”لە ناوچەکەی ئێوە ڕۆڵی ئەدەبیات چییە؟” یان بە شێوەیەکی تر بڵێم: ”لە نێو ئەو هەموو خوێنڕشتن و کارەساتەدا ئەدەبیات دەتوانێت چ بۆ ئێوە بە دەست بخات؟

پرسیارێک کە لە جێی خۆیدایەتی و ڕەوایە، بەڵام ئازاربەخشیشە، چونکە پرسیارەکە لە نووسەرانی تر ناکرێت. بەڵێ ئەدەبیات لە نێو شەڕ، لە نێو خوێن و لە شەڕگەکاندا بە ڕاستی دەتوانێت چی بجووڵێنێت و چی بکات؟

هەر نووسەرێک ڕوونکردنەوە و بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە هەیە کە بۆچی نووسینی بۆ گرنگە. هیچ کات دوو نووسەر هەمان وەڵامیان بۆ ئەو پرسیارە نابێت. بۆچی ئەدەبیات دەنووسرێت و چۆن دەخوێنرێتەوە، پەیوەندیی بە ئەزمونی تایبەتیی هەر مرۆڤێکەوە هەیە. ئەوەی منی بەرەو نووسین جووڵاند و برد، بەر لەوەی پێش ساڵانێکی زۆر دەست بە نووسین بکەم، سەرسووڕمانی بێسنووری من بوو بۆ مرۆڤەکان، بۆ توانای مرۆڤەکان و بۆ ویست و بۆ زیرەکییان. من تا ئەمڕۆش لە نێوجەرگەی ئەو سەرسووڕمان و ئەفسوونەدا دەژیم. بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێت بە نووسەر، پێویستە بە مرۆڤەکان سەرسام بێت. سەرسووڕمان بۆ دەق یاخود بۆ دنیابینی دواتر و درەنگتر دێت. هەموو ڕۆمانەکانم لەو سەرسامییەوە سەرچاوە دەگرن. خەیاڵ و فەنتازیا هەمیشە کەرەستەی من بووە، بۆ ئەوەی باس لە جوانییەکانی ژنان، پیاوان و منداڵان بکەم، چیرۆک و بەسەرهاتەکانیان بگێڕمەوە، چیرۆکی ئەو مرۆڤانە بپارێزم کە لە چەقی شەڕ، کارەساتەکان و ململانێکاندا ڕۆحی زیندووی خۆیان و مرۆڤبوونی خۆیان دەپارێزن و ئەوانی تر فەرامۆش ناکەن. بۆ من گرنگە پیشانی بدەم، هەر مرۆڤێک هەرچەندە خاوەنی دەسەڵاتێکی ترسناکیش بێت، شەڕەنگێز یان بێدڵ یاخود ڕقاوی و پڕکینەش بێت، کەسێکە، مەخلووقێکە، ئێمە دەتوانین لە هەناویدا، لە ناخیدا، شتێک بدۆزینەوە کە مایەی سەرسووڕمان بێت.

من خەڵکی ناوچەیەکم کە شەڕ و کارەساتەکان بوون بە تانوپۆی. هەرگیز نەمویستووە ڕوخساری هیچ شتێک جوان و پاک دەربخەم، هەر بۆیە بەرهەمەکانم نیشانەکانی ڕق و زەبروزەنگیان پێوە دیارە. هەرگیز نەمویستووە هیوای درۆ بئافرێنم، یان تەنها تیشک بخەمە سەر سیما ناسک و نیانەکانی ژیان و بە تەنها ئەوان بەسەربکەمەوە. بەڵام من هەمیشە بەرگریم لە بڕوا و ڕاستییەک کردووە: مرۆڤ دەتوانێت بە نێو دۆزەخدا تێپەڕ ببێت و سەرباری ئەو تێپەڕبوونەیش لەوسەرەوە وەکو مرۆڤ بێتە دەرێ. سیاسەت و ئایین دەتوانن مرۆڤەکان بکەن بە خەڵکی دڵڕەق، دەستوەشێن، بەڵام ئەو هیوایەش دەمێنێتەوە، هیوای ئەوەی سەرلەنوێ ئەو کەسە بگەڕێتەوە و ببێتەوە بە مرۆڤ، بەڵێ، ئەو هیوایە هەمیشە دەمێنێت و هەر لەئارادایە.

