سابری

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-29-17:32:00 - کۆدی بابەت: 6428
سابری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

سابری نازناوی شاعیرو ئەدیبی ناودار و ناسراوی شاری کەرکوك شێخ نەجمەدینی کوڕی شێخ عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ مەحموودی قوتبە کە کەسایەتییەکی ئاینی مەزنی کەرکوكە،  هەروەها شێخ مەحموودی قوتب دانەری کتێبی (بحر الأنساب)ـە کە بە یەکێك بە باوەڕپێکراوترین سەرچاوە دادەنرێت بۆ مێژوو و ڕەچەڵەکی شێخەکان، سابری لە ساڵی 1881 لەدایکبووە لە گوندی شۆرجەی سەر بە ناوچەی قەرەحەسەن، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکوك، سابری سەر بە عەشیرەتی بەرزنجییە و لەسەر ڕێبازی قادری بووە و ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ موحێدینی کەرکووک کە شێخ و زاتێکی ناسراوە و مەنزڵگەی تایبەت و بەرزە لە نێو شێخانی تەریقەتدا.

خوێندنی سەرەتایی و بنەما سەرەکییەکانی تەریقەتی خوێندووە، ئەگەرچی پلەی خوێندنی بەرزی بەدەست نەهێناوە، بەڵام شارەزای چوار زمان بووە، بە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی شیعری نووسیوە و بە باشی قسەی پێکردوون و لە زانست و زانیین دانەبڕاوە و شارەزاییەکی باشی شەریعەت و ئاین بووە، ژیانی بە جوتیاری و باخداری لە گوندەکەی خۆی بەسەربردووە و هەروەها سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی گوندەکەیشی کردووە.

باری خێزانی

لە تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی پێنج کوڕ و سێ کچ بووە، کوڕەکانی وەکوو خۆی لێهاتوو و بە توانا بوونە و ڕێباز و شوێنکەوتووی ئەویان بەرنەداوە، کوڕە گەورەکەی بە ناوی "شێخ عەبدولڕەحمان" جێنشین و بەردەوام پێدەری ڕێبازی باوکی بووە، تەکیە و مزگەوتی گوندەکەیانی بەڕێوەبردووە، هەمیشە مەنزڵگەی دەروێش و موریدان بووە و میواندۆست و پەناگەی بێ نەوایان بووە.

مامۆستا ئەحمەد نەجمەدینی کوڕی نووسەر و مامۆستا و وانەبێژ بووە، لە خوێندنگەکانی شاری کەرکوك و بەغداد کاری کردووە، زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی و فەڕەنسی و ئینگلیزی بە باشی زانیوە، چەندان بابەتی توێژینەوە و وەرگێڕانی هەیە مامۆستایەکی قسەزان و زمان پاراو و ناودار بووە ، گرنگترین بەرهەمیشی بە ناوی ( صفات داعيین الى الله/ تایبەتمەندی بانگخوازانی خودا). 

تایبەتمەندی شیعرەکانی 

شیعرەکانی لە چەشنی عیرفانین، چەمکی سۆفیگەری و ڕۆحانییەتی ئاینی بە ڕوونی پێوە دیارە، شیعرەکانی قوڵن و پڕ لە واتان، هەروەها بنەما سەرەکییەکانی ڕەوانبێژی و وشەسازی پەیڕەو کردووە، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی شیعری نووسیوە، ناوەڕۆکی شیعرەکانی تەواوی بوارەکانی ژیانی لە خۆ گرتووە و بانگەشەی بۆ بەها و ڕەوشتە بەرز و مەزنەکان کردووە.

کەسایەتی و پێگەی سابری

سابری کەسایەتییەکی ڕووخۆش و خاکی و دەم بەخەندە بووە، ئەهلی شەرع و خواناس بووە، زۆر زانا بووە لە تەریقەتدا، حەق بێژ و ڕاستگۆ بووە شێخ و کەسایەتییەکان سەردانیان کردووە و شوێنی ئامۆژگاری و قسەکانی کەوتوون و سوودیان لێ بینیوە.

هەستی نیشتمانپەروەری و خۆشویستنی خاك و وڵاتی بەرز و باڵا بووە، دژی داگیرکاری ئینگلیز بووە بۆ کوردستان هەربۆیە چەند پلە و پۆستێکی باڵای ڕەتکردووەتەوە تەنها لە پێناو خۆشەویستی نیشتمانی، پێگەی سابری لە نێو شاعیران و نووسەرانی کورد بڵندە و ناسراوە، هەر وەکوو مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە شیعرێکدا زۆر بە جوانی وەسفی دەکات و دەڵێت:

نامی دڵشادە بەم نامە بەرزە
کە مایەی هێزی عەقڵی سەر ئەرزە
قەدر و حورمەتی نامەی صابرى 
بە ڕووح و بە دڵ لەسەرمان فەرزە 

کۆچی دوایی

بە هۆی نەخۆشی لە 9/ 12/ 1944  کۆچی دوایی کردووە، هەر لە گوندی شۆرجەی شاری کەرکوك بە خاك سپێردراوە، لەئێستادا شێخ محەمەدی کوڕی شێخ عەبدولڕەحمانی کوڕی سابری تەکییە و مزگەوتی شێخ عەبدولڕەحمانی شورجە بەڕێوە دەبات و لە شاری کەرکوك پێگەیەکی تایبەتی هەیە و درێژە پێدەری ڕێبازی باپیرە گەورەیەتی. 


سەرچاوەکان



920 بینین