زیانەکانی جووتبوون لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-20-21:14:00 - کۆدی بابەت: 6649
زیانەکانی جووتبوون لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

جووتبوون لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

پەیوەندی ژن و مێرد کاتێک کە ژنەکە لە سوڕی مانگانەدا بێت لە دینی ئیسلامدا حەرام کراوە و لە ڕووی زانستی و پزیشکیشەوە زیانێکی زۆری هەیە، لە ماوەی سوڕی مانگانەدا خانمان بەرگری جەستەیان زۆر دادەبەزێت و بە تایبەت بەرگری ناوچەی کۆئەندامی زاوزێیان بۆیە جەستەیان شوێنێکی لەبار دەبێت بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکان، هەروەها جووتبوون لەم ماوەیەدا تەنها خانمەکە تووشی نەخۆشی ناکات بەڵکوو هۆکارێکە تاکوو پیاوەکەش تووشی نەخۆشی بکات، هەر بۆیە جووتبوون لەو ماوەیەدا قەدەغەیە گەرچی هەندێک ژن و مێرد لەم ماوەیەدا جووتبوون ئەنجام دەدەن و گوێ بە زیان و شەرع نادەن.

زیانەکانی جووتبوون لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

  • جووتبوون دەبێتە هۆی زیادبوون و توند بوونی خوێنبەربوونی خانمەکە.
  • بە هۆی ئەوەی لە ماوەی سوڕی مانگانەدا ملی منداڵدان کراوەتەوە جووتبوون دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی توشبوون بە هەوکردن.
  • هۆکارێکە تاکوو هەوکردنەکانی کۆئەندامی زاوزێی پیاوەکە بچێتە ناو لەشی خانمەکەوە.
  • زیادبوونی هەوکردنەکانی ناو منداڵدان بە تایبەت هەوکردنی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان، کە تێیدا دەکرێت بەشێک لەناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان بە هۆی جووتبوونەکەوە بچێتە ناوەوەی سک و کە دەبێتە هۆی نەزۆکی و کۆمەڵێک نەخۆشی و هەندێک جاریش شێرپەنجەی منداڵدان یاخود شێرپەنجەی یەکێک لە ئەندامەکانی سک.
  • دوای جووتبوونەکە خوێنی سوڕی مانگانەکە بۆنێکی زۆر ناخۆشی دەبێت.
  • جووتبوون لەم ماوەیەدا دەبێتە هۆی مەترسی زیادبوونی توشبوون بە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان وەک ئایدز و نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان، چونکە خوێن شوێنێکی گونجاوە بۆ گەشەکردنی ئەم ڤایرۆسانە.

کاریگەری جووتبوون لەسەر بڕ و توندی خوێنی سوڕی مانگانە

کاتێک خانمان لە ماوەی سوڕی مانگانەدا جووتبوون ئەنجام بدەن بەهۆی گەیشتنیان بە لوتکەی چێژ لە کاتی جووتبوونەکەدا گرژبوونی منداڵدان زیاد دەکات و ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان بە بڕێکی زۆر و خێرایی زۆرەوە دێتە خوارەوە کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بڕ و توندی خوێنەکە، زیادبوونی بڕی خوێنیش هۆکارێکە تاکوو ئەو خانمانەی نزیکن لە تەمەنی نائومێدییەوە تووشی لابردنی منداڵدان ببنەوە و منداڵدانیان دەربهێندرێت، ئەو کەسانەی کە لەم ماوەیەدا جووتبوون ئەنجام نادەن کەمتر تووشی ئەوە دەبنەوە کە ئەگەر زۆر بێت بۆ دەرهێنانی منداڵدانیان.

جووتبوون لە ماوەی سوڕی مانگانەدا لە ڕوانگەی شەرعییەوە

خوای گەورە لە سورة البقرة ئایەتی ٢٢٢ دەفەرمێت:
 
﴿وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الْمَحِيضِ ۖ قُلْ هُوَ أَذًى فَاعْتَزِلُوا النِّسَاءَ فِي الْمَحِيضِ ۖ وَلَا تَقْرَبُوهُنَّ حَتَّىٰ يَطْهُرْنَ ۖ فَإِذَا تَطَهَّرْنَ فَأْتُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ أَمَرَكُمُ اللَّهُ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ التَّوَّابِينَ وَيُحِبُّ الْمُتَطَهِّرِينَ﴾

واتە: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) پرسیارت لێ ده‌که‌ن ده‌رباره‌ی سوڕی مانگانه‌ی ئافره‌ت پێیان بڵێ: ئه‌وه‌ ئازارو زه‌ره‌ره‌، که‌وابوو خۆتان به‌ دوور بگرن له‌ هاوسه‌ره‌کانتان که‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا بن و نزیکیان مه‌که‌ون تاکوو پاک ده‌بنه‌وه‌، جا کاتێک پاک و خاوێن بوونه‌‌وه‌ و خۆیان شت بچنه‌ لایان، به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ خوا فه‌رمانی داوه‌، به‌ڕاستی خوا ته‌وبه‌کاران و پاکانی خۆشده‌وێت (ئه‌وانه‌ی ڕواڵه‌ت و ناوه‌ڕۆکیان پاکه‌).


سەرچاوەکان



2396 بینین