ئەوەی کە ئایا مرۆڤ باشە یان خراپ، من هەرگیز ئەو پرسیارەم لە خۆم نەکردووە. من سەبارەت بە هێزی ناوەکیی مرۆڤ بەرهەمم نووسیوە، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی بێخەیاڵی، گوێنەدان و لەبیرکردن. سەرسووڕمانی من بۆ مرۆڤ لە پێناسەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت: ئەو، مرۆڤ دەزانێت بەرپرسیارێتییەکی هەیە و دەبێت شانی بداتە بەر و هەڵی بگرێت. هەستکردن بەم بەرپرسیارێتییە ئەرکێکی سیاسی و ئایینی نییە، لە یاساکانەوە سەرچاوە ناگرێت یان زادەی فەرمان و باوەڕداری نییە، بەڵکو هەڵکەوتەی ڕاستەوخۆی بەرپرسیارێتیی مرۆڤە بەرانبەر بە مرۆڤ. بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئەو ئەوەیە، مرۆڤانە ڕووبەڕووی ئەوانی تر ببێتەوە و مرۆڤانەش بیانبینێت. ئەم بەرپرسیارێتییە لە کاتە ئاساییەکاندا تاقی ناکرێتەوە و نابینرێت. ئەوە دەبێت لە ترۆپکی ترس و گیرۆدەییدا خۆی بسەلمێنێت، ئەو کاتەی کە مرۆڤبوون بۆ خۆی مەترسییە و مرۆڤ لەسەر مرۆڤبوونی ڕووبەڕووی کێشە و دەردەسەری دەبێتەوە، تەنها لە ترۆپکی بێهیواییدا خۆبەدەستەوەنەدانی مرۆڤ مانای خۆی وەردەگرێت.

خوێنەرانی من دەبێت هەرگیز ئەوە لە بیر نەکەن، کە سەبارەت بە ڕۆژگارێک دەنووسم، ڕۆژگارێک لە بۆتەیاندا بۆ تاکەکان ترسناکە و ئاسان نییە وەک مرۆڤ بمێننەوە و لە مرۆڤبوون لا نەدەن. هەر بۆیە ویستوومە لە بەرهەمەکانمدا، لە نێو هەناوی شەڕ و کارەساتەکاندا ڕێز لە لاوازیی مرۆڤ بگرم. من هەوڵم داوە ئەوە پیشان بدەم کە لەگەڵ هەموو توندوتیژی و زەبروزەنگێکیشدا توخمێک دەمێنێتەوە، توخمێک کە شایستەی سەرسووڕمان و ڕێزە.

زۆر کەس ئەم سەرسووڕمانەی من بۆ ئەو توانا بێسنوورەی مرۆڤ، کە تەنانەت لە ڕۆژگاری پڕکارەساتدا، شتی جوان بەرهەم بهێنێت، وەکو خەیاڵ یان فەنتازیا پێناسە دەکەن. بەڵام ئەوە هەڵەیە. بێ بڕوا و متمانەم بەو هێزە من نەمدەتوانی ڕستەیەک بنووسم. مرۆڤەکان وەکو تاک، وەکو دەرهاویشتەی سیاسەت و جڤات دەتوانن ئێمە بێهیوا و خەیاڵشکێن بکەن، دەتوانن دڵڕەق و دەستوەشێن بن، بەڵام نابێت هەرگیز ئێمە باوەڕمان بە مرۆڤایەتی و مرۆڤبوون لە دەست بدەین. سیاسەت و شەڕەکان لە ڕۆژهەڵات هەمیشە گومڕامان دەکەن، گومڕامان دەکەن تا مرۆڤ کەموکورت ببینین و خۆمانی لێ بەدوور بگرین. بەرهەمەکانی من هەوڵێکە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو وێنە هەڵەیەی مرۆڤ. ئەو بەرهەمانە هەوڵێکن بۆ گەیشتن بەو توخمە، بەو جەوهەرە ئینسانییەی لە هەناوی ئێمەدا ئامادە بوو، بەرلەوەی سیاسەت و ئایین لە نێوی ببەن یان بیشێوێنن. من دۆزینەوەی ئەو توخمە مرۆڤانەیە وەکو ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون و فریاکەوتن دەبینم.

