چەند ڕێنماییەک لەسەر پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-29-04:30:00 - کۆدی بابەت: 6086
چەند ڕێنماییەک لەسەر پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

ئاشکرایە کە لەبەرکردنی قورئان زۆر فەزڵ و گەورەیی هەیە, هەر بۆیە زۆر کەس ئارەزویی لەبەرکردنی قورئانیان هەیە, زۆر کەس قورئان لەبەردەکەن, بەڵام نازانن کە چۆن چۆنی پێداچوونەوەی بۆ بکەن بۆ ئەوەی لەبیریان نەچێتەوە, کەواتە پێداچوونەوەی قورئان گرنگتر و قورسترە لە لەبەرکردن, هەروەها پێداچوونەوەشی گرنگترە لە لەبەرکردنی, لەبەر ئەوەی کە زۆر کەس هەیە کە بەشێکی باش قورئانی لەبەرکردووە, بەڵام پاش ئەوە پلانێکی نەبووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بۆ ئەو جوزئانە بکات کە لەبەری کردووە, هەر بۆیە تووشی بێتاقەتی بووە و هەر بەو بۆنەیەوە وازی لە قورئان لەبەرکردن هێناوە, چونکە ئەم کەسە پێداچوونەوەی نەبووە و ئەوەی لەبەری بووە لەبیری چووەتەوە, بۆیە ئەم کەسە بە خۆی دەڵێت: باشە گەر من هەر بەم شێوە هەرچیم لەبەر کردووە لەبیر بچێتەوە, کەواتە ئیتر بۆچی لەبەر بکەم؟, پێویستە ئەوەش بزانرێت کە لەبەر سێ هۆکار قورئان لە بیر دەچێتەوە, ئەوانیش: لەبەر گوناهـ یا لەبەر کەم دووبارە کردنەوە یا لەبەر کەم پێداچوونەوە, کەواتە ئەم کەسە لەوە نەگەیشتووە کە هەڵەکە هی خۆیەتی, چونکە پێداچوونەوەی بەردەوامی نەبووە, یا ئەوەتا کە کاتێک قورئانەکەی لەبەر کردووە بە جوانی لەبەری نەکردووە, یان ئەوەتا بە جوانی لەبەری کردووە بەڵام (تکرار) ـی نەبووە, واتە زۆر دوبارەی نەکردووەتەوە, کە ئاشکرایە بە زۆر دوبارە کردنەوە ئەو شتە لە مێشکتدا دەچەسپێنێت و لەبیرت ناچێتەوە, هەر بۆیە پێداچوونەوەی قورئان کێشەی زۆربەی ئەو کەسانەیە کە قورئان لەبەر دەکەن, چونکە نازانن چۆن چۆنی پێداچوونەوە بکەن.

چەند ڕێنماییەک لەسەر پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز

- وەک هەموو کارەکانی تر خاڵی یەکەم دڵسۆزیە بۆ خودای گەورە (الإخلاص), پێویستە هەروەک چۆن لەبەرکردنی قورئانت لەبەر خودای گەورە بوو, بەو شێوەش پێداچوونەوەت بۆ قورئان هەر لە پێناو خودای گەورە بێت, لە پێناو خزمەتکردن بێت بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام, بۆیە پێویستە هەموومان هەمیشە بە نیەتماندا بچینەوە و داوا لە خودای گەورە بکەین کە نیەتمان پاک بکاتەوە بۆ خۆی.

- دوورکەوتنەوە لە گوناهـ, کە ئەمەش خاڵێکی زۆر گرنگە, چونکە گوناهـ شت لەبیری مرۆڤ دەباتەوە, چارەسەریشی تەوبە و نەگەڕانەوەیە بۆ سەر ئەو تاوانە.

- پێداچوونەوە ئەو پەیمان و بەڵێنەیە کە پێویستە ببەسترێت لەگەڵ قورئاندا هەروەک پێغەمبەر ﷺ  فەرمانی پێکردوین. چونکە قورئان گەر پێداچوونەوەی بۆ نەکرێت ئەوا زوو لە دڵ و دەروونی مرۆڤ دەردەچێت و لەبیری دەچێتەوە.

- هەبوونی پێداچوونەوەی ڕۆژانە, زانایان دەفەرموون باشترین پێداچوونەوە ئەوەیە کە هەرصەندت لەبەرە لە ماوەی 10 ڕۆژدا پێداچوونەوەی بۆ بکەیت, گەر هەر نەتوانرا ئەوا با بە ماوەی 20 رۆژ بێت, با لەمە زیاتر نەبێت, بەڵام گەر هەر یەکێک هەر نەیتوانی ئەوا با بە ماوەی 30 ڕۆژ بێت, واتە مانگێک, واتە ئەوەی لەبەرتە لە ماوەی 30 ڕۆژدا پێداچوونەوەی بۆ بکەیت, کە ئەمەش زانایان ناویان ناوە ڕێچکە و ڕێبازی تەممەڵەکان, هەر بۆیە وا باشترە کە ئەو بەشەی لەبەرمانە لە ماوەی 10 ڕۆژ یا گەر نەتوانرا لە ماوەی 20 ڕۆژدا پێداچوونەوەی بۆ بکەیت, بەڵام هەتا بتوانرێت دەست بەوەوە بگرین کە لە ماوەی 10 ڕۆژدا تەواوی بکەین بۆ ئەوەی زوو نۆرەی ئەو جوزئانە بێتەوە کە پێداچوونەوەمان بۆ کردوون.

