ناوهڕۆك
سەرەتا
فیلمی ئێڵڤس (بە عەرەبی: إلفيس، بە ئینگلیزی: Elvis) لە ژانەری دراما و ژیاننامەیە، لەلایەن باز ڵرمنەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. لەلایەن ڵرمن، سام برۆمێڵ، کرەیگ پیەرس و جێریمی دۆنەریشەوە کاری نووسینی فیلمەکە ئەنجامدراوە. فیلمەکە بۆ یەکەمجار لە فیستیڤاڵی فیلمی کان لە بەرواری ٢٥ـی مایسی ساڵی ٢٠٢٢ نمایشکرا. کاتەکەی دوو کاتژمێر و ٣٩ خوولەکە. فیلمەکە لە ڕووی دارایی و لەلای ڕەخنەگرانیشەوە سەرکەوتنێکی زۆرباشی بەدەستهێنا.
چیرۆک
فیلمەکە باسی ژیانی نواندنکار و گۆرانیبێژی ئەمریکی ژانەری ڕۆک ئەند ڕۆڵ، ئێڵڤس پرێسلی دەکات. چیرۆکی فیلمەکە لە گۆشەنیگای بەرێوەبەری کارەکانییەوە، کۆلۆنێل تۆم پارکەر دەگێڕدرێتەوە. باسی کاروانی ژیانی هونەری ئێڵڤس و ئەو ئاڵنگاریانە دەکات کە بە درێژاییی پیشەکەی هاتووەتە بەردەمی.
ئەکتەرەکان
- ئۆستن بەتڵەر بە کەسایەتی ئێڵڤس پرێسلی
- تۆم هانکس بە کەسایەتی کۆلۆنێل تۆم پارکەر
- ئۆلیڤیا دییۆنگ بە کەسایەتی پریسڵا
- هێلن تۆمسن بە کەسایەتی گڵادیس
- ڕیچرد ڕۆکسبێرگ بە کەسایەتی ڤێرنن
زانیاری گشتی
دەرهێنانی لەلایەن |
باز ڵرمن |
نووسینی لەلایەن |
باز ڵرمن، سام برۆمێڵ، کرەیگ پیەرس، جێریمی دۆنەر |
بەرهەمهێنان لەلایەن |
باز ڵرمن، کاثرین مارتن، گەیڵ بێرمن، پاتریک مککۆرمیک، سکایڵەر وایس |
ئەکتەرانی بەشداربوو |
ئۆستن بەتڵەر، تۆم هانکس، ئۆڵیڤیا دیۆنگ، هێڵن تۆمسن و ڕیچرد ڕۆکسبێرگ |
سینەماتۆگرافی لەلایەن |
ماندی واکەر |
مۆسیقا لەلایەن |
ئێڵیەت ویڵەر |
کۆمپانیای بەرهەمهێنان |
وارنەر برۆس، بازمارک فیڵمس، جاکال گرووپ |
کۆمپانیای بڵاوکەرەوە |
وارنەر برۆس |
بەرواری نمایش |
٢٥ـی مایسی ٢٠٢٢ (کان)، ٢٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ (ئوسترالیا)، ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ (ئەمریکا) |
کات |
١٥٩ خوولەک |
وڵات |
|
زمان |
|
نمرە |
٧،٤/١٠ لە پێگەی IMDB. ٧٧٪ لە پێگەی Rotten Tomatoes |
بوودجە |
٨٥ ملیۆن دۆلار |
داهاتی بۆکس ئۆفیس |
٢٨٧،٣ ملیۆن دۆلار |
خەڵاتەکان
فیلمی ئێڵڤس پاڵێوراوی ١٦٨ خەڵات و براوەی ٤٨ خەڵاتی ترە. گرنگترین براوەکان بریتیین لە:
- براوەی خەڵاتی AFI بۆ فیلمی ساڵ.
- براوەی خەڵاتی مۆسیقای ئەمریکی بۆ دڵخوازترین مۆسیقای فیلم.
