ئەرکەکانی ڕاگەیاندن

له‌لایه‌ن: - یاد نوره‌دین - به‌روار: 2021-05-18-23:22:00 - کۆدی بابەت: 5408
ئەرکەکانی ڕاگەیاندن

ناوه‌ڕۆك

ڕاگه‌یاندن

ئەرکەکانی ڕاگه‌یاندن:

 به‌وه‌ی كه‌ چالاكییه‌كی تاكه‌ كه‌سی و به‌ كۆمه‌ڵ و جامه‌وه‌ریشه‌ و به‌شداریكردن له‌ بیر و بۆچون و خستنه‌ڕووی ڕاستیه‌كان و ڕاگه‌یاندراوه‌كان ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی جۆراوجۆر ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ده‌توانین ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ڕاگه‌یاندن به‌مجۆره‌ بیخه‌نه‌ڕوو:

ئه‌ركی ڕاگه‌یاندن:

برتییه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ و پاشه‌كه‌وتكردن و چاره‌سه‌ر و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاری و ڕاگه‌یاندراوه‌كان و وێنه‌ و بیروڕاكان له‌ پێناوی تێگه‌یشتنی ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر و هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌كردن تیایدا به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و كارامه‌یی و لێهاتوویه‌وه‌.   

ئه‌ركی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی :

 ئه‌م ئه‌ركه‌ خۆی له‌دابینكردنی گه‌نجینه‌یه‌كی هاوبه‌شی زانست و زانیاری ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ تاكه‌كان به‌ هۆیه‌وه‌ بتوانن ببنه‌ ئه‌ندامی كاریگه‌ر و بونیادنه‌ر و له‌ كۆمه‌ڵگاكانیاندا بژێن و به‌ژداری له‌ هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و كاری به‌ كۆمه‌ڵ و كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بكه‌ن.

ئه‌ركی خوڵقاندنی پاڵنه‌ره‌كان (دوافع):

واته‌ ڕاگه‌یاندن به‌شداری له‌ هاندان و پاڵپێوه‌نانی جه‌ماوه‌ر ده‌كات بۆ بڕیاردانی باش و گونجا كه‌ توانای خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگای هه‌بێت، پاشانیش به‌شداریكردن له‌ درێژه‌دان به‌ پرۆسه‌ی كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان تاكه‌كانیدا.

ئه‌ركی سیمینار و گفتوگۆ:

ڕاگه‌یاندن به‌شداری له‌ گۆڕینه‌وه‌ی بیر و ڕاو بۆچوونی نێوان تاكه‌كانی گۆمه‌ڵگا ده‌كات له‌ ڕێگه‌ی سیمینار و گفتوگۆوه‌، بۆ زانینی زانیاری و بیروڕای یه‌كتری.

ئه‌ركی په‌روه‌رده‌یی:

بریتییه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری به‌ شێوازێك كه‌ ببێته‌ هۆی نه‌شونماكردنی ڕۆشنبیری و پێكهێنانی كه‌سێتی و به‌ده‌ست هێنانی كارامه‌یی و لێهاتوویی له‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی ژیاندا.

ئه‌ركی ڕابونی ڕۆشنبیری:

ڕاگه‌یاندن ته‌قه‌لای بڵاوكردنه‌وه‌ی چالاكی و كاری ڕۆشنبیری و هۆنه‌ری ده‌دات، به‌ مه‌به‌ستی كه‌لتوور و په‌ره‌پێدانی ڕۆشنبیری له‌ڕێگه‌ی فراوانكردنی ئاسۆی هه‌ستی تاكه‌كان و بزواندنی خه‌یاڵ و تێركردنی پێداویستییه‌ جوانكارییه‌كان و ئاوه‌ڵاكردنی توانایان له‌سه‌ر داهێنان.

ئه‌ركی ته‌رفیهی:

بریتییه‌ له‌ پێشكه‌ش كردنی دراما و فلیم و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆمان و چیرۆك و پێشكه‌كردنی هه‌موو جۆره‌كانی هونه‌ر وه‌كو مۆسیقا و ده‌نگ و وێنه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش چ وه‌كو تاك و چ وه‌كو كۆمه‌ڵ و جه‌ماوه‌ریش، هه‌روه‌ها ڕزگار كردنی خه‌ڵكی له‌و خه‌م و ئه‌ندێشه‌ و ناسۆرانه‌ی كه‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یاندا ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌ركی ده‌سته‌به‌ری (التكافل):

بریتییه‌ له‌ دابینكردن و فه‌راهه‌مكردنی هه‌ل بۆ هه‌موو كه‌سێك، به‌ جۆرێك كه‌ ده‌سته‌به‌ری گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان بكات و زانین و تێگه‌یشتنی بارودۆخی گوزه‌رانی خه‌ڵكانیتر و ڕاوبۆچون و خواسته‌كانی ئه‌وانیش بهێنێته‌دی.


سەرچاوەکان



5719 بینین