جۆن کوینسی ئادەمس

له‌لایه‌ن: - ئاکۆ محەمەد - به‌روار: 2021-12-31-09:34:00 - کۆدی بابەت: 7454
جۆن کوینسی ئادەمس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جۆن کوینسی ئادەمس (John Quincy Adams) شەشەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، سیاسەتمەدار و پارێزەر و مێژوونوسێکی ئەمریکی بووە، وەک هەشتەم وەزیری دەرەوەی وڵات خزمەتی کردووە لە ١٨١٧ - ١٨٢٥، پاشانیش بووە شەشەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١٨٢٥ - ١٨٢٩، لەو ماوە درێژەی کاری دیبلۆماسی و سیاسییدا ئادەمس وەک باڵیۆز و ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش کاری کردووە کە تیایدا نوێنەری ویلایەتی ماسەشوستس بووە، ئەمیش هاوشێوەی جۆن ئادەمس John Adamsـی باوکی سەر بە فیدراڵییەکان بووە، وەک ئەندامی حیزبی کۆماریی دیموکراتی توانیی هەڵبژاردنەکان بباتەوە و لە ساڵی ١٨٢٥ دا ببێتە سەرۆک، هەروەها لە ناوەڕاستی ١٩٣٠ یـەکاندا لە حیزبی ویگ Whig Party بوو بە ئەندام.

ژیاننامە

جۆن کوینسی ئادەمس لە ١١/٧/١٧٦٧ لە ماسەشوستس لەدایکبووە، کوڕە گەورەی جۆن ئادەمس John Adams بووە کە دووەم سەرۆکی ئەمریکا بووە لە ساڵانی ١٧٩٧ بۆ ١٨٠١ و دایکیشی ئەبیگیل ئادەمس Abigail Adams خانمی یەکەمی وڵات بووە، هاوسەرگیریی لەگەڵ لویزا کاثرین جۆنسن Louisa Catherine Johnson کردووە و خاوەنی سێ کوڕ و یەک کچ بوون، بە ناوەکانی جۆن ئادەمسی دوو John Adams II، چارلس فرانسس ئادەمس Charles Francis Adams، جۆرج واشنتن ئادەمس George Washington Adams، لویزا کاثرین ئادەمس Louisa Catherine Adams.

جۆن کوینسی ئادەمس وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

یەکەم سەرۆک بوو کە باوکی سەرۆک بووبێت، جۆن کوینسی ئادەمس لە چەندین ڕووەوە هاوشێوەی باوکی بوو، بە نموونە لە پیشە و سروشتی کەسایەتی و بیروبۆچوونەکانیدا، لە ساڵی ١٧٦٧ لە برەینتری Braintree سەر بە ویلایەتی ماسەشوستس Massachusetts لەدایکبووە، ئەو لە کێڵگەکەی ماڵەوە لەسەر لوتکەی گردی پێنەوە سەیری جەنگی گردی بەنکەر the Battle of Bunker hill ی دەکرد، جۆن زمانەوانێکی کارامە و بیرەوەرینووسێکی چالاک بوو.

دوای تەواوکردنی خوێندن لە زانکۆی هارڤارد، بوو بە پارێزەر، لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا وەک باڵیۆزی هۆڵەندا دیاریکرا و دواتر پلەی بەرزکرایەوە و کرا بە نێردەی ئەمریکا لە بەرلین، لە ساڵی ١٨٠٢ هەڵبژێردرا بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە مانگی یازدەی هەمان ساڵدا بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و لە مانگی ٢ـی ١٨٠٣ بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، دوای ٦ ساڵ لەوە و لە ١٨٠٩ دوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی پیران دەستی لەکارکێشایەوە سەرۆک جەیمس مادیسن کردی بە باڵیۆزی ڕووسیا.

ئادەمس لە ماوەی فەرمانڕەوایەتی جەیمس مۆنرۆ James Monroe دا بۆ ماوەی دوو خولی سەرۆکایەتی لە ١٨١٧ تا ١٨٢٥ وەک وەزیری دەرەوە خزمەتی کردووە و یەکێک بووە لە باشترین وەزیرەکان لە مێژووی ئەمریکادا. لەو دەستکەوتە گرنگانەی کە هەیبووە وەک وەزیری دەرەوە ئەمانە دەگرێتەوە، ڕێکخستنی پەیماننامەی ١٨١٨ لەگەڵ بەریتانییەکان بۆ نیشتەجێبوونی هەردوولا بە پارێزراوی لە سنووری نێوانیاندا کە هەرێمی ئۆریگۆن بوو، پەیماننامەی کیشوەربڕ لەگەڵ ئیسپانیا بە مەبەستی ئەوەی ئیسپانیا دەست لە ویلایەتی فلۆریدا هەڵبگرێت، بەپێی شێوازی سیاسەتی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم، لەکاتێکدا ئادەمس وەزیری دەرەوە بوو وەک میراتگری سەرۆکایەتی سەیردەکرا، بەڵام ڕێگا کۆنەکانی دیاریکردنی سەرۆکی وڵات لە ساڵی ١٨٢٤ دا شکستیان هێنا و هەرایەکی گەورەی نایەوە لەنێو خەڵکیدا.

بەژداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کرد کە لەلایەن کۆمارییە دیموکراتییەکانەوە بەڕێوەدەبرا، چوار کاندیدە دیارەکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بریتی بوون لە ئەندرو جاکسن Andrew Jackson، هێنری کلای Henry Clay، ویلیام کراوفۆرد William Crawford و جۆن کوینسی ئادەمس John Quincy Adams. ئادەمس کاندیدی بەشی باکوور بوو، لە دەنگی خەڵک و دەنگدانی تایبەت بە کاربەدەستانیش لەدوای ئەندرو جاکسنەوە بوو، بەڵام دەنگی لە ویلیام و هێنری زیاتر بوو، بە پێی یاسای دوانزەیەمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، بەهۆی ئەوەی هیچکام لە کاندیدەکان دەنگی ٪٥٠ زیاتری دەنگی خەڵکیان نەهێنابوو، دەنگەکانی سێ کەسی یەکەم لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە یەکلاییکرایەوە، هێنری کلای بەپێی یاسای دوانزەیەمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە دەنگدانەکە کرایە دەرەوە چونکە لە سێ کەسی یەکەم نەبوو، کلای لەبەرئەوەی لەڕووی سەربازییەوە ئەزموونی جاکسنی پێ سەرکەوتوو و شیاو نەبوو بۆیە پشتگیریی لە ئادەمس کرد.
لەدوای ئەوەی کە بوو بە سەرۆکی وڵات، ئادەمس کلای وەک وەزیری دەرەوەی کابینەکەی دیاریکرد، جاکسن و لایەنگرەکانی زۆر تووڕە بوون و دەیانگووت کە هەڵبژاردنەکە گەندەڵیی تێدا کراوە، بۆیە هەڵمەتی لێسەندنەوەی دەسەڵاتیان لە ئادەمس دەستپێکرد.

سەرەڕای ئەوەی دەیزانی کە لەلایەن ئەنجوومەنەوە دژایەتیی زۆری دەکرێت بەڵام ئادەمس لە یەکەم پەیامی ساڵانەی سەرۆکایەتییدا پلانێکی نایابی نێونەتەوەی ڕاگەیاند، پێشنیاری کرد کە حکومەتی فیدراڵی لەڕێگەی کۆمەڵێک ڕێگەی خێرا و کەنداوی ئاوییەوە هەرێمەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە، ئەم پرۆژەیە وڵات زیاتر بەرەوپێشدەبات و دەیپارێزێت، ئەو پارەیەی کە لە فرۆشتنی ویلایەتەکانەوە دەستماندەکەوێت بەکاریدەهێنین، ئەوەبوو لە ساڵی ١٨٢٨ کەنداوی چاسەپیک و ئۆهایۆ Chaesapeake & Ohio canalـی دروستکرد.

ئادەمس هەوڵی ئەوەشی دەدا کە لەڕووی هونەری و زانستەوە وڵات بەرەوپێش ببات لەڕێی دامەزراندنی زانکۆیەکی نەتەوەییەوە، دابینکردنی خەرجیی توێژینەوە زانستییەکان و دامەزراندنی ناوەندێکی زانستی بۆ لێکۆڵینەوە لە (گەردوون، سروشت، کەشوهەوا و هتد) ڕەخنەگران لە بەرامبەردا دەیانگوت کە ئەم داواکارییانە لە چوارچێوەی دەستووردا نییە.

ئەو هەڵمەتەی جاکسن و لایەنگرەکانی لە ساڵی ١٨٢٨ دژی ئادەمس بەرپایان کرد و بە گەندەڵی و فێڵکردن لە خەڵکی تاوانباریان دەکرد ئەزموونێکی تاڵی ژیانی ئادەمس بوو، دوای شکستەکەی لە هەڵبژاردنی دواتردا گەڕایەوە بۆ ماسەشوستس، بەنیازبوو ئەو ژیانەی ماویەتی لە کێڵگەکەی خۆی و بە خوێندنەوەوە بەسەری ببات.

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە ساڵی ١٨٣٠ لە شارۆچکەی پلیماوث Plymouth هەڵبژێردرا بۆ بوون بە ئەندام لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ تەواوی ژیانی لەوێ وەک سەرکردەیەکی کاریگەر خزمەتی کرد، لە سەرو هەموویشیەوە دژی سنوردارکردنی مافەکانی مرۆڤ دەجەنگا، لە ساڵی ١٨٣٦ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەمریکی (یاسای سەرکوتکردنی)ـی دەرکرد کە بەپێی ئەو یاسایە هەر کاتێک کۆیلەکان سکاڵایان بکردایە بێ گوێگرتن لێیان ڕەتدەکرانەوە، ئادەمس ماندوونەناسانە کاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە کرد تاوەکو لەکۆتاییدا هەوڵەکانی بەپایان گەیشت و لە ساڵی ١٨٤٤ یاساکە لەلایەن ئەنجوومەنەوە هەڵوەشێنرایەوە. 

کۆچی داویی

لە ساڵی ١٨٤٨ ئادەمس لە ماڵەکەی خۆیدا جەڵتەی لێیدا و کەوت بە زەویدا و بەهۆیەوە تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو، دوو ڕۆژ دواتر و لە بارەگای کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتنی پایتەخت کۆچی دوایی کرد، لە کۆتا وتەکانیدا گوتی "ئەمە کۆتاییە و منیش ئاسوودەم"، ئەویش لە گۆڕستانی کوینسی نێژرا کە دایکی و باوکی و هاوسەرەکەیشی لەوێ نێژراون.


سەرچاوەکان



880 بینین