وشەی مامۆستا لەچییەوە هاتووە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-27-02:17:00 - کۆدی بابەت: 6727
وشەی مامۆستا لەچییەوە هاتووە؟

ناوه‌ڕۆك

وشەی مامۆستا

وشەی (مامۆستا) لە (ماموەستا)ـوە هاتووە، واتە دوو وشەی لێکدراوە (مام + وەستا). مام بۆ ڕێزە و وەستاش بۆ یەکێک بەکاردەهێنرێت کە لە کارەکەیدا دەست ڕەنگین بێت و شوێنکارێک، شاگردێک، یان کەسانێکی لەبەردەست بێت وەک وەستای ئاسنگەر و دارتاش و فیتەر، پاشان (ماموەستا) لە قسەکردن و دواتریش لە نووسیندا، بۆ (مامۆستا) گۆڕاوە. چونکە لە زمانی کوردیدا، زۆربەی ئەو وشانەی (وە)ی تێدابووە، وردە وردە گۆڕاوە، پیتی (ۆ) جێی بە جووتە پیتی (و + ە) لەقکردووە و ئەم زاراوە نوێیەی لێ پەیدابووە، ئەمەش لە زۆربەی ئەو وشانەدا بەدیدەکرێ، کە بە ئەو شێوەیە گۆڕاون. بۆ نموونە: (بڵاوبۆتەوە: بڵاوبووەتەوە، کردۆتەوە: کردووەتەوە، ڕووناکبۆتەوە: ڕووناکبووەتەوە، ڕوونبۆتەوە: ڕوونبووەتەوە، تێهەڵچۆتەوە: تێهەڵچووەتەوە، گلیدابۆوە: گلیدابووەوە، گەڕابۆوە: گەڕابووەوە، لەکۆڵبۆتەوە: لەکۆڵبووەتەوە، مۆڕبۆتەوە: مۆڕبووەتەوە، بیرچووبۆوە: بیرچووبووەوە، دامەزرابۆوە: دامەزرابووەوە، جیابۆتەوە: جیابووەتەوە ..).

بەکێ دەڵێن مامۆستا؟

(مامۆستا) زاراوەیەکە، بۆ نێر و مێ بەکاردێنرێ، هیچ هەڵەش نییە، هەرچەندە هێندێ کەس دەڵێن: (مام وەستا) بۆ نێر و (پور وەستا)ش بۆ مێ دەبێت، بەڵام ئەم بۆچوونە ڕاست نییە لەبەرئەوەی زمانی نووسینی کوردی، وەک زمانی عەرەبی نییە، جیاوازی لە نێوان نێر و مێدا هەبێت، جگە لە هەردوو خواردیالێکتی هەورامانی و بادینانی نەبێ.

چۆن مامۆستاکان لە یەکدی جیادەکەینەوە؟

لە زمانی کوردیدا، هەر کەسێ لە هەر بوارێکی خوێندن و پەروەردە و زانستدا کاریکرد، هەر پێی دەڵێن: مامۆستا. چونکە زمانی کوردی، وەک زمانی عەرەبی نییە، هەم هێندە زاراوەی جیاوازی بۆ هەر قۆناغێکی خوێندن هەبێ، هەم جیاوازی نێوان نێر و مێی تێدابێ. بۆ نموونە: مامۆستای سەرەتایی بە عەرەبی (موعەلیم – موعەلیمە)، مامۆستای ناوەندیی و ئامادەیی (مودەڕیس – مودەڕیسە) و مامۆستای زانکۆش (ئوستاز – ئوستازە) وەردەگرن.
لەبەرئەوە، لە زمانی کوردیدا، مامۆستا بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن بەکاردێ، بەڵام پێویستە، جۆر و پلەی خوێندن و خوێندنگەکە، لە دوای وشەی مامۆستاوە دیاریکرێ. بۆ نموونە: مامۆستای سەرەتایی، مامۆستای ناوەندیی، مامۆستای ئامادەیی، مامۆستای پەیمانگە، مامۆستای زانکۆ.
مامۆستا دەبێ، ئەو قۆناغەی خوێندنی تەواوکردووە، بڕوانامەی هەبێ، لە یەکێ لە دەزگاکانی خوێندن و پەروەردەدا کاربکات، ئینجا پێی دەڵێن: مامۆستا.

جۆرەکانی بەکارهێنانی مامۆستا بە زمانی کۆمەڵگا

1.بۆ ڕێزگرتن لە کەسێکی خاوەن کەسایەتی ناسراو یا نەناسراو.
2.بۆ کەسێکی بە تەمەن.
3.ڕامیارەکان ئەمەش لە عەرەبەکانەوە فیربوون.
4.پیاوانی ئایینی و سەرکردەی پارتەکانی ئیسلامی ڕامیاری.
5.دەسڕەنگینەکان وەک نووسەر، هۆنەر، هونەرمەند، زمانەوان.
6.هێندێ جاریش بۆ پلارهاویشتن و گاڵتەپێکردن بۆ یەکێ بەکاردێنرێ و پێی دەڵێن: ئاخر مامۆستا وا نابێ!.
بەڵام واتای ڕاستەقینەی مامۆستا، تەنیا هەر ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کاری مامۆستایی دەکەن و لە دەزگایەکی خوێندندا، وانە دەڵێنەوە. ئەگینا ئەوانی دیکە، ناوی تایبەتی خۆیان هەیە و مامۆستا نین.


سەرچاوەکان

484 بینین