جووتبوون لە ماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: دەستەی نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای زانیاری - به‌روار: 2021-07-26-02:55:00 - کۆدی بابەت: 6047
جووتبوون لە ماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

ئایا جووتبوون لە ماوەی دووگیانیدا ئاساییە؟

لەماوەی دووگیانیدا هەموو شتێک گۆڕانکاری بەسەردا دێت، یەکێکی کە لەو حاڵەتانە بریتییە لە جووتبوون لەو ماوەیەدا، زۆرینەی خانمان تاکوو شلەی سەراویان دەتەقێت جووتبوون ئەنجام دەدەن لە ماوەی دووگیانیدا و هەندێکیشان بە چەند هۆکارێکی تایبەت ناتوانن، بەڵام بە گشتی لە ماوەی دووگیانیدا جوتبوون زۆر ئاساییە و ئەنجام دەدرێت مەگەر ئەوەی کە خانمەکە حاڵەتێکی تایبەتی هەبێت.

ئایا جووتبوون لە ماوەی دووگیانیدا زیان دەگەیەنێت بە منداڵەکە؟

لە ماوەی دووگیانیدا کاتێک دایک و باوکەکە جووتبوون دەکەن هیچ زیانێک ناگات بە منداڵەکە، شلەی سەراو و ماسولکە بە هێزەکانی منداڵدان منداڵەکە دەپارێزن، هەروەها ئەو لینجاوە خەستانەی ملی منداڵدان منداڵەکە دەپارێزن لە هەر جۆرە هەوکردنێک.

گۆڕانکاری حەزی سێکسی دایکەکە لە ماوەی دووگیانیدا

خانمان حەزی جیاوازیان هەیە و بۆ هەنێکیان چێژبەخشتر و بۆ هەنێکیان ناخۆشترە، بە هۆی زیادبوونی ڕۆشتنی خوێن بۆ ناوچەی حەوز لەوانەیە زێ بئاوسێت و هەروەها دەردراوەکانی زێش زیاد دەکەن بەمەش حەزی سێکسی خانمەکە زیاد بکات، گۆڕانکارییەکانی جەستە کاریگەرییان هەیە لەسەر جووتبوون، وەک دڵتێکچوون و ڕشانەوە و هیلاکی و هەستیاربوون و ڕەق بوونی مەمکەکان بە تایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، کە سنوورێک دادەنێت بۆ پەیوەندییەکە، بەڵام لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا حەزی سێکسی خانمەکە زیاد دەکات ئەویش بەهۆی نەمانی نیشانەکانی سێ مانگی یەکەمی دووگیانی، بەڵام دووبارە لە چەند هەفتەی کۆتایی سێ مانگی سێیەمدا لەوانەیە حەزی سێکسی خانمەکە دووبارە کەم بکاتەوە، بە هۆی گەورەبونی سک و خورانی سک، هەروا دڵەڕاوکێ دەربارەی منداڵبوون هەموو ئەمانە مێشکی خانمەکە سەرقاڵ دەکەن، جووتبوونیش پێویستی بە باری دەروونیەکی گونجاو و مێشکێکی ئارامە.

گۆڕانکاری حەزی سێکسی پیاوەکە لەم کاتەدا

زۆرینەی پیاوان کاتێک خانمەکەیان دووگیانە حەزی سێکسیان کەم دەکات، ئەویش نەک بە هۆی تێکچوونی جەستەی خانمەکەوە، زۆر جار بە هۆی هەست کردنیان بە بوون بە باوک و هەروەها ترس لەوەی کە زیانێک بە منداڵەکە بگات، لێرەدا پزیشک دەتوانێت ڕوونکردنەوە بدات بۆ باوکەکە کە جووتبوون لەو ماوەیەدا هیچ زیانێک بە منداڵەکە ناگەیەنێت.

چۆنیەتی جووتبوون لە ماوەی دووگیانیدا

شێوازی وەستانێکی گونجاو بۆ جووتبوون

  • بە لادا پاڵبکەوە و کاتێک کە پشت لە هاوسەرەکەتە، ئەژنۆکانت بچەمێنەرەوە بۆ ناو سکت، لەم شێوازەدا جووتبوونەکە بە توندی ئەنجام نادرێت و تۆش ئازارت پێ ناگات.
  • کاتێک هاوسەرەکەت پاڵکەوتووە بە پشتدا، بڕۆ سەرەوەی و قاچەکانت بڵاوکرەوە و دانیشە، بەم ڕێگایە سکت هیچ شتێکی بەرناکەوێت و سەلامەت دەبیت.
  • کاتێک هاوسەرەکەت لە پشتتەوەیە، هەردوو دەست و قاچت لەسەر زەوی دابنێ و بەو شێوازە ڕاوەستە بەڵام بە دەمدا مەکەوە و سکتت نەدات لە زەوی و هەوڵبدەن کە بە توندی جوتبوونەکە ئەنجام نەدرێت.
  • بە لادا ڕوو بکەنە یەکتر قاچێکت بخەرە سەر کەمەری هاوسەرەکەت، بەم شێوازە جووتبوونەکە توند نییە و سکی خانمەکەش پارێزراوە.

لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی دایکەکە

هەرچەندە جووتبوون لە ماوەی دووگیانیدا هیچ کێشەیەکی نییە جگە لە حاڵەتی تایبەت کە پزیشک ڕێگری بکات، بەڵام پێویستە زۆر ئاگاداربن و ڕەچاوی تەندروستی دایک و منداڵەکە بکرێت، بۆ نموونە ئەگەر باوکەکە هەوکردنێکی هەیە لە ئەندامی زاوزێیدا یاخود هەر جۆرە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی باشتر وایە لە کاتی جووتبوونەکەدا کۆندۆم بەکاربهێنێت.

نیشانەی مەترسیدار و ئاگاداربوون لێی

ئەگەر لە کاتی جووتبووندا هەر نیشانەیەکی نائاسایت بینی پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت، دوای جووتبوون و گەشتن بە لوتکەی چێژ ئاساییە دایکەکە کەمێک گرژبوون و ئازاری هەبێت لە منداڵدانیدا، بەڵام ئەگەر ئەمە بەردەوام بوو تا چەند خولەکێک ئەوە ئاسایی نییە، یاخود دوای جوتبوونەکە خوێنبەربوون ڕویدا پێویست دەکات بۆ ئەم حاڵەتانە سەردانی پزشک بکرێت.

سوودەکانی جووتبوون لە ماوەی دووگیانیدا

ئازارێکی کەمتر

زۆرینەی خانمان لە ڕۆژەکەدا ئازاریان دەبێت و گەشتن بە لوتکەی چێژ لە کاتی جووتبووندا وادەکات کە هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین دەربدرێت و بەمەش خانمەکە زیاتر دەتوانێت بەرگەی ئازار بگرێت.

سووتانی کالۆری جەستە

لە ماوەی جووتبووندا کالۆری جەستە دەسوتێت و دەتوانێت یارمەتی تەندروستی ئەندامەکانی جەستە بدات

زیادبوونی خۆشەویستی

نزیکبوونەوە و زیادبوونی خۆشەویستی نێوان هاوسەرەکان و هەروەها باشتربوونی باری دەروونی خانمەکە

بەهێزبوونی کۆئەندامی بەرگری

لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ئەو خانمانەی لە ماوەی دووگیانیدا جووتبوون ئەنجام دەدەن کۆئەندامی بەرگریان بەهێز دەبێت و زیاتر بەرگەی نەخۆشی دەگرن

بەهێزبوونی ناوچەی حەوز

زۆرینەی خانمان زۆر میز دەکەن لە ماوەی دووگیانیدا، لەوانەیە بە هۆی پێکەنینێک یان پژمەیەکەوە میز بکەن، کاتێک خانمێک لە ماوەی دووگیانیدا جووتبوون ئەنجام دەدات و دەگاتە لوتکەی چێژ بەمەش ماسولکەکانی ناوچەی حەوز بەهێزتر دەبن و دەتوانن ڕێگری بکەن لە زوو هاتنە خوارەوەی میز.

دابەزاندنی فشاری خوێن

جگە لە سیستمێکی خۆڕاکی باش بۆ دابەزاندنی فشاری خوێن، جووتبوونیش لە ماوەی دووگیانیدا زۆر یارمەتیدەرە تاکوو فشاری خوێنی دایکەکە جێگیر بکات و ئەگەر بەرز بێت دایبەزێنێت.

چ کاتێک دەبێت جووتبوون ئەنجام نەدرێت لە ماوەی دووگیانیدا

  • بوونی کێشە لە ملی منداڵدان کە ئەگەری منداڵبوونی پێش وەختە و لەبارچوون زیاد دەکات.
  • دووگیانی بە دوو منداڵ یان چەند منداڵێکەوە
  • هاتنە خوارەوەی وێڵاش کە تێیدا هاتۆتە بەشی خوارەوە و ڕێڕەوی ملی منداڵدان دەگرێت.
  • بوونی کێشەیەک لە ملی منداڵداندا کە وادەکات ملی منداڵدان زۆر زووتر لە کاتی منداڵبوون بکرێتەوه
  • پێشینەی منداڵبوونی پێش وەختە
  • بەرزی فشاری خوێن لە ماوەی دووگیانیدا
  • تەقینی پەردەی سەراو 
  • لەدەستدانی بڕێکی زۆری خوێن و خوێنبەربوونی بەردەوام و گرژبوونی منداڵدان


سەرچاوەکان

2538 بینین