- براوەی خەڵاتی تایبەتی AFCC بۆ باشترین نواندن.
- براوەی ١١ خەڵاتی AACTA لە نێویاندا باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین دیزاینی جلوبەرگ، باشترین ئەکتەری پاڵپشت، باشترین فیلم، باشترین ئەکتەری سەرەکی و باشترین قژ و ئارایشت.
- براوەی خەڵاتی CACF بۆ باشترین دیزاینی جلوبەرگ.
- براوەی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین نواندنی ئەکتەرێکی لە فیلمی درامیدا.
- براوەی خەڵاتی Sierra بۆ باشترین دیزاینی جلوبەرگ و باشترین گۆرانی ڕەسەن.
- براوەی خەڵاتی PCA بۆ باشترین دیزاینی جلوبەرگ.
چەند زانیارییەک
- بەدرێژایی نواندنەکەی ئۆستن بەتڵەر لە ڕۆڵی ئێڵڤسدا، ٩٠ جۆر جلوبەرگی لەبەرکردووە.
- پێش ئەوەی باز ڵرمن نواندنکارەکان هەڵبژێرێت، دێنزڵ واشنتن پەیوەندی بە دەرهێنەرەکەوە کردووە تا پێشنیاری ئۆستن بەتڵەر بکات بۆ ڕۆڵەکە.
- تەواوی فیلمەکە لە کویزلاند، ئوسترالیا وێنەی گیراوە.
- لە دوای فیلمی Bohemian rhapsodyیەوە دووەم فیلمی مۆسیقی/ژیاننامەیە کە بتوانێت زۆرترین داهات بەدەستبهێنێت.
- ئارایشتەکەی تۆم هانکس بۆ ڕۆڵی کۆلۆنێل تۆم پارکەر پێنج کاتژمێری پێچووە. بەلای زۆربەی بینەرانەوە ئارایشتەکەی زیاتر لە کەسایەتی پێنگوین چووە وەک لە کۆلۆنێل تۆم پارکەر.
- ئۆستن بەتڵەر وانەی سەمای تاپ و سوینگی وەرگرتووە بۆ ئەوەی جووڵەی سەماکان و زمانی جەستەی کەسایەتیی ئێڵڤس بەباشترین شێوە بنوێنێت.
- لەدوای تەواوبوونی فیلمەکە لە ڤیستیڤاڵی فیلمی کان، ئامادەبووان ١٢ خوولەک بەپێوە چەپڵەڕێزانیان کرد.
- وێنەگرتنی فیلمەکە زیاتر لە ساڵێکی خایاند. لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ وێنەگرتنی فیلمەکە دەستی پێکرد، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە مانگی ئاداردا کارەکانی ڕاگیرا. بەرهەمهێنان لە ئەیلوولی ٢٠٢٠ دەستی پێکردەوە و لە ئاداری ٢٠٢١ کارەکانی تەواو بوو.
- ئەم فیلمە یەکەم فیلمی ژیاننامەیی ئێڵڤسە لە سینەماکان نمایش بکرێن، ئەوانەی پێشتر هەمووی فیلم و کورتە زنجیرە بوون و تەنها لە تەلەڤیزیۆن پەخش دەکران.
- ئەم خاڵە سپۆیڵە: لە فیلمەکەدا وا باسکراوە کە ئێڵڤس ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە کۆلۆنێل کۆچبەرێکی بێ ناسنامەیە و لەبەردەم جەماوەردا ئەمە ئاشکرا دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا تا سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠ـاکان ئەمە ئاشکرا نەبوو.
- لە فیلمەکەدا وا باسکراوە کە ئێڵڤس بەهۆی جووڵە سەماکانییەوە دەستگیردەکرێت، لە ژیانی ڕاستیدا یەکجار هەڕەشەی دەستگیرکردنی لێکرا و پرێسلیش گوێڕایەڵ بوو و نمایشەکەی بە ڕێکوپێکی ئەنجامدا.