هەموو مرۆڤێک، تەنانەت ئەوانەش کە بە هەموو کەرەستە و ئامێرێک وەک دەستوەشێن و دڵڕەق پەروەردە دەکرێن، لە جەوهەری خۆیاندا بەشێکیان لەو مەخلووقە هۆشیار و زیرەکە تێدایە، ئەو مەخلوقەی جۆرە جوانییەکمان پێشکەش دەکات و ئێمە خودی ئەو جوانییە بە ”مرۆڤ” ناو دەنێین. هیچ ئایدۆلۆژیایەکی فریادڕەس، هیچ سەرکردەیەکی ڕزگارکەر و هیچ ئایینێکی پیرۆز ناتوانن لە ڕۆژهەڵات ئێمەی مرۆڤ ڕزگار بکەن. تاکە هیوای ئێمە پەیوەستە بەو مرۆڤەوە، بەو مرۆڤە بریندارەوە، بەو مرۆڤەوە کە لاواز کراوە و تینوتوانای لێ داماڵدراوە، ئەو مرۆڤەی من تێکستەکانمی بۆ دەنووسم.

هیوادارم پەیامی سادە و ڕوونی خۆم ڕاستگۆیانە گەیاندبێت.

من بۆ ئەوانە دەنووسم، ئەوانەی کە لە شەڕ و بەدبەختییە گەورەکاندا ژیاون و دەژین. نامەوێت هیوای درۆیان پێ ببەخشم، بەڵام هەوڵ دەدەم خوێنەرەکانم جیهان بە چاوێکی تر ببینن.

ڕەنگبێت زۆرێک لە بەرهەمەکانم بۆ خوێنەری ئەورووپایی تێگەیشتنیان سەخت بێت، لەبەر ئەوەی من سەبارەت بە بەشێک لە دنیا دەنووسم، هەندێ ڕووداو دەگێڕمەوە، باس لە کارەساتی دیرۆکی و سیاسی دەکەم، شتگەلێک تاکو ئێستا ئەدەبیات بە ڕاستی جێگەیەکی وای پێ نەداون. سەرباری هەموو ئەو دۆخە جیاوازانەش ئەوە دەبینم، بوونی من ئەمڕۆ لێرەدا و لە بەردەم ئێوەدا هەڵگری ئاماژەیەکە، ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەدەبیات هەمیشە ڕەهەندێکی گەردوونیی هەیە و هیچ سنوورێک ناناسێت.

من هەوڵم داوە و ئێستاش هەر هەوڵ دەدەم، بەشدارییەکم لەوەدا هەبێت کە گەلی کورد لە ڕەهەندە گەردوونییەکانی خۆی باشتر حاڵی ببێت، لە هەوڵی گەڕاندا بێت بۆ شتە هاوبەشەکان و لە سنووری خۆیدا چەق نەبەستێت.

جارێکی تر سوپاسی بێسنوورم پێشکەش بە ئێوە و بە شارەوانیی دۆرتموند دەکەم.

ئەم خەڵاتە، شتێکە کە بە درێژایی هەموو ژیانم شانازیی پێوە دەکەم.


سەرچاوەکان

54 بینین