ئایڤانی بەهێز و ئایڤانی کوڕی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-05-23:15:00 - کۆدی بابەت: 6802
ئایڤانی بەهێز و ئایڤانی کوڕی

ناوه‌ڕۆك

ئایڤانی بەهێز کێیە؟

ئایڤانی چوارەمی ڤاسیلیڤیچ کوڕی ڤاسیلی سێیەم و شازادەی گەورەی مۆسکۆ بووە لە ساڵی ١٥٣٣ تاکوو ساڵی ١٥٤٧، هەروەها یەکەم فەرمانڕەوای مۆسکۆ بووە کە لە ساڵی ١٥٤٧ تاکوو ١٥٨٤ خۆی بە زاری هەموو ڕووسیا (ئیمپراتۆری هەموو ڕووسیا) ناساندووە، ئایڤان یەکەمین فەرمانڕەوای مۆسکۆ بووە کە لەدوای سەربەخۆیی لەدایکبووە، کاتێک تەنها تەمەنی سێ ساڵان دەبێت باوکی دەمرێت و بە شازادەی گەورە دەناسێنرێت، گروپێک بەناوی (ئەنجوومەنی چاکسازان) لەدەوری ئەیڤانی گەنج کۆبوونەوە لە ساڵی ١٥٤٧ و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە زاری هەموو ڕووسیا ناساندیان، ئایڤان بە لایەنی کەمەوە خاوەنی شەش یان هەشت هاوسەر بووە، تەنها چواریان بە شێوەیەکی ئاسایی مردوون و سێ دانەیان بە شێوەیەکی ناڕوون ژەهرخوارد کراون لەلایەن دوژمنەکانی ئایڤان یان لەلایەن ئەو خێزانە بەگزادانەوە کە دەیانویست ئایڤان کچەکانیان بخوازێت، وشەی Terrible لە زمانی ئینگلیزیدا بە مانای ترسناک دێت، بەڵام لە سەدەی ١٦دا و کاتێک درایە پاڵ ناوی ئایڤان، بە مانای بەهێز و گەورە هاتووە.

دەربارەی تابلۆ

تابلۆی ئایڤانی بەهێز و کوڕەکەی لە ١٦/١١/١٥٨١ لەلایەن وێنەکێشی ڕیالیزمی ڕووسی ئیلیا ڕێپنەوە لەنێوان ساڵانی ١٨٨٣ و ١٨٨٥ کێشراوە، ئەم تابلۆیە زۆرجار بەناوی (ئایڤانی بەهێز و کوڕەکەی بە ناوی ئایڤان) یان بە (بەروار و بەبێ بەروار) یان (ئایڤان کوڕەکەی دەکوژێت) دەناسرێت، وێنەکە دەرخەری ساتێکی لێولەباری ئایڤانی بەهێزە کە بە تۆقین و پەشیمانییەوە کوڕە کوژراوەکەی بە توندی بە سنگییەوە گوشیوە، ئایڤان لەو ساتەدا هەست بەوە دەکات کە لێدانێکی کوشندەی داوە لە کوڕەکەی و کوڕەکەی لەدەستداوە، وێنەکێشەکە لەکاتی کێشانی تابلۆکەدا هاوڕێیەکی وێنەکێشی خۆی بەناوی گریگۆری مایاسۆیدۆڤی وەک مۆدێلێک بۆ ئایڤانی بەهێز و نووسەر سیڤۆڵد گارشنی بەکارهێناوە وەک مۆدێلێک بۆ ئایڤانی کوڕی، ئەم تابلۆیە یەکێکە لە بەناوبانگترین تابلۆ کێشراوەکانی ڕووسیا.

چیرۆکی پشت تابلۆکە

ڕووداوی مردنی زارڤیچ ئایڤان ئایڤانۆڤیچ لە مانگی یانزەی ساڵی ١٥٨١ تا ئێستاش یەکێکە لە ڕووداوە پڕ مشتومڕەکانی ڕووسیا، چیرۆکەکان دەربارەی هۆکاری مردنەکەی جیاوازن، هەندێک کەس دەڵێن ئایڤانی ترسناک خۆی کوڕەکەی نەکوشتووە و لەوانەیە کەسێکی دیکە لەو ژوورەدا بووبێت و هەندێکی دیکەش دەربارەی بەرواری مردنەکە گومانیان هەیە، بەڵام بەپێی زۆربەی سەرچاوە و باسەکان بێت، پەیوەندی نێوان ئایڤان و کوڕەکەی ئاڵۆزبووە، زارڤیچ تەنها خاوەنی کوڕێک بووە و سێ هاوسەری هەبووە، کاتێک لە مانگی یانزەی ساڵی ١٥٨١ ژنی یەکەم و دووەمی لە پەرستگا دەبن، هاوسەری سێیەمیشی دووگیان دەبێت بە کوڕێک، لەبەر ئەوەی کە جل و بەرگێکی نەگونجاو لەبەردەکات ئایڤان لە بووکەکەی دەدات و منداڵەکەی لەباردەچێت، دواتر زارڤیچ لەگەڵ باوکیدا دەبێت بە دەنگەدەنگی و شەڕێکی گەورەیان دەبێت، پاشان ئایڤان بە قامچییەک لە سەری کوڕەکەی دەدات و کوڕەکەی دەکەوێتە سەرزەوی و خوێنێکی زۆری لێدەڕوات، ئایڤان یەکسەر پەشیمانی دایدەگرێت، بەڵام کوڕەکەی دوای چەند ڕۆژێکی کەم گیان لەدەست دەدات.


سەرچاوەکان



3417 بینین