شێرپەنجەی گورچیلە

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-10-08-14:30:00 - کۆدی بابەت: 6830
شێرپەنجەی گورچیلە

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی شێرپەنجەی گورچیلە 

شێرپەنجەی گورچیلە (Kidney Cancer) نەخۆشییەکە کە تێیدا خانەکانی گورچیلە دەبن بە خانەی شێرپەنجەیی و گەشەکردنیان لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و گرێ دروست دەکەن، بەشی هەرە زۆری حاڵەتەکانی شێرپەنجەی گورچیلە لە سەرەتادا لە ناوپۆشی بۆریچکەکانی گورچیلەوە دەردەکەوێت، ئەم جۆرەی شێرپەنجەی گورچیلە ناودەبرێت بە شێرپەنجەی خانەکانی گورچیلە.

یەکێک لە هەواڵە دڵخۆشکەرەکان سەبارەت بەم نەخۆشییە ئەوەیە کە زۆربەی حاڵەتەکان دیاری دەکرێن پێش ئەوەی بە لەشدا بگوێزرێنەوە و تەشەنە بکەن بۆ ئەندامەکانی دیکەی لەش، هەرچەندە زووتر نەخۆشییەکە دیاری بکرێت ئەوا ئاسانتر و سەرکەوتووانەتر چارەسەر دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت ئەم گرێیانە گەشە بکەن تا ئاستی تەواوەتیی خۆیان بە بێ ئەوەی هەستییان پێ بکرێت یاخود وەک نەخۆشیی شێرپەنجە دیاری بکرێن.

گورچیلەکان دوو ئەندامی شێوە فاسۆلیایین، قەبارەیان نزیکی قەبارەی مشتێکە و دەکەونە بەشی خوارەوەی سک یاخود تەنیشتەکانی دڕکە پەتک، فەرمانی سەرەکی گورچیلەکان لە لەشدا پاڵاوتنی خوێن و کردنە دەرەوەی ماددەی ناپێویست و دروستکردنی میزە.

کێن ئەوانەی ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەکە زیاترە؟

پزیشکان هۆکاری شێرپەنجەی گورچیلە نازانن، بەڵام کۆمەڵێک هۆکاری دیاریکراو هەن کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاد دەکەن، بۆ نموونە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە چل ساڵ زیاترە ئەگەری تووشبوونیان بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیانەوە زیاد دەکات، هەروەها کۆمەڵێک هۆکاری دیکە مەترسییەکە زیاتر دەکەن، لەو هۆکارانە:

- جگەرەکێشان: ئەگەری تووشبوون بە ڕێژەی دوو هێندە زیاد دەکات.
- ڕەگەزی نێر: ڕێژەی تووشبوونی ڕەگەزی نێر بە شێرپەنجەکە بە نزیکەیی دوو هێندەی ڕێژەی تووشبوونە لە ئافرەتاندا.
- قەڵەوی: کێشی نائاسایی لەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکاندا و مەترسیی تووشبوون زیاد دەکات.
- بەکارهێنانی دەرمانی ئازار شکێن: بەکارهێنانی دەرمانی ئازار شکێنی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی زۆر.
- بوونی نەخۆشییەکانی گورچیلە یاخود شۆردنی گورچیلە (غەسلی گورچیلە): بۆماوەیەکی درێژخایەن، کە ئەمەش ڕێگا چارەیەکە بۆ کەسانێک بەکاردێت کە گورچیلەکانیان کار ناکات.
- بوونی کێشەی دیاریکراوی بۆماوەیی: وەک تووشبوون بە نەخۆشی بۆماوەیی شێرپەنجەی خانەکانی گورچیلە.
- بوونی پێشینەی خێزانی لە نەخۆشی گورچیلەدا: مەترسی ئەم هۆکارەش زیاتر لە نەوەکاندا دەردەکەوێت.
- بەرکەوتن بە کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی مەترسیدار: بۆ نموونە ماددەی کوشندەی ئەزبێستۆس و کادمیۆم و بەنزین و تواوەی کاربۆن و مێرووکوژ.
- پەستانی بەرزی خوێن: پسپۆران نازانن پەستانی بەرزی خوێن لە چی کاتێکدا دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی بۆ تووشبوونەکە.
- بوونی لوو یاخود گرێی شێرپەنجەیی لە لیمفەگرێکاندا: بەهۆی هۆکارێکی نەزانراوەوە دەکرێت ئەو کەسانەی شێرپەنجەی لیمفەگرێکانیان هەیە بەهەمان شێوە شێرپەنجەی گورچیلەشیان هەبێت.
- نەخۆشی شەکرە.
- نەتەوە: ئەفریقییە ڕەشپێستەکان زیاتر تووشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجە دەبن و تا ئێستاش هۆکارەکەی ناڕوونە.
- کەمی جووڵەی ڕۆژانە: بە پێی توێژینەوەکان تاکو کەسەکە جووڵەی هەبێت و وەرزش بکات، ئەوا کێشی لەشی دادەبەزێت و ئەگەری تووشبوون کەم دەکات، بەڵام گەر وانەبوو مەترسیەکە زیاد دەکات.

بیرمان نەچێت هەبوونی هەریەک لەم هۆکارانە مانای ئەوە نادات کە بەدڵنیاییەوە تووشی شێرپەنجەکە بووین، بەپێچەوانەشەوە لەوانەیە هیچ لە نیشانەکانمان نەبێت و تووشی نەخۆشییەکەش بووبین.

نیشانەکانی شێرپەنجەی گورچیلە

پێدەچێت لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نیشانەی لەپێشینە دەرنەکەوێت و بە گەشەکردنی گرێکەش ئیدی نیشانەکان وردەوردە دەربکەون، نیشانەکان ڕەنگە پێکەوە یاخود بە جیا ببینرێن، لەو نیشانانە:
- میزی خوێناوی.
- دروستبوونی گرێ لە تەنیشتەکانی پشتدا.
- نەمانی ئارەزووی خواردن.
- هەبوونی تا بۆ نزیکەی دوو هەفتە بە بێ ئەوەی هۆکارەکەی میکڕۆبەهەوکردن یان هەڵامەت بێت.
- کەمبوونەوەی کێشی لەش بە هۆکاری نەزانراو.
- ماندوێتی لەڕادەبەدەر.
- کەمخوێنی.
- ئاوسانی ئەنیشک و ڕان.
- هەناسەکورتی.
- کۆکەی خوێناوی.
- ئازاری ئێسک.


سەرچاوەکان



1567 بینین