پەپوولە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-13-14:26:00 - کۆدی بابەت: 6870
پەپوولە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەپوولە (بە عەرەبی: فراشة، بە ئینگلیزی: butterfly)، سەرەڕای ئەوەی لە کۆمەڵەی مێرووەکاندا پۆلێندەکرێت، بەڵام شێوەیەکی زۆر جوانی هەیە و بە جوانترین مێروو دادەنرێت، شێوەیەکی ناسک و جووڵەیەکی نەرمی هەیە، بۆیە لە هۆنراوە و هەڵبەست و ئەفسانەکاندا ناوی هێنراوە، زۆرینەی جارەکان بەستراوەتەوە بە گوڵەکانەوە، لە هەموو نشینگەکاندا توانای ژیانکردنی هەیە جگە لە جەمسەرە بەستووەکان، واتە لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا دەژی، وەک دارستان و کێڵگە و دەوەن و شاخە بەرز و ساردەکان و ناوچەی بیابانەکانیش، بەڵام بە گشتی لە ناوچە خولگەییەکاندا هەیە، هەروەها لەبەر ئەوەی مێروویەکی خوێن ساردە و توانای ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستەی نییە، توانای بەرگەگرتنی سەرما و وەرزی زستانی نییە بۆیە دەچێتە سوڕی متبوونەوە یاخود کۆچدەکات چونکە لە پلە گەرمییە نزمەکاندا و بەدیاریکراوی لە ١٢ پلەی سەدیدا توانای فڕینی نامێنێت.

شێوەی دەرەوەی

هاوشێوەی هەموو مێرووەکان جەستەی لە سەر و سنگ و سک پێکهاتووە، لەسەر سەرییەوە دوو شاخی درێژی هەیە کە بۆ هەستکردن و بۆنکردن بەکاردێت، هەروەها کۆمەڵێک ڕەنگی زۆری جیاوازی هەیە دەکرێت کاڵ و تۆخ بن و زۆرینەی جارەکان دەکرێت تێکەڵەی دوو ڕەنگ یان زیاتر بێت، قەبارەکەشی بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت، گەورەترین جۆری پەپوولە لە ناوچەی بابوای ئەفریقا دۆزراوەتەوە، بەڕادەیەک گەورەیە کە درێژی باڵەکانی دەگاتە ٢٨ سم، بچووکترین جۆریش بریتییە لە پەپوولەی شینی کورتەباڵای ڕۆژئاوایی کە لە وڵاتەکانی ئەمریکای باکوور ژمارەیەکی زۆری هەیە، ئەم جۆرەیان درێژی باڵی گەورەترین دانەی دەگاتە ١ سم، هاوشێوەی مرۆڤ پەپوولەکان پێنج هەستەکەیان هەیە، بەڵام دەوترێت کە هەستی تامکردنیان لە پێیەکانیاندایە، هەروەها هەستی بینینیشی زۆر پەرەسەندووە کە توانای ناسینەوە و جیاکردنەوەی زۆرینەی ڕەنگەکانی هەیە تەنانەت هەندێک لە ئەو ڕەنگانەش کە مرۆڤ توانای بینینی نییە وەک ڕەنگەکانی سەروو وەنەوشەیی، بەڵام مەودای بینینی پەپوولە کورتە و تەنها ٣-٣.٥ مەتر بە ڕوونی دەبینێت لەوە دوورتربێت تەڵخە، هەروەها خێرایی هەندێک جۆریشی لە کاتژمێرێکدا دەکرێت بگاتە ٤٨ کم.   

