هەوری قارچکی لەسەر ناکازاکی (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-08-22:37:00 - کۆدی بابەت: 6223
هەوری قارچکی لەسەر ناکازاکی (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

ناوه‌ڕۆك

سەد وێنەکەی مێژوو

گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".

ناوی وێنە هەوری قارچکی لەسەر ناکازاکی
ناوی وێنە بە فەرمی Mushroom Cloud Over Nagasaki
ڕیزبەندی  نۆیەم
جۆر جەنگی، کارەسات، کۆمەڵکوژی
مێژوو ١٩٤٥
وێنەگر Lieutenant Charles Levy

هەوری قارچکی لەسەر ناکازاکی

دوای سێ ڕۆژ لە خستنەخوارەوەی بۆمبی ئەتۆمی بەسەر شاری هێرۆشیمادا لە وڵاتی ژاپۆن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووەمین بۆمبی ئەتۆمی لە جەنگەکە و مێژووشدا بەسەر شاری ناکازاکی ژاپۆنیدا خستە خوارەوە کە گەورەتربوو لەوەی هێرۆشیما و ناوی لێنرابوو "پیاوە قەڵەوەکە"، بەهۆی تەقینەوەکەوە ئاگر و دوکەڵ بۆ بەرزی ٤٥,٠٠٠ پێ بەرزبوویەوە، جێدار چارلز لێڤی ئەمریکی دەڵێت دوکەڵێکی زۆر گەورەمان بینی بە خێرایی بەرەو ئاسمان بەرزبوویەوە بە شێوەی ستوونی، بۆمبە ئەتۆمییەکە زیاتر لە ٢٠ کیلۆتەن دەبوو.

سەربازەکان لە گێڕانەوەی کارەسات و تەقینەوەکە دەڵێن: "ڕەنگی مۆر بوو، سوور بوو، سپی بوو، هەموو ڕەنگەکانی تێدابوو وەک قاوەی کوڵاو".

لێڤی هەڵدەستێت بە وێنەگرتنی تەقینەوەکە و شانزە وێنەی گشتی دەگرێت، وێنەی کارەساتێک کە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ٨٠ هەزار کەس تەنیا لە یەک شاردا، بەهۆی دوو تەقینەوەکەوە ئیمپڕاتۆری ژاپۆنی هیرۆهیتۆ بەبێ مەرج خۆی بەدەستەوەدەدات لە جەنگی جیهانی دووەم، یەکێک لە وێنەکانی لێڤی دەبێتە باشترین وێنە و بڵاودەبێتەوە بە شێوەیەکی باش، ئەم وێنەیە سەرکەوتنی ئەمریکای دووپاتکردەوە بەڵام لەسەر گیانی خەڵکی سڤیل.


سەرچاوەکان



879 بینین