- جددی بوون, هەروەک چۆن جددین لە کارکردن و بژێوی پەیدا کردن, هەروەک چۆن جددین لە بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز لە قوتابخانە یا زانکۆ, ئا بەو شێوەش پێویستە جددی بین لە پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز, پێویستە لە پلانی ڕۆژانەماندا قورئان لە پێشی پێشەوە بێت و لە هەمووی گرنگتر بێت.

- پێداچوونەوە لە لەبەرکردنی تازە گرنگترە, واتە پێویستە زیاتر لە خەمی ئەوەدابین کە ئەوەی لەبەرمان کردووە لەبیرمان نەچێتەوە وەک لەوەی زیاتر خەمی ئەوەمان بێت کە زیاتر لەبەربکەین.

- دەست بە لەبەرکردنی لاپەڕەیەکی تازە مەکە پێش ئەوەی لاپەڕەی پێش ئەوەت زەبت نەکردبێت, کاتێک کە جوزئێکت تەواو کرد دوو تا سێ ڕۆژ دابنێ بۆ ئەوەی پێداچوونەوە هەموو ئەو جوزئە لەو چەند ڕۆژەدا پێداچوونەوە بکەوە, وە هەوڵ بدە ئەو جوزئە لەیەک جەلسەدا بڵێ بۆ مامۆستاکەت, هەوڵ بدە هەر جوزئێک کە تەواوی دەکەیت چوار تا پێنج هەڵەی لەبەری تێدا بکەیت, ئەگەر پێنج تا دە هەڵە بێت باشە, بەس پێویستە زیاتر پێداچوونەوەی بۆ بکەیت تا وای لێدێت ئەوپەڕی پێنج هەڵە بکەیت, کەواتە هەوڵبدە مەچۆرە سەر لەبەرکردنی جوزئێکی تازە تا وات لێدێت کە بە لایەنی زۆرەوە 5 هەڵەت هەبێت.

- ئەوەی لەبەرتە لە ناو نوێژدا بیخوێنە, ئەمەش خاڵیکی زۆر سەرەکیە بۆ ئەوەی زۆر بە جوانی قورئانت لەبیر نەچێتەوە, چونکە نوێژکردن بەوەی لەبەرتە یەکێکە لە شێوازەکانی پێداچوونەوە,

- هەبوونی ڕۆحی کێبڕکێ لەگەڵ هاوڕێیەکت یا کەسێکی نزیکت کە ئەویش قورئان لەبەردەکات, وە کێبڕکێ کردن لەسەر لەبەرکردن و پێداچوونەوە و کارکردن بە قورئان باشترین و بەڕێزترین کێبڕکییە.

- قۆستنەوەی ئەو شوێن و کاتانەی کە گرنگن, بۆ نموونە: تۆ دەچیت بۆ ئەنجامدانی عومرە, هەوڵ بدە لەگەڵ ئەنجامدانی عومرەکەتدا خەتمێکی ئەو بەشەی کە لەبەرتە بیکە, یا بۆ نموونە لە ڕەمەزان یا دە ڕۆژی سەرەتای مانگی زیلحیجە.

- بەیەک بەستنەوەی ئایەت و سورەتەکان بە یەکتریەوە, پێویستە بزانین پێش و دوای هەر سورەتێک چیە, پێویستە ڕۆژانە ئەو بەشەی دەتەوێت لەبەری بکەیت لەگەڵ بەشی دوێنێدا بیبەستەرەوە.

- مەهێڵە هیچ ڕۆژێک بەشی دیاریکراوی پێداچوونەوەت لە کیس بچێت, چونکە وات لێدەکات بێتاقەت ببیت و سارد ببیتەوە، بۆیە هەرشتێک کە یەتە پێش مەهێڵە ڕێ لە پێداچوونەوەکەت بگرێت.

- کەمی بەردەوام باشترە لە زۆری پچر پچڕ, واتە تۆ داتناوە ڕۆژانە بیست لاپەڕە کە دەکاتە جوزئێک پێداچوونەوەی بکەیت, گەر ڕۆژێک کارێکی زۆر گرنگ هاتە پێشت ئەوا نەکەی کە ئەو ڕۆژە هیچ پێداچوونەوە نەکەیت, بەڵکوو هەوڵ بدە ئەگەر پێنج لاپەڕەش بێت لەو ڕۆژەدا بیکە, واتە نەکەی ڕۆژت بەسەردا بڕوات و هچی پێداچوونەوە نەکەیت, لەبیرت بێت گەر تۆ پێداچوونەوەکەت نەکەیت دوا دەکەویت و خێری ئەو ڕۆژەت لە کیس دەچێت, هەر بۆیە مەهێڵە شەیتان فێڵت لێبکات بەوەی کە لە ڕۆژەکەدا هیچ پێداچووەنەوە ئەنجام نەدەیت.

ئەم خاڵانەی سەرەوە بەشێکن لەو یاسا و ڕێنماییە گرنگانەی کە پێویستە بەکاریان بهێنین و سودیان لێ وەرگرین لە کاتی پێداچوونەوەی قورئانی پیرۆز, بۆ ئەوەی کە قورئانت لەبیر نەچێتەوە پێویستە پێداچوونەوەی ڕۆژانەت هەبێت بۆ ئەوەی ئەو بەشە قورئانەی لەبەرتە زوو نۆرەی بێتەوە, بەم شێوە لەگەڵ هەموو پێداچوونەوەیەکدا بە ئیزنی خودای گەورە هەڵەی کەمتر دەکەیت.


سەرچاوەکان



1183 بینین