خۆراک و بەرگریکردن

بە شێوەیەکی سەرەکی ژەمە خۆراکی پەپوولە پێگەیشتووەکان بریتییە لە شلەمەنی کە شیلە و ئاوی گوڵە، بەڵام پەپوولەش لە هەمان کاتدا دەبێت بە نێچیری زۆرینەی باڵندە و مێرووەکانی دیکە، بۆیە پەپوولەکان بە چەند شێوەیەک توانای بەرگریکردن و خۆپاراستنیان هەیە، وەک خۆحەشاردان لەنێو گوڵ و گەڵاکاندا بەسوود وەرگرتن لە ڕەنگەکانیان، هەروەها دەردانی ماددەی کیمیایی بە دەردانی بۆنێک کە دەبێتە هۆی بێزارکردنی ڕاوچییەکانی، هەروەها هەندێک لە جۆرەکانیشی ژەهراوییە وەک پەپوولەی بودو تریشا و پەپوولەی هلیکونیوس و جۆری دیکەش، جگە لە ئەمانەش پەپوولە تامێکی نەشیاوی هەیە بۆ خواردن چونکە کرمۆکەکان شیلە و ئاوی گوڵە تاڵەکان دەخۆن، بۆیە هەر نێچیرێک پەپوولەیەک بخوات ئەوا هەوڵی خواردنی دانەیەکی دیکە نادات بەهۆی تامە ناخۆشەکەیەوە.

یەکگرتن و زۆربوون

لە ماوەی یەکگرتندا مێینەکان هێلکەکانیان لەسەر گەڵای ڕووەکەکان دادەنێن، دواتر هێلکەکە دەستپێکی گەشەسەندنی پەپوولەیەکی پێگەیشتووە، قۆناغەکانی پەرەسەندنی پەپوولەکان ٤ قۆناغی جیاوازن، یەکەمیان هێلکەیە و لە هێلکەکە هەڵدێت بۆ ئەوەی ببێت بە کرمۆکە دواتریش لە قۆناغی سێیەمدا دەبێت بە قۆزاخە و لە کۆتایدا بە تەواوەتی پەرەدەسێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە پەپوولەیەکی پێگەیشتوو، هەروەها زۆرینەی پەپوولەکان لە وەرزی بەهاردا زۆردەبن.

جۆرە باوەکانی پەپوولەکان

هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار جۆر لە پەپوولەکان دۆزراونەتەوە و ناسراون، و ئەماش باوترین جۆرەکانن:

  • پەپوولەی پێ فڵچەیی
  • پەپوولەی ساتوری سوورەچنارەکانی دارستان
  • پەپوولەی گۆگردی هێلکۆکەیی
  • پەپوولەی کلک قولاپی
  • پەپوولەی لەمۆزدار
  • پەپوولەی شین و زەردی هێڵدار
  • پەپوولەی ڕووەکە گوڵدارەکان
  • پەپوولە هەمیشەییەکان
  • پەپوولەی خاوەن هێمای کانزایی

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

پەپوولەکان توانای هەڵگرتنی بارستاییەکیان هەیە کە ٥٠ هێندەی کێشی خۆی دەبێت، هەندێک لە پەپوولە و گوڵەکان هێمایان لەسەرە بە ڕەنگی سەروو وەنەوشەیی ڕەنگکراون، و بەدوایدا لەبەر ئەوەی پەپوولەکان توانای بینینی ڕەنگەکانی سەروو وەنەوشەییان هەیە، بۆیە دەبێتە یارمەتیدەری بۆ ئەوەی بە ئاسانی جێگەی گوڵ و پەپوولەکانی دیکە بدۆزێتەوە، هەروەها پەپوولە زۆرینەی چالاکییەکانی بە ڕۆژدا ئەنجام دەدات چونکە پێویستی بە تیشکی خۆرە، و هاوشێوەی مێروو و باڵندەکانی دیکە یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەڕینی گوڵەکان و زۆربوونیان بەهۆی گواستنەوەی تۆوەکان بۆ مێینە و ناوچە جیاوازەکان، لە ڕابردوودا یۆنانییەکان باوەڕیان وابووە کە کاتێک مرۆڤێک دەمرێت ئەوا ڕۆحەکەی لەسەر شێوەی پەپوولەیەک لە جەستەی دەردەچێت و دووردەکەوێتەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی پەپوولەکان ماوەیەکی زۆرە لەسەر زەوی دەژین بۆیە پێگەی تایبەتیان هەیە لە مێژووی زەوی و شارستانییەتی مرۆڤەکان و لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا.


سەرچاوەکان



2013 بینین