پشکنینی دووگیانی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-09-13:41:00 - کۆدی بابەت: 6225
پشکنینی دووگیانی

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی دووگیانی لە ماڵەوە

پشکنینی دووگیانی لە ماڵەوە نیشاندەری بوونی یەکێک لە هۆڕمۆنەکانی دووگیانییە لە میزدا بە ناوی کۆریۆنی هاندەری توخمەڕژێنەکان (HCG) کە لەلایەن خانەکانی وێڵاشەوە دروست دەبێت، کاتێک کە هێلکە پیتێنراوەکە جێگیر بوو هۆڕمۆنەکە دەچێتە ناو خوێنەوە، لەم پشکنینەدا هۆڕمۆنەکە لە میزەکەتدا دەردەکەوێت و وەڵامی ئەرێنی دەداتەوە، بە پێی جۆری ئامێری پشکنینەکە و جیاوازییان و ڕێگای جیاواز بۆ هەڵگرتنی نموونەی میزەکە، پشکنینەکە دەگۆڕدرێت کاتێک پشکنینێک دەکڕیت، بە جوانی هەموو ڕێنماییەکان بخوێنەرەوە و بە پێی ئەوە کار بکە.

ئەنجامدانی پشکنینی دووگیانی لە ماڵەوە

باشترین سوودی پشکنینی دووگیانی ئەوەیە کە ئاسانە و لە ماڵەوە بەکاردێت، جۆری جیاوازی پشکنینی دووگیانی هەیە لە دەرمانخانەکاندا دوای ئەوەی کە کڕیت بە وردی بەکارهێنانەکەی بخوێنەوە و بە پێی ئەوە هەنگاوەکان بنێ، هەندێکیان دەبێت میزەکەت بە درۆپەرێک چەند دڵۆپێکی بکەیتە ناو تێستەکەوە، و جۆری دیکەش هەیە کە ئامێری پشکنینەکە دەخەیتە ژێر میزەکەتەوە تاکوو پڕ دەبێت و ئەندازەی خۆی دەگرێت، دوای ئەو ماوەیەی کە دیاریکراوە و نوسراوە لەسەری سەیری ئەنجامی پشکنینەکە دەکەیت، بوونی دوو هێڵ بە واتای دووگیانی دێت، و یەک هێڵ بە واتای ئەوە دێت کە دووگیان نیت، یاخود هەندێکیان بەو جۆرەن کە ئەگەر ئەم نیشانەیە (+) بوو ئەوا واتە ئەرێنییه و دووگیانیت، ئەگەریش ئەو نیشانەیە (-) بوو ئەوا واتە نەرێنییە و دووگیان نیت، دوای دواکەوتنی سوڕی مانگانەکەت ئەنجامدانی پشکنینی دووگیانی٩٩٪ کاریگەری هەیە و ئەنجامەکە ڕاست دەردەچێت.

چ کاتێک دەتوانیت پشکنینی دووگیانی بکەیت؟

زۆرینەی پشکنینەکان وەڵامی ڕاستیان کاتێک دەردەکەوێت، کە هەفتەیەک تێپەڕیبێت بەسەر سوڕی مانگانەکەتدا و نەکەوتبینە سوڕی مانگانەوە، واتە دەبێت دوو هەفتە دوای هێلکەدانان بێت واتە دوو هەفتەش دوای جووتبوون و نزیکی هەفتەیەک دوای دواکەوتنی سوڕی مانگانە، باشترین کاتیش بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە بەیانی زووە چونکە هۆڕمۆنی دووگیانی لە جەستەدا زۆرترە، چونکە لە شەودا هۆڕمۆنی (HCG) کەم دەکات و ئەنجامەکەی بە ئەندازەی بەیانی ڕاست نەبێت، هەروەها میز لە بەیانیاندا خەستی زیاترە و بۆیە هۆڕمۆنەکەش زیاتر دەردەکەوێت تێیدا.
بەڵام ئەگەر بێت و زۆر زوو چەند ڕۆژێکی کەم دوای دواکەوتنی سوڕی مانگانە ئەم پشکنینە بکەیت ئەوا ئەنجامەکە نەرێنی دەبێت، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر ئەرێنی بوو و واتە دووگیان بوویت بە زوترین کات سەردانی پزیشک بکە بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی تایبەت.

ڕێنمایی پشکنینی دووگیانی بە شەودا

هەمیشە هەوڵبدە کە بە بەیانیاندا ئەم پشکنینە بکەیت بەڵام ئەگەر نەکرا و ناچار بوویت کە شەو بیکەیت ئەوا ئاگاداری ئەم چەند خاڵە بە.

ئەگەر بە شەودا ئەنجامی پشکنینەکە ئەرێنی بوو، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە دووگیانیت بەڵام ئەگەر ئەنجامەکە نەرێنی بوو لەوانەیە ڕوون نەبێت بۆیە واباشترە کە بەیانی زووش بیکەیتەوە بۆ دڵنیایی.

ئەگەر بە شەودا کردت بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی ڕوون دەربکەوێت دووربکەوەرەوە لە خواردنی ماددە کافاینەکان و شیرینییەکان، هەروەها دووربکەوە لە خواردنی خوێ و لە ڕۆژەکەشیدا بە بڕی پێویست ئاو بخۆرەوە، بەڵام هەرگیز ٦ کاتژمێر پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە ئاو مەخۆرەوە.


سەرچاوەکان



10644 بینین