پشیلە

پشیلە

له‌لایه‌ن: جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-15-19:11:00 - کۆدی بابەت: 6589
پشیلە

ناوه‌ڕۆك

پشیلەکان

پشیلەکان (بە ئینگلیزی cat) لە شیردەرەکانن کە جۆری زۆریان هەیە جیاوازن لە ڕووی شێوە و ڕەنگ و قەبارەوە، بە گشتی قەبارەیان بچووکە، هەتا ئێستە نزیکەی ٦٠ جۆری دەستنیشانکراوە، ئاژەڵێکی ماڵییە کە خەڵکێکی زۆر بەخێوی دەکەن، بەرزترین ژمارەی تەمەنیان دەگاتە نزیکەی ٣٥ ساڵ، بەڵام بە گشتی نزیکەی ١٥ ساڵ دەژین، ئەو پشیلانەی پەروەردە دەکرێن و لەماڵدا دەژین تەمەنیان درێژترە بەبەراورد بە ئەوانەی لە کۆڵانەکاندا هەن، پشیلەکان لە زیاتر لە ٧٠٠٠ ساڵ پێش ئێستەوە لەگەڵ مرۆڤەکاندا ژیاون، لە زۆربەی شارستانییەتەکاندا ئاژەڵێکی پیرۆز بووە، کە دەیان بتیان بۆ دروست کردووە، بە تایبەتی لە شارستانییەتی میسڕییەکان لە سەردەمی فیرعەونەکاندا، هەر کەسێک ئازاری پشیلەکانی بدایە سزای قورسی وەردەگرت هەندیک جار دەگەشتە لە سێدارەدان، لە ئێستادا لە چین بەتامترین گۆشت هی پشیلەیە کە لە خوانەکاندا پێشکەش دەکرێت، دوورگەی ئۆشیماش بە گەورەترین شوێن دەناسرێت کە زۆرترین پشیلەی تێدا دەژی.

پێکهاتەی جەستەی

پشیلەکان خاوەن جەستەیەکی جیڕ و نوشتۆکن، یارمەتی دەدات بازبدات لە بەرزاییە زۆرەکانەوە کە چەند هێندەی خۆی دەبێت بە بێ ئەوەی زیانی پێبگات، ٣٢ ماسولکەی هەیە لە گوێیەکانیدا کە یارمەتی جڵەوکردنی دەدات بە تەواوەتی، واتە دەتوانێت ١٨٠ پلە گوێیەکانی بسوڕێنێت، بەڵام هەستی تامکردنی شیرینی نییە، هەروەها زیاتر لە ١٠٠ جۆر دەنگی جیاوازی هەیە، و لە شەودا توانای بینینی شەش هێندەی مرۆڤە، ٣٠ ددانیشی هەیە کە وەک مرۆڤەکان ددانە شیرییەکانی دەگۆڕێت بە ددانی هەمیشەیی، و زمانیشیان زبرە.      

ڕەوشتەکانی

پشیلەکان خۆیان پاکدەکەنەوە، لە ڕێگەی لێسانەوەی فەرووەکانیانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، بە هۆیەوە ڤیتامین C وەردەگرن، بۆ نێچیر گرتن چڕنووکە تیژەکەی بەکار دەهێنێت، هەروەها ماوەیەکی زۆر دەخەون، کە لە ڕۆژێکدا دەگاتە نزیکەی ١٦ کاتژمێر، تایبەتمەندییەکی هاوبەشی هەیە لەگەڵ مرۆڤەکان کە خەون بینینە، هاوشێوەی مرۆڤەکانە کاتێک دەچنە قۆناغی خەوێکی قووڵەوە خەون دەبینن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مێشکیان لە کاتی نووستندا شوێن هەمان ڕێچکەی شەپۆلەکان دەکەوێت وەک مێشكی مرۆڤ، لە نوێترین توێژینەوەکاندا دەکەوتووە کە مێشکی پشیلە بە ڕێژەی ٪٩٠ هاوشێوەی مێشکی مرۆڤەکانە، و پشیلەکان سڵاو دەکەن لە ڕێگەی لێکخشاندنی لووتیان لە یەکتری، بەڵام زۆر جیاواز لە مرۆڤەکان لە ناو لەپیانەوە ئارەق دەکەنەوە، هاوشێوەی ڕێوییەکان پشیلەکانیش بە فێڵباز ناودارن، هەروەها لە بۆنی مزرەمەنییەکانی وەک پرتەقاڵ و لیمۆ دوور دەکەونەوە، قەبارەی پشیلە نێرینەکانیش گەورەترە لە مێینەکان.       

پەیوەندیکردن

بۆ پەیوەندیکردن پشیلەکان ژمارەیەکی زۆر دەنگی جیاواز دەردەکەن، بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ پشیلەی دیکە یان ئاژەڵ و مرۆڤەکان، بەڵام بە دیاریکراوی بۆ پەیوەندیکردن بە مرۆڤەکانەوە میاوکردن بەکاردەهێنن، دەکرێت مانای برسێتی بێت یاخود داوای گرنگی پێدان بکات، هەر پشیلەیەک دەنگی میاوکردنی تایبەت بە خۆی هەیە کە جیاوازە لە دەنگی ئەوانی دیکە.  

یەکگرتن و زۆربوون

پشیلەی مێینە سوڕی مانگانەی نییە، بەڵام سوڕی هێلکەدانانی هەیە، لەم کاتەدا ئامادەیە بۆ یەکگرتن، هێلکەکە لە ناو جەستەی پشیلەکە دەمێنێتەوە تا کاتی یەکگرتن و بەدوایدا سکپڕبوون، کاتێک مێینەکە دەیەوێت یەکگرتن ئەنجام بدات، ئەوە واتە لە قۆناغی هەوەسبازیدایە یاخود بە کەڵبوون، کە هێلکەکە و پشیلەکەش ئامادەن بۆ یەکگرتنەکە، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر هێلکە بەرهەم دێت، و ژمارەیک گۆڕانکاری بەسەر ئاکار و جەستەی مێینەکەدا دێت، بە گشتی ئەم قۆناغە لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا دەبێت، ماوەی سکپڕییەکەشی ٦١-٦٥ ڕۆژ دەخایەنێت، لە کۆتایی ماوەکەدا مێینەکە بە شوێن جێگەیەکی هێمندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بێچووەکانی ببێت، بە دوایدا بە نزیکەیی ٢-٥ بێچووی دەبێت، هەندێک جاریش بە دەگمەن ٦-٧ بێچووی دەبێت.  

ئەو خۆراکانەی کە باشترە پشیلەکان نەیخۆن

  • پیاز و سیر: دەبێتە هۆی کەمخوێنی.
  • هێلکە و گۆشتی کاڵ و ئێسک: دەکرێت توشی ژەهراویبوون ببێ بە هۆی بەکتریاوە.
  • شیر و شیرەمەنییەکان: لەگەڵ ئەوەی پشیلەکان حەزیان لە خواردنەوەی شیرە بەڵام لاکتۆزی تێدایە کە ناتوانن هەرسی بکەن، بە دوایدا تووشی گرفتی دەکات.
  • ئەو خواردن و خواردنەوانەی کافاینی تێدایە: توشی ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی جیاوازی دەکات.


سەرچاوەکان

75 بینین