کۆمپانیای ئەمازۆن

کۆمپانیای ئەمازۆن

له‌لایه‌ن: ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-23-14:16:00 - کۆدی بابەت: 6681
کۆمپانیای ئەمازۆن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

کۆمپانیای ئەمازۆن (بە ئینگلیزی Amazon.Com)، سایتێکی ئەلیکترۆنی بازرگانییە، لە ساڵی 1994 لە لایەن "جێف بیزۆس" دامەزاراوە، ناوەندی سەرەکی لە سیاتڵی ویلایەتی واشنتۆنی ئەمریکایە، گەورەترین سایتی فرۆشیاری سەر بە ئینتەرنێتە لە جیهاندا لە ڕووی کۆی فرۆشتن و بەهای بازاڕەوە، بەرهەمەکانی هەمەچەشن و فراوانە، لە سەرەتادا کۆمپانیای ئەمازۆن وەکوو کتێبخانەیەکی ئەلیکترۆنی دەستیپێکرد، پاشان برەوی بە بەرهەمەکانیدا و هەمەجۆری تێدا کرد، وەکوو فرۆشتنی DVD، دیسکی بلوری، CD، داگرتن و پەخشکردنی ڤیدیۆ، داگرتن و پەخشکردنی فایلەکانی ئێم پی 3، داگرتنی کتێبی دەنگ و پڕۆگرامەکانی سۆفتوێر، یاری ڤیدیۆیی و ئەلکترۆنی، پاشان جلوبەرگ، کەلوپەل و خشڵ، ئەمازۆن سایتە تاکفرۆشییەکانی جیای هەیە لە چەند وڵاتێك وەک (ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڕیتانیا، ئیرلەندا، فەڕەنسا، کەنەدا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، هۆڵەندا، ئوسترالیا، بەڕازیل، ژاپۆن، چین، هیندستان و مەکسیک)، هەروەها خزمەتگوزاری گواستنەوەی نێودەوڵەتی پێشکەش بە بەشێك لە وڵاتانی جیهانی دەکات بۆ هەندێک لە بەرهەمەکانی، لە ساڵی 2015دا ئەمازۆن کۆمپانیای وال مارتی تێپەڕاند، بووە بە نرخترین فرۆشیار لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە نرخی بازاڕ، و لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2016دا چوارەم گەورەترین کۆمپانیای گشتی بوو لە جیهاندا.

مێژووی دامەزراندنی کۆمپانیای ئەمازۆن

لە ساڵی 1994 ئەم کۆمپانیایە دامزراوە لەلایەن "جێف بیزۆس" وەکوو جێگری سەرۆکی دی ئەی شۆ لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی واڵ ستریت دەستی لەکار کێشایەوە، گواستیەوە بۆ ناوچەی سیاتل، پاشان دەستی کرد بە کارکردن لەسەر پلانێکی بازرگانی تۆکمە کە لە ئەنجامدا کۆمپانیای ئەمازۆنی دامەزراند، لە بنەڕەتدا هەنگاوەکانی سەرەتای درووستبوونی ئەمازۆن لە گەراجی ماڵەکەی بێزۆس لە بێلیڤیو لە واشنتۆن دەستیپێکرد، لە سەرەتادا بە ناوی کادبراوە دانرا، دواتر لە دوای ساڵێک ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ئەمازۆن، پاشان ماڵپەڕی کۆمپانیاکە لە ساڵی 1995 وەکوو ئەمازۆن (Amazon.com) بە فەرمی دەستی پێکرد، لە دوای گەڕانێکی زۆر بۆ ناوێکی گونجاو، بێزۆس ناوی ئەمازۆنی هەڵبژارد، چونکە شوێنێکی سەرنجڕاکێش و جیاوازە، هەروەها پێی وابووە کە چوونکە ڕووباری ئەمازۆن گەورەترین ڕووباری جیهانە، ئەوە زۆر گونجاوە لەگەڵ ئامانجەکەی ئەو، ئامانجی ئەوەی هەبووە کە گەورەترین کۆگای بازرگانی هەبێت لە جیهاندا، بێزۆس لە سەرەتای کارکردندا لە هەوڵی دروستکردن و دانانی براندێکی تایبەت بە کۆمپانیاکە بوو، پێی وابووە کە ناوی براندە بازرگانییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە لە جیهانی ئینتەرنێتدا، هەروەها هەڵبژاردنی ناوێک کە بە پیتی A دەست پێ دەکات دەبێتە سەرەوەی هەر لیستێکی گەڕانی ئەلفوبێی پیتەکان لەجیهاندا و دۆزینەوەی ئاسان دەبێت.

پلانی بازرگانی سەرەتایی ئەمازۆن شتێکی نائاسایی و نا ڕوون بوو پێشبینی ئەوەی لێنەدەکرا کە بە ئاسانی لە ماوەیەکی دیاریکراودا قازانج بکات، لە سەرەتادا گەشەی خاوی کۆمپانیاکە بووە مایەی ناڕەزایی خاوەن پشکەکان، پێیان وابوو کە بە خێرایی ناگاتە قۆناغی قازانجکردن ناکرێت وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆمپانیاکە توانی زۆر بە باشی خۆی بسەلمێنێت، لە ساڵی 1999 گۆڤاری تایمز ناوی بێزۆسی بە "پیاوی تایبەتی ساڵ" ناساند ئەمە بووە هۆی سەرکەوتنی زیاتری کۆمپانیاکە.

بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەمازۆن

چالاکییەکانی سەرەتای دەستپێکردنی کۆمپانیاکە وەکوو کۆگای کتێبی ئەلیکترۆنی بووە، پاشان بەرهەمی تری بۆ زیادکرا نموونەی DVD و CDـەکانی میوزیک و پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر و یارییە ڤیدیۆییەکان و خۆراک و پۆشاک و خشڵ و ئێکسسواڕات و پێداویستی وەرزشی و ئامێرەکانی میوزیک و چەندان بەرهەمی تر.

داهاتی کۆمپانیای ئەمازۆن

لە ساڵی 2017 بڕی قازانجی کۆمپانیاکە گەیشتە 3.03 ملیار دۆلاری ئەمریکی، هەروەها داهاتی ساڵانەی بە بڕی 177.866 ملیاردۆلار بووە، نرخی یەک پشکی ئەمازۆن زیاتر لە 968 دۆلارە، هەروەها ژمارەی کارمەندەکانی نزکەی 798000 کارمەندە.

سایتی ئەلیکترۆنی ئەمازۆن ڤیدیۆ

ئەمازۆن ئینستانت ڤیدیۆ یەکێکە لە خزمەتگوزارییەکانی ئەمازۆن، ئەم خزمەتگوزارییە سنووردارە و لە چەند وڵاتێک بەردەستە، نموونەی (ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا و نەمسا)، ئەم خزمەتگوزارییە زنجیرە دراما و فیلم دەخاتە بەردەست بینەران، لەگەڵ چەند کۆپانیاییەکی تایبەت بە وەبەرهێنانی فیلم گرێبەستی ئەنجام داوە و مافی پەخشکردنی بەشێك لە زنجیرە دراما و فیلمەکانی کڕیوە نموونەی کۆمپانیای HBO (کۆمپانیاییەکی تایبەتە بە بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی). 


سەرچاوەکان

85 بینین